شوڕای باڵای کاری ڕژیمی کۆماری ئیسلامیی بە دیاریکردنی بڕی ٩٣٠ هەزار تمەن وەک لانیکەمی هەقدەستی کرێکاران لە ساڵی ١٣٩٦ دا، بۆ ساڵێکی دیكه کرێی چوار جار لە خوار هێڵی هەژاریدا بە یاسایی دەکات. شوڕای باڵای کار لە دیاریکردنی لانیکەمی هەقدەستی کرێکاراندا تەنانەت سرنجێکی نەدایە بەدوادا چوونەکانی ” کارگوروپی” خۆیشی. بەگوێرەی بەدوادا چوونەکانی ” کارگوروپی” ئەم ناوەندە دژی کرێکارییە، هەزینەی سەبەتهی بەڕێچوونی بنەماڵەیەکی سێ کەس و نیوی، مەبلەغی دوو ملیۆن و ٤٨٩ هەزار تمەنە کە بە زیاتر لە دوو و نیو بەرابەری لانیکەمی هەقدەستی دیاریکراو بەراورد کراوە. لەم بهینهدا نوێنەرانی تەشەکولە دژی کرێکاریەکانی سەربە ڕژیمیش کە فریوكارانه باسیان لە دیاریکردنی هەقدەستەکان لەسەر بنەمای سەبەدی بەڕێچوونی کرێکاران دەکرد و ڕێژەکەیان بە نزیک لە دوو ملیۆن و ٥٠٠ هەزار تمەن بەراورد کردبوو، مۆری تەئیدیان دا لە لانیکەمی هەقدەستی دیاریکراو لە لایەن نوێنەرانی دەوڵەت و خاوەنکارانی کەرتی تایبەتەوە. ئەم لانیکەمی هەقدەستە دیاریکراوە، نیشانی ئەدات کە دەوڵەت و سەرمایەداران ئامادە نین تەنانەت هەزینەی پێویست بۆ بەرهەمهێنانەوەی هێزی کاری کرێکاریش بدەن. هەزینەی تەولیدی هێزی کار شتێک نییە جگە لە پێداویستی ڕۆژانەی کرێکار و بنەماڵەکەی. کرێکار دەبێ بخوات، بخواتەوە، جل بپۆشێ، بخەوێ، ڕابهێندرێت، بچێت بۆ سەیرو سەیاحەت و سڵامەت بێت تا توانایی ئەنجامدانی کاری بۆ ڕۆژی دواتر بەدەست بێنێ. هەروەها لە ئێرانێکدا کە شتێک بەناوی سیستمی دابین کردنی کۆمەڵایەتی لە ئارادا نییە هەزینەی ژن و منداڵی کرێکاریش لە زومڕەی هەزینەکانی بەرهەمهاتنی هێزی کاری کرایهکار بە حێساب دێن. لەبەر ئەوە کرێکاران دەبێ وێڕای هێزی کار، توانایی بەرەهەم هێنانی نەوەی داهاتویشیان بۆ بەرهەمهاتنی کرێکاری نوێ کە بتوانێ، شوێنی بەتاڵی کرێکارانی لەکارکەوتوو بگرنەوەی، هەبێت.
لە ئاوا بارودۆخێکدا بە یاسایی کردنی هەقدەستی چوار جار لەژێر هێڵی هەژاریدا سەرەڕای ئاکامی بەدوادا چوونی ناوەندە دەوڵەتییەکان سەبارەت بە هەزینەی سەبەتهی بەڕێچوونی بنەماڵەی کرێکاری، تەنها ئەو خاسیەتەی هەیە کە هەڵسوڕاوانی کرێکاری ئیدی ناچار نین بۆ نیشاندانی ئاستی فەلاکەتی ژیانی کرێکاران دەست بدەنە بەدوادا چوونی سەربەخۆ. کاتێک یەکێک لە چالاکانی ناوەندی دژی کرێکاری ” خانەی کارگەر” دەڵێ کە هەقدەستی دیاریکراو ” تەنها هەزینەی ١٠ ڕۆژی ژیانی کرێکاران دابین دەکات”، ئیدی نیازێک بە دانی ئامار و ئەرقام نییە بۆ سەلماندنی توندی چەوساندنەوەی کرێکاران لە ئێران. دەوڵەتی ڕووحانی بە لایەنی یاسایی دان بە هەقدەستی چوار جار لەژێر هێڵی هەژاریدا گومانێک ناهێڵێتەوە کە بە داسەپاندنی هەژاری ڕۆژ لەگەڵ ڕۆژ زیاتر بەسەر بە میلیۆن بنەماڵەی کرێکاریدا دەیەوێ ڕەزامەندی سەرمایەدارانی نێو خۆیی و دەرەکی بۆ سەرمایە گوزاری کردن لە بواری بەرهەمهێناندا دەستەبەر بکات.
ڕاگەیاندنی کرێ و هەقدەستی چوار جار لەژێر هێڵی هەژاریدا لە لایەن دەوڵەتەوە لە حاڵێکدایە کە بەشێک لە هەڵسوڕاوان و ڕێكخراوه کرێکارییە سەربەخۆکان لە دەوڵەت لە درێژەی هەوڵەکانیاندا بوون لە ڕابردودا، و ئەمساڵیش بە بڵاوکردنەوەی کۆمەڵێک بەیانییە خوازیاری زیاد کرانی لانیکەمی هەقدەستی زیاتر لە هێڵی هەژاری و گونجاو لەگەڵ دابین بوونی هەزینەی ژیانێکی ئینسانی بوون. بۆ نمونە ” کۆمەڵێک لە کرێکارانی پڕۆژەکانی پارسی جنوبی”، ” کۆمەڵێک لە کرێکارانی پیتروشیمییەکانی ناوچەی ماهشەهر و بەندەر خومەینی”، ” هەڵسوڕاوانی کرێکاری جنوب”، ” کۆمەڵێک لە کرێکارانی مێحوەری تاران-کەرەج” و ” هەڵسوڕاوانی کرێکاری شوش و ئەندیمشک بە بڵاو کردنەوەی ڕاگەیاندنێکی هاوبەش، ڕایانگەیاند کە ” لانیکەمی هەقدەستی کرێکاران لە ساڵی ٩٦ دا نابێ کەمتر لە ٤ ملیۆن تمەن لە مانگدا بێت “. هەروەها سەندیکای نەقاشانی ئوستانی ئەلبۆرز، سەندیکای کرێکارانی شیرکەتی واحید”، ” کومیتەی پەیگیری پێکهێنانی ڕێكخراوه کرێکارییەکان”، ” کومیتەی هاوئاهەنگی بۆ یارمەتیدان بە پێكهێنانی ڕێكخراوه کرێکارییەکان”، ” یەکێتیی ئازادی کرێکارانی ئێران”، ” کانونی داکۆکی لە مافی کرێکار” و هێندێک لە ڕێكخراوهكان لهڕێگهی دەرکردنی بەیانێكی جیاجیاوه ڕایانگەیاند کە لانیکەمی هەقدەستی کرێکاران لە ساڵی ١٣٩٦ دا دەبێ لەسەرو هێڵی هەژاریەوە بێت تا بتوانن هەزینەی ژیانێکی ئینسانی هاوسەنگ لەگەڵ ستانداردەکانی ئێستا دابین بکەن.
ئاشکرایە کە کاتێک هەزینەی مامناوەندی ژیانی بنەماڵەیەکی چوار کەسی لەسەر بنەمای ئامارهكان و ” ئاکامی هەڵسەنگاندنی بنەماڵەی ناوچەی شاری ئێران”، لە ساڵی ١٣٩٥ دا دەگاتە ڕەقەمێکی ٣ ملیۆن و ٥٠٠ هەزار تمەنی، بە تەواوی مەنتیقیە کە پێشرەوانی بزوتنەوەی کرێکاری لەسەر داخوازی هەقدەستی ٤ ملیۆن تمەنی لە مانگدا پێداگری بکەن. بەڵام چالاکان، کۆڕ و کۆمەڵ و ڕێكخراوه سەربەخۆ کرێکارییەکان لە دەوڵەت کە ئەم داخوازیانەیان هێناوهته گۆڕێ، توشی تەوەهوم و خۆشباوەڕی سەبارەت بە توانایی و هێزی بزوتنەوەی کرێکاری لە بارودۆخی ئێستادا نەبوون. ئەوان دەزانن کە لە بارودۆخ و هاوسەنگی هێزی ئێستادا بزوتنەوەی کرێکاری ناتوانێ داخوازیەکی لەم شێوەیە بەسەر دەوڵەت و سەرمایەداران و خاوەن کارخانەکاندا بسەپێنێ. لەبەر ئەوەی لە بارودۆخی ئێستادا خاوەنی ئەو ڕێكخراوه جەماوەری و چینایەتییە سەرتاسەرییە نییە کە بتوانێ داخوازییەکەی داسەپێنێ. لە ئێراندا ئەساسەن بە هۆی ئیختیناقی سیاسی و سەرکوت و بەم هۆکارە سادەیە کە کرێکاران بە شێوەی یاسایی لە مافی ڕێكخراوبوون بێبەشن، لە مەوقعیەتی وتووێژکارێکدا نین لەسەر دیاری کردنی هەقدەست. بەم حاڵەوە داخوازی ٤ میلیۆن تمەن لە مانگدا و شێوازێک کە هەڵسوڕاوان و ڕێبەرانی بزوتنەوەی کرێکاری ئێران لە خەبات بۆ زیاد کردنی هەقدەست گرتویانەتە بەر، ڕیشەی لە ئەزمونی مێژوویی بزوتنەوەی کرێکاری جیهانیدایە. لە بارودۆخی ئەمڕۆی ئێراندا داخوازی لانیکەمی ٤ میلیۆن تمەن لە مانگدا لەباری عەینیەوە یارمەتی دەر ئەبێت کە کرێکاران ماف و حقوقیان باشتر بناسن و خەبات بۆ دەستەبر کردنی پەرە پێبدەن. ئەو بەشە لە هەڵسوڕاوانی کرێکاری کە داخوازی لانیکەمی کرێی ٤ ملیۆن تمەنیان بە ئاڵای ناڕەزایەتی خۆیانەوە نەخشاندوە، لە ڕاستیدا ئەم ئاسۆ و دیمەنگایەیان خستۆتە بەردەم کرێکاران لە خەباتیاندا بۆ زیاد کردنی هەقدەستەکان. دەیانەوێ ئەمە بکەنە بنەمایەک بۆ بەرەو پێش بردنی کاری وشیاری دەرانە لەنێو کریکاراندا. هەڵسوڕاوانی کرێکاری دەیانەوێ بە کرێکاران بڵێن ژیانی ئاسودە و سهرتر لە هێڵی هەژاری مافی ئێمەیە، ئەگەرچی ئێستا تواناییمان ئەوەندە نییە و ناتوانین ئەم مافەمان وەربگرین، بەڵام ئەمە هیچ لە ڕاستی مەسەلەکە ناگۆڕێ. واتە ئاستی چاوهڕوانی لە کار و ژیان لە کرێکاراندا دەباتە سەر و ئەنگیزەی خەبات بۆ زیاد کرانی هەقدەست بەهێز دەکات. تەنها چینی کرێکارێک کە ژیانێکی ئینسانی بە مافی خۆی دەزانێ دەتوانێ هێزی ئاڵوگۆڕ لە خۆیدا بەدیبێنێ و سەرئەنجام کۆتایی بە بێ مافییەکان و مەوقعیەتی سوکایەتی پێکراوی ئێستای بۆ هەتا هەتایە بێنی.