بە پێی ڕاپۆرتی ئیسنا یەکێک لە هەواڵنێرییە دەوڵەتیەکانی کۆماری ئیسلامی، سەید مەحمود عەلەوی وەزیری ئیتلاعات، لە جەلەسەی شوڕای ئیداری سیستان و بەلوچستان لە پێوەند لەگەڵ ئاخێزەکانی مانگی بەفرانبار وتویەتی:” بەرخوردی مێهرەبانانە و رووخۆش بوون لەگەڵ خەڵک مایەی لاچوونی قەیرانەکان، شکستەکان و بونبەستەکانە. ئەو لە هەمانحاڵدا لەبیری نەچوو کە لەم سوخەنڕانیەدا چاوەیەک لە ” هەڵسوکەوتی مێهرەبانانە” ی ڕژیم لەگەڵ خەڵکدا وەبیر بهێنێتەوە. وتی:” هەرچەند دوژمن هەوڵیدا تا ئەم رووداوە گەورە بکاتەوە، بەڵام کۆماری ئیسلامی ئێران توانی پیلانی دوژمنان لە ماوەیەکی زەمەنی ٤ تا٥ رۆژدا پوچەڵ بکاتەوە”.
” هەڵسوکەوتی مێهرەبانانە لەگەڵ خەڵک”، لە جەریانی ئاخێزی مانگی بەفرانباردا واتە کوشتاری دەیان کەس لە سەر شەقامەکان، یانی زیندانی کردنی نزیک بە ٤ هەزار کەس، واتە پەیڕەو کردنی ئەشکەنجەی وەحشیانە لە زیندان و کوشتنی چەندین کەس لەژێر ئەشکەنجەدا، یانی هەڕەشەی بە ئاشکرا لە هەموو کۆبوونەوەیەک و سەرکوت کردنی، کە لە ئیتلاعیەی ڕەسمی وەزارەتی نێوخۆدا هاتوە. ئەمانە تەنیا تازەترینی ئەو نمونانەن کە عەلەوی جەنایەتکار بە ئیستناد بەوان سیاسەتی ” بەرخوردی مێهرەبانانە” لەگەڵ خەڵک ڕەواج پێ ئەدات. تا ئێرە کە بە شەخشی عەلەوی وەک وەزیری ئیتلاعاتی ڕژیم دەگەڕێتەوە ئەو شەخسەن عاملی بە کارهێنانی توند ترین کردارەکانە چ لە زیندان و چ لە دەرەوەی زیندان، لەدژی خەڵکێک کە ئەو لە سوخەنڕانی ئەم دواییەیدا ڕیاکارانە باس لە مافەکانیان دەکات. قسەکانی عەلەوی هەڵبەت ئەرزشی لەقاودانیان نییە، تەنیا مەسەلەکە ئەوەیە کە عەلەوی نەتوانێ بەم جۆرە قسە بێ ناوەرۆکانە خەڵک لە بەدوادا چوونی چارەنووسی زیندانیانی سیاسی هاوڕێی لەگەڵ بنەماڵەکانیان، غافڵ بکات. نابێ ئیجازە بدرێت، حکومەتێک کە بەم شێوە داماوە و ناتوانێ وڵامی سەرەتایی ترین داواکاریەکانی جەماوەری خەڵک بداتەوە، دەرفەت بە دەست بێنێ تا بە چەکی زیندان و ئەشکەنجە خەڵکی ناڕازی چاوترسێن و پاشەکشەیان پێبکات.
ئێستا زیندانەکان پڕن لە زیندانیانی ماف خوازی ئاخیزی مانگی بەفرانبار و هەموو رۆژێکیش کەسانی زیاتر دەستبەسەر دەکرێن.
ڕژیمی کۆماری ئیسلامی تا ئێستا داخوازی کۆبونەوەی ناڕەزایەتی بنەماڵە و کەسوکاری گیانبەخت کردوانی ناڕەزایەتیەکانی ئەم دواییە و بنەماڵەی زیندانیانی سیاسی کە بۆتە ئەمرێکی رۆتین، پشتگوێ داوە و هیچ سەرنجێکی نەداوەتە ناڕەزایەتیەکانیان، لە نێو خۆ و دەرەوەی وڵات بۆ ئازادی زیندانیانی سیاسی. ئەم ڕاستیە نیشانی ئەدات کە دەبێ بۆ وادار کردنی کۆماری ئیسلامی بە پاشەکشە کردن کە لەم رۆژانەدا، بە ئامانجی چاوترسێن کردنی خەڵکی تێکۆشەر گوشار بۆسەر زیندانییەکانیان زیاتر کردووە، لەم بارەیەوە، چ لەدەرەوە و چ لە نێوخۆی وڵاتدا، حەرەکەتی کۆمەڵایەتی و سیاسی بەرین تر بخرێتە ڕێ.
لە ئاوا بارودۆخێکدا ” دروشمی زیندانی سیاسی دەبێ ئازاد بکرێت” پێویستە لە هەموو جێگایەک بە دەنگی بەرز بوترێتەوە. نابێ ئیجازە بدرێت ئەو ئینسانانەی کە بۆ دیفاع لە بەرنامەی سیاسیان، بۆ دیفاع لە بیر وبۆچوونیان، بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی لەدژی سەرکوت، چەوساندنەوە و نایەکسانی و هەڵاواردن، بۆ ناڕەزایەتی بە دژی دیکتاتۆڕی حاکم کەتونەتە زیندان، واهەست بکەن کە بە تەنیان. دەنگدانەوەی ناڕەزایەتی خەڵک لە دەرەوەی زیندانەکان هێزی خۆڕاگری و ئیرادەی زیندانیەکان لەپشت میلەکانی زیندانەوە بەهێز دەکات.
هیچ کەس نابێ لەبەر بیرو بۆچوون و چالاکی سیاسی زیندانی بکرێت. ئازادی هەڵسوڕانی سیاسی مافی بێ ئەملاو ئەولای هەموو ئینسانێکە. لە سبەی رۆژی دامەزراندن و بونیادنانی کۆمەڵگای سۆسیالیستیدا، ئازادیە بێ شەرت و مەرجە سیاسیەکان دەبنە بەشێکی گرنگی یاسا کۆمەڵایەتییەکان. بۆرژواکان و سەرمایەدارانی پێشوو نەک لە مافی ڕادەربڕین و چالاکی سیاسی، بەڵکوو تەنیا لە مافی چەوساندنەوەی کرێکاران بێبەش دەکرێن. ئەوان ئەوەی کە لە بەرهەمی ڕەنج و کاری کرێکاران و خەڵکی زەحمەتکێش سەریەکیان ناوە، بە ناچار بێ بەری دهبن، بەڵام لە مافی دەربڕینی ناڕەزایەتی و چالاکی سیاسی لەدژی نیزامی حاکم بێبەش نابن. چالاکی کرێکاران لە بەرانبەر چینی سەرمایەداراندا، رووی لە کەڵەکە کردنی سەروەت و تاڵان کردنی بەرهەمی ڕەنج و کاریان دەبێت، نەک بێبەش کردنیان لە مافی چالاکی سیاسی. لەمرۆوە دەبێ بۆ دەستەبەر بوونی ئەم ئازادیانە و داسەپاندنیان بەسەر دەسەڵاتی حاكمدا هەوڵ بدرێت.
سەرجەم زیندانیانی سیاسی بەبێ شەرت و مەرج و ئیستسنا دەبێ ئازاد بکرێن، هیچ کەس نابێ بە تاوانی داواکردنی مافەکانی، بە تاوانی دەربڕینی ناڕەزایەتی لەدژی بارودۆخی مەوجود، بە تاوانی هەبوونی بیرو بۆچوون و ئەنجامدانی چالاکی سیاسی بگیرێت و زیندانی بکرێت. مافی مانگرتن، خۆپیشاندان، پێکهێنانی تەشەکولی سینفی و سیاسی، مافی بڵاو کردنەوەی گۆڤار و رۆژنامە و کتێب، مافی سەرەتایی هەر کەسێکە لە کۆمەڵگادا. با بارودۆخی ئێستا بکەینە دەرفەتێک بۆ داسەپاندنی ئەم مافە سەرەتاییانە بەسەر ڕژیمی قهیراناوی و شپرزەی کۆماری ئیسلامیدا.