کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

کوده‌تای دەوڵەتی ئیسپانیا لەدژی ویلایەتی خودمۆختاری کاتالۆنیا

کێشمەکێشی نێوان دەوڵەتی ناوەندی ئیسپانیا و دەوڵەتی خودمۆختاری کاتالۆنیا بە بڕیاری دەوڵەتی ناوەندی رۆژی سێ شەممە سەبارەت بە لادانی دەوڵەتی کاتالۆنیا چووە فازێکی نوێوە. لە ڕاستیدا دەوڵەتی ناوەندی بە ناردنی هەزاران کەس لە هێزەکانی پۆلیس و گاردی تایبەت بۆ کاتالۆنیا لە رۆژەکانی نزیک بە گشت پرسی و تەنانەت دەست بەسەردا گرتنی زیاتر لە دەیان ملیۆن بەرگەی هەڵبژاردن کوده‌تاکەی دەست پێکردبوو. بڕیاری دەوڵەتی ناوەندی لە رۆژی سێ شەممەدا بە پشت بەستن بە مادەی ١٥٥ی قانونی ئەساسی و بە لادانی دەوڵەتی خودمۆختار، هەڵوەشاندنەوەی پاڕلمانی کاتالۆنیا و بەڕێوەبردنی هەڵبژاردنی پاڕلمانی لە شەش مانگی داهاتوودا، کوده‌تا ڕانەگەیەندراوەکەی ڕه‌سمی و یاسایی كرده‌وه‌.

هەموو هەوڵەکانی دەوڵەتی کاتالۆنیا بۆ ئەنجامدانی وتووێژ لەگەڵ دەوڵەتی ناوەندی و تەنانەت پێشنیاری نێوەندگیری یەکێتی ئوروپا وڵامی نەرێنی لە دەوڵەتی ناوەندی وەرگرتەوە. دەوڵەتی ناوەندی ئیسپانیا سەرجەم ئەهرۆمەکانی بۆ گوشار خستنە سەر خه‌ڵكی كاتالۆنیای خستووه‌ته‌ گڕ، حیزبی فاشیستی لایەنگری فڕانکۆ تا حیزبی محافزەکار، لە حێزبی سۆسیال دیموکراتەوە تا یەکێتی ئوروپا و لە کۆتاییدا پادشای ئیسپانیا لە ئۆرکێسترێکدا لە دژی داخوازی ڕەوای خەڵکی کاتالۆنیا هاتونه‌ته‌ مەیدان. تەنانەت ئیجلاسی سەرانی یەکێتی ئوروپا دوو رۆژ بەر لە بڕیاری رۆژی سێ شەممەی دەوڵەتی ناوەندی بە یەکەوە پشتیوانیان لە سیاسەتەکانی دەوڵەتی ئیسپانیا کرد. گشتیان هەمان سیاسەتیان گرتەبەر کە ئەمریکاییەکان بە هەڵکردنی چرای سەوز و ئێران و تورکییە بە ئاشکرا بۆ پشتیوانی لە دەوڵەتی ناوەندی عێڕاق لەدژی گشت پرسی سەربەخۆیی کوردستان ئەنجامیاندا.

لە کاتالۆنیا بەڵام بارودۆخەکە لە سەرەتاوە بە شێوەیەکی تر بوو. خەڵکێک کە خوازیاری سەربەخۆیی بوون، بە ئامادە بوون لەسەر شەقامەکان دیفاعیان لە مافەکانی خۆیان کرد. ئەوان لە بەرانبەر هەزاران کەس لە پۆلیسە سەرکوتگەرەکانی دەوڵەتی ناوەندیدا دەستیاندایە دیفاع لە سندوقەکانی دەنگدان. خه‌ڵك بەردەوام بە ئامادە بوون لەسەر جادەکان ئیجازەی هەموو جۆرە مانۆڕێکیان لانیکەم تا ئێستا سەبارەت بە چارەنووسیان بە دەوڵەتی کاتالۆنیا نەداوە. ئەمەش بۆتە هۆی کرداری سەرکوت گەرانە و وەحشیانەی دەوڵەتی ناوەندی و وڵامی نەرێنی بە پێشنیاری وتووێژ بۆ چلۆنایەتی بە ئه‌نجام گه‌یاندنی ئاکامی گشت پرسیەکە. جێگه‌ی ئاماژه‌یه‌ هه‌ر چه‌ند بەشێک لە دانیشتوانی كاتالۆنیا کە موافقی سەربەخۆیش نەبوون، به‌ كرده‌وه‌كانی ده‌وڵه‌تی ناوه‌ندی هاتوونه‌ته‌ ڕیزی ناڕەزایەتیەکان لەدژی دەوڵەتی ناوەندیەوە. گرتنی دوو کەس لە ڕێبەرانی ئەحزابی چەپی کاتالۆنیا لە مادرید خۆی بوو بە هۆکارێکی دیکەی حوزوری بەرینی خەڵک لەسەر سەقامەکان.

هێشتا چەند کاتژمێرێک بەسەر بڕیاری دەوڵەتی ناوەندیدا تێنەپەڕیبوو کە بە سەدان هەزار کەس لە بارسیلۆن بە دروشمی “سەربەخۆیی”، “ئازادی” هاتنە سەر شەقامەکان و کردیاننە مەیدانێکی پڕ شوری دیفاع لە داخوازیە ڕەواکانیان. خۆپیشنادەران بە لە دەستا بوونی وێنەی ٢ کەس لە ڕێبەرانی بزوتنەوەی سەربەخۆیی کە لە رۆژانی ڕابردودا گیرابوون، خوازیاری ئازاد کرانی ئەوان بوون. سەرۆکی دەوڵەتی ناوچەی کاتالۆنیا لە سوخەنرانیەکی تەلەویزیۆنیدا دوای کۆتایی هاتنی خۆپیشاندان بڕیارەکەی دەوڵەتی ناوەندی بە “کودتا” و ” هێرشێکی قەبوڵ نەکراو بۆ سەر دیموکراسی” ناوبرد کە ئەم هەنگاوەی دەوڵەتی ناوەندی “خراپترین هێرشە” لەدژی کاتالۆنیا لە زەمانی فڕانکۆوە تا ئێستا. ئەو ڕایگەیاند و وتی کە “ئێمە درێژە بە خەباتی خۆمان ئەدەین”. سەرۆکی پاڕلمانی کاتالۆنیاش بڕیارەکەی دەوڵەتی ناوەندی بە ” کودتا” و هێرش بۆسەر” دیموکراسی” وه‌سف كرد و وتی ” ڕاخۆی دەیەوێ بەربەوە بگرێت کە پاڕلمانی کاتالۆنیا وەک پاڕلمانێکی دیموکراتیک بجولێتەوە بەڵام ئیجازەی وەها کارێکی پێ نادەین.”

هەرچەند کە مەجلیسی سەنای ئیسپانیا لە مەودای یەک حەفتەدا دەبێ مۆری تەئید لە بڕیارەکانی دەوڵەتی ناوەندی بدات و بە سەرنجدان بە پێکهاتەی ئەم مەجلیسە پێ ده‌چێ پێشنیاری دەوڵەتی ناوەندی پەسند بكرێ، ناوبراو وتی کەوایە هەر لە ئێستاوە دەوڵەتی ناوەندی ڕایگەیاندوە کە دامەزراوە دەوڵەتیەکانی کاتالۆنیا بەبێ ئیجازەی وەزاڕەتی دارایی مافی خەرج کردنیان نییە. لەگەڵ ئەوەشدا دەوڵەتی ناوەندی وەزارەتی ئاموزش و پەروەرشی خستە ژێر کۆنترۆڵی خۆیەوە. ساڵانێک بوو کە ئەحزابی فاشیستی ئیسپانیا خوازیاری دخاڵەتی دەوڵەتی ناوەندی لە بەڕێوەبردنی ئاموزش و پەروەرش و ناوەرۆکی دەرسی کاتالۆنیادا بوون. پاڕلمانی کاتالۆنیا لەم حەفتەیەوە بارودۆخە تازەکە ئەداتە بەر باس و لێکدانەوە و بڕیاری لەسەر ئەدات.

ئاکامی کێشمە کێشەکانی نێوان دەوڵەتی ناوەندی و دەوڵەتی هه‌رێمایه‌تی کاتالۆنیا لە بارودۆخێکدا کە یەکێتی ئەروپا خۆی توشی کۆمەڵێک گیرو گرفتی جۆراو جۆرە وەک چوونەدەری بریتانیا، به‌هێز بوون و گەیشتنە پاڕلمانی ئەحزابی فاشیستی لە ئاڵمان، لاواز بوونی پێگەی سەدری ئەعزەمی ئاڵمان و سەرکەوتنی ئەحزابی ڕاسیسیتی و فاشیستی لە ئۆتریش و کۆماری چێک، نیگه‌رانی له‌وه‌یه‌ كه‌ ئەگەر کاتالۆنیا بتوانێ سەربەخۆیی وەربگرێت، دەتوانێ پێگەی جەریاناتی جودایی خوازی تر لە ئیسپانیا، فەڕانسە و ئیتالیا بە هێز بکات و ناسەقامگیری لە یەکێتی ئوروپادا زیاتر پەرە پێبدات.

بێ گومان دەبێ بوترێت قسەی کۆتایی سەبارەت بە کاتالۆنیا هێشتا نەکراوە. ئاکامی کێشمەکێشه‌کانی ئێستا گرێدراوی ئەوەیە کە خەڵکی کاتالۆنیا تا چەند پشتیان بە هێزی خۆیان بەستوە، چارەنووسیان بە دەستی خۆیانە و پێوەندیەکی دیموکراتیکیان لەگەڵ باقی خەڵکی دانیشتوی ئیسپانیا کە خوازیاری سەربەخۆیی نین، دامەزراندوە. ئەم حوکمە سەبارەت بە کێشمەکێشەکانی نێوان دەوڵەتی هه‌رێم و دەوڵەتی ناوەندی و پشتیوانەکانیشیان ڕاسته‌.

بابەتی پەیوەندیدار

نابێت ئیزن بدرێت ڕژیم، قەیرانە ئابوورییەکەی بە دزینی نان لەسەر سفرەی خەڵک چارەسەر بکات.

komalah

یەک لەسەر چواری دانیشتووانی ئێران، دۆسییەی قەزاییان هەيە.

komalah

درووستكردنی سناریۆی نه‌زانانه‌ دژ به‌ چالاكانی مەدەنی سیاسه‌تێكی شكست خواردووه‌

komalah

زیانپێگەیشتوانی شەڕی  کۆنەپەرستانە لە ئوکراین چ کەسانێکن؟

komalah

منداڵان ئاسیب پەزیرترین توێژ له کۆمەڵگای ئێران

komalah

نەشتەرگەری ئابووری، ئاگری ڕق و تووڕەیی خەڵک بڵێسەدارتر دەگات

komalah