کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

کوشتاری دڕندانەی خەڵکی غەززە لەلایەن دەوڵەتی ئیسرائیلەوە، تەنیا بە ئیرادەیەکی یەکگرتووانەی جیهانی کۆتایی پێ دەهێنرێت.

جینایەتەکانی دەوڵەتی ئیسرائیل لە دژی خەڵکی فەلەستین لە کەرتی غەززە بەوپەڕی وەحشیگەرییەوە هەروا بەردەوامە. قوربانیانی ئەم جینایەتە ١١ هەزار کەسی تێپەڕاندووە. زیاتر لە چوار هەزار منداڵ کوژراون. پتر لە ٣٠ هەزار بریندار بەسەر دەستی خەڵکی ئەو ناوچەیەدا ماوەتەوە و ئازار دەچێژن و چاوەڕوانی مەرگی بە شێنەیی خۆیان دەکەن، لەکاتێکدا کە تەنيا چەند نەخۆشخانەیەک ماونەتەوە کە ئەوانیش بەردەوام لە مەترسی هێرشی فڕۆکە بۆمب هاوێژەکانی ئیسرائیلدان.  ٤٥٪ی بینای شارەکە وێران بوون و ئەوانی دیکەش شیاوی نیشتەجێبوون نین. تا ئێستا ملیۆنێک و نیوێک خەڵک لەم باریکەیەدا ئاوارە بوون و لە هیچ شوێنێک پەناگەیەکیان نییە.  ٩٥٪ی خەڵک دەستیان بە ئاوی خاوێن ڕاناگات و مەترسی بڵاوبوونەوەی نەخۆشی لەنێو ئاوارەکان و ئەو خەڵکەی کە هیچ ڕێگایەکی دەربازبوونیان نییە، زیادی کردووە، بە جۆرێک کە مەترسی کارەساتێکی تەندروستی جیددی لەئارادایە. کۆمیتەی ڕزگارکردنی نێودەوڵەتی کە لە هەوڵی کەمکردنەوەی ئازارەکانی ئەو خەڵکەدایە، دەڵێت: “نەبوونی سووتەمەنی پرۆسەی کۆکردنەوەی زبڵ و خاشاکی پەکخستووە و بووەتە هۆی لەکارکەوتنی وێستگەکانی پاککردنەوەی ئاو؛ بابەتێک کە زەمینەی بڵاوبوونەوەی بەرچاوی نەخۆشییەکانی بەهۆی هەوکردنە بەکتریاکانی وەک سکچوون و هیتر، خۆشکردووە، بەجۆرێک کە لە ناوەڕاستی مانگی ئۆکتۆبەرەوە زیاتر لە ٣٣ هەزار کەس لە غەززە تووشی ئەم نەخۆشییە بوون“. ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی دەڵێت، بەهۆی ئاوارەبوونی نزیکەی ملیۆنێک و ٥٠٠ هەزار کەس لە سەرانسەری غەززە، قەرەباڵغی لەڕادەبەدەر لە ناوەندە تەندروستییەکان و شوێنی حەوانەوە، مەترسی گواستنەوەی نەخۆشییە عفوونییەکانی پەرەپێداوە. بەرپرسانی خۆجێیی ئیدارەی شاری غەززە دەڵێن:  تەندروستی لە کەرتی غەززە بەتەواوی داڕماوە و بۆردومانەکان سەرجەم ناوەندەکانی وەک نەخۆشخانەکان، مزگەوتەکان، کڵێساکان و ناوەندەکانی فریاگوزاری دەکەنە ئامانج. دەوڵەتی ئیسرائیل کەرتی ڕۆژئاوای ڕووباری ئوردنیشی خستۆتە بازنەی تاوانەکانی خۆی لەدژی خەڵکی فەلەستین. لە ٧ی ئۆکتۆبەرەوە تا ئێستا زیاتر لە ١٠٠ فەلەستینی لە کەرتی ڕۆژئاوا لە هێرشەکانی ئەرتەشی ئیسرائیل بۆ سەر کەمپەکانی پەنابەران لە کەناری ڕۆژئاوا کوژراون کە لانیکەم ٥ کەسیان منداڵی خوار ١٥ ساڵ تەمەن بوون و زیاتر لە هەزار و ٥٠٠ فەلەستینیش  هەر لەو ناوچەیە دەستبەسەرکراون.

جگە لە چەندین کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان و کۆبوونەوەی گشتی، دوو کۆنفرانسی نێودەوڵەتی لە پاریس و قاهیرەش نەیانتوانیوە ڕژیمی ڕەگەزپەرست و جینایەتکاری ئیسرائیل ناچار بکەن بە قبووڵکردنی ئاگربەستێکی چەند کاتژمێری بۆ ئەوەی  ڕێگە بە گروپە فریاگوزارییەکان بدەن بە هانای ئەو خەڵکەوە بچن. تەنانەت دەوڵەتی ئەمریکا کە سەرجەم بڕیارنامەکانی نەتەوە یەکگرتووەکانی سەبارەت بە ئاگربەست ویتۆ کردووە، ئیدیعای ئەوە دەکات کە هەوڵەکانی بۆ ڕاگرتنی بۆردومانەکان بۆ ماوەی چوار کاتژمێر بێ ئاکام بوون. دەوڵەتی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی لە کاتێکدا کە جیهان شاهیدی جینۆسایدێکی بێ وێنەیە لە غەززە، هەروا بەردەوامن لە پشتیوانیکردنی بێ ئەملاو و ئەولای خۆیان لە دەوڵەتی دەستی ڕاستی بنیامین ناتانیاهۆ، چەکی کۆمەڵکوژ دەنێرن بۆ کوشتنی زیاتری خەڵکی بێ دیفاعی فەلەستین، ئاگربەستی مرۆڤدۆستانە ویتۆ دەکەن و خۆپیشاندانی بزووتنەوەکانی لایەنگری ئاشتی بە نایاسایی لە قەڵەم دەدەن، لە بڕینی ئاو، کارەبا، خۆراک و دەرمان لە فەلەستینییەکان پشتیوانی دەکەن و هەموو ئەو تاوانە جەنگیانە لە ژێر ناویمافی دەوڵەتی ئیسرائیل بۆ بەرگری لەخۆیپاساو دەکەن. هەموو ئەو دەوڵەتانەی کە بە بیانووی بوونی بزووتنەوەی ئیسلامی کۆنەپەرستی حەماس لە کەرتی غەززە، چاویان لە ئاست وەحشیگەرییەکانی ڕژیمی پڕچەک و شۆڤێنی ئیسرائیل دادەخەن، هاوبەشی ئەم تاوانە مێژووییەن لە دژی نەتەوەی فەلەستین. جینایەتی دژ بە مرۆڤایەتی لە غەززە لە دۆخێکدا ڕوودەدات کە کارەساتی جینۆساید لە فەلەستین ویژدانی جیهانی بەئاگا هێناوە. لە چەند هەفتەی ڕابردوودا لە وڵاتە جۆراوجۆرەکان شاهیدی بەڕێوەچوونی چەندین خۆپێشاندان و ناڕەزایەتی بەرینی کۆمەڵایەتی بووین. بە ملیۆنان کەس لە سەرانسەری جیهان هاتنە سەر شەقامەکان و خوازیاری کۆتاییهێنانی دەستبەجێی ئەو شەڕە و پێشگرتن لە کۆمەڵکوژیی لەلایەن ڕژیمی ئیسرائیلەوە بوون. لە حاڵەتێکدا کە دەوڵەتە ئیمپریالیستەکان و بەرپرسانی دەوڵەتە عەرەبییە کۆنەپەرستەکانی ناوچەکە نە دەیانەوێت و نە دەتوانن دەوڵەتی ئیسرائیل ناچار بکەن کە ئەم جینۆسایدە ڕابگرێت، هیچ ڕێگەیەکی دیکە نییە جگە لەوەی کە کۆمەڵانی خەڵکی شەریف و ئازادیخواز لە ناوچەکە و سەرانسەری جیهان گوشار بخەنەسەر دەوڵەتەکان بۆ ئەوەی دەست لە پشتیوانی ئاشکرا و شەرمنانە لە دەوڵەتی ڕەگەزپەرستی ئیسرائیل هەڵبگرن و ڕژیمی ئیسرائیل بکەوێتە ژێر گوشارەوە. کوشتاری خەڵکی غەززە لەلایەن دەوڵەتی ئیسرائیلەوە، تەنیا بە ئیرادەیەکی یەکگرتووانەی جیهانی کۆتایی پێ دەهێنرێت.

بابەتی پەیوەندیدار

وتەیەک بە بۆنەی ڕۆژی جیهانی هاوپشتی لەگەڵ خەڵکی فەلەستین

-

کۆڵبەری لەسەر سنوور، بەرەوڕوو بوونەوە لەگەڵ مەرگ، لەپێناو ژیانێکی مەمرە و مەژیدا

-

زیادکردنی حەقدەست، پێویستی بە ڕێکخستنی کاریگەرتر و خەباتێکی بەهێزتر هەیە

-

زیادکردنی تەمەنی خانەنشینی، ئیرادەی خەبات و تێکۆشان بەهێزتر دەکات

-

لەدژی پرشوبڵاویی، “چاوی ئیسفەندیار” واتە خاڵی لاوازی بزووتنەوەی کرێکاریی و کۆمۆنیستی ئێران

-

ڕەوتی ڕوو لە گەشەی خەبات و ناڕەزایەتی پەرستاران

-