کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

  کاسەی ماست،حوکمی ئیسلام وکاردانەوەی خەڵک

رۆژی هەینی ١١ ی مانگی خاکەلێوە نۆحە خوێنێکی ئاتەش بە ئیختیار لە دوکانێکی شیرەمەنی فرۆشی هەڵکەوتو لە ناوچەی شاندیزی مەشهەد قاپێک ماستی کرد بەسەری دایک و کچێکدا کە، حیجابی ئیجبارییان لەسەر داگرتبوو. خاوەن دوکانەکە، مشتەریەکان و ئەو ژنانەی کەوتبوونە بەر هێرش ئەو بەسیجیە نۆحە خوێنەیان لە دوکانەکە وەردەنا و هەڵیانبڕی. لاوانی شاندیز بە خێرایی وێنەی دەرستدرێژی کارە بەکرێگیراوەکە، ناو و ئادرەسی مالەکەیان لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکاندا بڵاو کردوەو و خوازیاری تەنبێ کردنی بوون. دادستان ئەو کەسە بەسیجیەی بە ڕواڵەت گرت تا خۆی لە بڵێسەدارتربوونی قین و توڕەیی خەڵک بپارێزێ. حوکمی پلۆمپ کردنی  دوکانەکەش دەرچوو، بەڵام لە ترسی ناڕەزایەتی خەڵک دوای چەند کاتژمێرێک حوکمەکەیان پوچەڵ کردەوە.

  وڕێنەکارانی ناسراو بە ئیمام جومعەکان لەبەر زۆر بوونی ژمارەی ئەو ژنانەی کە بە ئیختیاری خۆیان جل لەبەر دەکەن دەوڵەت بە بێتوانا دەزانن لە بەرانگاربوونەوەی ئەو ژنانەدا و داوایان لە هەوسار پچڕاوانی بەگرێگیراوی ڕێکخراو کردوە تا خۆیان تەکلیفی شەرعی بەجێ بێنن. ڕشتنی ماست بەسەر ئەو دایک و کچەدا لە ئاکامی ئەم جۆرە ئامۆژگاریانەدا ڕوویداوە. نووسیویانە کە ماست بەسەردا کردن ڕەنگە لە داهاتودا ببێتە تێزاب پێدا کردن.

وەزارەتی نێوخۆی کابینەی ڕەئیسی، رۆژی دەی مانگی خاکەلێوە به‌یانیەیەکی سەبارەت بە حیجاب دەر کرد. لە بەیانیەکەدا جەخت کراوەتەوە کە:” حیجاب وەک پێویستیەکی شەرعی نابێ گومانی لێبکرێت و بەردەوام لە کۆڵەکەکانی کرداریی کۆماری ئیسلامی دەبێت.”

  لە بەشێکی دیکەی بەیانیەکەدا ڕەچاو کردنی حیجاب لە گشت شوێنە گشتیەکان بە پێویست زاندراوە و وتراوە لەگەڵ ئەو ژنانەی کە حیجابی زۆرەملی ڕەچاو ناکەن وەک کەسانیلادەر و پێشێلکارهەڵسوکەوت دەکرێت.

لە بەیانیەکەی وەزارەتی نێوخۆدا داوا لە موبەلغینی خورافە پەرست و کەسانی ئاتەش بە ئیختیار کراوە تابە ئامادەبوون لە مەیدانەکانئەرکی بەرگرتن لە بێ حیجابی بەرەو پێش بەرن. حسێن شەریعەتمەداری بەرپرسی رۆژنامەی کەیهانی چاپی تاران، کە ناوبانگێکی ڕیسوای لە پیلان گێڕی جەنایەتکارانە و ئامادە کردنی زەمینە بۆ ئەشکەنجە لە زیندانەکاندا و لەبەین بردنی نەیاراندا هەیە،هوشدار و وشیارکردنەوەی بە ناکافی زانیوە و خوازیاری بەرخوردی توند و دەستبەسەر کردن و زیندانی کردنی ئەو ژنانە بووە کە حیجابی زۆرەملێیان توڕداوە.

یەکێک لە دەستکەوتەکانی شۆڕشی سیاسیکۆمەڵایەتیژن، ژیان، ئازادیناسراو بەژیناهەڵوەشاندنەوەی یاسای مەڕبوت بە پۆشین و حیجابی ئیجبارییە. بە پێی ئەو زانیاریانەی بڵاو بوونەتەوە لە لایەن ستادی ئەمر چاکە و نەهی لە خراپەوە ژمارەی ئەو ژنانەی کە بە قەولی ئەم ستادە حیجابی شەرعی ڕەچاو ناکەن گەیشتۆتە ملیۆنان کەس. ژمارەیەکی زۆری پیاوان داکۆکی لەم ژنە بوێرانە و نافەرمانی و خەباتیان دەکەن. ئاخوندێکی کەللە وشک، بەم بیانوەی کە ئەگەر بەر بە بێ حیجابی و بەد حیجابی نگیرێت، نافەرمانی لە بەرانبەر یاساکانی بە قسەی ئەو، ئیلاهیدا پەرەدەستێنێ. ئەم بابەتە پەرەی ئەستاندوە و ئاخوندەکان خورافات گوێری کردون و نایبینن. لە ئێستادا زۆربەی هەرە زۆری شارۆمەندان نە تەنیا لە حیجابی ئیجباری، بەڵکو لەباری زەینیەوە لە هەموو جۆرە مەزهەبێک تێپەڕیون. جیگرەوەی سەرجەم مەڕاسمە مەزهەبیەکانی سەر گۆڕی گیانبەختکردوان بە دروشمی سیاسی و دژه‌ حکومەتی، سوخەنڕانی سیاسی و تێکۆشەرانەی بنەماڵەکان و خەباتکاران لە کاتی ئەسپەردەکردنیان و سەردانی گۆڕەکانیان و تازە کردنەوەی پەیمانی تێکۆشان لەگەڵ ئاڕمانەکانی منداڵەکانیان و قارەمانانی گیانبەختکردو تەنیا یەکێک لە دەرکەوتەکانیەتی.

شۆڕشی ژینا، کە خاوەنی دو خسڵەتی ئاوێتەی یەکتری سیاسی و کۆمەڵایەتیە، لە بواری کۆمەڵایەتیدا خەریکە قوڵ تر دەبێتەوە و بواری مادی بۆ کۆنتڕۆڵی سەرلەنوێی شەقامەکان و هێنانە مەیدانی دەیانی ملیۆن ژن و پیاوی کرێکار و زەحمەتکێش ڕیشەدارتر دەکات. ئەم ڕاستیە لەسەر ناوەرۆکی ئەو قەیرانە چار هەڵنەگرانەی داوێنگیری ڕژیم بوون مژدەی بە گۆڕ سپاردنی بە شێوەی بەردەوام لە گوێدا دەزرنگێتەوە. بەڵام شۆڕشگێڕانی ژن و پیاو بە دەرس وەرگرتن لە خەبات و شۆڕشی جیهانی و بە تایبەت شۆڕشی ٥٧ دەزانن کە دوای کۆماری ئیسلامی دەبێ حکومەتێک بێننە سەرکار کە خزمەتگوزاری جەماوەری بەرینی کرێکار و ستەم لێکراو بێت.ناکرێت بە کاسەی ماست، هەڕەشەی بێ ناوەرۆک و هۆشداری دان لەگەڵ ئەو ژنانەی کە بەشی پێشڕەوی ئەم داخوازیانەن بەربەرەکانی بکرێت. هەر هەنگاوێک لەم بوارەدا قین و توڕەیی و کاردانەوەی خەباتکارانەی زیاتری ژنانی ئازادە و پیاوانی پێشڕەوی لێدەکەوێتەوە کە نمونەی زۆر بچوکیمان لە دوکانی شیرەمەنی فرۆشیەکەی شاندیزی مەشهەد بینی.

بابەتی پەیوەندیدار

منداڵانی کار، پەڵەیەکی ڕەش بە ڕوخساری سەرمایەدارییەوە

-

پێویستی تەشەکولی بەرین و سەرتاسەری خانەنشینان

-

  نیزامی سەرمایەداری و دەوڵەتانی خزمەتکاری هۆکاری سەرەکی وێڕان بوونی ژینگە

-

گرنگی سیاسی- چینایەتی خەبات بۆ زیاد کرانی حەقدەست

-

ئامادە بوونی نوێنەرەنی دژی کرێکاری کۆماری ئیسلامی لە کۆبوونەوەی سازمانی جیهانی کار دەبێ ڕیسوا بکرێت

-

له‌ یادی٤٠مین ساڵی ئیعدامی جینایه‌تكارانه‌ی ٥٩ لاو مێرمنداڵی شاری مه‌هاباد

-