له ماوه‌ی چه‌ند حه‌وتووی ڕابردوودا باس له‌سه‌ر موهه‌ندسی كردنی ڕه‌وتی ده‌نگدان بۆ سه‌رۆك كۆماری له ئێران گه‌رم بووه و پێشبینی ده‌كرێ كه تا چه‌ند حه‌وتووی دیكه‌ش هه‌روا گه‌رم ڕابگیرێت. پاش “سڕینه‌وه”ی كاندیده كه‌متر خۆمانهكان له لایه‌ن شۆرای نیگه‌هبان و به‌یتی ڕێبه‌ڕی، گه‌لێك باس و خواس سه‌رله‌نوێ له پێوه‌ند له‌گه‌ڵ كاركردی باڵه‌كانی ناو ده‌سه‌ڵات هاتووه‌ته گۆڕێ. بێگومان ناوه‌ندی بڕیاردانی ڕژیمی ئیسلامی (واته سپای پاسداران و خامنه‌یی)، له ماوه‌ی دوو ده‌یه‌ی ڕابردوودا له ڕه‌وتی ناسراو به ڕێفۆرمخواز هه‌روه‌ك سوپاپی دڵنیایی له پێناو هومێدوار هێشتنه‌وه‌ی جه‌ماوه‌ر به ئاڵوگۆڕ له چوارچێوه‌ی كۆماری ئیسلامی‌دا كه‌ڵكی وه‌گرتووه. به‌ڵام كایه‌ی كۆنی دوو جه‌مسه‌ر ساز كردن و شهڕهباڵی نێوان خراپ و خراپتر بۆ خه‌ڵك كۆتایی پێهاتووه و له پڕۆسهیهكدا ده‌سه‌ڵاتی سیاسی و ئابووری له ئێران، كه‌م و زۆر یه‌كده‌ست بووه‌ته‌وه. باڵی ده‌سه‌ڵاتدار له ڕێگه‌ی به‌ده‌سته‌وه گرتنی پتر له ٦٠ له‌سه‌دی ئابووری و سامانی گشتی و یه‌كده‌ست كردنی مه‌جلیسی ئیسلامی و ده‌زگای قه‌زایی، به‌ره‌و ته‌كمیل كردنی ئه‌م پڕۆسه‌یه هه‌نگاو هه‌ڵده‌گرن. به‌ڵام ئه‌م پڕۆسه‌یه هاوكات ژیانی زۆربه‌ی خه‌ڵكی ئێرانیشی به فه‌لاكه‌ت كێشاوه. ژینگه له‌ناو چووه و ده‌یان ئازاری كۆمه‌ڵایه‌تیی كاره‌ساتبار به‌رۆكی ئه‌م كۆمه‌ڵگایه‌ی گرتووه. ئه‌م باروودۆخه كۆمه‌ڵگای خستووه‌ته به‌رده‌م ته‌قینه‌وه‌یه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تی. له وه‌ها باروودۆخێكدا ناوه‌ندی ده‌سه‌ڵات به‌نیازه توانای بڕیاردان و كاردانه‌وه‌ی خێرای خۆی بۆ ڕووبه‌ڕوو بوونه‌وه له‌گه‌ڵ ئاخێز و ناڕه‌زایه‌تییه جه‌ماوه‌رییه‌كان و باقیی ئه‌گه‌ره‌كانی داهاتوو به‌رێته سه‌رێ.
به‌ڵام تا ئه‌و جێگایه‌ی كه په‌یوه‌ندیی به ڕێفۆرمخوازانی حكوومه‌تییه‌وه هه‌یه، پێویسته ئه‌وه له‌به‌رچاو بگیرێت كه ئه‌وان له هه‌مان حاڵ‌دا كه تا ڕاده‌یه‌ك له‌ژێر گوشاری ده‌وڵه‌تی ڕه‌سمی دان، پۆتانسیه‌له‌كانی خۆیان بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه له‌گه‌ڵ شۆڕش و پاراستنی كۆماری ئیسلامی ده‌ناسن. ئه‌وان سه‌رچاوه‌ی ئابووریی به‌رین و تۆڕێكیان له بوروكرات و تێكنۆكراتهكان له پشته. ئه‌وان له هه‌مان حاڵ‌دا گۆشه نیگایهكیشیان به پشتیوانیی دواڕۆژی ده‌وڵه‌تانی ڕۆژئاواوه هه‌یه. ئه‌وان وێڕای هیواداربوون به وه‌گه‌ڕخستنی پۆتانسیهلهكانیان، هه‌رچی له توانایان دا بێت له‌پێناو پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندی خۆیان و ڕێگری له گه‌شه و پێگه‌یشتنی شۆڕشی ئێران به‌كاری دێنن.
له ناوه‌نده‌كانی هه‌واڵنێریی له ناوه‌وه و ده‌ره‌وه، وا نیشان ده‌درێ كه گۆیا شه‌ڕی ڕێفۆرمخوازانی حكوومه‌تی له‌گه‌ڵ ناوه‌ندی ده‌سه‌ڵات، له‌سه‌ر كرانه‌وه‌ی كه‌ش و هه‌وای سیاسیی ئێرانه. به‌ڵام ئه‌م ئیدعایه ڕاست نییه. پرسیار ئه‌وه‌یه ئه‌م باڵه كه كاندیده‌كانی له لایه‌ن شۆرای نیگه‌هبانه‌وه ڕه‌تی سه‌ڵاحییه‌ت كراون، بۆچی هه‌ڵبژاردنه‌كان بایكۆت ناكه‌ن، بۆچی به‌یانییه‌یه‌كی توند دژبه‌م یه‌كلاكردنه‌وه‌یه ناده‌نه ده‌رێ.
ڕه‌وتی بناژۆخواز تا ڕاده‌یه‌كی زۆر ته‌كلیفی بۆ خه‌ڵك ڕوونه. به ئاسانی ده‌كرێ بڵێین كه ئه‌وان كۆمه‌ڵێك بكوژی پیشه‌یین كه ده‌سه‌ڵات و سه‌روه‌ت هه‌موو جهنایهتێكیان بۆ پاساو ده‌كات و له ڕێگه‌ی سه‌ركوتی ڕاسته‌وخۆ و ناڕاسته‌وخۆ به چنگ و ددان له مانه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌كه‌یان دیفاع ده‌كه‌ن. به‌ڵام ڕێفۆرمخوازانی حكوومه‌تی له ماوه‌ی دوو ده‌یه‌ی ڕابردوودا توانیویانه به موهه‌ندسی كردنی به‌شێكی به‌رین له بیروڕای خه‌ڵك، جه‌ماوه‌ری ناڕازی له هه‌وڵ دان بۆ كرده‌وه‌ی ڕادیكاڵ پاشگه‌ز بكه‌ن. له لایه‌كه‌وه به پێداگری له‌سه‌ر ئه‌م بۆچوونه كه گۆیا به هه‌ڵبژاردن ده‌كرێ له چوارچێوه‌ی ئه‌م ڕژیمه‌دا باردووخێكی باشتر ده‌سته‌به‌ر بێت و له‌لایه‌كی دیكه‌شه‌وه به ترساندنی خه‌ڵك له سووریه‌یی بوونی ئێران، له‌سه‌ر ڕێگای پێكهاتنی ئاڵوگۆڕی شۆڕشگێڕانه له ئێران ئاسته‌نگییان ناوه‌ته‌وه.
به‌ڵام بۆچی ڕێفۆرمخوازانی حكوومه‌تی له قه‌باڵ ڕه‌تی سه‌ڵاحییه‌تی كاندیده‌كانیان بێده‌نگن و ئه‌م شانۆیه بایكۆت ناكه‌ن، پێویسته له وڵامدا بوترێ: به‌ر له هه‌موو شتێك له‌م نیزامه كۆنه‌په‌رست و دیكتاتۆریهدا ده‌ستڕاگه‌یشتن به سه‌رچاوه‌ی ده‌سه‌ڵات، به‌مانای ئیمكانی تاڵان كردنی زیاتر و وه‌ده‌ستهێنانی قازانجی زۆرتره. با سه‌ره‌نج بده‌ینه سه‌روه‌ت و سامانی بنه‌ماڵه‌ی ڕه‌فسه‌نجانی و نزیكانی “ڕێفۆرمخوازیان”. یه‌كێك له كاندیده‌كانی باڵی ڕێفۆرمخوازی حكوومه‌تی “موحسێن هاشمی ڕه‌فسه‌نجانی”یه. ئه‌و سه‌رۆكی شۆرای شاری تارانه. حه‌وتووی ڕابردوو ئه‌ندامێكی پێشووی شۆرای شاری تاران ڕایگه‌یاند كه گه‌ردشی ماڵیی ڕۆژانه‌ی مافیای زبڵ له شاری تاران نزیك ٢٠ ملیارد تمه‌نه. به‌وته‌ی ئه‌م ئه‌ندامه‌ی پێشووی شۆرای شاری تاران ڕۆژانه ٢٠ ملیارد تمه‌ن، مابهتهفاوهت یان به واتایه‌كی درووست تر ڕانتێكه كه له مافیای زبڵ له نێوان كه‌سه‌كاندا ده‌ست به‌ده‌ستی پێده‌كرێ. ئه‌م یه‌ك نموونه ڕانته بێبایهخهی زبڵ له‌گه‌ڵ حه‌قده‌ستی مانگانه ٣ ملیۆن تمه‌نی كرێكارێك هه‌ڵسه‌نگێنن. له‌م بواره‌دا هه‌موو سه‌رانی ڕژیم به بناژۆخواز و ڕێفۆرمخوازهوه له‌م جۆره ڕانتانه به‌هره‌مه‌ندن. ڕێفۆرمخوازانی حكوومه‌تی به‌هیچ شێوه‌یه‌ك نایانهه‌وێ نێوانیان له‌گه‌ڵ ناوه‌ندی سه‌ره‌كیی ده‌سه‌ڵات به‌جۆرێك بشێوێ كه ده‌ستیان چیتر به‌م سه‌رچاوانه‌ی ده‌سه‌ڵات و سه‌روه‌ت ڕانه‌گات. ئه‌وان به حیسابگهریی زاتیی خۆیان بۆیان ده‌ركه‌وتووه كه له‌م پێگه‌یه‌شدا ده‌توانن به‌شێك له مه‌یلی سیاسی و به‌رژه‌وه‌ندی ئابووریی خۆیان دابین بكه‌ن. كه‌وابوو له ڕوانگه‌ی ئه‌وانه‌وه بایكۆت كردنی هه‌ڵبژاردنه‌كان حه‌ره‌كه‌تێكی توندڕوانه و زێده‌ڕۆییه.
به‌ڵام ئه‌گه‌ر كۆمه‌ڵگای ئێران بكه‌وێته قۆناغێكی شۆڕشگێڕانه‌وه ئه‌وكات ته‌كلیفی هه‌ر دوو لا ڕوون ده‌بێته‌وه. حه‌ره‌كه‌تی شۆڕش له هه‌نگاوی یه‌كه‌مدا له ڕێفۆرمخوازانێك كه هه‌وڵ ده‌ده‌ن ڕژیمی كۆماری ئیسلامی له ژێر تیخی ڕه‌خنه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی بێننه ده‌رێ، تێده‌په‌ڕێ. ئه‌گه‌ر باڵی بناژۆخواز له ماوه‌ی دوو ده‌یه‌ی ڕابردوودا وه‌ك سوپاپی دڵنیایی، ئیزنی چالاكیی به باڵی ڕێفۆرمخواز داوه، ئه‌مڕۆش بۆیان ده‌ركه‌وتووه كه هێستاش ته‌مه‌نی به‌كه‌ڵكیان له خزمه‌ت مانه‌وه‌ی ڕژیمدا كۆتایی پێنه‌هاتووه. وێده‌چێ ژووره‌كانی فیكری ڕژیم پاش ئاخێزه جه‌ماوه‌رییه‌كانی مانگی به‌فرانباری ٩٦ و خه‌زه‌ڵوه‌ری ٩٨ بیریان له به‌كارهێنانی ئه‌م باڵه بهشێوازێكیتر كردبێته‌وه. ئه‌گه‌ر خه‌ڵك له فریوكاریی دوولایه‌نه‌ی ڕابردوو له‌ژێرناوی دوو باڵی خراپ و خراپتر گه‌یشتوون، ئه‌مڕۆ ده‌سه‌ڵاتدارانی ڕژیم به‌نیازن له‌م باڵه وه‌ك ئۆپۆزیسیۆن كه‌ڵك وه‌ربگرن. ئۆپۆزیسیۆنێك كه سنووره‌كانی خۆی و ده‌سه‌ڵات باش ده‌ناسێت و له ڕۆڵی ئۆپۆزیسیۆنی كه‌م مه‌ترسیدا ده‌رده‌كه‌وێت.