کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
كوردستان

کوژرانی دوو هاووڵاتیی لەلایەن هێزە چەکدارەکانی ڕژیم لە ئوستانی کرماشان 

کوژرانی دوو هاووڵاتیی لەلایەن هێزە چەکدارەکانی ڕژیم لە ئوستانی کرماشان

ڕۆژی شەممە ٢ی مانگی ڕێبەندانی ١٤٠٠ی هەتاوی، هاووڵاتییەک بە ناوی “فەرهاد شەکەری” تەمەن ٢٣ ساڵ و خەڵکی شارۆچکەی مایەشتی کرماشان، لە نزیک تێرمیناڵی شائاباد لەنێو شاری کرماشان بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران کوژراوە و لە لایەکی دیکەوە ڕۆژی شەممە ١٨ی مانگی بەفرانبار، هاوڵاتیەک بە ناوی “کامبیز حەیدەری” تەمەن ٤٠ ساڵ لە ناوچە سنوورییەکانی سووماری سەر بە شاری قەسری شیرین بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی ئەرتەش کوژراوە.

به‌وته‌ی سه‌رچاوه‌یه‌كی ئاگادار له‌ ڕووداوه‌كه‌، لەکاتێکدا “فەرهاد شەکەری” لەگەڵ چەند کەسێک بووەتە دەمەقاڵەی، بەردێک بەر ئۆتۆمبێلی یەکێک لە دادوەرەکانی دەزگای دادی ئەو شارە کەوتووە کە بەو هۆیەوە ئەو دادوەرە دەستبەجێ هێزە ئینتزامییەکانی ئاگادار کردووەتەوە و داوای کردووە کە ناوبراو سزا بدرێت و هێزە ئینتزامییەکانیش لەوێ بێ هیچ هۆکارێک “فەرهادیان” داوەتە بەر دەستڕێژ و سێ گوللەیان لێداوە و دەستبەجێ گیانی لە دەست داوە.  ئاماژەیە “کامبیز حەیدەریش” کە خەڵکی شاری شائابادی کرماشان بووە لە مەودای یەک کیلۆمەتری سنوور دراوەتە بەر دەستڕێژ و کوژراوە، بەڵام هێزەکانی ئەرتەش بۆ ئەوەی پاساو بۆ کارەی خۆیان بهێننەوە تەرمی ناوبراویان بردووەتە ناو خاکی هەرێمی کوردستان.