به وته‌ی وه‌زاره‌تی كشتووكاڵی هه‌رێمی كوردستان، کەمیی بارانی پاییز و زستانی رابردوو هه‌روه‌ها بەهاری ئەمساڵ زیانێکی زۆری بە کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان گەیاندووە، ئەمساڵیش تاوەکو ئێستا باران کەمە و ده‌وڵه‌تی ئێران له سه‌دا سه‌د ڕێگه‌ی به چوونی ئاوی سیروان بۆ هه‌رێمی كوردستان گرتووه.
حوسێن حەمەکەریم، گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: “70%ی رووباری سیروان لە خاکی ئێرانەوە دەڕژێتە نێو خاکی هەرێمی کوردستان، ئێستا ئێران 100%ی ئەو ئاوەی گرتووەتەوە و رێڕەوەکەشی گۆڕیوە. هەروەها رێڕەوی چۆمی “زێی” بچووکیشی گۆڕیوە، بۆیە بە شێوەیەکی بەرچاو ئاستی رووبارەکانی هەرێمی کوردستان دابەزیون. له لایه‌كی دیكه‌ش تورکیا سەرچاوەکانی ئاوی زۆر کەم کردووەتەوە. به وته‌ی به‌رپرسانی ده‌وڵه‌تی هه‌رێم، “ئەگەر ئەمساڵیش وشکەساڵی بەردەوام بێت، مەترسیی ئەوە هەیە کە ئەو شوێنانەی ئاویان لێ نەماوە چۆڵ بکرێت و کۆچکردن رووبدات.