کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

کاردانەوە عەسەبیەکانی کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی بە ناڕەزایەتیەکانی خەڵک

Untitled 55 1

بزوتنەوەی بەرین و بەربڵاوی خەڵکی ئێران کە نیشانەی ئەوەیە کۆمەڵگای ئێران چۆتە نێو دەورەیەکی شۆڕشگێڕانەوە، ترس و ئاڵۆز وێژییەکی سەیری لەنێو کاربەدەستانی ورد و درشتی حکومەتی ئیسلامیدا بەدیهێناوە. لە خامنەییەوە بیگرە تا فەرماندە نیزامی و سپاییەکان، لە نوێنەرانی خۆ فرۆشی مەجلیسەوە تا مەلا دەمشڕەکان هەرچی جنێو، تۆمەت، درۆ و وڕێنەیەکی هەیە بە ناڕازییانی ئەڵێن. ئەوان لیستێکی دورو درێژیان لە سەبەبکارانی ناڕەزایەتیە ملیۆنیەکان دروست کردوە کە تا کچان و کوڕانی ١٥ ساڵ، ژنان، خانەنشینان، کرێکاران، خەڵکی کوردستان، کەمینە نەتەوەیی و مەزهەبیەکان، هونەرمەندان و وەرزشکاران، نووسەران و رۆژنامە نووسانیشی پێ تۆمەتبار دەکەن.

  سەیر ئەوەیە کە بە زەینی نەخۆشی خۆشیان دەزانن کە ئەم تۆمەتانە بۆ بە سه دان هه زار کەس لە نێوخۆ و سەدان کەس لەدەرەوەی وڵات کڕیارێکی تەنانەت لە ڕێزی هێزە سرکوتگەرەکانیشدا نابێت، بەڵام هەر جار ناجارێک بابەتێکی تازەشی پێوە زیاد دەکەن.

  هەرچەند نیسبەت دانی ناڕەزایەتیەکان بە وڵاتانی رۆژئاواییەوە پێشینەیەکی دێرینی هەیە، بەڵام ڕێبەری کۆماری ئیسلامی دوای تێپەڕ بوونی ٤٣ ساڵ لە شۆڕش و لە نێوچونی ساواک،” بنەماڵەی ساواکیەکان” بە هۆکاری ناڕەزایەتیەکان دەناسینێ.” عەلی فەدەوی”، جێگری فەرماندەی گشتی سپا وتی:” هێندێک لەم بنەماڵانە و ئەو لاوانە گیراون کە لە ناڕەزایەتیەکاندا کلیل واژەگەلی هاوبەشی وەک شوبهاندنی ئاڵۆزیەکانی سەر شەقامیان بە یارییە کامپیۆتێریەکان و هەروەها وابەستە بوونی زۆر بە فەزای مەجازییان باس کردوە.” یەکێکی دیکە لە تۆمەتە تازەکان لە ناڕەزایەتیەکاندا نا خۆجێی بوونی ناڕەزیانە. بابەتێکی کە هەرچەند لە ناڕەزایەتیە سینفیەکانی وەک ناڕەزایەتی بە بڕانی ئاو لە هەمەدان باس کراوە، بەڵام نیسبەت دانی ناڕەزایەتیەکان بە کەسانی نا خۆجێی لە ڕابردودا پێشینەی نەبووە.” محەممەد عەبدواللە پور”، فەرماندەی سپای قودسی گیلان دەڵێ:” ٩٥ لەسەدی لیدێری ئاڵۆزیەکانی ئەم دواییە لە ئوستانەکانی دیکەوە هاتبوون.” ” عیزەت مەلەکی”، فەرماندەی ئینتیزامی گیلان وتویەتی:” تیمێکی خراپکاری لە باشورەوە هاتبونە نێو ئوستانەوە بەرلەوەی کاریک بکەن، ناسران و دو کەسیشیان لێ دەستبەسەر کرا.” ” مەزاهیر مەجیدی”، فەرماندەی سپای ئوستانی هەمەدان وتی:” ئێمە لە هەمان سەرەتاوە کەسانی ڕاهێندراو کە خەڵکی ئوستانی هەمەدان نەبوون و لە لایەن دوژمنانەوە ڕێکخرابوون گرتوە.” سازمانی ئیتلاعاتی سپای ئوستانی زەنجان دەڵێ:” یەکێک لە کەسانی سەرەکی، ژنێکی ناخۆجێی و خەڵکی یەکێک لە ئوستانەکانی جنوبی شەرقی وڵات بوو کە لە رۆژەکانی سەرەتای ئاڵۆزیەکاندا هاتبووە زەنجان.”

  نیسبەت دانی ناڕەزایەتیەکان بە بەهاییەکانەوە لە ناڕەزایەتیەکانی ساڵی ٨٨ دا بە ئەدەبیاتی کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامیەوە زیاد کرا و دەیان کەس لە بەهاییەکانیش گیران. لە بەیانیەی وەزارەتی ئیتلاعاتدا هاتوە:” سازمانی جاسوسی بەهاییەت بەپێی دەستوری ناوەندی جێگیر لە حەیفای داگیرکراو، دەستێکی باڵای هەبووە لە نێو ئاڵۆزیەکاندا و هاندانی خەڵک بۆ خراپکاری و وێرانکردنی شوێنە گشتیەکان. بەم جۆرە لەم رۆژانەی دواییدا هەستەی سەرەکی و نهێنی بەهاییەت کە ٣ کەس لە ڕێبەرانی بەهاییەت و دوو کەس لە تیمی ڕاگەیاندنەکەیان بوون، دەستبەسەر کران.”

  یەکێک لە رووداوە تازەکان لە ناڕەزایەتیەکاندا تەرح کرانی دانانی بۆمب لە دو فرۆکەدا بووە. لە بەیانیەکەی وەزارەتی ئیتلاعاتدا هاتووە:” پیلانی خراپکاری لە دوو فرۆکەی مسافیر بەردا پوچەڵ کراوەتەوە.” و یان:” ٥ ئەندامی گورەپی تەکفیری- ترۆریستی لەگەڵ ٣٦ کیلۆ مادەی تەقینەوە کە لە هەوڵی تەقاندنەوەی لە نێو خەڵک و هەروەها لە نێو ئاشوبگەراندا و نیسبەتدانی تەقینەوەکان بە لایەنی بەرانبەر بوون، گیران.” سازمانی ئیتلاعاتی عاشوڕاش لە ڕاگەیەندراوەکەیدا نووسیویەتی:” کەسانی سەربە منافقین و سەڵتەنەت خوازان بۆ کردنە ئامانجی خەڵک و کەڵکی باش وەرگرتن لەم کۆبوونەوانە، لەهەوڵی تەقاندنەوەی بۆمبی دەست سازدا بوون لە هێندێک ناوچەی تەورێز.”

  یەکێکی دیکە لە جیاوازی ناڕەزایەتیەکانی ساڵی ١٤٠١ لەگەڵ باقی ناڕەزایەتیەکان، کەڵک وەرگرتنی ناوەندە ئەمنیەتیەکانە لە ئامبولانس یان ماشێنی دیکەی ناوەند و ڕێکخراوەکان بۆ گواستنەوەی هێزەکانیان و دەستبەسەر کراوان. لەم نێوانەدا هێندێک لە کاربەدەستانیش بەبێ ئاماژە کردن بەم بابەتە هەوڵیانداوە تا جەخت لەسەر هێرشی ناڕازیان بۆسەر ئامبولانسەکان بکەنەوە. ” عەلیڕەزا زاکانی”، شارەداری تاران وتویەتی:” لە ئاڵۆزی و ناڕەزایەتیەکانی ئەم دواییەدا پاککەرەوەکان، پاکبانا و ئاگرکوژینەوەکان کە خزمەتکاری خەڵکن کەوتونەتە بەر زەبەرو زەنگ.”

  رۆژنامەی کەیهان کە لە پەڕێشان وێژی و دەمشڕیدا لە پێش هموانەوەیە نووسیویەتی:” ئەگەر دایکان بە جێگای چونەسەرکاری بێ هۆ، لە ماڵەوە بوایەن و خەریکی تەربیەت کردنی منداڵەکانیان بوایەن، تازەلاوانی دەیەی هەشتای فریخواردومان لە نێو ئاڵۆزیەکاندا نەدەبینی.”

  ئەم ئاستە لە پەرێشان وێژی و وڕێنە کردن و وەحشەت دەرخەری نیگەرانی کاربەدەستانی حکومەتی ئیسلامیە لە عەزم و ئیرادەی لێبڕاوانەی خەڵک بۆ گۆڕینی ڕژیم. خامنەیی و هاوبەشەکانی لە سەردەمانێکدا بەم شێوەیە وڕێنە دەکەن کە خۆشیان دەزانن کەشتی گەندەڵی و جەنایەتی ڕژیمی ئیسلامی بەرەو نوقم بوون دەچێت.