کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
بابه‌تی گه‌یشتوو

ڕێوڕەسمی ڕۆژی پێشمەرگەی كۆمەڵە لەسەر گڵكۆی هاوڕێی گیان بەختكردوو سەعید مۆعینی

124

2018-06-27 | ۱۳۹۷-۰۴-۰۶

124

ڕۆژی چوارشەممە ٣٠ی مانگی جۆزەردان، ڕێوڕەسمی ڕێزگرتن لە ڕۆژی پێشمەرگەی كۆمەڵە بە بەشداری كۆمەڵێك لە پێشمەرگەكان و لایەنگرانی كۆمەڵە و ئەندامانی حیزبی كۆمۆنیستی ئێران لە “ماوت” لە هەرێمی كوردستان لەسەر گڵكۆی هاوڕێی گیان بەختكردوو “سەعید مۆعینی” بەڕێوەچوو.

لە سەرەتا لە مەراسمێكی گوڵدانان، تاجە گوڵێك لە لایەن پێشمەرگەكانی كۆمەڵەوە لە سەر گڵكۆی هاوڕێی گیان بەختكردوو سەعید مۆعینی دانرا. دواتر مەراسم بە بڵاو كردنەوەی ڕیزی بەرنامەكان لە لایەن موجری مەراسمەكە “ڕێزان حەمیدی” و بڵاو كردنەوەی سرودی ئەنترناسیۆناڵ و ڕاگەیاندنی یەك دەقیقە بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە هەموو گیانبەختكردووانی ڕیزەكانی هێزی پێشمەرگە و هەموو گیان بەختكردوانی ڕێبازی ئازادی و بەرابەری دەستی پێكرد. بێدەنگیەكە بە كۆپلە شێعرێك شكێندرا. دواتر هاوڕێ “فەرهاد شەعبانی” ئەندامی كۆمیتەی ناوەندی كۆمەڵە بەم بۆنەوە قسە وباسێكی پێشكەش كرد. لە درێژەدا، هاوڕێ “فوئاد زەمانی” ژیان نامەی هاوڕێی گیان بەختكردوو “سەعید مۆعینی” خوێندەوە. مەراسمەكە بە بڵاو كردنەوەی سرودێكی شۆڕشگێڕانە كۆتایی پێهات.

ئەوەی لێرەدا دەیخۆیننەوە دەقی ۆتەكانی هاوڕی فەرهادی شەعبانیە.

ئامادە بوانی بەڕێز!

هاوڕێیانی پێشمەرگە!

٤٠ ساڵ لەمەوپێش، لە بەرەبەیانی ڕۆژی ٣١ی خورداد، لەو شاخانەی ڕووبەڕووی ئەم شوێنە و لە گوندی دری سەر بە شاری ماوت، هاوڕێ سەعید مۆعینی ناسراو بە كاك خانە ئەندامی كۆمەڵە، لە ڕیزی پێشمەرگەكانی یەكێتی نیشتمانی كوردستاندا گیانی بەخت كرد.

كاك خانە، یەكەمین پێشمەرگەی كۆمەڵە و ئەوەڵین گیان بەختكردووی كۆمەڵە لە سەنگەرەكانی خەباتی پێشمەرگانەدا بوو. بەو بۆنەوە ڕۆژی ٣١ی جۆزەردان ڕۆژی گیان بەختكردنی هاوڕێ سەعیدی مۆعینی لە لایەن كۆمەڵەوە بە ڕۆژی پێشمەرگەی كۆمەڵە ڕاگەیەندرا.

لەو كاتەوە تا ئێستا، هەموو ساڵێك، لە ڕۆژی پێشمەرگەی كۆمەڵە، یادی هاوڕێ سەعید مۆعینی و سەرجەم پێشمەرگە گیان بەختكردوەكانی سەنگەرەكانی خەباتی پێشمەرگانە و گیان بەختكردوانی نێو ڕیزەكانی كۆمەڵە و حیزبی كۆمۆنیستی ئێران ڕێز لێ دەگرین و لە فیداكاری و جەسارەت و لە خۆی بردووی پێشمەرگەی كۆمەڵە كە لە ٤٠ ساڵی ڕابردوودا لە مەیدانی خەباتی شۆڕشگێڕانەدا سیمایەكی نوێ و گەلێك سونەت و ڕێگا و ڕەوشتی لە خۆ بردووی نوێیان لە خەباتی پێشمەرگایەتی لە كوردستان كرد بە فەرهەنگ، ڕێز ئەگرین.

ئەمساڵیش لە هەل و مەرجێكی تایبەتدا ڕێز لە ڕۆژی پێشمەرگەی كۆمەڵە ئەگرین و لەم هەل و مەرجە تایبەتەدا ئەركەكانی خۆمان وەكوو هێزی پێشمەرگەی كۆمەڵە و باسكی چەكداری ڕێكخراوێكی كۆمۆنیستی وەبیر دێننەوە.

هاوڕێیان!

بارودۆخی ناوچەكە و ئێران لە بەردەم گۆڕانكاری دایە و كوردستان ناتوانێت لە ژێر كاریگەری ئەم گۆڕانكاریەدا نەبێت. بۆیە بەر لە هەموو شتێك ئەبێ فاكتۆرەكانی ئەم گۆڕانكاریە بناسین و بەو پێیە خۆمان بۆ بەرەوڕوو بوونەوە لەگەڵ هەر چەشنە ئاڵوگۆڕێك ئامادە بكەین.

حەقیقەت ئەوەیە كە كۆماری ئیسلامی دەمێكە لەگەڵ دوو كێشەی گرینكی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی بەرەوڕوو بووەتەوە.

تا ئەو جێگایەی كە بە كێشە ناوخۆییەكان هەڵ ئەگەڕێتەوە، ئەم ڕژیمە نە تەنیا هیچ وڵامێكی بۆ داخوازییەكانی خەڵكی كرێكار و زەحمەتكێش نییە بەڵكوو ڕۆژ لەگەڵ ڕۆژ بارودۆخی ژیانی كرێكاران و خەڵكی زەحمەتكێش لە ئێران خراپتر و دژوارتر دەبێت. زۆرجار و لە بۆنە جۆراوجۆرەكاندا باسی بوارەكانی ڕوو لە خراپتر بوونی ژیانی خەڵكمان كردوە و كار بە جێگایەك گەیشتووە كە ئیتر خەڵكی كرێكار و باقی توێژە هەژارەكانی كۆمەڵگەی ئێران و لە پێشەوەی هەموویان گەنجانی هیوادار بە دوا ڕۆژ، تەحەمولی ئەم وەزعەیان نەماوە و ئێمە هەر ڕۆژە شاهیدی دەربڕینی ناڕەزایەتیی كرێكاران و خەڵكی ناڕازیی و وەگیان هاتووە لە سەرتاسەری ئێرانین. ناڕەزایەتیی كرێكاران لە دژی داخستنی كارخانەكان و دەركردنیان، لە دژی بێكاری و بێ دەرەتانی ئابووری، لە دژی نەدرانی حقوقی مانگانەیان، لە دژی نەدرانی سەهمی بیمەكانیان لەلایەن خاوەنكارەكانەوە و لە دژی گرتن و زیندانی كردنی هاوكارەكانیان، ڕۆژانەیە و كۆتایی نایەت.

ئێمە شاهیدی دەربڕینی ناڕەزایەتیی ژنانین لە دژی بێ مافی و هەڵاواردن، بێكاری و هەژاری و نەبوونی هیچ چەشنە ئازادیەكین. ئێمە شاهیدی ناڕەزایەتیی گشتی خەڵكی ئێران لە دژی كۆماری ئیسلامین كە لە هەر فورسەتێك بۆ دەربڕینی نەفرەت و بێزاری خۆیان لە دژی ئەم نیزامە كەڵك وەر ئەگرن تا ڕادەیەك كە داخوازی ڕووخاندنی ئەم ڕژیمە بۆتە خواستێكی جەماوەری و ترسی خەڵك لە دەستگای سەركوتی ئەم ڕژیمە شكاوە و ڕژاوە. تەنانەت فوتباڵ دەبێتە بیانویەك بۆ هاتنە سەر شەقامی خەڵك تا لە دژی ئەم ڕژیمە دروشم بدەن و بیكەن بە فورسەتێك بۆ دەربڕینی شادی و خۆشی.

تا ئەو جێگایەی كە بە كۆماری ئیسلامی هەڵ ئەگەڕێتەوە، ‌ ئەم ڕژیمە توانای ئەنجامی ڕێفۆرمی بۆ باشتر كردنی ژیانی خەڵك نییه و بە جێگای ئەمە كۆماری ئیسلامی سێ ڕێگای بۆ دەرباز بوون لەم قەیرانە و مانەوەی خۆی گرتووەتە بەر:

یەكەم، كۆماری ئیسلامی بە پڕۆپاگەندە و ڕوزە خوێندنی خامنەیی و باقی مەلا فریوكارەكان ئەیهەوێت جارێكی تر باری ئەم قەیرانە قوڵە ئابورییەی خۆی لەسەر شانی خەڵكی ئێران بە عام و كرێكاران و توێژی هەژار بە تایبەت دابشكێنێ، ئەوەی كە لە قسەكانی ڕۆژی جەژنی ڕەمەزانی خامنەیی دا بیستمان كە بە قەوڵی ئەو “دوژمن شەڕی ئابوری دەست پێ كردووە و خەڵك دەبێ خۆیان ئامادەی ئەوە شەڕە بكەن”، لە حاڵێكدا ئەمریكا لە بەرجام چووەتە دەرێ و ١٢ مەرجی تازەی بۆ كۆماری ئیسلامی داناوە تەحریمەكان سەرلەنوێ ئەگەڕێنەوە، هیچ مانایەكی نییە جگە لە خالی تر كردنی سفرە و گیرفانی خەڵك و بە گروگان گرتنی قوەتی خەڵكی هەژار نییە. ئەمە لە حاڵێكدایە كە خەڵكی وەتەنگ هاتووی ئێران پێش چوونەدەرەوەی ئەمریكا لە بەرجام بۆ نان و ئازادی هاتنە سەر شەقام و ئەو خەبات و دروشمە هەروا بەردەوامە و هیچ جێگایەك بۆ قەبوڵی ڕیازەتی ئابووری لە لایەن خەڵكەوە نەماوە.

دووهەم: كۆماری ئیسلامی سەرەڕای هەڕەشە و گوڕەشەی پێتاندنی ئۆرانیۆم و بەڕێوەبردنی دیپلۆماسییەكی سەقەت بۆ ڕاگرتنی بەرجامێكی ئۆروپایی، و هەڕەشە لە ئیسرائیل بۆ خۆیشی دەزانێ كە ئۆروپا ناتوانێ و نایەوێت لە بەرانبەر فشارەكانی ئەمریكاوە بۆ دیفاع لە كۆماری ئیسلامیەك كە بۆ خۆی ڕەخنەی توندی لە هەڵسووكەوتە ناوچەییەكەی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەیە بوەستێتەوە. لە لایەكی دیكەووە هەموو فاكتۆرەكان و كردەوە و وتاری سەرانی كۆماری ئیسلامی پێمان دەڵێت كە كۆماری ئیسلامی خەریكی خۆ ئامادە كردنە بۆ سەر دانەواندنێكی تر لە بەرانبەر وڵاتانی ڕۆژئاوایی و چوونە پای بەرجامێكی تر بە قەبوڵی ١٢ مەرجەكەی ئەمریكایە. بەڵام بە ئەو مەرجەی كە مانەوەی گرانتی بكرێت. تەنانەت باس لە ئێحتماڵی وتووێژی ڕاستەوخۆی ئێران و ئەمریكا دەكرێت.

وە سێهەم: كۆماری ئیسلامی لە حاڵێكدا هیچ چەشنە شەرعیەتێكی لای خەڵكی ئێران نەماوە بۆ مانەوەی خۆی پشتی بە هێزی سەركوت بۆ دامركاندنەوەی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەكان بەستووە. بە دەربڕینی هەر ناڕەزایەتییەك ژمارەیەك لە هەڵسووڕاوانی كرێكاری و مەدەنی دەستگیر و زیندانی ئەكات.

بەڵام پرسیار ئەوەیە ئایاڕ ڕژیم دەتوانێ بە ڕەچاو كردنی ئەم سێ ڕێگا حەلە مانەوەی خۆی لە دەسەڵات زەمانەت بكات و درێژە بە عومری خۆی بدات؟

هەموو فاكتەكان پێمان دەڵێن نە. كۆماری ئیسلامی ناتوانێ لەم قەیرانە دەرباز بێت بەڵام ئەمیش بێ مەرج نییە.

گۆڕانكاری بنەڕەتی لە كۆمەڵگەی ئێراندا لە گرەوەی خۆڕێكخستنی چینی كرێكار و پێوەند خواردنی بزووتنەوەی چەپ و كۆمۆنیستی لەگەڵ بزووتنەوەی كرێكاری و ئاوەدان كردنەوە و ڕێكخستنەوەی نێو ماڵی هێزی چەپ و كۆمۆنیست لە ئێرانە كە زۆر جار و لە فرسەتەكانی تردا وردەكاریەكانیمان باس كردووە.

وتمان ئەم گۆڕانكاریانە ناتوانێ كوردستان و بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی خەڵكی كوردستان نەگرێتەوە.

تا ئەو جێگایەی كە بە كوردستان بگەڕێتەوە ئێمە لە ٤٠ ساڵی ڕابردوودا شاهیدی بەڕێوەبردنی سیاسەتێكی دوژمنكارانە و داگیر كارانە لە لایەن كۆماری ئیسلامیەوە لە كوردستان بووین. كوردستان زیاتر لە شوێنەكانی تری ئێران ملیتاریزەیە. سیاسەتی ڕەسمی كۆماری ئیسلامی بەڕێوەبردنی ستراتیژیكە لە ژێر ناوی پاراستنی ئەمنیەتی پایەدار كە سێ قەرارگای سپای پاسداران لە پاراێزگاكانی ئیلام و كرماشان، كوردستان و ئازەربایجانی غەربی كار بۆ داسەپاندنی ئەم ستراتیژە ئەكەن و ئەڵبەت تێیدا سەركەوتوو نەبوون.

لە باری ئابووریەوە كوردستان هیچ چەشنە پێشكەوتنێكی بە پێی ژمارەی نفوز و لە چاو باقی بەشەكانی تری ئێران بە خۆیەوە نەدیوە و پاش هەر بە ناو هەڵبژاردنێك و گۆڕانی ڕواڵەتەكان جارێكی تر پڕۆپاگەندەی گەشەی ئابووری لە كوردستان دەست پێدەكاتەوه، ئەمە لە حاڵێكدایە لە هەموو بوارەكانی ئابووری، كۆمەڵایەتی، سیاسی و نیزامی لە كوردستان ئەوە سپای پاسدارانە قسەی ئاخر دەكات. تالان كردنی هێزی كار و مەنابعی ئاو و تەبیعەتی كوردستان سیاسەتی ئەسڵیە. بێكاری و هەژاری لە كوردستان زیاتر لە هەموو پارێزگاكانی تری ئێرانە.

لە بار كۆمەڵایەتیی و فەرهەنگیەوە، پڕۆژە فەرهەنگییەكانی سپای پاسداران وەكوو كردنەوەی مەزگەوت و تكیە و ئیمامزادە و فراوان كردنی دەسەڵاتی ئیرشاد و ناوەندی گەورەی ئیسلامی غەرب و باقی شوێنە كۆنەپەرەستانەكان و ستادی ئەمری بە مەعروف و نەهی لە مونەكر لە كوردستان زۆرترین پارەیان بۆ سەرف دەكرێت، لە كاتێكدا بەشێك له منداڵان و جەوانان لە كوردستان لە مەدرەسە و خوێندن و كار كردن بێ بەش كراوان. بەڵام لە هەمان حاڵدا مزگەوتەكان خاڵین، ئیمام زادەكان بێ بایەخن، ناوەندە بە ناو كولتوریەكانی شوێنی بڵاو كردنەوەی سەمی كۆنەپەرەستی ڕژیم بایكوت كراون و ژنان و كچان لە بەرانبەر زەخت و زۆری گەشتی ئیرشاد و مەئمورانی نەهی لە مونكەر زۆرترین مۆقاومەت و خۆڕاگری ئەكەن و ڕژیم بەم خۆڕاگریە ئێعتراف ئەكات.

لە حەوزەی سیاسەتدا ڕێگا بە هیچ دەنگێكی ناڕازیی نادرێت. هیچ ڕێكخراوێكی سەربەخۆی كرێكاری و ڕێكخراوێكی مەدەنی تەحەمول ناكرێت.

بەڵام سەرەڕای هەموو ئەم بەربەستانە خەڵكی كوردستان سەریان بۆ سیاسەتەكانی كۆماری ئیسلامی دانەنەواندووە و خەباتی سیاسی و خۆڕاگری بەردەوامە و كۆماری ئیسلامی بە هۆكاری هەموو ڕەنج و ئازارەكانی خۆیان دەزانن و لە هەموو شێوازێكی خەبات بۆ بەرەوڕوو بوونەوەی ئەم ڕژیمە لەوانە خەباتی پێشمەرگانە كەڵك وەر ئەگرن.

تا ئێستا خەڵكی كوردستان لە سەر ئەو بڕیارەیەن‌ كە بۆ ڕزگار بوون لە ستەم و هەڵاواردنی كۆماری ئیسلامی و كۆتایی هێنان بە داگیر كاری ئەم ڕژیمە دەبێت خەباتی خۆیان بە خەباتی كرێكاران و باقی بەشەكانی كۆمەڵگا لە سەرتاسەری ئێراندا گرێ بداتەوە. ئامادە بوون بۆ پەیوەست بوون بە ئاخێزی جەماوەری دەی مانگی ساڵی ڕابردوو لە نیشانەكانی بە هێزی ئەم ڕاستیەیە. ئێمە وەك هێزی پێشمەرگەی كۆمەڵە لەم هەل و مەرجە تایبەتەدا بۆ هەر سناریۆیەك دەبێ ئامادە بین.

ئامادەیی ئێمە دەمێكە دەستی پێكردووە و ئەبێ هەنگاو بە هەنگاو لی بچینە پێش.

ئەركی ئێستامان، ئەركمان لە كاتی گەشە سەندنی خەباتی جەماوەری و ئەركمان لە كاتی هەڵمەت بردن بۆ سەركەوتن و هەڵبەت ئەركمان پاش سەركەوتن و نەمانی كۆماری ئیسلامیدا

ئەركمان لە سناریۆی دەست بردنی خەڵكی ئێران بۆ شۆڕش و ئینقلاب و ئەركمان لە سناریۆیەكی وەهادا كە ئەگەر شۆڕش و ئینقلاب لە ئێران ڕووی نەدا و بۆ نمونە قەیرانی سیاسی قووڵ بێتەوە، بە بێ ئەوەی دەورەیەكی شۆڕشگێڕانە بێتە ئاراوە، و لە هەمووی ئەم حاڵەتانەدا ئەركی ئێمە دەبێ دیار كراو و ڕوون بێت.

بەڵام لە هەر كام لەم حاڵەتانەدا، ئەركی سەرەكی ئێمە خۆ ئامادە كردن، بردنە سەری ڕادەی ئامادەگی و خۆ بەهێزكردنە بۆ بەرەوڕوو بوونەوە لە بەرانبەر هەر ڕووداوێكدایە، بۆیە ئه وه هێزە كە جێگا و شوێنی ئێمە دیاری دەكات و دەبێ خەباتی چەكداری جەماوەری بكەینەوە. ئێمە هەر لە ئێستاوە دەبێ بە ڕاشكاوی داوا لە جەوانانی شۆڕشگێڕ و ئامانج خوازلە كوردستان بكەین كە بە فراوانی بە هێزی پێشمەرگەی كۆمەڵەوە پەیوەست بن و خەباتی خۆیان بە خەباتی هێزێكی چەپ و كۆمۆنیستەوە گرێ بدەن. جا بۆیە من لە دوایین بەشی قسەكانم دا و لە ڕۆژی پێشمەرگەی كۆمەڵە و لەسەر گڵكۆی یەكەمین پێشمەرگەی كۆمەڵە بانگەوازی كچان و كوڕانی شۆڕشگێڕ لە كوردستان ئەكەم كە بە ڕیزی پێشمەرگەكانی كۆمەڵەوە پەیوەست بن و جێگای خاڵكی گیان بەختكردوانی ئەم ڕێبازە سوسیالیستی و پڕ لە مرۆڤایەتییە پڕ بكەنەوە.

بە ڕیزی پێشمەرگەكانی كۆمەڵەوە پەیوەست بن و ببن بە جێگای هیوا و ئۆمێد و متمانەی خەباتی خەڵكی كرێكار و زەحمەتكێش لە كوردستان و ئەم شانازییە بۆ خۆیان دەستەبەر بكەن.

جارێكی تر ڕۆژی پێشمەرگەی كۆمەڵە لە ئێوه و له گشت هوگرانی بزوتنه وه ی شورشگیرانه كوردستان و بنەماڵەی گیانبەختكردووانی ئەم ڕێبازە‌ پیرۆزبایی ئەكەم و یادی ئازیزی یەكەمین پێشمەرگەی كۆمەڵە هاوڕێ سەعید مۆعینی و هەموو گیان بەختكردوانی ڕێگای ئازادی و سوسیالیزم ڕێز لە ئەگرم.

هەر بژین.