کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

ژنان خوازیاری یەکسانی لە گشت بوارە سیاسی، ئابووری، کۆمەڵایەتی و بنەماڵەییەکاندان

لە سەروبه‌ندنی نزیک بوونەوە لە ڕۆژی جیهانیی ژن و بە تایبەت بە هۆی ڕەنگدانەوەی ڕەسانەیی بەرینی حرەکەتی نمادینی ئەو ژنە بوێرانەی کە حیجابەکانیان بە بەرچاوی دووربینەکانەوە لەسەریان لابرد و کردیانە ئاڵای ناڕەزایەتی خۆیان، باسی حیجاب لەنێو کاربەدەستانی ڕژیمدا گەرمتر بووە. ئەحمەد خاتەمی ئیمام جومعەی تاران بە شێوەی عەربەدە کێشانی هەمیشەیی خۆی هەڕەشە لە ژنانی “سەرکێش” دەکات بەوەی کە “بەتوندی سزایان” ئەدات. جەعفەر دەوڵەت ئابادی دادستانی تاران ئەڵێ :” کەشفی حیجاب تاوانە و داوا لە پۆلیس دەکەم کە ئەرکەکانی لەم بوارەدا بە باشی بەڕێوەبەرێت.” ڕەحمانی فەزلی دەڵێ لە کۆبوونەوەیەک لەگەڵ مەلاکاندا لە قوم قسە و باسێکی باش لەم بارەیەوە کراوە و دەڵێ:” دەوڵەت و وەزاڕەتی نێوخۆ لە بواری حیجابدا بەرپرسن و دڵە ڕاوکێی دەوڵەتیش بابەتی حیجابە لەبەر ئەوەی دەبێ کۆمەڵگا ئیسلامی بێت.” لە هەمانحاڵدا لەنێو هێندێک لە مەحفەلە کانی ڕژیمدا زەمزەمەی کەم کردنەوەی گوشارەکان سەبارەت بە حیجاب دەبیسترێت. ئەم مەحفەلانە پێیان وایە، گۆیا بە دانی هیندێک ئیمتیاز لەم بوارەدا دەتوانن سەرنجی کۆمەڵگە و ناڕەزایەتی خەڵک لە مەسەلەی نان و کار و بەڕێچوونەوە بکەن بە بابەتی حیجاب. بە پێی ڕاپۆرتی ئیسنا هەواڵنێری ڕەسمی کۆماری ئیسلامی، رۆژی شەممە ١٤ ی مانگی ڕێبەندان، ناوەندی هەڵسەنگاندنە ئیستراتیژیەکانی سەرۆک کۆماری ڕاپۆرتێکی تێروتەسەلی لە ” کۆبوونەوەی خەسار ناسی” سیاسەتە ڕەچاو کراوەکان لە بواری حیجابەوە لە وڵاتدا بڵاو کردۆتەوە. لەم دەقە ٢٠ ڕاپەڕەییەدا ” دیاردەی بەد حیجابی و لەویش واوەتر مەسەلەی ژنان، بە یەکێک لە پڕکێشە ترین بابەتە فەرهەنگی و کۆمەڵایەتیەکان، زاندراوە کە کۆماری ئیسلامی بەرەو رووی بۆتەوە.

مەسەلەی داسەپاندنی حیجابی ئیجباری بەسەر ژناندا لە ئێران لە ماوەی ٤ دەیەی ڕابردودا بەردەوام یەکێک لە گرفتەکانی کۆماری ئیسلامی بووە. قانونی جۆراواریان لەم بوارەدا داناوە. گەشتە تایبەتەکانیان ڕێکخستوە. بە هەزاران پەروەندەیان لەم بوارەدا داوەتە دادگانی کۆماری ئیسلامی لەسەر تاسەری ئێران لەدژی ژنان. گەلێک گوروپی بێ ناو و نیشانیان بۆ هێرش کردنە سەر ژنان لە سەر شەقامەکان سازمان داوە و کاریان گەیاندۆتە تیزاب کردن بە سەروچاوی ژناندا. بە کورتی کەمتر کارێکی قێزەون ماوە کە لە دژی ژنان ئەنجامیان نەدابێت.

بەڵام لە پشت دەمەقاڵەکانی بە ئاشکرای مەحفەلە جۆراو جۆرەکانی ڕژیمدا و لە پشت حەرەکەتی ژنانی ئازادی خوازەوە بۆ ڕەد کردنەوەی حیجاب، نەبەردێکی کۆمەڵایەتی و سیاسی قوڵ تر و جیدیتر لە نەفسی مەسەلەی حیجاب لە ئارا دایە. کێشمەکێش سەربارەت بە حیجابی ژنان لە هەردو لاوە، هەم لە لایەن ڕژیم و هەم لە لایەن جەماوەری ژنانەوە، نەبەردێکە کە ئاست و ئەنگیزەکانی لە خودی مەسەلەکە واوەترە. داسەپاندنی حیجاب بەسەر ژناندا ئەگەرچی ڕیشەی لە ئیدئۆلۆژی و باوەڕەکانی ڕژیمی ئیسلامی دایە، بەڵام لەمرۆدا ئەساسەن وەک شگردێکی سیاسی نە تەنیا لەدژی ژنان بەڵکو لەدژی سەرجەم کۆمەڵگا بەکاردێت. بابەتی حیجاب لە لایەن ڕژیمەوە ئامرازێکە بۆ قودرەت نمایی لە سەر شەقامەکان، توند کردنەوەی فەزای ئیختیناق و سەرکوت و لەم ڕێگایەوە چاوترسێن کردنی سەرجەم کۆمەڵگە. و لە لایەن ژنانیشەوە نەبەردی ئیرادەیە، هەوڵێکی نمادینە بۆ دەرچوون لە پێگەیەکی سوکایەتی ئامێز و ژێردەستەیی کە ئەم ڕژیمە لە هەموو بوارەکانی حەیاتی سیاسی و کۆمەڵایەتیدا بەسەر ژنانیدا سەپاندوە. ئەگەر ژن ئازاری لە کۆماری ئیسلامیدا ئامرازێکە بۆ کۆنترۆڵ کردنی سەرجەم کۆمەڵگا، بۆ ژنانیش خۆڕاگری کردن لەم بوارەدا بۆتە ئامرازێک بۆ پیشاندانی خۆراگری لەبەرانبەر سەرجەم یاسا و سوننەتە دژی ژنەکان لە کۆمەڵگادا.

لەمرۆدا ڕازی نەبوون بە حیجابی ئیجباری، خۆی لە دیاردەیەکی گشت گیر تردا کە ڕژیم ئەو ناودەنێت ” بەد حیجابی”، نیشان ئەدات. ئاستی نەبەردێک کە ژنان لەم بوارەدا دەستیان پێکردوە، گەلێک واوەترە لە حەرەکەتی نمادینی ئەو ژنە بەوێرانەی کە لەم رۆژانەدا لەژێر ناوی کچانی شەقامی ئینقلاب حیجابەکانیان کردە ئاڵای ناڕەزایەتی. دیاردەی ” بەد حیجابی”، لەمرۆدا لە ئاستێکدایە کە ڕژیم توانایی کۆنترۆڵ کردنی لە دەست داوە. ئەو هێزە نێردراوانە بۆ سەر شەقامەکان بۆ پاشەکشە کردن بە خێڵی ملیۆنی ئەو ژنانەی کە لە ڕێگای لادانی سەرپۆشەکانیانەوە، ڕژیم و یاساکانیان توشی کێشە کردوە، كارێكی وای پێ ناكرێت، جەماوەریی تر بوونەوەی ئەم خەباتە ڕژیمی لە بەرەنگار بوونەوەیدا توشی داماوی کردووە.

بەڵام حیجابی ئیجباری تەنیا یەکێک لە شکڵەکانی ستەم کێشی ژن لە کۆمەڵگەی ژێر حاکمیەتی ڕژیمی ئیسلامی دایە. خەبات لەدژی حیجابی ئیجباری مەیدانێک نییە کە خۆی لە خۆیەوە قوڵایی خەباتی ڕزگاری دەری ژنانی ئێران دەربخات، لە ڕاستیدا خۆراگری لە بەرانبەر ئەم قانون و سوننەتە کۆنەپەرستانەکانی مەجود لەم بوارەدا، ئەمرۆ بۆتە هێمایەکی خۆڕاگری لە بەرانبەر قانونە ئیسلامیەکان و لەبەچاو نەگرتنی دەستوراتی حکومەتی. ئەوەی کە لەمرۆدا ژنانی ئێرانی دیانەوێ یەکسانییە لە گشت بوارەکانی ژیانی سیاسی، ئابووری، کۆمەڵایەتی و بنەماڵەییەدا. کارێک کە ڕازی بوون پێی لە توانایی ڕژیم بەدەرە. ئێستا کاتی ئەوە هاتوە کە ژنانی ئێران بە فڕێدانی بە تەواوەتی حیجابێک کە بەزۆر بەسەریاندا دراوە، بە کردەوە ئەو یاسایانەی کە لەم بوارەدا بوونیان هەیە هەڵبوەشێننەوە. کارێک کە لەم بارەیەوە دەستیان داوەتێ دەکرێ بە لێبڕاوی زیاترەوە بە ئاکامی بگەیەنن. ئەم قۆناغە دەبێ سەرکەوتوانە تێپەڕێندرێت و دەستکەوتەکانی و شور و شەوقی سەرچاوە گرتو لەم سەرکەوتنە بکرێت بە پشتیوانیەک بۆ ڕزگار بوون لە دەست ڕژیمی ئیسلامی و کۆتایی هێنان بە سەرجەم شکڵ و شێوازەکانی ستەم کێشی لەدژی ژنان.

بابەتی پەیوەندیدار

درووستكردنی سناریۆی نه‌زانانه‌ دژ به‌ چالاكانی مەدەنی سیاسه‌تێكی شكست خواردووه‌

komalah

زیانپێگەیشتوانی شەڕی  کۆنەپەرستانە لە ئوکراین چ کەسانێکن؟

komalah

منداڵان ئاسیب پەزیرترین توێژ له کۆمەڵگای ئێران

komalah

نەشتەرگەری ئابووری، ئاگری ڕق و تووڕەیی خەڵک بڵێسەدارتر دەگات

komalah

خەڵک نەتەنیا لەدژی گرانی، بەڵکوو خوازیاری بەدەستهێنانی سەرجەم مافە پێشێلکراوەکانی خۆیانن.

komalah

ساڵهاتی دووهه‌م كاره‌ساتی شیمیاباران به‌سه‌ر كۆمه‌ڵه‌دا

komalah