“محه‌ممه‌د ئاقامیری” ئه‌ندامی شۆرای شاری تاران ڕۆژی یه‌كشه‌ممه ٢١ی خاكه‌لێوه ڕایگه‌یاند كه له‌ماوه‌ی ئه‌مساڵدا ٣٥٢ پاركی تاران به‌مه‌به‌ستی پێكهێنانی فه‌زایه‌ك كه چوونی پیاوان قه‌ده‌غه بێت، حه‌ساركێشی ده‌كرێت. به‌وته‌ی ناوبراو ئه‌م به‌شه حه‌ساركێشی كراوه ناوی “باغچه‌ی دایك و منداڵ”ی له‌سه‌ر داده‌ندرێت و پاسه‌وانی هه‌یه و ڕێگه ناده‌ن بێجگه‌له دایك و منداڵ كه‌س بڕواته ناو ئه‌م فه‌زایه‌وه. ئه‌و وێڕای ئیدیعای ئه‌وه‌یكه ئێمه بۆ ئه‌منییه‌تی خانمان پاركه‌كانمان ژنانه – پیاوانه كردووه، ده‌رباره‌ی ئه‌م بڕیاره وتی كه به باوه‌ڕی ئه‌و، حزووری پیاوان له پاره‌كه‌كان به قازانجی خانمه‌كان نییه و وتیشی كه شاره‌داریی تاران به‌رنامه‌ڕێژی و به‌كرده‌وه‌ده‌رهێنانی ئه‌م حه‌ساركێشییه جنسیه‌تییه‌ی وه‌ئه‌ستۆ ده‌بێت.
هه‌ر له سه‌ره‌تای به‌ده‌سه‌ڵات گه‌یشتنی ڕژیمی كۆماری ئیسلامییه‌وه، ژنان كه‌وتنه به‌ر په‌لاماری به‌رینی ته‌بلیغی و ئاپارتایدی جنسیی چه‌ند به‌رابه‌ر و ئه‌م بابه‌ته هه‌تا ئێستا درێژه‌ی بووه و بووه‌ته بابه‌تێكی ئاسایی و ڕۆژانه. ده‌خاڵه‌تی كه‌سانی توندڕه‌وی سه‌ربه سپا و ناوه‌نده ئه‌منییه‌كان، و موداخیله‌ی كه‌سایه‌تییه ئایینییه شیعه‌كان له كاروباری ژنان، له لایه‌كه‌وه ژنانی له‌ئاستی كۆمه‌ڵدا به‌رده‌وام به‌ره‌وڕووی ئاسته‌نگی زیاتر كردووه‌ته‌وه و له‌لایه‌كی دیكه‌شه‌وه داسه‌پاندنی هه‌مووجۆره توندوتیژی و هه‌ڵاواردنێكی دژبه نیوه‌ی ئه‌ندامانی ئه‌م كۆمه‌ڵگایه لێ كه‌وتووه‌ته‌وه.
له‌حاڵێكدا كه ڕژیمی ئیسلامی له زه‌لكاوی قه‌یرانی قووڵی سیاسی، ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تیدا ده‌ست و پێ لێ ده‌دات، زۆربه‌ی خه‌ڵكی ئێران ڕۆژانه له‌گه‌ڵ بێكاری و هه‌ژاری و برسییه‌تی به‌ره‌وڕوون و له‌حاڵێكدا كه چه‌ندین ڕۆژه سڵامه‌تیی دانیشتووانی زۆربه‌ی شاره‌كانی ئێران و له‌وانه شاری تاران له‌ئاكامی پیسبوونی هه‌وا به‌هۆی ته‌پوتۆز و هه‌روه‌ها بوونی نه‌خۆشیی كۆرۆنا له‌گه‌ڵ مه‌ترسیی جیددی به‌ره‌وڕوو بووه‌ته‌وه، به‌رپرسانی كۆنه‌په‌رستی ئه‌م ڕژیمه به‌رده‌وام مه‌سه‌له‌ی ئازادیی ژنان وه‌ك یه‌كێك له گه‌وره‌ترین پرسه‌كانی به‌رده‌م خۆیان له‌قه‌ڵه‌م ده‌ده‌ن. ئه‌وان هه‌ر چه‌ند وه‌خت جارێك به هێنانه‌گۆڕی گه‌ڵاڵه و به‌رنامه‌ی كۆنه‌په‌رستانه‌ی وه‌ك حیجابی ئیجباری، گه‌ڵاڵه‌ی بێبه‌شكردنی مه‌دره‌سه‌ی كچانه، گه‌ڵاڵه‌ی “موته‌ناسب سازیی فه‌زای ئامووزشی”، گه‌ڵاڵه‌ی “عیفاف و حیجاب”، گه‌ڵاڵه‌ی “ئیستتاری مه‌دره‌سه‌ی كچانه”، جیاكردنه‌وه‌ی كچ و كوڕ له كلاسه‌كانی پێش سه‌ره‌تایی و له‌م دوایانه‌دا گه‌ڵاڵه‌ی حه‌ساركێشیی جنسیه‌تیی پاره‌كه‌كان، له هه‌وڵی ئه‌وه‌دان تا هه‌موو بواره كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان بۆ ژنان بكه‌نه زیندانێكی واقعی و پانتایی هه‌ڵاواردنی جنسیه‌تی له كۆمه‌ڵگه‌دا په‌ره پێ بده‌ن. ئه‌م فریوكاره ڕیاكارانه، هه‌موو ئه‌م كرده‌وانه‌یان به‌قسه‌ی خۆیان بۆ ئه‌منییه‌ت و پاراستنی حورمه‌تی ژنان ئه‌نجام ده‌ده‌ن.
هه‌وڵی شاره‌داریی تاران له “ژنانه – پیاوانه” كردنی پاركه‌كان، له‌گه‌ڵ ڕه‌خنه‌ی به‌رین به‌ره‌وڕوو بووه‌ته‌وه. ئه‌م ئه‌ندامه‌ی ناوه‌ندی شۆرای شاری تاران ڕه‌خنه‌كانی به‌م حه‌ساركێشییه “ڕه‌شنوێنی” و ناڕازیانی به “ژماره‌یه‌كی غه‌ره‌زاوی و به زه‌ینییه‌تی مه‌نفی” وه‌سف كردووه و ده‌ڵێت: “به‌ڕێوه‌چوونی ئه‌م گه‌ڵاڵه‌یه به‌و هۆكاره‌یه كه دایك به‌دوور له چاوی نامه‌حره‌م به‌ڕاحه‌تی بتوانێت له‌گه‌ڵ منداڵه‌كه‌ی كایه بكات.” ئه‌و هه‌روه‌ها موده‌عی بووه كه “ده‌لیلی به‌كرده‌وه‌ده‌رهاتنی ئه‌م گه‌ڵاڵه‌یه داواكاریی به‌رینی خه‌ڵكی شاری تاران بووه و ئێمه ته‌نیا خواستی خه‌ڵكمان به‌ڕێوه‌بردووه.”
ئه‌م ئیدیعایه ته‌واوه‌ن درۆ و غه‌یره واقعییه چونكه ماوه‌یه‌ك له‌مه‌وبه‌ر هه‌واڵی لابردنی په‌یكه‌ری ژنێك له شاری گورگان، له‌گه‌ڵ ناڕه‌زایه‌تی و ڕه‌خنه‌ی به‌رینی خه‌ڵك به‌ره‌وڕوو بووه‌وه. “سه‌فه‌رعه‌لی پایین مه‌حه‌لی”، سه‌رۆكی شۆرای شاری گورگان وتبووی كه ناڕه‌زایه‌تیی میدیاكانی گورگان و هاوڵاتییان” به درێژنه‌بوونی شه‌ڵوار و دیاربوونی ساقی پای ” ئه‌م په‌یكه‌ره بووه‌ته هۆی لابردنی. ئه‌وه‌ش له‌حاڵێكدایه كه لابردنی ئه‌م په‌یكه‌ره له‌سه‌ر داوای چه‌ند میدیای ئۆستانیی سه‌ربه سپای پاسداران و ناڕه‌زایه‌تیی ئه‌وان له‌ئاست جۆری پۆششی ئه‌م په‌یكه‌ره ئه‌نجام درابوو.
پێشتریش چه‌ندین ڕاپۆرت سه‌باره‌ت به هه‌ڵاواردنی جنسیه‌تی له ژماره‌یه‌ك له پاركه‌كانی تاران و هێندێك له شاره‌كانی ئێران له‌وانه ٢١ پاركی تاران، چه‌ندین پاركی مه‌شهه‌د و ٨ پاركی كرماشان بڵاوكرابووه‌وه. هاوكات ویدیۆیه‌ك له تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان بڵاوكراوه‌ته‌وه كه نیشانی ده‌دات گه‌ڵاڵه‌ی حه‌ساركێشیی جنسیه‌تی له یه‌كێك له پاره‌كانی شاری بۆجنووردیش به‌كرده‌وه ده‌رهاتووه. حه‌ساركێشیی جنسیه‌تی له پاركه‌كانی ئێران له‌حاڵێكدایه كه چه‌ند ڕۆژ له‌مه‌وبه‌ر، وه‌زاره‌تی ئه‌مری به مه‌عرووف و نه‌هی له مۆنكه‌ری تاڵه‌بان له ئه‌فغانستانیش چوونی هاوكاتی ژنان و پیاوانی بۆ پاركه‌كان قه‌ده‌غه ڕاگه‌یاند و بۆ سه‌یرانی ژنان و پیاوان زه‌مانبه‌ندیی كرد. به‌پێی زه‌مانبه‌ندیی تاڵه‌بان، پیاوان ٤ ڕۆژ له حه‌فته و ژنانیش ٣ ڕۆژ له حه‌فته‌دا مافی سه‌یران و چوون بۆ پاركیان هه‌یه و ژنان له پاركه‌كاندا پێویسته “حیجابی شه‌رعی” ڕه‌چاو بكه‌ن.
له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی ئه‌م ڕژیمه دژه ئینسانیه‌دا، توندوتیژی و سووكایه‌تی دژبه ژنان، سنوورێكی نییه. توندوتیژیی بنه‌ماڵه‌یی، ئازاری جنسی، قه‌تڵی نامووسی، منداڵ هاوسه‌ری و چه‌ند هاوسه‌ری، سیغه و هاوسه‌رگیریی كاتی، هه‌ڵاواردنی جنسیه‌تی، ژنان و پیاوانه كردنی لقه‌كانی خوێندن، پێكهێنانی به‌ربه‌ست له وه‌رزش و باقیی چالاكییه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان، بێبه‌ری كردنی دایكانی سه‌رپرست، نه‌بوونی پیشه‌ی گونجاو له‌گه‌ڵ توانای ژنان و كچان و نه‌بوونی به‌ستێن و فه‌زای ئارام و ئه‌من له شوێنی كار، و ده‌یان نموونه‌ی تر، هه‌موو ڕۆژێ زیاتر په‌ره ده‌ستێنن.
یه‌كێك له گرینگ‌ترین به‌رنامه‌كانی ڕژیمی دژه‌ژن و جه‌نایه‌تكاری كۆماری ئیسلامی، سڕینه‌وه‌ی ژنان له كاروباری كۆمه‌ڵایه‌تی، سیاسی و كلتووری، كۆنتڕۆڵی بزووتنه‌وه‌ی ژنانی ئازادیخوازی ئێران بووه و له‌ئێستاشدا هه‌وڵ ده‌دات به توندتركردنه‌وه‌ی سیاسه‌تی هه‌ڵاواردن و سه‌ركوت، ژنان هه‌رچی زیاتر بخاته په‌راوێزه‌وه و له چوارچێوه‌ی ماڵدا زیندانییان بكات.
بێگومان ژنان و پیاوانی خه‌باتكار و ئازادیخوازی ئێران وه‌ك هه‌میشه ته‌سلیمی گه‌ڵاڵه‌ی كۆنه‌په‌رستانه‌ی ڕژیمی ئیسلامی نابن و به یه‌كگرتوویی و هاوپشتیی خۆیان گه‌ڵاڵه‌ی كۆنه‌په‌رستانه و تاڵه‌بانیی دیواركێشیی پاركه‌كانیش به‌ره‌وڕووی شكست ده‌كه‌نه‌وه.