کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

کاتێک کە ئاخوندەکان عەبا و مێزەرەکانیان دەشارنەوە

 

ناڕەزایەتیی خەڵک هێندە بەرین و گشتی بووەتەوە کە بەرپرسانی ورد و درشتی دەسەڵاتیش ناچار بوون بە ئاشکرا دانی پێ دابنێن. هیچ بەشێک لە خەڵکی ئێران نییە کە بەجۆرێک لە سیاسەتی کۆنەپەرستانە و دیکتاتۆریی دەسەڵاتدارانی ئیسلامی زیانی نەدیتبێت. لەئێستادا ڕانتخۆران، لەشکری بەرینی ئاخوندەکان، کارگێڕان و داکۆکیکارانی ڕژیمیش بەئاسانی ناتواننن لە دەسەڵات پشتیوانی بکەن. ئاخوندەکان عەبا و مێزەری خۆیان دەشارنەوە، ڕیشیان لێدەدەن و تەنانەت جیرەخۆرەکانی حکوومەت بەئاسانی ناتواننن لەم دەسەڵاتە دیفاع بکەن.

ڕژیم هەرچی زیاتر گۆشەگیر و بازنەی داکۆکیکارانی سنووردارتر و چکۆلەتر دەبێتەوە. “تەقی ڕۆستەم­وەندی” جێگری وەزیری ناوخۆی ئێران و سەرۆکی ڕێکخراوی کاروباری کۆمەڵایەتی ڕۆژی یەکشەممە ٢٦ی بەفرانبار لە “دووهەمین ڕێوڕەسمی بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ ئازارە کۆمەڵایەتییەکان لە ڕوانگەی  ئیسلامەوە” سوخەنڕانیی کرد.  چەند ڕستەیەک لە وتەکانی ناوبراویان میدیاکان بەرجەستە کردەوە. ئەو وتی: “مەیل بۆ گۆڕینی بنەڕەتی لەناو هاووڵاتییاندا ڕوو لە زیادبوونە. هەروەها دانی بەوەش داناوە کە بەهۆی چوونەسەرەوەی گوشاری ئابووری و بژێوی ئاستی تاقەتی خەڵک هاتووەتە خوارێ.”

جێگری وەزیری ناوخۆی ئێران لە هەمان ڕێوڕەسمدا وتی:

١١ تا ١٣ ملیۆن کەس لە ئێران پەراوێزنشینن. ناوبراو باسی لە “مەرگی ساڵانە ٥٠ تا ٦٠ هەزار کەس بەهۆی بەکارهێنانی دوخانییات” و “٣٠٠ تا ٤٠٠ هەزار لەباربردنی نایاسایی کۆرپەڵە” لە ئێران کرد.

ڕۆستەم­وەندی وتی “ئەگەر هەست بەوە بکەین بەهۆی ناکارامەییەکان، بۆچوونی خەڵک بەرەو ئاراستەیەک دەڕوات کە گۆیا دەسەڵاتی دینی لە چارەسەرکردنی کێشەکانی وڵاتدا سەرکەوتوو نییە و شایەد دەسەڵاتێکی دیکەی وەک دەسەڵاتی سێکۆلار و غەیرە دینی دەتوانێ کێشەکانی ئێران چارەسەر بکات، ئەوکات زەنگی مەترسی بۆ ئێمە وەدەنگ دێت.”

بۆ ماوەیەکی زۆر دەسەڵاتی ئیسلامی باس کردن لەم واقعییاتەی “ڕەش نوێنی” ناو لێدەبرد. ئەوان بۆ بێدەنگ کردنی ڕەخنەگران زیندان و سەرکوتیان بەکار دێنا. بەڵام واقعییاتی سەرسەخت حاشایان لێ نەدەکرا. ڕەخنە لە باروودۆخەکە بەقەولی ئەوان بەشێوەیەکی ناجۆر بەرەو نیزامی دەسەڵاتدار تەشەنەی سەند. هەربۆیە ناوەندی دەسەڵاتی ڕژیم تاکتیکی نوێی بە تاکتیکەکانی پێشوو زیاد کرد.  بەرپرسان و میدیاکانی ژێر فەرمانی سەرانی ڕژیم وێڕای گەورکردنەوە و عەجایب نواندنی توانای ئیسلام و دەستکەوتە بەناو درەوشاوەکانی حکوومەت، گۆشە نیگایەکیشیان لە واقعییەتە تاڵەکانە و هەوڵ دەدەن چکۆلە نیشانیان بدەن.

تەقی ڕۆستەم­وەندی لە وتەکانی خۆیدا تووڕەیی کێوئاسای ژنان و پیاوان، لە بەساڵاچووانەوە بگرە تا لاوانی دژبە گشت کۆماری ئیسلامیی بۆ ئاستی “مەیل بۆ گۆڕینی بنەڕەتی و حکوومەتی غەیرە دینی” لە ناو هاووڵاتییانی ئێران هێناوەتە خوارێ. ناوبراو ئاخێزەکانی مانگی بەفرانباری ٩٦ و خەزەڵوەری ٩٨ی تا ئاستی ڕەفتاری سەرەڕۆیانە و کەج­ڕەوی نزم کردووەتەوە.  جێگری وەزیری ناوخۆی ئێران خواستی هاووڵاتییانی ئێران بۆ لەگۆڕنانی دەسەڵاتی سەرمایەداریی کۆماری ئسیلامیی بۆ کەمبوونەوەی متمانەی هاووڵاتییان بە نیسبەت حکوومەتی دینی هێناوەتە خوارێ.

جێگری وەزیری ناوخۆی ئێران بەشێوەی مەرجدار باسی لە ئەگەری وەدەنگ هاتنی زەنگی مەترسی بۆ نیزامە ئیسلامییەکەیان کرد. بەڵام لەڕاستیدا ئەم زەنگە مەترسییە دەمێکە ڕێکخراوە کرێکارییە ڕادیکاڵەکان، کرێکارانی هەفت تەپە، نەوت، فوولاد، هێڵی ئاسن، شارەدارییەکان و باقیی کرێکارانی خەباتکار، مامۆستایان، خانەنشینکراون وەدەنگیان هێناوە. ئەم زەنگە ساڵەهایە لە لایەن جەماوەری خەباتکاری کوردستان، ژنانی مافخواز، چالاکانی مافی مرۆڤ، ژینگەپارێزان، ڕووناکبیرانی شۆڕشگێڕ، ئازادیخوازان و گشت چالاکانی مەدەنییەوە وەدەنگ هاتووە. کرێکاران و زەحمەتکێشانیش وەک ناڕازیانی ساڵی ١٣٨٨ نین کە بەشوێن “دەنگ”ی خۆیانەوە بوون. ئەوان خەباتکارانێکی پێداگر، پەیگیر و تێکۆشەرن و خوازیاری “نان و کار و ئازادی”ن، کە ئەوەش بە بێ ڕووخاندنی شۆڕشگێڕانەی کۆماری ئیسلامی نایەتە دی. هەربۆیە ناوەندی سەختی دەسەڵات بەردەوام شمشیری لە ڕووەوە بەستووە. ئەوان زیندانەکانیان بە چالاکانی بوارە جۆراوجۆرەکانی خەبات و تەنانەت خۆپیشاندەرانی ئاسایی پڕ کردووەتەوە و شەو و ڕۆژ تا ئاستی کوشتن خەریکی ئەشکەنجەی نەیارانیانن. ئەوان هەوڵ دەدەن هەموو ئێران بکەنە شاری خامۆشان و زیندانێکی واقعی.

ئاکامی چل و چەند ساڵ دەسەڵاتی ئیسلامی بریتییە لە هەژاریی ملیۆنی، فەلاکەت و گرانی، گیرۆدەبوون بە ماددەی هۆشبەر و توندوتیژی، سێدارە و ئەشکەنجە، پێشێلکرانی سیستماتیکی مافی مرۆڤ، سەرکوت و میلیتاریزم لە کوردستان، هەڵاواردن و بێ مافیی ژنان  و کەمینە نەتەوەیی و مەزهەبییەکان، کارەساتی ژینگەیی و دەیان کێشەوگرفتی ئابووری، کۆمەڵایەتی، کلتووری، تەندرووستی و پەروەردەی تر.

دەسەڵاتدارانی کۆنەپەرستی ئئیسلامی پێویستە وڵامدەرەوەی چوار دەیە جەهل و جەنایەت، تاڵانکردن و سەرکوت بن و خواستی جیایی دین لە دەوڵەت، جیایی دین لە پەروەردە و بارهێنان و بڕینی یارمەتیی ماڵیی حکوومەت بە ناوەندە مەزهەبییەکان پێویستە بکەوێتە سەرووی خواستەکانی خەڵک لە دەسەڵاتی جێنشینی ئەم ڕژیمە گەندەڵ و کۆنەپەرستە. ئێمە هاوڕێ لەگەڵ جەماوەری بەرینی خەڵک داوا لە داکۆکیکاران و بەکرێگیراوانی حکوومەتی ئیسلامی دەکەین کە داهاتووی خۆیان و بنەماڵەکانیان بە مانەوەی ئەم دەسەڵاتە ڕوو لە مەرگەوە گرێ نەدەن.

 

بابەتی پەیوەندیدار

خەڵک نەتەنیا لەدژی گرانی، بەڵکوو خوازیاری بەدەستهێنانی سەرجەم مافە پێشێلکراوەکانی خۆیانن.

komalah

ساڵهاتی دووهه‌م كاره‌ساتی شیمیاباران به‌سه‌ر كۆمه‌ڵه‌دا

komalah

ڕاگه‌یاندنی حیزبی كۆمۆنیستی ئێران سه‌باره‌ت به‌ په‌یوه‌ست بوونی بزووتنه‌وه‌ی دژ به‌ گرانی و بزووتنه‌وه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان

komalah

ووته‌یه‌ك به‌بۆنه‌ی ساڵیادى مانگرتنی گشتی جه‌ماوه‌ری خه‌ڵكی كوردستان له‌دژی ئێعدامی فه‌رزادی كه‌مانگه‌ر وهاوبه‌نده‌كانی

komalah

وڵامی کرێکاران بە قسە پڕوپووچەکانی خامەنەیی، ٦٠٠٠ مانگرتن و ناڕەزایەتی لە یەک ساڵدا

komalah

حەوت هەزار وردە فرۆشی مادە هۆشبەرەکان لە ئاستی تاراندا

komalah