کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

کارخوڵقێنەر و بەڕێوەبەران یان چەوسێنەران و دزان

photo 2022 02 01 09 47 44

ڕۆژی یەکشەممە ١٠ی مانگی ڕێبەندان خامنەیی لە سوخەنڕانییەکدا، قسە بێبنەما و فەرمانە جێبەجێنەبووەکانی چەند دەیەی ڕابردووی، دووپات کردەوە. ناوبراو کە بۆ کۆمەڵێک چەوسێنەر و ئیختلاسگەر و ڕانتخۆر لەژێرناوی کارخوڵقێنەر و چالاکی ئابووری قسەی دەکرد وتی:

“ئەمریکاییەکان لایان وابوو کە لە ماوەی شەش مانگدا دەتوانن ئابووریی ئێران لەناو بەرن … لەجیات شەش مانگ، دە ساڵ تێپەڕ بووە، و لە ماوەی ئەم دە ساڵەشدا ئەم شەڕە بەردەوام توندتر بووەتەوە بەڵام سەنگەری بەرهەمهێنان و ئابووریی وڵات بەشوکری خودا بەردەوام و زیندوویە. ئەو لەشکرەی کە لە بەرامبەر دوژمندا ڕاوەستا ئێوە بوون. ئەفسەرانی ئەم دیفاعە موقەدەسە، کارئافەرینان و بەڕێوەبەرانی شایستەی ئابووری بوون. ڕەزمەندەکانیشی کرێکاران بوون. کرێکاران، ڕەزمەندەی دڵسۆز و باسەفای ئەم مەیدانە بوون.”

بەپێچەوانەی وتەکانی خامنەیی کە باروودۆخی ئابووریی بەگشتی ڕوو لە باشتربوون وەسف کرد، بەوتەی خودی کارناسانی چالاک لە ئێران وەزعییەتی کۆمەڵایەتی و ئابووری ڕۆژبەڕۆژ خراپتر دەبێت و ئاکامەکانی دەستبەجێ لەسەر ژنانی خەڵک کاریگەری دادەنێت. بێکاری ڕوو لە زیادبوونە، تەوەرۆم گەیشتووەتە باڵاترین ئاستی خۆی و زۆربەی خەڵک دەبێ لە چەند پیشەدا کار بکەن چونکە حەقدەستەکان تەنانەت بەشی قەرەبووکردنەوەی تەورەۆمیش ناکەن. جیاوازیی نێوان داهاتی دەوڵەمەندەکان و بێبەشان لە ئێران ڕوو لە زیادبوونە. لە وەها باروودۆخێکی جێگای نیگەرانیدا، کرێکاران لە ئازادیی ڕێکخستنیش بەهرەمەند نین. ئەو ناوەندانە کە بەڕواڵەت دەبێ نوێنەری کرێکاران بن لەڕاستیدا بەدەستی حکوومەت و بۆ ئەوە درووست کراون کە وەک ئامرازێک کرێکارانی پێ کۆنتڕۆڵ بکەن و ئەم کارەش ئەنجام دەدەن. ٨٥ تا ٩٥ لەسەدی کرێکارانی لەسەرکار، بە گرێبەستی کاتییەوە کار دەکەن و لە ئەمنییەتی پیشەیی بێبەرین. زۆربەی ئەو ژنە کرێکارانەی کە لە بازاڕی غەیرە ڕەسمیدا کار دەکەن هیچ جۆرە گرێبەستێکیان نییە و لانیکەمی حەقدەستی چەندین بەرابەر ژێر هێڵی هەژاریشیان پێ نادرێت. باروودۆخی کرێکارانی ئەفغانستانی کە هاوچینی کرێکارانی ئێرانین، لەوەش دڵتەزێنترە.

ئەم باروودۆخە و هەژاریی داسەپاو بەسەر کرێکاران و ئابووریی ڕوو لە ئیفلاس، لە ڕوانگەی ئاخوندی کۆنەپەرست، خامنەییەوە، شانازیی خۆی و کۆماری ئسیلامییەکەیەتی. کرێکاران بە چەند ملیۆن بێکار و بە ملیۆنان لەت بووی ژێر چەرخەکانی چەوساندنەوە و دیکتاتۆری، لە ڕوانگەی ئەم ئاخوندەوە، هەڵبەت لە تەبلیغتاتدا، وەک بەشداربووانی شەڕی کۆنەپەرستانەی ئێران و عێراق موحتەڕەم و جێگای شانازین. بەڵام ئەوان لە دنیای واقعیدا لە هەژاری، بێ مافیی سیاسی و بێ حورمەتیدا بەسەر دەبەن. با بۆ نموونە باروودۆخی کرێکاران لە ناوچە تایبەت و ئازادە ئابوورییەکان، بە کەڵک وەرگرتن لە زانیاریی خودی چالاکانی ڕێگەپێدراو لە ئێران بە کورتی بدەینە بەر باس:

بەپێی ڕاپۆرتی ئیلنا، قوربان دەرویشی (دبیری جێبەجێکاری خانەی کاریگەری خووزستان) سەبارەت بە ناوچە ئازادە ئابوورییەکان وتی:

“کرێکارانی ناوچە ئازادەکان یاسای کاریان بەرناکەوێت و یاسای زاڵمانەیان بەسەردا سەپاوە”. دەبیری جێبەجێکاری خانەی کاریگەری خووزستان، وێڕای ئاماژە بەوەیکە ناوچەی ئازادی تێجاری، ئابووری و سەنعەتی لە ئێستادا لە ئێران ژمارەیان گەیشتووەتە ١٣٠ ناوچە لە درێژەدا وتی: “نزیکەی یەک ملیۆن کرێکاری ئەم ناوچانە لە باروودۆخێکی ناعادڵانەدا کار دەکەن.”

بەوتەی ئەم چالاکە کرێکارییە زۆربەی هەرەزۆری ئەم کرێکارانە و بنەماڵەکانیان بەهۆی گرانیی لەڕادەبەردەری زەوی و کرێی ماڵ، بەناچار لە پەراوێزی شارەکان و بە بێ ئیمکاناتی ناوەندەکانی کاری خۆیان دەژین. ئەوان بەتەواوی لە گەڵاڵەی ڕیزبەندیی پیشەکان بێبەرین.

چالاکێکی کرێکاریی دیکە نووسیویەتی کە ڕۆژانی مەرەخەسیی “ئیستحقاقی”ی ئەم کرێکارانە لە ڕێژەی تەوەرۆمی باو کەمترە. خاوەنکارانی تاڵانکەری ئەم ناوچانە، تەنانەت خۆیان بە ئەرکداری تۆمارکردنی وردی پێشینەی کار و ناردنی بەردەوامی لیستەکانی بیمە نازانن. ئەوان تەنیا کەسانێک بەشێوەی ناقیس و ناتەواو بیمە دەکەن کە پێویستیان بە هێزی کار و شارەزاییان بێت. لە ناوچە ئازادەکان تەنانەت کرێکارانی ژێر شاخەی ناوەندە دەوڵەتییەکان لەوانە کرێکارانی تێکنیکی و شارەزای نەوت و گاز تا بەرلە مانگرتنی ئەم دوایانەیان لەگەڵ چکۆلەترین هەوڵیان لەپێاو مافەکانیان، دەکەوتنە لیستی ڕەشەوە و پاشان بەرەو مەسیری دەرکران دەبردران. سکاڵای کرێکاران لە زۆر حاڵەتدا ناکاریگەرە. چۆنکە ناوەندەکانی چارەسەرکردنی کێشە بە دەگمەن بە قازانجی سکاڵاکەران دەنگ دەدەن. ئەم ناوەندانە ئەگەر لە حاڵەتێکی دەگمەندا بە قازانجی کرێکاریش دەنگ بدەن، دیسان خاوەنکار دەتوانێ بەپێی یاسای ناوچەی ئازاد لەگەڵ سکاڵاکەر تەسویە حیساب بکات و دەریبکات. لێرەشدا دیسان خاوەنکار بڕیاردەرە و هیچ زەمانەتێکیش بۆ بەڕێوەچوونی دەستووراتی ناوەندەکانی چارەسەرکردنی کێشە بوونی نییە.

کرێکارانێک کە لە ناوچە ئازاد و تایبەتەکان کار دەکەن پێویستە بتوانن لە خزمەتگوزارییەکانی یاسای کارە سەخت و زیانبارەکان کەڵک وەربگرن و بەشێوەی پێشوەخت خانەنشین بکرێن. ئەوەش لە حاڵێکدایە کە زۆربەی هەرەزۆری خاوەنکاران کاتی خانەنشینیی پێشوەختی کرێکارانێک کە کاری سەخت و زیانبار دەکەن، وەدوا دەخەن.

هەڵبەت کرێکارانی ناوچە ئازاد و تایبەتەکان لەو باروودۆخە دیکتاتۆرانەیەدا هەمیشە بێدەنگ نین. ئەوان زۆر جار دژبە یاسا و ڕێسا پەسندکراوەکانی ئەم ناوچانە و خاوەنکاران و پەیمانکاران بەشێوەی دەستەجەمعی ناڕەزایەتییان دەربڕیوە. بۆ نموونە دەیان هەزار کرێکاری پەیمانیی نەوت، گاز و پێترۆشیمییەکان، کە مانگرتن و ناڕەزایەتیی مێژووییان لە ڕێکەوتی ٣٠ی جۆزەردانی ١٤٠٠دا دەستپێکرد، خوازیاری هەڵوەشاندنەوەی یاسا و ڕێساکانی ئەم ناوچانە بوون.

شۆرای ڕێکخستنی ناڕەزایەتیی کرێکارانی پەیمانیی نەوت لە یەکەمین بەیاننامەی خۆیدا سەبارەت بەم یاسایانە لە یەکێک لە بەندەکانیدا نووسیی:

یاسای کۆیلەئاسای ناوچە تایبەتە ئابوورییەکان کە حەساری نێوان ئێمە و بەشەکانی دیکەی کرێکارانە لە ئاستی کۆمەڵگادا و لەم ڕێگەوە خاوەنکارانی مفتەخۆر دەستیان بۆ دەستدرێژی بۆسەر ژیان و گوزەرانی ئێمە ئاواڵەیە، پێویستە دەستبەجێ هەڵوەشێنەوە. سەرانی کۆماری ئیسلامی، چ ئاخوندەکان و چ چەکمەپۆشەکان، هەمیشە بە درۆ و چەواشەکاری بە هیوای فریودانی خەڵک خۆیان فریو داوە. کرێکارانی ناڕازی و بوێری ئێران چەندین دەیەیە کە وەها دەسەڵاتێکی مەزهەبی، گەندەڵ، ستەمکار، سەرمایەدار و پشتیوانی گشت چەوسێنەران و درۆزنیان ناسیوە. ئەوان لەسەر بنەمای باروودۆخی بابەتیی خۆیان و ئەم تێگەیشتنەیان، خەباتێکیان درێژە پێداوە کە دەتوانێ گۆڕانکاریی بنەڕەتی لە کۆمەڵگادا بخوڵقێنێت. گۆڕانکارییەک کە لە یەکەمین هەنگاودا کۆماری ئیسلامی ڕادەماڵێت!