کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

کابینەكه‌ی ترامپ، کابینەی ژێنێڕاڵ و میلیاردێرەکانه‌!

“دۆناڵد ترامپ” وەک چل و پێنجەمین سەرۆک کۆماری ئامریکا و هه‌ڵبه‌ت وەک بێزلێكراوترینیان، سوێندی یاسایی خوارد. ئەوەیکە ئەو لە قۆناغی تەبلیغاتی هەڵبژاردنەکەیدا باسی كردووه‌، هیچ گومانێکی بۆ ئه‌وه‌ نەهێشتۆتەوه‌ کە ناوبراو فاشیست، ڕاسیست، سێکسیستێكی تەواو عه‌یار و زه‌قترین سه‌مبۆلی ناسیۆناڵیزمی ئامریکاییە. كه‌واته‌ لەخۆڕا نەبوو کە هەر خێرا و له‌دوای دەرکەوتنی ئه‌نجامه‌كانی هەڵبژاردن، لە زیاتر لە ٥٠ شاری ئامریکادا، دەیان هەزار کەس بە درووشمی “ئه‌و سەرۆکی ئێمە نییە”، ڕژانە سەر شەقامەکان.

دەربڕینی نیگەرانیی به‌شێكی به‌رچاو لە خەڵکی جیهان لە کەسێک کە دەڵێ” کاتێک ئێمە چەکی هەستەییمان هەیە بۆچی ناتوانین کەڵکیان لێوەربگرین”، نیگەرانییەکی واقێعییە. ترامپ بووه‌ به‌ سەرۆک کۆمار، لە حاڵێکدا كه‌ تەنها ده‌نگی ٢٥ لەسەد لەو كه‌سانه‌ی له‌ پشته‌ كه‌ مه‌رجی دەنگدانیان بووه‌. ئەو تەنانەت دوو و نۆ دەیه‌م میلیۆن کەمتر لە “هیلاری کلینتۆن”ی ڕكابه‌ری دەنگی هێنا و بەمیلیۆن کەسیش لە کۆچبەران لە هەڵبژاردندا بەشدارییان نەکرد. کابینەکەی ئەو کۆنەپەرستترین کابینە و مۆحافزەکارترین بەشی سەرمایەی دارایی، تەسلیحاتیی، و نەوتیی ئامریکا پێک دێنێت. ئەو بەشەی کە گەلێک کەمتر لە بەشەکانی دیکە، لە دەرەوەی سنوورەکانی ئامریکا چالاکن. ئەو لە جەریانی هەڵبژاردنەکەیدا بە سەرنجدان بە نەفرەتی گشتیی بەشێکی بەرینی خەڵک لە واڵ ئێستریت، “هیلاری کلیتۆن”ی بە نوێنەری واڵ ئێستریت و به‌ یەکێک لە ڕێبەرانی سوننەتیی جێگیر لە وشینگتۆن دایه‌ قه‌ڵه‌م. ئه‌گه‌رچی ئەو کەسانێکی وەک هاوکاری خۆی ناساند کە لە ڕێبەرانی سیاسیی سوننەتیی جێگیر لە واشینگتۆن نەبوون، بەڵام تیمی هاوکارانی، پێکهاتەیەک لە مودیرانی کۆمپانیا نەوتییەکان، ژێنێڕاڵە خانەنشین کراوەکان، مودیرانی بانکەکان، نەیارانی ژینگە و کەسانێكن كه‌ بەئاشکرا دژه‌ ژن و لە کۆتاییدا نەیارانی سەرسەختی خزمەتگوزاریی کۆمەڵایەتین.

ئەو ١٧ کەسەی کە هه‌تا ناوەڕاستی مانگی دێسامبر وه‌ك ئه‌ندامانی تیمی هاوکاری ترامپ هەڵبژێردراون، بەگشتیی ٣٥ میلیارد دۆلار سەروەتیان هەیە. واتە بە ڕاده‌ی ٤٣ میلیۆن کەس لە جەمعیەتی خوارەوەی کۆمەڵگە. پشكی سەرۆکی کۆمپانیای نەوتیی “ئێکسۆن مۆبیل” كه‌ كراوه‌ به‌ وەزیری کاروباری دەرەوە، ٢٤٥ میلیۆن دۆلاره‌. ترامپ کە لەبەر پێوەندیی نزیکی ڕەقیبەکەی لەگەڵ واڵ ئێستریت، هێرشی بەرینی لەدژی واڵ ئێستریت و بەتایبەت بانکی “گۆڵدمن ساکس” ئەنجام دابوو، ئێستا سێ کەس لە مودیرانی ئەم بانکەی وەک ئەندامانی كابینه‌كه‌ی هەڵبژاردووە. ٣ کەس لە ژێنێڕاڵە خانەنشینەکان کە لە ئەفغانستان و عێراق ڕۆڵی فەرماندەیان بووە، ئەندامی کابینەكه‌ی ترامپن. وەزیری “کار”ه‌كه‌شی، خاوەنی فه‌ست فوودە زنجیرەییەکانه‌ كه‌ بە سەدان هەزار كرێكار لە وڵاتانی جیهان كاری تیدا ده‌كه‌ن. ئەو یەکێک لە سەرسەختترین نەیارانی زیادکرانی هەقدەست، هه‌قده‌ستی زیاتر بۆ ئیزافەکاریی و بیمەی بێکاریی کرێکارانە. وەزیری “بێهداشت”ه‌كه‌شی، نەیارێکی سەر سەختی لەباربردنی كۆرپه‌ بووە و تەرحی بیمەی بێکاریی گشتیش، بە “شێتانە” دەزانێ. سه‌روه‌تی وەزیری ئاموزش”ه‌كه‌شی ده‌وری ٦ میلیارد دۆلاره‌ و براکەشی خاوەنی سامناكترین شیرکەتەکانی ئەرتەشی بەکرێگیراوی شەخسییە. یەکێک لە ئامانجە ڕاگەیەندراوەکانیشی، خسوسی سازیی بەرینی ئاموزشە.24 3

زۆر کەس لەخۆی دەپرسێ كه‌ چ ڕوویدا کە ئەو هەڵبژێردرا؟ ئایا خەڵک و چینی کرێکار بەڕاستیی وەرگەڕاون؟ کام بەشی سەرمایەی دارایی پشتیوانیی لێکردووە؟ بۆچی زۆربەی ڕاپرسییه‌كان ناڕاست دەرچوون؟ بۆچی بەشێک لە په‌ڕاوێزخراوەکان دەنگ بە کەسێکی میلیاردێر ده‌نگ ده‌ده‌ن و ئاوات و ئارەزووەکانیان بە کەسێکەوە گرێ ده‌ده‌ن کە کەله‌به‌رێكی قووڵیان لە نێوان دایە؟ چ گۆڕانكارییه‌ك لە بارودۆخی ئێستای جیهان و کۆمەڵگه‌ی ئامریکادا ڕوویداوە کە هەڵبژێردرانی ئەوی مومکین کرد؟ وه‌ دەیان پرسیاری لەمجۆرە کە دەکرێ گه‌ڵاڵه‌ بكرێن.

واقعییه‌ت ئەوەیه‌ کە دەرکەوتنی ترامپ و تەنانەت لە ئاستێکی بەرینتردا، ڕیفڕاندۆمی بریتانیا بۆ دەربازبوون لە یەکێتیی ئۆرووپا، هاتنەسەرکاری دەوڵەتانی ڕاسیستیی لە مەجارێستان و لەهێستان، په‌ره‌سه‌ندنی بەرچاوی حیزبه‌ ڕاسیستییه‌كان لە فەڕانسە، هۆلەند، ئاڵمان و ….. هه‌مووی ئه‌مانه،‌ دەرخەری ئەوەن کە گشت ئەو مۆدێلانەی کە لانیکەم لە ماوه‌ی یەک سەدەی ڕابردوودا، ئەساس و بنه‌مای کۆمەڵگه‌ی سەرمایەداریی لە گەورەوە هه‌تا بچووکی پێکده‌هێنا، شکستیان خواردووە یان لانیکەم چوونەتە ژێر پرسیارەوە. گشت ئەو مۆدێلانەی کە بۆ دەورەیەک ببوونە هۆی گەشەی ئابووریی، لە ئێستادا کۆتاییان هاتووە. هەموو تەبلیغاتی درۆیینەی ئیدئۆلۆگەکانی سەرمایەداریی و میدیای گشتیی ئەوان، سەبارەت بە گەشە و شکۆفانەوەی ئابووریی لە بەرانبەر واقێعییەتی هەژارتربوونی بەشێکی زۆر لە خەڵکی جیهان و پەڕاوێزخرانیان کاڵ بۆتەوە. ئەوە هه‌مان گۆڕانكارییه‌ کە خەریکە ڕوو دەدات و ئەوە ئەو فاکتۆرە ئەساسییەیە کە جەمسەربەندییەکان، دەرکەوتنی بشێوی زاڵ بەسەر جیهانی هاوچەرخ ڕوون دەکاتەوە.

ئه‌مه‌ هه‌ر ڕێك ئەو بارودۆخەیە کە بەمیلیۆن مرۆڤی تووشی هەژاریی کردووە یاخود پەڕاویزی خستوون. لە ئامریکا وەک دەوڵەمەندترین وڵاتی جیهان بە شێوەی ڕەسمیی، زیاد لە ٤٣ میلیۆن کەس، واتە ١٣ و نیو لەسەد لە جەمعییەت، لە هەژاریدا دەژین. لەنێو ئامریکاییە به‌ڕه‌گه‌ز ئافریقاییه‌كاندا، ئەم ڕەقەمە زیاتر لە ٢٤ لەسەد و لەنێو کۆچبەرانی ئامریکای لاتینیشدا ڕێژه‌كه‌ی ٢١ و ٤ دەهومی لەسەدە. وه‌ ئەمە هەڵبەت خۆی پێوه‌رێكی دیكه‌ن بۆ پێناسه‌كردنی ده‌سه‌ڵاتێكی ڕاسیستیی.

پێویست به‌وه‌ ده‌كات كه‌ بڵێین، درووشمی ترامپ له‌سه‌ر “گەڕانەوەی ئامریکای گەورە”ش، وه‌ڵامێکە بە چوونە ژێر پرسیاری هێژمۆنی ئه‌مپریالیزمی ئامریکا وەک زلهێزێک.

دەوڵەتی ترامپ، نوێنەری سیاسەتێکی خاریجی و نیزامیی هێرشبه‌رانه‌تر، سیاسەتێکی كشانه‌وه‌ له‌ ڕێككه‌وتن نامه‌كانی پێوەندیدار بە ژینگە، هێرشێکی گشتیی بۆسەر مافە دێمۆکراتیک و کۆمەڵایەتییەکان، هێرش بۆسه‌ر مافه‌كانی ژنان، کۆچبەران، بزووتنەوەی جیهانیی ئاشتییه‌. هه‌روه‌ها هیرشه‌ بۆسەر گشت دەستکەوتەکانی چینی کرێکار، هه‌ر لە مافی خانەنشین بوونه‌وه‌ گرتوویه‌، هه‌تا بیمە کۆمەڵایەتییەکان و لانیکەمی هەقدەست و لەدژی ئازادیی هەڵبژاردنی ژنانیشه‌ بۆ لەباربردنی کۆرپەڵە و لایه‌نگری دەرکردنی کۆچبەرانه‌.

واقعییه‌ت ئەوەیە کە کۆمەڵگه‌ی ئامریکا لەگەڵ قوڵتربوونەوەی كه‌له‌به‌ر مێژووییەکانیدا بەرەوڕوو بۆتەوە، ئەم که‌له‌به‌رانه‌، گشت بوارەکانی ژیانی کۆمەڵایەتیی گرتۆتەوە. هەڵاواردنی جنسییەتی، ڕاسیزم، مێلیتاریزم و پەڕاویزخرانی بەمیلیۆن مرۆڤ، هەموو ئەو كه‌له‌به‌رانه‌ن کە لەناو گەورەترین هێزی ئه‌مپریالیستیی جیهاندا زاریان هه‌ڵپچڕیوه‌. بەمیلیۆن ئینسان هەست دەکەن کە فەرامۆش کراون، پەڕاوێز خراون، ئاسەوارێک لە گەشە و شکۆفانەوەی ئابووریی کە بەردەوام باسی دەکرێ، به‌سه‌ر ژیانی ئەوانه‌وه‌ هەستی پێناکرێت، ئەوان به‌ده‌ست به‌جیهانیبوون، کە دیارییەکەی بۆیان بووه‌ به‌ بێکاریی و هەژاریی لە ئاستێکی میلیۆنیی، وەزاڵە هاتوون. گەڕان بەدوای بەدیلێکدا بۆتە گه‌رایش و مه‌یلێكی بەهێز. پێشوازیکردنی میلیۆنیی خەڵک لە ” ساندێرز” کە بە خوێندنه‌وه‌یه‌كی بەناو چەپەوە هاتبووە مەیدان، یەکێک لەم نموونانەیە كە هه‌ر هەمووی ئەمانە لە بارودۆخێکدا ڕوو ده‌ده‌ن کە ئاسۆی بەدیلی ڕادیکاڵی شۆڕشگێڕ و سۆسیالیستیی لە كورتماوه‌دا به‌دی ناكرێت. دابه‌شبوونی کۆمەڵگه‌ لە زۆربەی وڵاتانی جیهان به‌ جه‌مسه‌ری جۆراوجۆر، بێگومان ئێستا ئیتر بووه‌ به‌ ڕەوتێك. ئەم جەمسەریبوونەوەش پێویستیی بە هاتنەمەیدانێکی نوێیە. بەدیلەکانی ڕابردووی بوورژوازیی خەریکن پێست هه‌ڵده‌ده‌ن. دەوڵەتانی ڕیفاه، نێئۆلیبڕالیزم و تەنانەت ده‌ست تێوه‌ردانی دەوڵەتەکان لە جەریانی گەورەترین قەیرانی دارایی و ئابووریدا، ئاسۆیان لێ لێڵ و ڕێگه‌چارەکانیشیان فه‌شه‌لی هێناوه‌. به‌ڵام لە بەرانبەردا بزووتنەوە ناڕەزایەتییەکان لە هەموو جێگه‌یەک خه‌ریكن سه‌ر هه‌ڵده‌ده‌ن و هەرچەند کە میدیای جەمعیی زۆر کەم هەواڵەکانیان بڵاو دەکەنەوە. مانگرتنی سەرکەوتووانەی ٤٥ ڕۆژەی ٤٠ هەزار کەسیی لە شاغڵینی گەورەترین کۆمپانی موبایلی “وێریزون” لە ئامریکا کە بووه‌ هۆی زیادبوونی ١٠ لەسەدی هەقدەست، زیادبوونی حقوقی خانەنشینان و بیمه‌ی بێکاریی، ئه‌مانه‌ خۆی نمونەیەکن لە پۆتانسییێڵی ئێستای ناو کۆمەڵگه‌ی ئامریکا. ئەوەیکە دوێنێ لە ڕێوڕه‌سمی سوێندخواردنی سەرۆک کۆماریی “ترامپ”دا، به‌سەدان هەزار کەس خۆیان لە شارە جۆراوجۆرەکانەوە گەیاندبووە واشنگتۆن و بە ئاڵای “ئەوه‌ سەرۆکی ئیمە نییە”، ڕێوڕه‌سمی سوێندخواردنه‌كه‌شیان لێ کردە مەیدانێك بۆ دەربڕینی ناڕازایەتییان، دەکرێ سەرەتای دەرکەوتنی ناڕەزایەتییەکی کۆمەڵایەتیی و خەباتی چینایەتیی بێت لە ئامریکا. گۆمان له‌وه‌شدا نییە کە سیاسەتی ترامپ گەلێک مەیدانی نوێی ناڕەزایەتیی و خەبات دەکاتەوە، هه‌ر بۆیه‌شه‌ ده‌بێ چاوه‌ڕوانی كه‌وتنه‌ڕێی ئەم بزووتنەوە کۆمەڵایەتییانه‌ بین و به‌ پێشوازیانه‌وه‌ بچین.