کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

کاتێک کۆنەپەرستان ئەیانەوێ بۆ ئامادە بوونی ژنان لە وەرزشگاکاندا ژێرخان دروست بکەن

لەم رۆژانەی دواییدا باسی چوونی ژنان بۆ وەرزشگاکان لە رۆژنامە و مەحافلی ڕژیمدا، گەرم بووە. هەواڵنێریی دەوڵەتیی “ئیسنا” لە ڕاپۆرتێکدا لەم بارەیەوە لەژێر ناوی: “هەوڵدان بۆ دروست کردنی ژێرخانی چوونی ژنان بۆ ئیستادیۆمەکان”، نووسیویەتی: “رۆژی سێ شەممەی ئەم حەفتەیە لە کۆبونەوەیەکدا لە وەزارەتی نێوخۆ تایبەت بە حزوری ژنان لە وەرزشگاکاندا، قسە و باس و هەڵسەنگاندن کراوە. لەم کۆبوونەوەیەدا چەند بەرپرسێکی وڵات لە پلەی جۆراوجۆردا لە دەوڵەتیی، هێزی ئینتیزامیی، ناوەندەکانی چاودێری و ئەمنیەتیی، وەزارەتی وەرزش و لاوان و هیتر ئامادە بوون.” لە کۆبەندی ئەم ناوەندانەدا هاتووە: ” گرفتی حزوری ژنان لە وەرزشگا تێکڵەکاندا بابەتێکی ژێر ساختییە. “لەم بوارەدا لە کۆبوونەوەیەکی دیکەی حەفتەی ڕابردودا ، فەریبا محەممەدیان جێگری وەرزشی بانوانی وەزاڕەتی وەرزش و لاوان وتویەتی: “ئیمکانی حزوری ژنان لە وەرزشگاکاندا کاتی دەوێت بەڵام ئەگەر دۆخەکە فەراهەم بێت، وڵامی ئەرێنی بە داخوازی حزوری ژنان لە وەرزشگاکاندا ئەدەینەوە.”

مێهدی تاج زادە سەرۆکی فیدراسیۆنی فوتباڵی ئێرانیش وتویەتی: “بابەتی چوونی ژنان و یان بنەماڵەکان بۆ ئیستادیۆمەکان لە زومرەی مەسایلی کەڵانی مەملەکەتییە. هەر کاتێک نیزام و دەوڵەت سەبارەت بەم بابەتە گەیشتنە ڕێکارێکی دیاریکراو، فیدڕاسیۆنی فوتباڵ وەک ئەندامێکی کادری ئیجرایی ئەم بابەتە، هەموو هەوڵەکانی بۆ دەستەبەر کردنی ئەم مەسەلە گرنگە وەگەڕ دەخات.”

زارا تیزڕەو، توێژەری لێکۆڵەری ژنان و فەرهاد گەوهەردانی، توێژەری تەوسعەی ئێران، لە وتارێکی هاوبەشدا دەستیانداوەتە هەڵسەنگاندنێکی بەناو کارناسانەی ئەم بابەتە. لە ڕوانگەی ئەوانەوە مەسەلەی حزوری ژنان لە وەرزشگاکاندا هێمایەک لە گرفتە کۆمەڵاتیەکانی دیکەیە. گرفتەکە تەنیا بەوەش چارەسەر نابێت کە وەرزشگای نوێ بۆ هاتنە ژورەوە و شوێنی جوداگانە بۆ بینەرانی ژن دروست بکرێت، بەڵکوو گۆیا مەسەلەکە ئەوەیە کە حزوری ژنان لە کۆڕوکۆمەڵی “بە تەواوی پیاوانەدا” وەک ئیستادیۆمەکانی فوتباڵ کە زیاتر ئاوێتەی جنێودان و هاتوهاواری ناشیرینی کۆمەڵێک بینەرە، لەگەڵ “حورمەت، عیزەت و مەعسومیەتی ژناندا” نایەتەوە.

بەم جۆرە چ لە ڕوانگەی ئەو کاربەدەستانەوە کە بۆ پێڕاگەیشتن بەم بابەتە کۆبونەوەیان کردووە، و چ بە بۆچوونی كارناسانی کارڕێکخەری ڕژیم، نە تەنیا بینای وەرزشگاکان دەبێ بە شێوەیەکی تر تەڕاحی بکرێن، بەڵکوو فەرهەنگی پیاوانی بینەریش دەبێ بگۆڕدرێت، تا ژنان بتوانن لە ئیستادیۆمەکاندا وەک بینەر ئامادە بن.

لە ڕاستیدا ڕیسوایی لەمە گەورەت نابێت. ئەم هەموو سوغڕا و کوبڕایە بۆ پێشێل کردنی ئاسایی ترین و سەرەتایی ترین مافی ئینسانی ژن بۆ بینینی یارییە وەرزشیەکان، تەنیا لە کاربەدەستانی ڕژیمی ئیسلامی دەوەشێتەوە.248

بەڵام ئەم گشتە سەختی و دژواریانە بۆ بەرگرتن لە ئامادە بوونی ژنان لەگەڵ پیاوان، لە وەرزشگاکاندا لە کوێوە سەرچاوە دەگرێت؟ کام ستون و پایەی ئیسلام لەم ڕێگایەوە لەق دەبێت؟ لە ڕاستیدا ترسی ڕژیم و مقاماتی مەزهەبی لە پێگەیەکی یەکسانە کە لەم مەیدانەدا لەگەڵ پیاوان بە دەستی دێنن. کۆماری ئیسلامی بە گشت توانایی ماڵیی و ئاموزشی و یاسایی و شەرعی و ئیدئۆلۆژی خۆیەوە هەوڵ ئەدات ژنانی کۆمەڵگە لە پێگەیەکی نزم و ژێر دەستەدا ڕابگرێت. بەرگرتن لە دابین بوونی مافی ئامادە بوون لە وەرزشگاکاندا، لەپاڵ بینەری پیاودا، یەکێک لە دەیان حاڵەتی ئەم چەشنە هەوڵانەیە.

هەڵاواردن و نا یەکسانی جنسیەتی لە ڕژیمی ئیسلامیدا نیهادینە کراوە. مەوعیزەکان و تاریف و پێدا هەڵدان بە پێگەی ژن لە لایەن کۆماری ئیسلامیەوە تەنیا ڕیاکارییە و هیچی تر. پێگەیەک کە کۆماری ئیسلامی لەسەر بنەمای پایە فیکری و عەقیدەتییەکانی بۆ ژنانی دادەنێ، کۆیلەتی تەواو و مل کەچ بوونە بە داخوازی پیاوان و کاری ماڵەوە و پێشکەش کردنی خزمەتگوزاری بە مێرد و منداڵەکانیەتی. گوشار لەسەر ژنان لە ڕژیمی ئیسلامیدا ئامرازێکە بۆ قودرەت نمایی لە بەرانبەر هەموو کۆمەڵگادا. لەم روەوەیە کە خەباتی ژنان لەدژی مەحدودیەتە کۆمەڵایەتیەکان و بۆ دەستەبەر بوونی یەکسانی گرێدراوە بە خەبات بۆ ڕزگار بوون لە چنگ ئەم ڕژیمە.

جەماوەری بەرینی ژنان و پیاوانی وشیار و پێشڕەو بە خەبات و خۆڕاگری، و هەوڵدانی بەرینی سیاسی و کۆمەڵایەتی لەدژی کۆماری ئیسلامی کاردانەوەیان پیشان داوە. چوونی بەرینی ژنان و کچان بەرەو خوێندنی باڵا، خەریک بوون بە کار لە دەرەوەی ماڵ و خەباتی ڕوو بە ڕوو لەگەڵ سیاسەت و کرداری دژی ژنی ڕژیم و فەرهەنگی پیاو سالارانە بۆتە هۆی ئەوەیکە کۆنترۆڵی حکومەتی ئیسلامی بەسەر چارەنووسی ژناندا لاواز بێت. پێگەی ئێستای ژنان لە بنەماڵە و کۆمەڵگادا یەکێک لە نیشانەکانی ناکامی ڕژیمی ئیسلامیی حاکمە لە ئێراندا بۆ کۆیلە کردنی ژنان. تا ئێستا لە گەلێک حاڵەتدا ژنان بەربەستی بەرگرییەکانی ڕژیمیان بۆ چوونی ژنان بۆ ئیستادیۆمەکان تێکشکاندوە و بە ئامادەبوونی سیمبولیکیان، ئیرادەی ژنانیان بۆ ڕزگاربوونیان بە توشی شکست و ناکام کردنی ڕژیم و لاواز کردنی بەندەکانی پیاوسالاری، پیشان داوە.

بەڵام داسەپاندنی بە تەواوەتی ئەم داخوازیانە و دیان داخوازی سەرەتایی تر لە بواری یەکسانی ژن و پیاو بەسەر ڕژیمدا، تەنیا بە خەباتێکی ڕێکخراو و یەکگرتوانە، بە بەشداری بەرین ترین توێژەکانی ژنانی چەوساوە و ستەم لێکراو و ئەو پیاوانەی کە مانەوەی ئەم ستەم گەرییە بە گوشارێکی ئازەردەر و سوکایەتی ئاشکرا بە ئینسانیەتی خۆیان دەزانن، مومکین دەبێت. وەها خەباتێک دەتوانێ لە ئێستاوە تا ڕادەیەکی بەرچاو شوێن و مناسباتێکی ئینسانی لە کۆمەڵگادا و کەشێکی ئەمن تر لە شوێنەکانی کاردا فەراهەم بکات. بەڵام بێ گومان لە کۆتاییدا بە ڕزگار بوون لە شەڕی نیزامی سەرمایەداری و دامەزراندنی نیزامێکی سۆسیالیستییە کە دەکرێ بۆ هەتا هەتایە ئەم پەڵەی شەرمەزاریە لە داوێنی بەشەرییەت بکرێتەوە.