ڕۆژی ڕابردوو بەڕێوبەری ئیدارەی پاراستنی ژینگەی شاری مەریوان ڕایگەیاند: لەدوای بردنی چەند باڵەندەیەکی مردوو بۆ تاقیگەکان و ئەنجام دانی کۆمەڵێک تاقیکاری پزیشکی، دەرکەوتووە هۆکاری سەرەکی گیانلەدەستدانی باڵەندەکانی دەریاچەی زرێباری مەریوان بۆ پیس بوون و ژەهراوی بوونی ئەو دەریاچەیە دەگەڕێتەوە.
بەپێی ڕاپۆرتەکان، لەماوەی ڕۆژانی ڕابردوو چەند دیمەنێک لە مردنی دەیان باڵەندە لە دەریاچەی زرێباری شاری مەریوان بڵاوکرایەوە و ئەو دیمەنانەش بووە هۆی نیگەرانی ژینگەپارێزان و هاوڵاتیانی ئەو شارە. لەدوای بەدواداچوونێکی زۆر لە لایەن ژینگە پارێزان، لە کۆتایی دا ڕوون کرایەوە کە ئاوی دەریاچەی زرێبار بە شێوەیەکی بەرچاو ژەهراوی کراوە و هەر ئەمەش هۆکاری سەرەکی مردنی لەناکاوی ئەو باڵەندانەیە کە لە وەرزی تایبەتی ساڵدا ڕوو دەکەنە ئەو دەریاچەیە.