هەشتی مارس بوو بە دەرفەتێک، جارێکی تر بە سەدان هەزار ژن سەر شەقامەکان و مەیدانی شارەکان بکەنە شانۆیەکی شکۆدار لە دهنگ ههڵبڕین لەدژی هەڵاواردنی ڕەگەزی، لەدژی پیاوسالاری و لەدژی نیزامی سەرمایەداری. هاوکات گەلێک لە سازمانەکان لە وڵاتانی ئوروپایی، لە ئامریکای شومالی و جنوبی بانگەوازی لە ژنانیان کرد تا جارێکی تریش کۆمەڵگا بههۆی هەڵاواردنی ڕەگەزی و توندوتیژی لەدژی ژنان بخهنه ژێر پرسیار.
لە زۆرێک لە شارەکانی ئیسپانیا ژنان کاتژمێر ١٢ ی نیوەڕۆ، بۆ ماوەی نێو کاتژمێر دەستیان لە کار کێشایەوە. “ئاگوست بیبل” یەکێک لە ڕێبەرانی بەرچاوی بزوتنەوەی کومونیستی ئاڵمان وتبووی “کرێکاران و ژنان خاڵێکی هاوبەشیان هەیە و ئەویش ئەوەیە کە هەردوکیان لەژێر ستەمدان. شکڵ و شێوەی ئەم ستەمە هەرچەند لە جەریانی مێژوودا و لە وڵاتانی جۆراو جۆردا جیاوازی بەخۆیەوە بینیوە بەڵام وەک خۆی ماوەتەوە” هەڵسوڕاوانی سازمانێکی ژنان مانگرتنی یەک مانگەی خۆیان رۆژێک بەر لە هەشتی مارس لە مەیدانی ناوەندی “مادرید” کۆتایی پێهێنا و ڕایانگەیاند کە خەباتەکەیان بەشێوەیهكی تر درێژە پێئەدەن. ئەوان دروشمی ” شەو و شەقام هی ئێمەشە، هیچ دەست درێژیەک بۆسەر ئەم مافەمان بێ وڵام ناهێڵینەوە”یان بە دەستەوە بوو. لە پێتەختی ئوکڕاین ژنان بە دروشمی ” حاشا لە میههن پەرستی، بژی فیمینیزم” دەستیاندایە ڕێپێوان.
ئۆردوغان سەبارەت بە دەستکەوتەکانی دەوڵەتەکەی لە خەبات لەدژی توندوتیژی لەسەر ژنان کۆمەڵێک قسەی زلی کرد و هاوکات هێزە وەحشیە ئەمنیەتیەکانی هێرشیان کردە سەر کۆبوونەوەیەکی ژنان لە زانکۆی “بیلکی” ئیستانبول و هەڵبەت لە ماوەی ساڵی ڕابردودا لە هەرکوێیەک کە حیزبەکەی ئۆردوغان بە لادانی ئۆپۆزسیۆن مقاماتی ئیداری بەدەستەوە گرتوە لە یەکەم هەنگاویدا داخستنی ئەنجومەنەکانی ژنان و دەرکردنیان بووە لە حەوزەی ئابووری. بە بیانوی قانون و بارودۆخی نائاسایی دوای کودتاکە، گەلێک لە سازمانەکانی ژنان بە نایاسایی ڕاگەیەندران و دەفتەرەکانیان داخرا. گەلێک لە هەڵسوڕاوانیان بە زیندانی سی تا نەوەد ساڵ مەحکوم کران.
لە “ئاتێن” بانگەواز بۆ ڕێپێوانی هاوبەشی ژنانی یۆنانی و کۆچبەران کرا. لە “بریزیل” زیاتر لە هەزار و ٥٠٠ ژن لە بەردەم کارخانەیەکی بەرهەمهێنانی مادەی شیمیایی کەشاوەرزیدا دەستیاندایە خۆپیشاندان. لە “بێرلین” بە هەزاران ژن لە بەردەم سفارەتی ئامریکا و دەفتەری ناوەندی حیزبی ڕاسیسیتی “ئاڵترناتیو بۆ ئاڵمان” میتینگی ناڕەزایەتیان بەڕێوەبرد.
لە لەهستان ناڕەزایەتی ژنان لەدژی سیاسەتەکانی هەڵاواردنی ڕەگەزی دەوڵەتی لەهستان لە پێنجی مانگی ماڕسدا لە زیاتر لە ٤٠ شاری ئەم وڵاتە دەستی پێکرد. لەم رۆژەدا تەنیا لە “وەرشۆ” زیاتر لە ٤ هەزار ژن ڕێپێوانیان ئەنجامدا. ئەوان لە یاسا دەوڵەتیە ڕاسیستی و دژه ژنەکانی لەهستان لەوانە سەبارەت بە بەرتەسک کردنەوەی دەست ڕاگەیشتنی ژنان بە ئیمکاناتی بەرگرتن لە دوگیان بوون و مافی لە بەین بردنی کۆرپەلە ناڕازی بوون. لەم روەوە ڕێپێوانەکانی هەشتی مارس لەم وڵاتە لە هەوموان زیاتر ناڕەزایەتی بوو به سیاسەتی دژ به ژن له لایهن دەوڵەتی دەستە ڕاستێوه. ” مافی ژن بەسەر جهستهی خۆدا”، مێحوەری بهرچاوترین دروشمێک بوو کە بەسەر پەرچەمەکانەوە دەبیندرا.
ڕێپێوان، میتینگ و خۆپیشاندان لە شارە جۆراو جۆرەکانی ئامریکا و لە هێندێک لە دامەزراوەکانی بەرهەمهێنان و ئابووریدا بە دروشمی ” رۆژێک بەبێ ژنان” بەڕێوچوو. ناڕەزایەتی لەدژی سیاسەتە ڕاسیستیەکانی “ترامپ” لە هەمان رۆژی ٢١ ی ژانویەدا واتە رۆژی چوونی ترامپ بۆنێو کۆشکی سپی دەستی پێکردبوو. لە هەمان رۆژدا تەنیا لە “واشنگتۆن” زیاتر لە نیوملیۆن کەس لە ڕێپێوانێکدا بەشداریان کرد. بەڵام لەگەڵ ئەوەش ئەم سەرۆک کۆمارەی ئامریکا کە بەرچاو ترین هێمای دەوڵەتی سێكسیزم لە ئامریکایه، بێ شەرمانە چەند ڕستەیەکی لە تویتەکەیدا لە ستایشی رۆڵی ژنان لە کۆمەڵگەدا نووسی.
ئامادەکاری هەشتی مارس لە “ئارژانتین” لە چەند رۆژ پێشترەوە دەستی پێکردبوو. لە جەریانی نووسینی دروشمەکان بەسەر دیوارەکانەوە، ژمارەیک لە هەڵسوڕاوانی بزوتنەوەی ژنان قۆڵبەست کرابوون و ئەمە ئاستی توندوتیژیەک بوو کە لەدژی ژنان بەردەوام توندتر دەبێتەوە. لە کۆتایی حەفتەی یەکەمی مانگی ئۆکتۆبر زیاتر لە ٧٠ هەزار کەس لە پێتەختی “ئارژانتین” داخوازی حەقدەستی یەکسانیان وەک یەکێک لە داخوازیە ناوەندیەکانی خۆیان لە هەشتی مارسدا ڕاگەیاند و وتیان، هەشتی مارس رۆژێ خەباتە، رۆژێکە کە ئێمە شێلگیرانە ئەساسی ترین داخوازییە سیاسیەکانی هەشتی مارس واتە رۆژی ژنانی کرێکار دێنینە پێشيوەی سەحنە.
ئەمانە تەنیا بەشێکی گەلێک کەمی ئەو ڕێپێوانە ملیۆنیەی ژنان بوو لە ٨ ی مارسی ئەمساڵدا. سەرهەڵدانی ڕەوتی “ڕاسیستی و فاشیستی” لە لایەک و هێزە کۆنەپەرستە ئیسلامیەکان لە لایەکی دیکەوە و هێرشێکی کە ئەمانە لەدژی ژنان ڕێکیان خستوە، بابهتی سهرهكی، ناوهرۆكی ڕێپێوانەکان و کۆبونەوەکانی ئەمساڵی ٨ ی مارس بوون. گرتنگترین خاڵی هاوبەشی کۆی ئەم ڕەوتە بهرپهرچدانهوهی هیرش بۆسهر ئەو دەستکەوتانەی ژنان بوو کە لە جەریانی زیاتر لە یەک سەدەی ڕبردودا دەستەبەریان کردوە.
لە کاتێکەوە کە لە ١٩ ی مارسی ١٩١١ بە ملیۆن ژن لە ئامریکا، ئاڵمان، سوئیس، دانمارک، ئوتریش و شوێنەکانی تر بە داخوازی یەکسانی ژن و پیاو و لەدژی میلیتاریزم دەستیاندایە ڕێپێوان تا بە ئەمرۆ مێژوی ئەم خەباتە خاڵی گەلێک ئەرێنی گرنگی تێپهركردووه. سهرههڵدانی کرێکارانی نەساجی لە هەشتی مارسی ١٩١٧ لە ،پترۆگراد، کە لە رۆژەکانی دواییدا بوو بە مانگرتنێکی ٩٠ هەزار کەسی، سەرەتایهک بوو بۆ شۆڕشی فیوریە له رووسییه.
ئەوەی کە ژنان چەند مانگ دواتر بەسەرکەوتنی شۆڕشی ئۆكتۆبر بە دەستیان هێنا هەر چەند لەبیر گەلێک کەس چۆتەوە بەڵام هەروا یەکێک لە لوتکە درەوشاوەکانی خهباتی ژنان بۆ ڕزگاری بوو. “کۆلنتای” یەکێک لە ڕێبەرانی شۆڕشی ئۆکتۆبر نووسی:” ژنی ئازادی ڕاستەقینە دەبێ سەربەخۆ لە نیازە مادیەکانی بە پیاو و ئەرکی دایکایەتیشی لەکۆڵ بێتەوە.” هەرچەند کە زۆرێک لە دەست کەوتەکانی شۆڕشی ئۆکتۆبر سەبارەت بە ڕزگاری ژنان دواتر وەرگیرانەوە بەڵام بەردەوام کۆمەڵێک مرۆڤ ههبوون کە بۆ کۆمەڵگایەک کە ئینسان تێیدا ئازادانە و بەبێ مالیکیەت، ستەم و توندتیژی بژین، خهباتیان کردووە. دەبێ بوترێت ئەم تێکۆشانە هەروا بەردەوامە و تەنیا تایبەت بە رۆژی ٨ ی مارس نییە.