ده‌یان هه‌زار كه‌س له خه‌ڵكی برزیل ڕۆژی یه‌كشه‌ممه ٩ی جۆزه‌ردان، له ناڕه‌زایه‌تی به شێوازی كار و عه‌مه‌لكه‌ردی ده‌وڵه‌ت له ڕووبڕوو بوونه‌وه له‌گه‌ڵ وایرۆسی كۆرۆنا ڕێپێوانێیكی جه‌ماوه‌رییان به‌ڕێوه‌برد.
ڕۆژی یه‌كشه‌ممه بۆ دووهه‌مین ڕۆژی به‌رده‌وام، ده‌یان هه‌زار كه‌س له خه‌ڵكی برزیل له وڵامی بانگه‌وازی ڕێكخراوه چه‌پ و سۆسیالیسته‌كان هه‌روه‌ها بزووتنه‌وه‌ی خوێندكاران له شاری “ڕییۆدۆژانیرۆ” ده‌ستیان دایه كۆبوونه‌وه‌ی ناڕه‌زایه‌تی. به‌شداربووان ڕایانگه‌یاند: ئه‌گه‌ر چی كه‌س له كاتی پاندمی كۆرۆنا نایه‌وێت به‌شداری كۆبوونه‌وه یان ڕێپێوان بێت به‌ڵام هه‌ڵسووكه‌وته‌كانی ده‌وڵه‌تی “بولسۆناڕۆ”هیچ ڕێگه‌چاره‌یه‌كی بۆیان نه‌هێشتووه. ناڕازییان ده‌وڵه‌تیان له ئاست له‌ناو بردنی جه‌نگه‌ڵ و دارستانه‌كانی “ئامازوون”، چوونه‌سه‌ره‌وه‌ی ڕێژه‌ی توندوتیژییه‌كان هه‌روه‌ها په‌ره‌سه‌ندنی مه‌یلی ڕاسیستی و ڕه‌گه‌زپه‌رستانه له برزیل، به تاوانبار زانی. جێی ئاماژه‌یه كه وڵاتی برزیل به پتر له ١٦ ملیۆن و ٤٧١ هه‌زار تووشبووی كۆرۆنا سێهه‌مین وڵات له جیهان به زۆرترین ژماره‌ی تووشبووانه‌وه هه‌روه‌ها ئه‌م وڵاته به تۆماركردنی پتر له ٤٦١ هه‌زار مه‌رگ، دووهه‌مین ولاته له ڕیزبه‌ندی زۆرترین قۆربانیانی كۆرۆنا له نێو وڵاتانی جیهاندا.