کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

کرێکارانی بنگلادێش پێوستیان بە تەشەکولی چینایەتی و پشتیوانی کرێکارانی سەرتاسەری جیهان هەیە

رۆژی شەممە ٢٠ ی مانگی خه‌رمانان، تەقینەوەی مەخزەنێکی هەڵم لە کارخانەیەکدا لە وڵاتی بنگلادێش بوو بەهۆی کوژرانی دەیان کرێکاری ئەم کارخانەیە. بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵنێری ئاسۆشتێدپرس، تەقینەوەی مەخزەنی هەڵم لە شارەکی سەنعەتی ” تونگی” لە دەرەوەی شاری داکا، پێتەختی بنگلادێش بوو بەهۆی ئەوەی کە ئاگر باقی شوێنەکانی تری ئەم کارخانەی بەستە بەندیە بگرێتەوە. لەم رووداوەدا لانیکەم ٢٥ کرێکار بە هۆی سەختی برینەکانیانەوە گیانیان لەدەستداوە و ١٦ کەسی تریش بریندار بوون. رووداوگەلی لەم چەشنە لە وڵاتی بنگلادێش لەبەر زۆری تێکرار بوونەوەیان ئیتر زۆر سرنجی ڕاگەیەنەرەکانی دنیای سەرمایەداریش بۆلای خۆیان ڕاناکێشن. لە یەکێک لە کارەسات بار ترینی ئەم روداوانەدا رۆژی ٢٤ ی ئاوریلی ٢٠١٣، بینای پێنج نهۆمی کارخانەیەکی جل و بەرگ لە نزیک داکا پێتەختی ئەم وڵاتە رووخا. لە کاتی وێران بوونیدا زیاتر لە ٣ هەزار کرێکار، کە زۆربەیان ژن بوون، کاریان تێدا دەکرد. لەم رووداوەدا ٣٥٠ کەس گیانیان لەدەستدا و بە سەدان کەسی دیکەش بریندار بوون.بنگلادێش بە هەبوونی جەمعیەتێکی گەوەرە لە کرێکاران بە خاوەنی کەمترین حەقدەست ناودەبرێ لە دنیادا. شیرکەتە چەند میلیەتەکان بە تایبەت لە پیشەسازی نەساجی و بەرهەمهێنانی جل و بەرگدا ئەم کرێکارانە بەکار دێنن. بەشی کرێکارێک لە بەرهەمهێنانی کراسێک یان فانیلەیەکدا ڕەقەمێکی نزیکەی ٥ سێنتە. بەشی زۆری کرێکارانی بنگلادێشی لە کارخانەکانی بەستە بەندی تەولیداتی شێرکەتەکانی وەک ” وال مارت”ی ئامریکایی و ” ئێچ ئەند ئێم”ی سوئێدیدا خەریکی کارن. دوو ساڵ لەوە پێش لە بازڕەسی هەیئەتێکی ئوروپاییدا لە یازدە هەزار یەکەی بەرهەمهێنانی جل و بەرگی مارکە ناسراوەکانی بنگلادێشدا، دەرکەوت کە زۆربەی کارگاکان هیچ ئیمکاناتێکی ئیمنیان تێدا نییە و ٨٠ هەزار حاڵەتی مەترسی ئافەرین لە خەیاتیەکاندا تۆمار کراوە. لەم لیستەدا بۆ نمونە هاتوە کە سیم کێشی کارگا خەیاتیەکان هیچ چەشنە ئەمنیەتێکیان نییە و سیمە رووتەکانی بەرق لێرە و لەوێی کارگاکاندا مەترسی گیانی دروست دەکەن. هەروەها گوزارش کراوە کە هیچ رێگایەکی دەرباز بوون لە ئەگەری روخانی بینا یان روودانی ئاگرێکدا لەم کارخانانە بۆ کرێکاران بوونی نییە. بناغەی بینای کارگاکان زۆر نا قایمە و دانانی چەرخی قورسی پیشەسازی لەم بینایانەدا، دەتوانێ ببێتە هۆی رووخانی نهۆمەکانی بیناکە.802

بنگلادێش بە جەمعیەتێکی ١٤٢ ملیۆن کەسیەوە، وەک یەکێک لە وڵاتانی هەژار و پڕ جەمعیەت بە ئەژمار دێت. پێتەختی ئەم وڵاتە، ناوەندی بەرهەمهێنانی ئەو جل و بەرگانەیە کە لە ئوروپادا بە مارکی جۆراو جۆرەوە دەفرۆشرێن. ئەم وڵاتە بە زیاتر لە ٥ هەزار کارخانەی بەرهەمهێنانی جل و بەرگ یەکێک لە گەورە ترین بەرهەمهێنەران و هەناردەکارانی جل و بەرگە بۆ بازارەکانی ئوروپای رۆئاوایی و ئامریکا. بنگلادێش دوای وڵاتی چین دوو هەمین بەرهەمهێنەری جل و بەرگە لە دنیادا. ٩٠ لەسەد لە ٣٠ ملیۆن کرێکاری شاغڵ لە ڕشتەی نەساجی و پۆشاکی ئەم وڵاتەدا کرێکارانی ژن و منداڵان پێکی دێنن. ئەم وڵاتە وەک باقی وڵاتانی پڕ جەمعیەتی ئاسیای باشوری رۆژهەڵات بۆتە کانگای کەڵەکە کردنی سەروەت بۆ کۆمپانیا گەورەکانی سەرمایەداری لە ڕێگای چەوساندنەوەی هێزی کاری هەرزانی کرێکارانی ئەم ناوچەیەوە.

دورین و هەناردە کردنی جل و بەرگ بۆ شیرکەتە رۆژئاواییەکان لە ئامریکا و ئوروپا گرنگ ترین سەرچاوەی داهات بنگلادێشە. بەم هۆیەوە کرێکارانی ئەم وڵاتە لەژێر گوشاری قورسی خاوەنکارانی رۆژئاوایی و نێوخۆییدا ناچار بەکار کردن لە بارودۆخی دژواردان بەبێ ڕەچاو کرانی هیچ چەشنە ئیستانداردێکی ئیمنی. شێرکەتەکانی لایەنی قەرارداد و کارخانە بنگلادێشیەکان بە دانی حەقدەستێکی زۆر کەم و دامەزراندنی ژنان و منداڵان لە هەوڵی بەرهەمهێنانی هەرچی هەرزانتردان بۆ دەستەبەر کردنی سودی زیاتر.

بریندار بوونەکان، لەکارکەوتویی و تەلەفاتی گیانی سەرچاوەگرتو لە نا بێهداشتی بوونی شوێنی کار و نا ئەمنیەکانی لە سەرتاسەری دنیادا، ڕەقمێکی بەرزی لە سەدەماتی ئینسانی ده‌گرێته‌ به‌ر. بەپێی ڕاپۆرتی ” سازمانی بێهداشتی جیهانی” و ” سازمانی نێونەتەوەیی کار” بەهۆی نەخۆشیگەلی سەرچاوەگرتوو لە مادە ژەهراویەکان لە شوێنی کاردا و نا ئەمنیەکانی، ساڵانە ٢٧٠ ملیۆن رووداو لە ئاستی دنیادا روو ئەدەن. لە ئاکامی ئەم رووداوانەدا، ١٦٠ ملیۆن کەس گیرۆدەی نەخۆشی سەرچاوەگرتو لە کار دەبن و ٧ ملیۆن کەسی تریش توشی سەدەمەی توند و لەکارکەوتووی دێن. بەپێی ئەو ئامارانەی لە لایەن ئەم سازمانە نێونەتەییانەوە ساڵانە ده‌خرێنه‌ روو، زیاتر لە ٢ ملیۆن کرێکار بەهۆی نەخۆشیەکانی سەرچاوەگرتو لە مادەی ژەهراوی و رووداوی رۆژانەی شوێنی کارەوە گیان لەدەست ئەدەن.

ئەگەرچی روداوی شوێنی کار تایبەت بە وڵاتی بنگلادێش نییە، بەڵام ئەم وڵاتە لەم بارەیەوە لەنێو وڵاتانی دنیادا به‌ پێی جه‌معیه‌تی خاوەنی پلەی یەکەمە. بەملیۆن کرێکار لە بنگلادێش سەرەڕای دەستدانە خەبات و ناڕەزایەتی بەرین بەهۆی بێبەش بوون لە تەشەکولی ڕەزمەندە و چێنایەتی نەیانتوانیوە خاوەنکارانی جەنایەتکار وادار بکەن تا كێشه‌ی ئیمنی شوێنی کاریان بۆ چارەسەر بکات. دەوڵەت و خاوەنکارانی نێوخۆیی ودەرەکی، کڕیارانی هێزی کاری هەرزانی کرێکارانی بنگلادێش سەبەبکاری جەنایەتێکن کە لە کارخانەکانی ئەم وڵاتەدا روو ئەدەن. کرێکارانی بنگلادێشی بۆ خەبات و تێكۆشان لەدژی چاوچنۆکی و تەماعی بێ سنوور و قازانج پەرستی سەرمایەدارانی نێوخۆیی و دەرەکی پێویستیان بە بەرپا کردنی تەشەکولاتی ڕادیکاڵی چینایەتی خۆیان و پشتیوانی نێونەتەوەیی کرێکارانی هاو چارەنووسیان لە سەرتاسەری دنیادا هەیە.