کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

ڕەوتی ڕوو لە گەشەی خەبات و ناڕەزایەتی پەرستاران

download 3 3

٢٨ی خەزەڵوەر لە ئێران ڕۆژی پەرستار بوو. ساڵانە بەرپرسانی کۆماری اسلامی لە بواری تەندروستیدا سەردانی نەخۆشخانە و ناوەندەکانی کاری پەرستاران دەکەن و وێڕای پێشکەشکردنی چەپگە گوڵ پێیان، کۆمەڵێک بەڵێنیشیان پێدەدرێت کە وەک هەمیشە پووچ و بێ ناوەڕۆک دەردەچن. ئەمساڵیش هەر بەو شێوەیە تێپەڕی و پەرستاران هیچ سوودێکیان لەم ڕۆژە ئاینییە نەبینی کە بە ناوی ئەوانەوە کراوە. بە گوێرەی هەواڵ و ڕاپۆرکان، لە سەرەتای ئەمساڵەوە لە شارەکانی یاسوج، تاران، ئیسلام ئابادی ڕۆژئاوا، یەزد، بابول، ئەراک، قەزوێن، مەشهەد، سنە، کرماشان، ڕەشت، کاشان و ورمێ، پەرستاران هاتوونەتە سەر شەقامەکان و ویست و داواکارییەکانیان بەرز کردووەتەوە. ئەوان سەبارەت بە کەمی حەقدەست و نەدرانی حەقدەستی وەدواکەوتووی خۆیان و مەزایا و خزمەتگوزارییەکانی پەرستاری و هەروەها هەڵاواردن و گوشاری کاری تاقەت پروکێن و هیتر ناڕازین. لە ئێستادا ٢٢٠ هەزار پەرستار لە بەشی پزیشکی و نەخۆشخانەکان کاردەکەن و بە وتەی بەشێک لە بەرپرسان زیاتر لە ٩٠ لەسەدیان ناڕازین. جگە لە کەمی حەقدەست و مەزایا، یەکێک لە هۆکارەکانی ناڕازیبوونیان، بریتییە لە گوشاری کاری تاقەت پروکێن. چونکە لە ئێران کەمبوونی زیاتر لە ١٠٠ هەزار پەرستار هەیە. ئەوە لە کاتێکدایە کە نزیکەی ٢٠ هەزار پەرستاری ڕاهێنراو و خاوەن ئەزموون بێکارن و بەرپرسان لەبری دامەزراندنی پەرستاری نوێ، لەژێر ناوی ئیزافەکاری دا هەموو ئەرکەکان دەخەنە سەرشانی پەرستارانی لەسەرکار. لەهەمانکاتدا بەگوێرەی یەکێک لە ڕۆژنامە ڕێگەپێدراوەکان، هەر پەرستارێک بۆ هەر کاتژمێرێک ئیزافەکاری بڕی ١٦ بۆ ٢٠ هەزار تەمەنیان پێدەدرێت و لە ئاكامدا حەقدەستێکی کە بۆ ٦ کاتژمێر ئیزافەکاری وەریدەگرن دەکاتە نرخی یەک قوتو کۆنسێرڤی ماسی! بە وتەی پەرستارێک کە لە خورەماباد کار دەکات، تەنانەت هەندێک جار ئەو بڕە حەقدەستەشیان پێنادرێت. ئەو لە چاوپێکەوتنێکدا وتی: ئێمە ماوەی ساڵێکە داواکارییکانمان و لەوانە حەقدەستی ئیزافەکاریمان وەرنەگرتووە. لەمڕووەوە چیتر حەز ناکەین کارەکانمان بە دروستی ئەنجام بدەین“. ئەو لە درێژەی قسەکانیدا وتی: جگە لە هەموو ئەمانە، یاسای سەختی کار کە بۆ پەرستاران پەسەند کراوە جێبەجێ ناکرێت، چونکە بەپێی ئەم یاسایە پەرستاران دەتوانن بە ٢٠ ساڵ پێشینەی خزمەتەوە خانەنشین ببن و لە ساڵێکدا مافی وەرگرتنی دوو مانگ مۆڵەت بە حەقدەستەوە و هەروەها حەقدەستی زیاتر لە بەرامبەر سەختی کاریان هەیە؛ ئەو مەزایانەی کە بەلەبەرچاوگرتنی دۆخی ئێستا، محاڵە بگاتە دەستی پەرستاران.

هەموو ئەو سەختیانەی کە لە بارودۆخێکی ئاساییدا بەسەر کادری پزیشکی و لەوانە پەرستاراندا دەسەپێندرێت، لە سەردەمی بڵاوبوونەوەی کرۆنادا گەلێک زیاتر بوون. پەرستاران جگە لە تەحەموولی ئەو کارە تاقەت پروکێنە، بەردەوام لە مەترسی تووشبوون بە ڤایرۆسەکەدا بوون و دەیان کەسیشیان بوونە قوربانی، کە ئامارەکانیان هەرگیز ئاشکرا نەکرا. پەرستارانی ژن کە هێزی سەرەکی ستافی دەرمانین، بەدەست ئاپارتایدی جنسیشەەوە دەناڵێنن. لە هەمان کاتدا وەک بەشێک لە شارۆمەندانی ئێران لە ژێر باری سیستەمێکی ئابووری ڕزیو و حکومەتێکی دڕندە و سەرەڕۆدا ژیان بەسەر دەبەن. زۆربەی ئەو پەرستارانە دەزانن کە بەرپرس و کاربەدەستە دز و گەندەڵەکان کە هیچ گرنگی بە گیان و تەندروستی مرۆڤەکان نادەن، لەپێناو دامەزراندنی پەرستار و دابینکردنی بژێوی شایسته بۆ ئەواندا هەزینە ناکەن. دەسەڵاتداران وێڕای دزی و تاڵان و بڕۆ و ڕانتخۆری، تەنیا بۆ دامەزراندنی فەقێ و ئاخووند لە بەشی پەروەردە و بارهێنانی مەئموورانی کۆنترۆڵی حیجاب و ناردنیان بۆ ناوەندەکانی شار و زیادکردنی حەقدەستی هێزە سەرکوتگەرەکان و دابینکردنی هێزی نیابەتی لە ناوچەکە، هەزینەیان هەیە و هیچی تر. پەرستاران بۆ بەرەوڕووبوونەوە لەگەڵ ئەو بارودۆخە دژوارە ئابووری، سیاسی و کۆمەڵایەتییە، بە شێوەیەکی سەرەکی ناڕەزایەتی دەردەبڕن و خەبات دەکەن، بەڵام ئەوانەش کە لە توانایاندایە کۆچ دەکەن. بە وتەی بەرپرسان، ساڵانە ٢٠٠٠ و بە گوێرەی سەرچاوە ئاگادارەکانی ئەم بوارە، ٣٠٠٠ پەرستاری ڕاهێنراو و خاوەن ئەزموون کۆچ دەکەن بۆ وڵاتەکانی کەنداو یان وڵاتانی ئەوروپا، ئوسترالیا، کانەدا و ئەمریکا. ئەو وڵاتانەش بە کەڵک وەرگرتن لەو هەلومەرجە و لە ڕێگەی ئەو کۆمپانیایانەی کە لەو بوارەدا چالاکن، هێزی ئامادە بەکار و ڕاهێنراوی تەندروستی بۆلای خۆیان ڕادەکێشن. ئەو وڵاتانە لەڕێگەی حەقدەستی باشتر و ڕێکخستنی میزانی کاری گونجاو، مەرج و ڕێوشوێنەکانیان بۆ پەرستارانی خاوەن ئەزموون و خوێندەوار زۆر ئاسان کردۆتەوە، بەجۆرێک کە لە زۆر حاڵەتدا تەنیا زانینی زمانی ئینگلیزی لە سەرەتای کاردا بەسە بۆ دامەزراندنی پەرستاری کۆچبەر. لە هەندێک حاڵەتیشدا کە پەرستارەکە تەنیا ئەزموونی کارکردنی هەیە، دایدەمەزرێنن و ئیمکاناتی خوێندنی بۆ دابین دەکەن. جگە لەوەش لەو لەو وڵاتە شتێک بەناوی ئاپارتایدی جنسیش بوونی نییە.

بەڵام ئەو پەرستارانەی کە هیچ ڕێگەیەکی تریان نییە جگە لە پەنابردنەبەر ناڕەزایەتی ڕۆژانە و خەباتی بەردەام لەناو ئێراندا، شێلگیرانە لە مەیدانی خەبات و ناڕەزایەتیدان. ئەوان لە ماوەی چەندین ساڵ خەباتدا، پەیوەندییەکی ئەوتۆیان لەنێوان خۆیاندا پێکهێاوە کە دەتوانن هاوکات لە چەندین شار بێنەسەر شەقامەکان و ویست و داواکارییە هاوبەشەکانیان بەرز بکەنەوە. ئەوان هەروەها هاوسۆزی زۆربەی هەرەزۆری دانیشتوانی کۆمەڵگا و لەوانە کۆمەڵگەی کرێکاریشیان بۆلای خۆیان ڕاکێشاوە. کۆی گشتیی ئەو خەبات و ناڕەزایەتیانەی ئێستای ناو کۆمەڵگا کە خەباتی پەرستاران بەشێکی بەرچاوەی پێکدەهێنێت، سەرەنجام دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی بە زبڵدانی مێژوو دەسپێرێت و زەمینە بۆ دامەزراندنی حکومەتێک خۆش دەکات کە تیایدا کارکردن نەک لە ڕووی ناچارییەوە بەڵکوو بۆ گەشە و پێشکەوتنی تواناییەکان دەبێت.