کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

ژنانی بەلوچ ڕەگەزێکی چالاکی بەردەوام بوونی شۆڕش

photo 2022 10 09 11 43 44

ئاخێزی ئازادی خوازانە و بەرابەری تەڵەبانەی ئێستا لەگەڵ هەر هەڵکشان و داکشانێک کە لە هوموو شۆڕشەکاندا بابەتێکی سروشتیە، بەرەو هەڵکشان دەچێت. ئامادە بوونی بەرچاوی ژنان و لەوانە قوتابیانی کچ کە رۆژانە بەرین تر دەبێتەوە لە زومڕەی پێناسەکانی ئەم هەڵکشانەیە. هەر لەسەر ئەم بەستێنە ڕاگەیاندنێک بڵاو کراوەتەوە لەژێر ناوی” بەیانیەی ژنانی بەلوچ لە پەیوەست بوون بە بزوتنەوەی ژن ژیان ئازادی”، کە لە فەزا و لەسەر بەستێنی ئاخێزی ئەم دواییە و دوای کوشتارێکی جەنایەتکارانە کە لە زاهیدان کرا بڵاو بۆتەوە و خاوەنی گرنگیەکی تایبەتە. لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتوە:

  ” ئێمە ژنانی بەلوچ لە جوغڕافیای ئێراندا، شەو و رۆژ لە ژێر زوڵم و ستەمیکی چەند لایەنەداین. ڕەنج، هەژاری، هەڵاورادن، بێکاری، نائەمنی، و چەساندنەوەی هێزی کاری بەلوچەکان ئاسایی بۆتەوە. ئێمە ژنانی بەلوچ شان بەشانی براکانمان بە دەست ستەمی نەتەوایەتی، ، چینایەتی و مەزهەبیەوە ئازار دەکێشین. و لە هەمانحاڵدا ژن بوین و ناموس؛ نە تەنیا بۆ باوک، برا و مێرد بەڵکو بۆ تایەفە و دامودەزگای مەزهەب و هەروەها دەوڵەتیش.”

  ئەوان لە درێژەدا دەنووسن کە ژنانی بەلوچ لەگەڵ دەستپێکی ئاخێزەکانی ئەم دواییە خۆیان لە ڕیزی پێشەوەدا بینیوەتەوە. ئەوان نووسیویانە بە دڵگەرمیەوە لەپاڵ ژنانی کورد، لوڕ، عەڕەب، فارس و باقی نەتەوەکانی دیکەی ئێراندان و داوای ژیان و ئازادی نە تەنیا بۆ خۆیان بەڵکو بۆ هەموان دەکەن.

  نووسەرانی ئەم بەیانیە لە درێژەدا نووسیویانە:

” ئێمە تا بەر لەمە کۆمەڵێک سوژە بووین لە هەوڵی هەموارکردنی چەند بەند لە قانونی هاوسەرگیری و تەڵاق و خوازیاری هەڵاواردنی کەمتر لە دامەزراندنی بەلوچەکاندا، و داوامان لە مەلاکان دەکرد کەمتر بەر بە خوێندنی کچان بگرن، داوامان لە باوک و براکان دەکرد کچ و خوشکەکانیان بە منداڵی بە مێرد نەدەن، ژن کوژیەکانمان دەژمارد و ئاشکرامان دەکردن، لەگەڵ عێل و عەشیرە و یاساکانیدا دەسازاین، هەوڵمان ئەدا کاریگەریمان لەسەر پێکهاتەی سەخت و دژواری پیاوسالاری سەدەکانی پێشو هەبێت و داوا لە دەوڵەت بکەین لەدەست توندوتیژی بماپارێزی و ئیجازەی ماڵی ئەمن و پڕ لە ئاسایشمان بداتێ و بۆ بەرگرگرتن لە دوگیان بوونی نەخوازراو وەسایلی پێشگیریمان لەبەردەستدا بێت.”

  ئەوان نووسیویانە کە لەمە بە دواوە نەک سوژە بەڵکو ڕەگەزێکی درێژەدەر بە ئاڵوگۆڕ و چالاکێکی شۆڕش بە قازانجی دابین بوونی مافەکانی ژنان دەبن. ئەوەی کە ئەم ئاخێزەی دوایی بەرەو کوێ دەچێت و ئاکامەکەی چی دەبێت جێگای قسە لەسەر کردنی بەیانیەکە نییە. تەنیا تێیدا هاتوە کە ژنانی بەلوچ بۆ یەکجاری و بە شوروشەوقەوە لەگەڵ باقی هاو ڕەگەزەکانیان لە سەرتاسەری ئێراندا ژن، ژیان، ئازادیان نەتەنیا بۆ خۆیان بەڵکو بۆ ژیانی هەموانیش دەوێ؛ ژیانێکی کە هیچ سوڵتە و زۆرداریەک و هیچ باڵادەستیەکی باوک، برا، مێرد، تایەفە، دین و دەوڵەت بەسەر جەستە و ژیانی خۆیەوە قەبوڵ ناکات.

بەنیانیەی ژنانی بەلوچ لە پەیوەست بوونی ژنانی پێشڕەو بە بزوتنەوەی ژن ژیان ئازادی دەرخەری ئەم ڕاستیەیە کە ئاخێزی ئەم دواییە جوڵە و هیوایەکی زۆری لەنێو بێماف ترین و هەروەها لە نێو ژنانی ناڕازیدا پێکهێناوە. سیستان و بەلوچستانیش وەک کوردستان ئاگاهانە و جەنایەتکارانە لە باری ئابووریەوە دواکەوتو ڕاگیراوە. ئەم دواکەوتوییە لە ڕژیمێکی دژە ژنی وەک کۆماری ئیسلامیدا، زۆرترین بێمافی و گوشارەکانی خستۆتە سەر ژنانی بەلوچ. ئەم ڕێژەیە لە بێمافی کە لە لایەن سوننەت و کولتوری سەرچاوە گرتو لە مەزهەبەوە بەسەر ژناندا سەپاوە دوای ئەم ئاخێزە شۆڕشگێڕانەیە گەلێک ئاڵوگۆڕی بەسەردا دێت، بەڵام سڕینەوەی ستەمی دەوڵەتی و ڕوخاندنی کۆماری ئیسلامییە کە ئامانجی ئەم ئاخێزەی ئێستایە.