کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

ڕێبازێکی کە کۆمەڵە بە سەربەرزییەوە تا سەرکەوتن درێژەی پێدەدات

2 300x243 1

سبەینێ پێنجشەممە ٢٦ی ڕێبەندان ڕۆژی کۆمەڵەیە. هاتنی ئەم ڕۆژە لە هەموو هاوڕێیانی حیزبی و لە هەموو ئەو کەسانە پیرۆزبایی دەکەین کە دڵیان لە گرەوی ئامانج و ئارمانەکانی کۆمەڵە دایە. یاد و بیرەوەرییەکانی کۆمەڵە بەرز ڕادەگرین و سڵاو و دروود دەنێرین بۆ بنەماڵە سەربەرز و خۆڕاگرەکانیان.

کۆمەڵە، کە لە ئێستادا ٤٥مین ساڵی دەستپێکی چالاکیی ئاشکرای جێژن دەگرین، ٥٤ ساڵ لەمەوبەر لە پاییزی ساڵی ١٣٤٨ لە جەرگەی باروودۆخی کۆمەڵایەتیی گۆڕاوی کۆمەڵگای ئێراندا، لە لایەن ژمارەیەک خەباتکاری شۆڕشگێڕەوە کە زۆربەیان لە زانکۆکانی ئێران دەیانخوێند دامەزرا. کۆمەڵە لە باروودۆخێکدا پێکهات کە داڕمانی نیزامی فێئۆدالی و زاڵبوونی نیزامی سەرمایەدری لە ماوەی دە ساڵدا پێکهاتەی کۆمەڵایەتیی شار و گوندەکانی ئێرانی بەخێرایی گۆڕیبوو. ئەو ملیۆنان ڕەنجدەرەی کە سەهمێکیان لە ئیسلاحاتی ئەرزیی شا نەبردبوو، لەگەڵ ملیۆنان جووتیاری هەژار کە توانایی دانەوەی قیستی ئەو زەوییانەیان نەبوو کە دەبوو بیدەنە ئەربابانی پێشووتر، ڕوویانکردە شارەکان و بە هیوای دیتنەوەی کار و بەهرەمەندبوون لە ئیمکاناتی شاری، لە پەراویزی شارەکان، لە “حەڵەبی ئاوا و مەجبوورئاواکاندا” نیشتەجێ بوون. بەمجۆرە ئەوان بوونە هێزی کاری هەرزانی بۆنگاکانی سەرمایەداریی نوێ. پەرەسەندنی ئەم چینە کۆمەڵایەتییە و چڕبوونەوەی لە شارەکاندا، سیمای سیاسیی کۆمەڵگاشی گۆڕی. هەموو پرسە کۆمەڵایەتییەکان کەوتبوونە ژێر کاریگەریی ئەم ئاڵوگۆڕەوە. ناتەبایی نوێ سەریان هەڵدا. خەڵکی هەژار لە پەراوێزی شارەکان، خوازیاری سەرپەنای گونجاو و خزمەتگوزاریی سەرەتایی شاری بوون، کێشمەکێشی کرێکاران لە کارگەکان، کارخانەکان و ناوەندەکانی کار لەگەڵ خاوەنانی دەسەڵات و سەروەت، لەسەر سەرەتاییترین مافەکانیان، لەسەر بەهرەمەندبوون لە ئیمکاناتی ژیانێکی شیاوی ئینسان، بە بەرینایی هەموو ئێران لە ئارادابوو. وەها باروودۆخێک پێویستی بە وڵامێکی شایستە بوو.

هەستە سەرەتاییەکانی کۆمەڵە پێکهاتوو لە ڕووناکبیرانی شۆڕشگێڕ کە سۆسیالیزمی زانستی و ئاگایی مارکسیستییان کردبووە ڕێنمای چالاکییەکانی خۆیان و لەگەڵ خەباتی کرێکاران و زەحمەتکێشان هاودڵییان هەبوو، هەوڵیاندا تا بە ڕێکخراوبوون لەناو ڕێکخراوێکی سیاسیدا، بەپێی توانایی خۆیان وڵام بە پێداویستییەکانی خەباتی ئەو قۆناغە بدەنەوە. هەڵوێست گرتنی هەڵسووڕاوانی کۆمەڵە هەر لە سەرەتاوە گرێدراوی  ژیان و خەباتی کرێکاران و توێژە هەژارەکانی کۆمەڵگا بوو. کەم نەبوون ئەو چالاکانەی کۆمەڵە کە کاروانەکانی کرێکارانی کوردستانیان تا مەعدەنەکانی سمنان و دامغان، تا بارەندازەکانی بەندەرعەباس، تا ئەهواز و ئابادان، تا کرمان و ڕەفسەنجان و تا تاران و ئیسفەهان هاوڕێیەتی دەکرد و شان بە شانیان کاریان دەکرد و لەناویاندا تۆوی وشیارییان دەچاند، ئەوانیان لەگەڵ ڕیشەکانی دەرد و ڕەنج و نەهامەتییەکانی  دنیای سەرمایەداری و ڕێگاکانی ڕزگاری لە ڕەنج و ستەم و چەوسانەوە ئاشنا دەکرد. مانگرتن و خەباتیان ڕێکدەخست و ڕێبەرییان دەکرد. بە وەها پێشینەیەک لە ٩ ساڵ چالاکی لە سەردەمی دەسەڵاتدارێتی ڕژیمی پەهلەوی بوو کە کۆمەڵە هاتە ناو قۆناغی شۆڕشگێڕانەی ساڵی پەنجا و حەوتەوە. کادر و چالاکانی ڕیزەکانی کۆمەڵە بەخێرایی لەناو زەحمەتکێشان و خەڵکی ئازادیخوازدا بوون بە کەسایەتیی ناسراو و پێشڕەو و جێگای متمانەی جەماوەری ڕاپەڕیو و بوون بە ڕێبەری خەباتی جەماوەریی لە هەموو شار و ناوچەکانی کوردستان.

ڕۆژی ٢٣ی ڕێبەندانی ساڵی ١٣٥٧ هاوڕێ محەممەد حسێن کەریمی لە دامەزرێنەرانی کۆمەڵە لە حاڵێکدا کە ڕاپەڕێنی خەڵکی سەقزی دژبە ناوەندە سەرکوتگەرەکانی ڕژیمی شا ڕێبەریی دەکرد، لەلایەن چەکدارانی ڕژیمی شاوە تەقەی لێکرا و لە ٢٦ی ڕێبەنداندا بە دڵێکی پڕلە خۆشەویستی بۆ ڕزگاریی کرێکاران و زەحمەتکێشان گیانی بەختکرد. هەر لەو ڕۆژەدا کۆمەڵە دەستپێکی چالاکیی ئاشکرای خۆی ڕاگەیاند. لە ماوەیەکی کورتدا هەزاران کەس لە کرێکاران و زەحمەتکێشان و خەباتکارانی شۆڕشگێڕ بە ڕیزەکانی کۆمەڵەوە پەیوەست بوون. ڕێبەرانی کۆمەڵە بوون بە هەوێنی بزووتنەوەیەکی کۆمەڵایەتیی مەزن لە سەرتاسەری  پارێزگا کوردنشینەکانی ڕۆژاوای ئێران. ناوبانگی سەرهەڵدانی بزووتنەوەیەکی سۆسیالیستی لە کوردستان سنوورەکانی ئەم ناوچەیەی تێپەڕاند و ژمارەیەکی زۆر لە هەڵسووڕاوانی کۆمۆنیست لە سەرتاسەری ئێرانەوە ڕوویانکردە ڕیزەکانی ئەم ڕێکخراوە.

ڕێبەران و چالاکانی کۆمەڵە بۆ جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش، کەسایەتییەکی نەناسراو نەبوون. هەمان یارانی دێرینی ئەوان، خەباتکارانی خۆڕاگری ناو زیندانەکانی ڕژیمی شا، هەڵسووڕاوان و تێکۆشەرانی بزووتنەوەی کرێکاران و جووتیاران، ڕێبەرانی خاوەن نفووزی جەماوەری بەرینی خەڵک و ڕێبەرانی سەردەمی ڕاپەڕین و شۆڕشی ئەوان بوون. کۆمەڵە پاش ڕووخانی ڕژیمی شا لە ٢٢ی ڕێبەندانی ساڵی ١٣٥٧، ڕێکخستنی خەباتی گشتی و جەماوەریی، ڕێبەریی خۆڕاگریی لە بەرامبەر هێرشی دژەشۆڕشی کۆماری ئیسلامی، خۆڕاگریی لە بەرامبەر کۆنەپەرستانی خۆجێیی، دیفاع لە بەرژەوەندی کرێکاران و زەحمەتکێشان و ژنانی ستەملێکراوی کۆمەڵگای کردە ئەولەوییەتی هەوڵ و چالاکییەکانی خۆی.

ئەوەیکە لەدوای ڕاپەڕینی ٢٢ی ڕێبەندانی ١٣٥٧، چارەنووسی ئەم ڕێکخراوەی بە چارەنووسی ملیۆنان ئینسانی ستەملێکراو و تینووی ڕزگارییەوە گرێدا، خۆڕاگریی کۆمەڵە لە بەرامبەر دوژمنانی ڕەنگاوڕەنگی کرێکاران و زەحمەتکێشاندا بوو. دیفاع لە جووتیاران لە بەرامبەر دەرەبەگ و خاوەن زەوییەکان، دیفاع لە زەحمەتێکشانی گوندەکان لە بەرامبەر داگیرکردنی زەوییەکان، دیفاع لە ژنان لە بەرامبەر کۆنەپەرستیی زاڵ و فەرهەنگ و نەریتی پرتووکاوی پیاوسالاری، دیفاع لە کرێکاران لە بەرامبەر سەرمایەداران، دیفاع لە چەکدارمانەوەی خەڵک و هەوڵدان بۆ چەکدارکردنی زەحمەتکێشان، پێکهێنانی جەمعییەتە دیمۆکراتیکەکان، پێکهێنانی شۆڕای شاری سنە کە بەفەرمی، بوونی خۆی بەسەر دەوڵەتی کاتیدا سەپاند، پێکهێنانی شۆڕای گەڕەکەکان(بنکە)، پێکهێنانی یەکیەتیی جووتیاران، شۆڕاکانی ژنان و خوێندکاران، لە زومرەی بوارەکانی چالاکیی کۆمەڵە لەم دەورەیەدایە. ڕێکخستنی حەرەکەتێکی گەورەی وەک کۆچی مێژوویی خەڵکی شاری مەریوان و ڕێکخستنی باقی خۆپیشاندان و ڕێپێوانەکانی دیکە، کە سەمبولی بەشداریکردنی ڕاستەوخۆی خەڵک لە خەباتی سیاسیدا بوون، بووە هۆی ئەوەیکە کۆمەڵە بتوانێ پاش هێرشی نیزامیی ڕژیمی ئیسلامیش، ببێتە ئاڵاهەڵگری خۆڕاگریی جەماوەریی و چەکدارانەی خەڵکی کوردستان بەرامبەر بە پەلاماری هێزی داگیرکەر و سەرکوتگەری کۆماری ئیسلامی. هێرشی ڕژیمی تازە بەدەسەڵات گەیشتوو بۆسەر کوردستان بەزەبری خۆڕاگریی گیانفیدایانەی خەڵک و هێزەکانی پێشمەرگە تێکشکێندرا. پاش ئازادکردنی شارەکان لە خەزەڵوەری ١٣٥٨ ڕژیم بەچۆکداهات و ڕیاکارانە دەستیدایە وتووێژکردن. لێبڕاوی و کارزانیی کۆمەڵە لە وتووێژکردن لەگەڵ ڕژیم لەپێناو پاراستنی بەرژەوەندی بزووتنەوە و بەرژەوەندی کرێکاران و زەحمەتکێشان و پەرەپێدانی دیمۆکراسی، ڕێکخستنی هەرچی بەرینتری چالاکیی وشیاریدەرانە لە ماوەی دوو لەشکرکێشیی ڕژیم بۆسەر کوردستان، بۆ جارێکی دیکە توانایی کۆمەڵەی لە هێنانە مەیدانی جەماوەر و لە ڕێبەریکردنی خەباتی شۆڕشگێڕانەی خەڵکی کوردستان بەڕوونی نیشان دا.

ئەمڕۆ کۆمەڵە بە هەموو تواناوە هەوڵدەدات کە پرسی بزووتنەوە و خۆڕاگریی شۆڕشگێڕانەی کوردستان، لەگەڵ خەباتی ڕزگاریخوازانەی چینی کرێکار و جەماوەری هاوچارەنووس و ستەملێکراو و بێبەش، لە ئاستێکی سەرتاسەریدا بەیەکەوە گرێ بدات. بێگومان کۆمەڵە وەک ڕێکخراوێکی کۆمۆنیستی، هاوهەنگاو و شانبەشانی خەباتی کۆمەڵانی خەڵکی چەوساوە و ستەمدیتووی کوردستان، ئەم ڕێبازە تا کۆتایی و تا گەیشتن بە سبەی ڕۆژی سەرکەوتن، سەربەرزانە درێژە پێدەدات.