بەشوێن کێشمەکێشی چەند ساڵەی نێوان ڕووحانیی و سپای پاسداراندا لەسەر بهرژهوهندخوازی زیاتر لە ئابووریدا، ڕۆژی دووشەممە ٢ی مانگی گەلاوێژ کۆبوونەوەیەک لە نێوان ڕووحانی و کۆمەڵێک لە فەرماندەکانی سپای پاسداراندا بۆ چارەسەری ناکۆکییەکانیان بەڕێوەچوو. ناڕەزایەتی سپای پاسداران لە دەوڵەتی ڕووحانی دوای ئەوە بە لوتکەی خۆی گەیشت کە دەوڵەت بەدوای واژۆکردنی قەراردادێکی چەور و پڕ هەزینەی ٢٠ ساڵە، ئیمتیازی پەرەپێدانی فازی ١١ی مەیدانی “گازیی پارس”ی جنووبی دایە دەست شیرکەتی توتاڵی فەرانسە.
گۆڤاری ” سوبحی سادق” ئۆرگانی نووسینگهی سیاسیی سپای پاسداران دوای واژۆی ئەم قەراردادە هێرشێکی بەرینی ڕوو بە دەوڵەتی ڕووحانی دەست پێکرد و لە یەکێک لە وتارەکانیدا نووسی، ” ئایا ڕەوایە کە دەوڵەت ئاوڕ لە شیرکەتە نێوخۆییەکان نەداتەوە و هەمیشە نیازمەندی وڵاتانی بێگانە بێت؟ بۆچی کۆمەڵێک قەرادادی بەم ڕادەیە سەرنج ڕاکێش و درێژ ماوە دەدرێت بە بێگانەکان و شیرکەتە نێوخۆییەکانی لێ بێبەش دەکرێت؟” محەممەد عەلی جەعفەری فەرماندەی سپای پاسداران لە چەنە لێدوان سهبارهت به قەراردادە ئابوورییەکان وتی، ” دەوڵەت بە تەعەهودە ماڵییەکانی لەبەرانبەر سپادا عەمەلی نەکردووە. ناکرێت کارە دژوارەکان بە کەمترین قازانجەوە بدرێن بە سپا لە حاڵێکدا هەزاران میلیارد تمەن لە بەرانبەر پرۆژەکاندا بە ئێمە قەرزدارن.”
حەسەن ڕووحانی کە بە باشیی ئاگاداری دۆخی نالهبار و شپرزەی ئابووریی دەوڵەتەکەیەتی، لە سەرەتای هاتنەسەر کاریەوە ئاڕاستەی سازشی لەگەڵ هێزە سەرمایەدارییەکان و دەستەبەر کردنی متمانەیانی بۆ سەرمایەگوزاری کردن لە ئێرانی کردۆتە ئامانجی ستڕاتیژیکی حکومەتەکەی بۆ دەرچوون لە قیران. ملدان بە بارودۆخی قورس و بەرتەسک کەرەوەی دەوڵەتانی پێنج كۆی یهك لە وتووێژە هەستەییەکاندا وەک، دانی هەزینەیەک بۆ هەڵوەشاندنەوەی گهمارۆکان و خۆشکردنی ڕێگای چوونی سەرمایەی دهرهكی بۆ ئێران قەبوڵ کردووە. ڕووحانی لە ڕوون کردنەوەی ئەم ئامانجەیدا وتی کە ” پێویستی دەستەبەر بوونی ئەم ستڕاتیژییە بوونی ئەولەویەتی دیپلۆماسی و وەلانانی سیاسەتی هێرش بەرانە بهرانبهر به ڕۆژئاوا و هەڵکردن لەگەڵ دنیایە. ڕووی قسەی ڕووحانی لەم بارەیەوە سپای پاسداران و باڵی بهناژووخوازی سەربە بەیتی ڕێبەری بوو.
بەڵام ئەم هەزینەیە بۆ ڕاكێشانی ڕەزایەتی سەرمایەداران و دەوڵەتەکان بەس نییە. ناوەندە ماڵیە جیهانییەکان بارودۆخی چوونی سەرمایە بۆ هەر وڵاتێکیان لە بەکردەوە دەرهاتنی درووستی نوسخە ئابوورییە نیئۆ لیبڕاڵییەکاندا دیاری کردووە. كردنه كهرتی تایبهت، ئازادی گەردشی سەرمایە و دخاڵەت نەکردنی دەوڵەت تێیدا، بێکار سازیی و داسەپاندنی ڕیازەتی ئابووریی و بوونی هێزی کاری هەرزان لە زومرەی بەندکانی شەرایەتی هێزە سەرمایەدارییەکانن بۆ هەناردە کردنی سەرمایە بۆ باقی وڵاتان. ڕووحانی عەمەلکەردی سپای پاسداران وەک مافیایەکی گەورە کە ناوەندە کلیدەیەکانی ئابووریی وڵاتی لە ئیختیار دایە، وەک کۆسپێک لەسەر ڕێگای هاتنی سەرمایەی دەرەکی بۆ ئێڕان دەبینێ. حەوزەی ئیختیاراتی ئابووریی، سیاسیی، فەرهەنگی و نیزامی سپای پاسداران ئەوەندە بەرینە کە دەوڵەت توانایی بەرەوڕوو بوونەوەی نییە لەگەڵی. بوارەکانی نەوت و گاز، پێترۆشیمی، پیشەسازی کانەکان و کشتوکاڵ، پێوەندی و فەنناوەری زانیاری، بەندەرەکان و مۆخابهرات چهند گۆشەیهك لە تواناییهكانی مافیایی سپای پاسداران و ناوەندەکانی سەربە بەیتی ڕێبەرین. ڕووحانی پێشتر لەم پێوەندیەدا وتبووی کە تەنیا ” بەشێک لە ئابووریی لە دەست دەوڵەتێکی بێ چەکدا بو کە ئەویشمان دایە دەست دەوڵەتێکی خاوەن چەک. ئەمە نە كردنه كهرتی تایبهته و نە ئابووریی ئازاد.”
لهخۆڕا نییە کە سپای پاسداران وەک هێزێکی بێ ڕکابەری ڕژیمی ئیسلامیی، بۆ دیفاع لە قازانج و بەرژەوەندییەکانی لەگەڵ ستڕاتێژی ئابووریی ڕووحانی و هەوڵەکانی بۆ ڕاکێشانی سەرمایەگوزاری دەرەکی و تەنانەت تەوافوقی هەستەیی بەرجامیش دژایەتی دەکات و ئەو بە هەڕەشە بۆسەر بەرژەوەندییەکانی دەزانێت. بەڵام سپای پاسداران و ناوەندەکانی ڕووحانییەتی لایەنگری کە لە بونبەستی ئابووری ڕژیم ئاگادارن و خۆشیان ڕێگا چارەیەکیان بۆی نییە، بە ڕواڵەت بە تەرحی ڕەخنە گرتن لە سیاسەتە ئابووریی و فەرهەنگییەکانی دەوڵەت ڕیاکارانە باسی بارودۆخی نالهباری ژیانی جەماوەری خەڵکیش دەکەن. بە خۆشییەوە نەفرەت و شناختی جەماوەری خەڵک لە پێشینە و ماهیەتی ئەم هێزە جەنایەتکار و دژی ئینسانییە، بۆتەهۆی ئەوەی کە کەس فرمێسکی درۆینەی پاسدارەکان باوەڕ نەکات.
سازشی نێوان دەوڵەت و سپای پاسداران کە ئامانجەکەی بەناو ” دەستەبەر بوونی ڕێنماییەکانی ڕێبەر و خزمەت کردنی خەڵک” لە ڕێگای وەحدەت و ئینسیجامی نیزامەوە ناو نراوە، هیچ شتێک نییە جگە لە باجی سمێل و سازش لەسەر دابین بوونی بهشی سپای پاسداران لە سفرەی دەوڵەت. ئەگەرچی وردەکاری ئەم سازشە ڕانەگەیەندراوە، بەڵام پایەگای خەبەریی دەوڵەت ڕایگەیاند کە لە دیداری حەسەن ڕووحانی لەگەڵ فەرماندەکانی سپا، ئەو جەختی لەسەر پشتیوانی بە تەواوەتی دەوڵەت لەگهڵ سپای پاسداران کردۆتەوە. ڕووحانی وێڕای وەبیرهێنانەوەی ئەو هەزینە زۆرانەی کە تا ئێستا دەوڵەت بۆ سپا و هێزە سەرکوتگەرەکان سەرفی کردووە، ناڕاستەوخۆ دڵنیایی دایە سپا کە سەهمی ئەوانی لە نەزەردا دەبێت. ئەو وتی ” سپا نابێ لە تەرحە ورد و چکۆلەکاندا دەخاڵەت بکات. نابێ ببێتە ڕهكابهری خەڵک و کەرتی تایبەت. باشتر وایە سپا پرۆژە و تەرحی چکۆلە بۆ کەرتی تایبەت جێبێڵی و ئەو پرۆژە گەورانە وەئەستۆ بگرێت کە کەرتی تایبەت ناتوانێ ئەنجامیان بەدات.
لهڕاستیدا لە گەرماوگەرمی ئەو قەیرانە هەمە لایەنانەدا کە ڕژیم بەرەو ڕوویان بۆتەوە، سەرەڕای بوونی ناکۆکی و ستڕاتێژی جیاوازی باڵەکانی ڕژیم بۆ درێژەدان بە حاکمییەتەکەیان، سەرجەم کاربەدەستانی ڕژیم لە گەندەڵی و دزی و ئیختیلاس و سوئیستیفادە لە سەروەت و سامانی خەڵک و لە پەیڕەو کردنی حاکمییەتی دیکتاتۆڕی جورم و جەنایەتی ئیسلامیدا شەریک و بەشدارن.
بەڵام ئەوان خاڵی هاوبەشی دیکەشیان هەیە. ئەویش وەحشەت و نیگەرانی زۆریانە لە ڕۆژێک کە لە ئاخێزێکی جەماوەری و سەرتاسەری، ڕێکخراو و سازمان دراودا، چینی کرێکار و خەڵکی وەگیان هاتوو بێنە مەیدان و بەساتی ئەم ڕژیمە دژی ئینسانییە تێکبدەن و لەسەر وێرانەکانی حاکمییەتی کرێکاری و جەماوەری خەڵکی ستەم دیتو بنیاد بنێن. نیزامێک کە تێیدا ئاسەوارێک لەم گشتە زوڵم و نایەكسانی، هەژاری و برسێتییە نهبێ، نیزامێک كە شایستەی شکۆی ئینسانی ئەمرۆ بێ.