ژنانی ئێران ٤٢ ساڵه له ژێر ده‌سه‌ڵاتی حكوومه‌تی ئیسلامی‌دا به به‌ند كێشراون و هه‌مووجۆره موقاومه‌ت و ناڕه‌زایه‌تییه‌ك له به‌رامبه‌ر پێشێل كرانی مافی ئینسانییان، به دڕندانه‌ترین شێوه سه‌ركوت كراوه. له ڕاستیدا درێژه‌ی بێ مافیی ژنان بووه‌ته سه‌مبۆلی ئیدێئۆلۆژیكی ڕژیمی ئیسلامی. به‌ڵام سه‌ره‌ڕای هه‌مووی ئه‌وانه، سه‌ركوت نه‌یتوانیوه ژنانی كۆمه‌ڵگای ئێران له به‌رامبه‌ر ڕژیمدا ناچار به ته‌سلیم بوون بكات. ئه‌وان ئه‌م سه‌مبۆله ئیدێئۆلۆژیكهی ڕژیمیان بردووه‌ته ژێر پرسیار و له‌م ڕێگایه‌دا له گیانی خۆیان مایه‌یان داناوه. خه‌باتی ژنان دژبه ڕژیم و یاساكانی، دژبه سوننه‌تی گیان سه‌ختی پیاوسالاری، كه كۆماری ئیسلامی هۆكاری مانه‌وه و پشتیوانییه‌تی، له ماوه‌ی گشت ئه‌م ساڵانه‌دا بێ پسانه‌وه درێژه‌ی بووه و له هێندێك بواردا كۆماری ئیسلامیی ناچار به پاشه‌كشه كردووه. له‌م ڕۆژانه‌دا كه له ڕۆژی جیهانیی ژن نزیك ده‌بینه‌وه، جێی خۆیه‌تی، چاوخشاندنێكمان بێت به‌سه‌ر ئه‌م خه‌باته شكۆدارهدا و ده‌رسه‌كانی بكه‌ینه ده‌ستمایه‌ی سه‌ركه‌وتنی نیهایی.
زیندانه‌كانی كۆماری ئیسلامی له ماوه‌ی چوار ده‌یه‌ی ڕابردوودا، بۆ ژنانیش، یه‌كێك له مه‌یدانه‌كانی نه‌به‌ردی سه‌رسه‌ختانه، شۆڕگێڕانه و گیانفیدایانه بووه. له ماوه‌ی ساڵه‌كانی ده‌یه‌ی ٦٠ی هه‌تاوی و به‌تایبه‌ت له ساڵی ١٣٦٧دا، ئه‌شكه‌نجه‌ده‌رانی ڕژیمی ئیسلامی، لاوانی شۆڕشگێڕیان له كچانی تازه‌لاوه‌وه بگره تا ژنانی ٣٠ ساڵه، به مانای ڕاسته‌قینه‌ی وشه سهللاخی كرد. به‌ڵام ئه‌و جه‌نایه‌تانه‌ی كه له ئه‌شكه‌نجه‌خانه‌كان و مه‌یدانه‌كانی سێداره و گولله‌باران ئه‌نجام ده‌دران، تێكه‌ڵ بوون له‌گه‌ڵ قاره‌مانێتی و موقاومه‌ت و هێزی ئیراده‌ی ژنان. ده‌ستكه‌وته‌كانی موقاومه‌ت و ده‌رسه‌كانیان، له ڕێگه‌ی گێڕانه‌وه‌ی بیره‌وه‌رییه‌كانی زیندان و كتێب و نووسراوه بۆ نه‌سلی خه‌باتكاری نوێ گوازراوه‌ته‌وه.
زیندان و كۆمه‌ڵگا دوو جۆگرافیا و ئۆرگانیسمی پێكه‌وه به‌ستراون. كه‌ش و هه‌وای سیاسی و خه‌باتكارانه‌ی هه‌ر دووی ئه‌م بوارانه له‌سه‌ر یه‌كتر كاریگه‌ری داده‌نێن. نه‌به‌ردی به‌ندكراوانی سیاسیی ژن و له‌وانه لاوانی تازه‌لاو و ژنانی به‌ئه‌زموون و ئارمانخواز، یه‌كێك له دیمه‌نه‌كانی ئه‌و موقاومه‌ته بوو كه به پانتایی ئێران له ئارا دایه. سه‌ركوتی خوێناویی ده‌یه‌ی ٦٠ی هه‌تاوی، نه ته‌نیا ده‌نگی به‌ندكراوانی له ناو زیندانه‌كاندا كپ نه‌كرد، به‌ڵكوو ئه‌مڕۆ شایه‌دی سه‌رهه‌ڵدانی نه‌سلێكی نوێین له ژنانی قاره‌مان له‌ناو زیندانه‌كانی ڕژیم و له ده‌ره‌وه‌ی زیندانه‌كان. خهباتكارانێكی وه‌ك سپیده قولیان، زه‌ینه‌ب جه‌لالییان، گۆلرۆخ ئیرائی، نهرگێس موحه‌ممه‌دی، نه‌سرین ستووده، ئانتا دائمی، سه‌با كوردئه‌فشاری، مۆنیره عه‌ره‌بشاهی، مۆژگان كه‌شاوه‌رز، یاسه‌مه‌ن ئاریایی و ده‌یان كه‌سایه‌تیی دیكه و هه‌روه‌ها گرووپ و ڕێكخراوه‌كانی وه‌ك دایكانی خاوه‌ران، دایكانی ئاشتی، دایكانی پاركی لاله، هیوای ملیۆنان ژن و پیاون كه نه‌فه‌ره‌ت و تووڕه‌یی دژبه كۆماری ئیسلامی له ده‌روونیاندا پنگی خواردووه. ئه‌وان له زومره‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ن كه له خه‌باتی جه‌ماوه‌ری له ده‌ره‌وه‌ی زیندان، له ئاخێزهكانی وه‌ك به‌فرانباری ٩٦ و خه‌زه‌ڵوه‌ری ٩٨، كاریگه‌ری وه‌رده‌گرن. نامه و ڕه‌وایه‌ت و هه‌واڵی ناڕه‌زایه‌تی و موقاومه‌تیان له ناوه‌وه‌ی زیندانه‌كان، بڵێسه‌ی هیوای گه‌یشتن به ڕزگاری، هه‌موو ڕۆژێ زیاتر له ڕابردوو، له ده‌ره‌وه‌ی زیندانه‌كان ده‌گه‌شێنێته‌وه.
یه‌كێك له ژنانی سیاسیی به‌ندكراو كه كاریگه‌رییه‌كی قووڵی له‌سه‌ر هه‌ڵسووڕاوانی كرێكاری، مه‌ده‌نی و خه‌باتكارانی ده‌ره‌وه‌ی زیندانه‌كان دانا، سپیده قولیان بوو. ناوبراو چالاكی مه‌ده‌نی و یه‌كێك له مه‌حكووم كراوانی په‌روه‌نده‌ی ناڕه‌زایه‌تیی كرێكاریی “هه‌فت ته‌په”یه كه له ئێستادا له زیندان دایه. ئه‌و له كتێبی “تیلاپیا خوێنی هورۆلغهزیم هه‌ڵده‌مژێ“، له ١٩ ڕهوایهتدا، به وردی باس له گرتووخانه‌ی ئیتلاعاتی ئه‌هواز و زیندانی “سپیدار“ی ئه‌مشاره، ده‌كات. ئه‌و له‌و كتێبه و نووسراوه‌كانی دیكه‌یدا، وێڕای نشان دانی دیمه‌نێكی خۆفناك له ئه‌شكه‌نجه و تێكشكاندنی ده‌ستبه‌سه‌ركراوان، له‌گه‌ڵ قوربانیان هاوده‌ری ده‌كات و شێعری ڕزگارییان بۆ ده‌خوێنێته‌وه. ئه‌و له زینداندا، ڕوو به به‌ندكراوێكی سیاسیی عه‌ره‌ب كه ته‌نیا به‌خاتری ته‌سلیم بوونی هاوسه‌ره‌كه‌ی ده‌ستبه‌سه‌ر كراوه و كه‌وتووه‌ته به‌ر ئه‌شكه‌نجه، ده‌ڵێ:
“سڵاوێكی دووباره له خۆر ده‌كه‌م، له‌و جۆگه‌لانه‌ی كه شێعر پێیاندا ده‌ڕوات“.
به‌ندكراوێكی سیاسیی دیكه، كه نه ته‌نیا له ناو خه‌باتكاران و ناڕازیانی ئێرانی به‌ڵكوو له‌ناو ڕێكخراوه‌كانی مافی مرۆڤ و مرۆڤدۆستی جیهانیدا ناوبانگی هه‌یه، “زه‌ینه‌ب جه‌لالیان“ه. ناوبراو ته‌نیا به‌ندكراوی سیاسی ژنه له ئێران‌دا كه حوكمی زیندانی هه‌تاهه‌تایی به‌سه‌ردا سه‌پاوه. زه‌ینه‌ب، هه‌تا ئێستا ١٤ ساڵی زیندان، به بێ یه‌ك ڕۆژ مه‌ره‌خه‌سی تێپه‌ڕ كردووه. ئه‌شكه‌نجه‌ده‌ران له ماوه‌ی ئه‌و ١٤ ساڵه‌دا، كه بێگومان ساته‌كانی یه‌كجار سه‌ختر له ساته‌كانی ده‌ره‌وه‌ی زنیدان تێپه‌ڕ ده‌بێت، شه‌و و ڕۆژ هه‌موو جۆر ئه‌شكه‌نجه و بهڵێنییهكی درۆیینیان له‌سه‌ر تاقی كردووه‌ته‌وه تا تۆمه‌تی ساخته‌ی خوێنڕێژانی ئیداره‌ی ئیتلاعات و سپا قه‌بووڵ بكات. به‌ڵام ئه‌م ژنه تێكۆشه‌ر و خۆشناوه، ئه‌شكه‌نجه‌ی جه‌سته‌یی و ده‌روونیی به گیان وه‌رگرتووه و تاكتیكی پاسه‌وانانی زیندانی، وشیارانه پووچه‌ڵ كردووه‌ته‌وه.
زستانی ساردی ساڵی ١٣٩٦ی هه‌تاوی، زه‌ینه‌ب جه‌لالیان له نامه‌یه‌كدا له زیندانی “خۆی“یه‌وه بۆ بۆ گۆلرۆخ ئیرائی و ئانتا دائمی نووسیی:
“سڵاو له مرۆڤی ئازاده‌ی به‌ندكراو. من هاواری ئازادیم له پشت دیواره ئه‌ستوور و میله سارد و سامناكه‌كانی زیندان. هاوڕێیانی له‌گیان خۆشه‌ویسترم، گۆلرۆخ و ئانتا و هه‌موو ئه‌و كه‌سانه‌ی كه منتان له‌بیر بوو، من ده‌نگی ئێوه‌م له پشت دیواره سامناكه‌كانی زیندانه‌وه به باشی گوێ لێ‌بوو و ئه‌م ده‌نگه بۆ من خۆشترین ده‌نگی كائێنات بووه، ده‌نگی ئێوه بۆ من وه‌بیرهێنه‌ره‌وه‌ی كێوه به‌رز و سهربڵیندهكانی نیشتمانم بوو و ئه‌وه به بایه‌خترین دیاریه‌ك بوو كه له ماوه‌ی ١٠ ساڵی ڕابردوودا، له زینداندا به من گه‌یشتبێت. وه‌ك شاعیر وتی، هاواری من بێ وڵام نییه، دڵی پاك و زوڵاڵی تۆ وڵامی هاواری منه، به‌رخۆدان ژیانه”.
هه‌ڵبه‌ت سپیده و زه‌ینه‌ب جه‌لالیان، دوو قاره‌مانی به‌ندكراوی سیاسی، ته‌نیا نموونه‌یه‌كن له ده‌یان ژنی به‌ندكراوی سیاسی كه ناو و ئاسه‌واریان له ناو جه‌ماوه‌ری ئێران و ته‌نانه‌ت هێندێك جار له ئاستی جیهاندا، ناسراون و بوونه‌ته هیوای جه‌ماوه‌ری خه‌ڵك. خه‌باتی ئه‌م تێكۆشه‌رانه به‌شێكه له‌و خه‌باته ڕوو له گه‌شه‌یه‌ی، كه هاوشێوه‌ی كانیی پڕ ئاو و زوڵاڵ، تینووانی ڕێگای ئازادی و ڕزگاری له چنگ حكوومه‌تی سه‌رمایه‌داریی ئیسلامی، تێرئاو ده‌كات.