شوڕای هاوئاهەنگی و هاوپشتی کارمەندانی ڕەسمی نەوت( خانەنشینان و لەسەرکار) رۆژی سێشەممە ٢٢ ی مانگی سەرماوەز لە بەیانیەیەکدا داوای لە کرێكاران و کارمەندانی ڕەسمی کرد رۆژی شەممە ٢٦ ی سەرماوەز لە ئەهواز، ماهشەهر و عەسەلویە دەست بدەنە مانگرتن و لەبەردەم ناوەندی ئیدارەی نەوت و گاز کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی بەڕێوەبەرن. ئەوان هەروەها جەختیان کردۆتەوە کە ئەمە ئاخرین سەنگەر و خاکریزی دیفاع لە ئابڕووی پڕسونێلی ڕەسمی پیشەسازی گەورەی نەوت و گازی وڵاتە. هیچ بیانویەک ناتوانێ هاوکارانی ڕەسمی لەم زوڵمە ئاشکرایەدا وادار بە بێدەنگی بکات. بێگومان دوای ٢٦ ی سەرماوەز لەسەر داوا و کرداری ئێوە شێوازی تەرحی داخوازی کردن دەگۆڕدرێت.
ئەم بانگەوازە لە لایەن شوڕای سازماندەهی ناڕەزایەتی کرێکارانی پەیمانی نەوت و باقی ڕێکخراوە کرێکارایەکان و سازماندەهی سیاسی چەپ و ڕادیکاڵەوە پشتیوانی لێکراوە.
نەفتگەرانی ڕەسمی خوازیاری ئیجرای مادەی ١٠ بوون. ئەم مادەیە کە ساڵی ٩١ی هەتاوی پەسندکرا و ساڵی ٩٤ ڕەسمیەتی پێدرابو، داوای لە وەزاڕەتی نەوت دەکرد مانگانەی کرێکارانی عەمەلیاتیی بە شێوەیەک زیاد بکات کە ئەوان سەبارەت بە کارەکەیان زیاتر دڵگەرم بکات. لە ڕاستیدا ئەم مادەیە پەسندکرابوو تا بەر بە کۆچبەربوونی کرێكارانی شارەزا و پسپۆڕی نەوت بەرەو وڵاتانی وەک قەتەر و ئیمارات و بە تایبەت شاری دوبەی بۆ دەستەبەرکردنی داهاتی زیاتر بگرێت. وەزاڕەتی نەوت تا ئێستاش لە بەکردەوە دەرهێنانی ئەم مادەیە خۆی بواردوە. کرێكاران ئێستا و لەم بارودۆخەدا کە هاوسەنگی نوێ هاتۆتە ئاراوە هەلەکەیان بە گونجاو زانیوە بۆ داسەپاندنی ئیجرای ئەو مادەیە.
رۆژی شەممە ٢٦ ی مانگی سەرماوەز کرێكاران و کارمەندانی ڕەسمی نەوت جگه له مانگرتن و كۆبوونهوه، لە ٣ شار و لەوانە لە گەچساران لەبەردەم ناوەندەکانی نەوت و گاز کۆبوونەوەی ناڕيزایەتیان بەڕێوەبرد. لەم کۆبوونەوانەدا داخوازی دیکەی وەک لابردنی ماڵیاتی زۆر لەسەر مانگانەکانیان، لابردنی ئاستی حەقوق، زیاد کرانی حقوق و حەقدەست، درانی پاداشتی خانەنشینی، باشتربوونی خزمەتگوزاری ڕیفاهی و بارودۆخی بێداشت و دەرمان، هەڵوەشانەوەی ناسنامەی سندوقی نەوتیش هاتەگۆڕێ.
دوای سەرکەوتنی ٢٦ ی مانگی سەرماوەز دەبێ لە چاوەڕوانی بانگەوازی شوڕای هائاهەنگی و هاوپشتی کارمەندانی ڕەسمی پیشهسازی نەوت بە مانگرتنی کرێکاران لە پیترۆپاڵایشەکاندا بین بۆ رۆژەکانی ٣ و ٤ و ٥ ی مانگی بەفرانبار. بەڵام بەرلەوە پێویستە کە بۆ بەسەرکەوتن گەیاندنی بانگەوازی خوێندکارانی زانکۆکان و لاوانی شۆڕشگێڕی گەڕەکەکان و قوتابیان بۆ رۆژەکانی ٢٨ تا ٣٠ سەرماوەز بۆ مانگرتن و خۆپیشاندان و ڕێپێوانی ناڕەزایەتی هەوڵبدرێت. شوڕای سازندەهی ناڕەزایەتیەکان وێڕای پشتیوانی لە پێشدا لە سەرجەم ئەو بانگەوازانە بۆ خۆش کردنی ڕێگای پەیوەستبوونی بەرینی چینی کرێكار بە شۆڕشەوە، ئاماژەی بە کۆمەڵێک خاڵی گرنگ کردوە. لە ڕاگەیاندنەکەی شوڕادا هاتوە:” شیاوی وتنە کە ئێمە وەک شوڕای سازماندەهی ناڕەزایەتیە کرێکاریەکانی پەیمانی نەوت لە ئاخرین بەیانیەماندا لەسەر مانگرتنی سەرتاسەری وەک وڵامێکی توند بە ئێعدام و سەرکوتگەریەکان و بۆ دیفاع لە بەڕێچوون و شکۆی خۆمان جەختمان کردۆتەوە. لە هەمانحاڵدا داوامان لە گشت هاوکارەکانمان لە هەموو بەشەکان کردوە چالاکانە لەگەڵماندا پێوەندی بگرن تا خێراتر پلان بۆ مانگرتنی سەرتاسەری خۆمان دابنێین. دیارە وڵامێکی دڵخۆشکەرمان وەرگرتەوە“. شۆرا نووسیویەتی کە لە وڵامەکاندا جەختکراوەتەوە ورەی ناڕەزایەتی بەرزە، بەڵام کێشەکەمان نەبوونی ئەمنیەتی پیشەیی و نیگەرانی لە دەرکرانە.
شۆرا لە درێژەدا دەنووسێ:” کێشەی نەبوونی ئەمنیەتی پیشەیی واقعیە. بەڵام بەردەوامی ئەم بارودۆخەی ئێستا بە واتای پاراستنی پیشە نییە. هەموان دەزانین کە ئێعدام و سەرکوتەکان لە خزمەت بە کۆیلەتی زیاتری ئێمە کرێکران دایە و دوکەڵەکەی زیاتر لە هەموان دەچێتە چاوی ئێمە کرێکارانەوە. لەگەڵ ئەوەشدا هەر ئەمڕۆش دەکرێ بە پێکهێنانی سندوقی مانگرتن چارەسەرێکی ئەم گرفتە بکرێت. هەرکامە و بڕێک پارە بخەینە نێو ئەم سندوقەوە تا لە کاتی مانگرتندا ئەگەر پێویست بێت بڕێکی لێ هەزینە بکەین.”
پێکهێنانی سندوقەکانی پشتیوانی لە کرێکارانی تێکۆشەر یەکێک لەو کردارە گرنگانەیە کە دەبێ لە سەرتاسەری وڵاتدا و لە دەرەوەی وڵات بە شێوەیەکی ڕێکخراو و شێلگیرانە کاریان بۆ بکرێت. شۆڕشی ئێستا بەبێ ئامادەبوونی بەهێزی چینی کرێكار دەکرێت بە لاڕێدا ببرێت. مانگرتن و کۆبوونەوەکانی رۆژی ٢٦ ی سەرماوەز دەبێ هەنگاو بە هەنگاو و بە دروشمگەلی وەک” نان، کار، ئازادی” و زیندانی سیاسی دەبێ ئازاد بکرێت” شۆڕشەکە هەنگاوێک بەرەو پێش ببات.