کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

کارەساتی کوشتاری کۆچبەران لە لیبی

کارەساتی کوشتاری کۆچبەران لە ئۆردوگای” تاجورا” لە لیبی یەکێک لە دواهاتەکانی دەستێوەردانی نیزامی ئینساندۆستانەیە. بەپێی ڕاپۆرتەکان رۆژی سێ شەممە ١١ ی مانگی پوشپەڕ بەرابەر لەگەڵ ٢ ی ژوئیە لە جەریانی هێرش بۆسەر گرتوخانەیەکی کۆچبەران لە نزیک ترابلۆس، پێتەختی لیبی لانیکەم ٤٠ کەس کوژران و زیاتر لە ١٣٠ کەس بریندار بوون. دەوترێت کە نزیکەی ٦٠٠ کەس لە گرتوخانەی” تاجورا” دا ڕاگیرابون. بە لەبەرچاو گرتنی ئەوەی کە لاشەی قوربانیەکان لەژێر وێرانییه‌كانی ئەم هێرشە هەواییەدا بەجێماون، ئاماری کوژراوەکان هێشتا بە دروستی روون نەکراوەتەوە و ڕەنگە تەلەفاتی گیانی پەنابەران زیاتر لە ٤٠ کەس بێت. زۆربەی ئەو پەنابەرانەی کە لە ئۆردوگای تاجورا دا، نیشتەجی کرابوون، کەسانێک بوون لە وڵاتانی ئیرترە، سودان و سومالی کە بەهیوای سەفەر بەرەو ئوروپا هاتبوونە لیبی. لەو ڕووه‌ کە پێشتر ڕاگەیەنەرەکانی سەربە ژنڕاڵ خەلیفە حەفتەر ڕایگەیاندبوو کە” ئەڕتەشی میللی لیبی”واتە ئەڕتەشی ژێر فەرمانی حەفتەر، بەڕێوەبردنی هێرشی ئاسمانی بۆسەر ترابلۆس و چەند ناوچەیەکی لە دەوروبەری ترابلۆس لەدەستۆری عەمەلیاتدا هەیە، بۆیه‌، کاربەدەستانی دەوڵەتی ناوەندیی لیبی، ژنڕاڵ حەفتەر بە بەرپرسیاری هێرشی مەرگبار بۆسەر ئۆردوگای پەنابەرانی ئەفریقایی لە” تاجوران” ڕاگەیاندوە.

بە لەبەرچاو گرتنی ئەم ڕاستیە کە هەر ئێستا بە هەزاران کۆچبەر لە زیاتر لە ٥٠ ئۆردوگا لە لیبی دا دەست بەسەرن، و زۆربەی ئەو گرتوخانانەش لەنزیک هێڵی پێشەوەی شەڕی نێوخۆیی دا هەڵکەوتون، کارەساتی کوشتاری کۆچبەرانی ئۆردوگای” تاجورا” لە لیبی ئاخرینیان نابێت. کارەساتی کوشتاری کۆچبەران لە ئۆردوگای” تاجورا” دواهاتی قەیران و شەڕی هێزە کۆنەپەرستەکانی نێوخۆییە کە دخاڵەتگەریەکانی کۆنەپەرستانی ناوچەکە و زل هێزە ئیمپڕیالیستیەکان ئەم شەڕ و بەرەو روو بوونەوانەی بردۆتە ئاستێکی وێرانگەرترەوە.

لە لیبی لە کاتێکەوە کە لە ئاکامی شۆڕشی خەڵک و دخاڵەتی نیزامیی ناتۆدا کە دەوڵەتی فەڕانسە ئیبتیکارەکەی بەدەستەوەیە، حکومەتی دیکتاتۆڕی قەزافی روخا، ئەم وڵاتە هێشتا رووی ئارامی بەخۆیەوە نەبینیوە. خەڵکی لیبی کە به‌دوای ئاخێزی جەماوەری لە تونێس و میسر، لەدژی هەژاری و فەلاکەت و گەندەڵی ئابووری، دابەش کرانی نادادپەروەرانەی سەروەت و قوڵتر بوونەوەی کەلێنی چینایەتی و ئیستبدادی سیاسی دەستیان دایە خەبات، لە نێوەی ڕێدا شۆڕشەکەیان بەلاڕێدا بردرا. شۆڕشی خەڵک لەدژی دیکتاتۆڕی ڕژیمی قەزافی زیاتر لەوەی کەدەرفەتی گەشە و پەرەسەندنی سروشتی لە ناخەوە بە دەستبێنێ، بە دخاڵەتی نیزامی هێزە ئیمپڕیالیستیەکان لە مەسیری خۆی بە لاڕێدا بردرا. دوای روخانی قەزافی و چەند دەیە حکومەتی ئیستبدادی بۆ دەورەیەکی کورت ژمارەیەکی زۆر ناوەندی دیموراتیک و هێندێک گوروپی سیاسی سەریانهەڵدا، رۆژنامەکان و مەتبوعات پەرەیانسەند، تا بەڵکو مۆری خۆیان لە ڕەوتی بارودۆخەکە لە وڵاتدا بدەن، بەڵام ئه‌م هه‌وڵه‌ ڕاگیرا. دوای پێکهاتنی” دەوڵەتی وەحدەتی میللی”، شەڕ و ئاژاوەی گوروپە کۆنەپەرستەکانی خوازیاری بە دەستەوە گرتنی دەسەڵات وەک ئیخوان موسلمین کە لە پشتیوانی دەوڵەتەکانی تورکیە و قەتەر بەهرەمەند بوون و سەلەفیەکانی جێگای پشتیوانی عەرەبستانی سعودی باقی گوروپە توندڕەوەکان ئاستێکی تازەی بەخۆیەوە گرت. لە جەریانی شەڕ و بشێویەکدا کە بەرپا کرابوو خەلیفە حەفتەر، یەکێک لە فەرماندە نیزامیەکانی پێشو، کە لە لایەن دەوڵەتی میسر و ئیماراتی یەکگرتوی عەرەبیەوە پشتیوانی دەکرا لە مانگی فێوریەی ٢٠١٤ لە هەنگاوێکی کودتاگەرانەدا دەستوری ڕاگرتنی پارلمانی لە ترابلۆس ڕاگەیاند و جالاکیەکانی بۆ پەرەدان بە ناوچەی ژێر دەسەڵاتی خۆی زیاتر کرد. هێزەکانی ژنراڵ حەفتەر لە لایەکەوە لەگەڵ گوروپە ئیسلامیەکان دەرگیر بوون و لە لایەکی دیکەوە لەگەڵ هێزەکانی” دەوڵەتی وەحدەتی میللی” کە له‌ لایه‌ن سازمانی میلەل و دەوڵەتی ئەمریکاوه‌ بەڕەسمیەت ده‌ناسرا لەسەر داگیر کردنی ترابلۆس دەستیانکرد بەشەڕ. دەوڵەتی ئەمریکا کە سەرەتا پشتیوانی لە دەوڵەتی جێی پشتیوانی سازمانی میلەلی لە ترابلۆس دەکرد لە ماەیەک لەوە پێشەوە سیاسەتی خۆی گۆڕێوە و ئێستا پشتیوانی لە خەلیفە حەفتەر دەکات، به‌ڵام بزانین بۆچی؟ حەفتەر ئێستا کۆنترۆڵی مەیدانە نەوتیەکانی لەبەر دەست دایە لە لیبی. نیشانەی وەرچەرخانی دەوڵەتی فەرانسەش بەرەو مەیدانە نەوتیەکان ئاشکرا بووە. واتە هەمان ئەنگیزەکانی ئیمپڕیالیستی کە بۆتە هۆی دخاڵەتگەری نیزامی بەشەر دۆستانە لە قەیرانی لیبیدا و ئەم وڵاتەی کردە وێرانە، ئێستا هۆکاری وەرچەرخانی سیاسەتی دەوڵەتانی ئەمریکا و فەرانسە لە شەڕی نێوخۆیی لیبی دایە. سەردەمانێک دۆناڵد ترامپ، بەپێی ڕەواڵی نادیپلۆماتیکی هەمیشەی، هۆکاری سەرەکی بۆ مانەوەی هێزەکانی لە عێڕاقی وەرگرتنی نەوت لە پاداشی هێرش بۆسەر عێڕاق ڕاگەیاند و وتی:” دەبوو نەوتی عێڕاقمان وەربگرتایە”، ئیستاش لە ڕقابەت لەگەڵ دەوڵەتی فەڕانسە دا بۆ پشتیوانی لە ژنڕاڵ حەفتەر لەپێشترەوەیە، چون دەیەوێ نەوتی لیبیش وەربگرێت. هێزەکانی ژنڕاڵ حەفتەر بە پشتیوانی هێزە ئیمپڕیالیستیەکان و حکومەتە کۆنەپەرستەکانی ناوچەکەیە کە هێرشەکانیان بۆ داگیر کردنی ترابلۆس توند تر کردۆتەوە.

هێزەکانی ئەندامی پەیمانی ناتۆ و لە پێشیانەوە دەوڵەتانی فرانسە و بریتانیا، کە ئیبتیکاری عەمەلی دخاڵەتگەری نیزامی بەشەر دۆستانە لە لیبییان لەدەستدایە و ڕاست وەک دەوڵەتی ئەمریکا لە عێڕاق، ئیدیعایان کرد کە لیبی دەکەنە نمونەی ڕیفاه، پێشكه‌وتوویی و سەقامگیری، ئێستا ئەوە ئۆلگویه‌كی جێی سەرنجیانە بەرەو خراپترین جۆری هەرج و مەرج ی ئەمنیەتی ده‌ڕوات و بۆتە شوێنێک بۆ کوشتاری کۆچبەران و لێک هەڵوەشانی سیاسی. هێزە کۆنەپەرست و دارودەستە چەکدارەکانیان کە لە پشتیوانی زل هێزە ئیمپڕیالیستیەکان و حکومەتە کۆنەپەرستە ناوچەییەکان بەهرەمەندن لە سێ زاویەدا بەیەکەوە دەرگیرن.

بۆ چالاکانی سۆسیالیست لە ئێران وەبیر هێنانەوەی ئەزمونی دخاڵەتگەری نیزامی بەشەردۆستانە لە لیبی و دواهاتەکانی و دەرس وەرگرتن لێی پێویستە. لەم روەوە پێویستە کە هەموان بزانن، لە گۆشەنیگای بەرژەوەندی کرێکاران و خەڵکی زەحمەتکێشەوە بە تایبەت لە بارودۆخێکدا کە کۆمەڵگا بەرەو ئاڵوگۆڕی شۆڕشگێڕانە هەنگاو دەنێت، بەرەنگار بوونەوەی سیاستە دخاڵەتگەرانە ئیمپڕیالیستیەکان و بەرەنگار بوونەوە لەگەڵ ئەو هێزانەی کە هیوایان بەو جۆرە دخاڵەتانە بەستوە تا چ ئاستێک حەیاتییە

بابەتی پەیوەندیدار

خەباتی خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان لەپێناو بەدەستهێنانی مافەکانیاندا

-

کۆیلایەتی مۆدێرن لە سەردەمی سەرمایەداریدا وتەیەک بەبۆنەی ڕۆژی جیهانی بنبڕکردنی کۆیلایەتی

-

وەحشیگەریی لە زیندانەکانی ئیسرائیل دا

-

تەنیا بە ڕووخانی کۆماری ئیسلامی، کێشەی نیشتەجێبوون چارەسەر دەبێت

-

وتەیەک بە بۆنەی ڕۆژی جیهانی هاوپشتی لەگەڵ خەڵکی فەلەستین

-

کۆڵبەری لەسەر سنوور، بەرەوڕوو بوونەوە لەگەڵ مەرگ، لەپێناو ژیانێکی مەمرە و مەژیدا

-