ڕۆژی یه‌كشه‌ممه ٣ی به‌فرانباری ١٤٠٢، كرێكارانی ته‌واوی به‌شه‌كانی گرووپی میللی فوولادی ئه‌هواز بۆ دووهه‌مین ڕۆژی به‌رده‌وام دژبه له‌سه‌ركارده‌ركردنی كۆمه‌ڵێك له هاوكاره‌كانیان، ده‌ستیان له‌كار كێشاوه و له به‌رده‌م شیركه‌ت تا مه‌یدانی به‌قایی ئه‌هواز ڕێپێوانیان كرد.
به‌پێی ڕاپۆرته‌كان، ڕۆژی ڕابردوو كرێكارانی ته‌واوی به‌شه‌كانی گرووپی میللی فوولادی ئه‌هواز له ناڕه‌زایه‌تی به له‌سه‌ركارده‌ركردنی ٢١ كه‌س له هاوكاره‌كانیان و به‌كرده‌وه‌ده‌رنه‌هاتنی گه‌ڵاڵه‌ی ڕیزبه‌ندی پیشه‌كان، ده‌ستیان له كار كێشایه‌وه و به‌ڕێوه‌به‌ری شیركه‌تیان له ده‌فته‌ره‌كه‌ی كرده ده‌ره‌وه. ڕۆژی یه‌كشه‌ممه له‌گه‌ڵ بڵاوبوونه‌وه‌ی هه‌واڵی بێكاركردنی ١٧ كرێكاری دیكه، كرێكارانی ناڕازی بۆ دووهه‌مین ڕۆژی به‌رده‌وام مانیان گرت و خوازیاری گه‌ڕانه‌وه‌ی هاوكاره‌كانیان بۆ سه‌ر كار بوون. ناڕازیان له به‌رده‌م شیركه‌ت تاكوو مه‌یدانی به‌قایی ئه‌هواز ڕێپێوانیان كرد و دروشمی “هه‌ڕه‌شه و زیندان چیتر كاریگه‌ری نییه”یان به‌رز كرده‌وه. كرێكارانی سه‌نعه‌تی فوولادی ئه‌هواز خوازیاری ئه‌منیه‌تی پیشه‌یی و گه‌ڕانه‌وه‌ی هاوكاره‌كانیان بۆ سه‌ر كار، به‌كرده‌وه‌ده‌رهاتنی گه‌ڵاڵه‌ی ڕیزبه‌ندی پیشه‌كان، هاوسانسازی حه‌قده‌سته‌كانیان له‌گه‌ڵ كرێكارانی فوولاد له شاره‌كانی دیكه‌ی ئێران، دامه‌زراندنی ڕێكخراوه‌ی سه‌ربه‌خۆی كرێكاری و چاكسازی له بواری ژیان و مه‌عیشه‌ت بوون.