هاوكات له‌گه‌ڵ چوارەمین ساڵوەگەڕی کوژرانی ١٧٦ سه‌رنشینی فڕۆکەی ئۆکراینی، ڕۆژی سێشەممە ١٩ی بەفرانبار، بنەماڵەی “ڕزگار ڕەحیمی” چوونه سه‌ر مه‌زاری كوڕه‌كه‌یان لە گۆڕستانی شانازی سەقز، به‌ڵام لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە بێ‌ڕێزییان پێ کرا.
بەپێی زانیارییه‌كان، ناوەندە ئەمنییەتییەکان گۆڕستانی شانازیان گەمارۆ دا و هێزەکانیان له نێو گۆڕستانه‌كه‌دا جێگیر کردبوو. کاتێ بنەماڵەی ڕەحیمی گەیشتنە گۆڕستانەکە، هێزە لیباس شەخسییەکان بێ‌ڕێزییان به‌و بنه‌ماڵه و خه‌ڵكی به‌شدار كرد و وتیان، مافی ئەوەتان نییە پووستێر دابنێن و ده‌نگ بڵاوبكه‌نه‌وه، جگە لە قورئان مافتان نییە هیچ شتێک بخوێنن. “ڕزگار ڕەحیمی”، خەڵکی سەقز و “فەریدە غوڵامی” هاوژینی خەڵكی شاباد، له‌گه‌ڵ كۆرپه‌ڵه‌یێك و منداڵێكی چوار ساڵ ته‌مه‌ن به ناوی “ژیوان”، یەکێک لە بنەماڵە کوژراوەکانی فڕۆکە ئۆکراینییەکە بوون. تەرمی “ڕزگار ڕەحیمی”، لە گۆڕستانی شانازی سەقز و هەروەها تەرمی “فەریدە غوڵامی” و کوڕە ٤ ساڵانەکەیان “ژیوان”، بە هۆی لەدایک بوونیان له کرماشان، لە گێڵانغەرب بە خاک ئه‌سپێردراوە.