کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

ڕۆژی ڕۆژنامەنووس لە ئێران، ڕۆژی خەبات و تێکۆشان لە دژی کۆماری ئیسلامی

تداوم بازداشت روزنامه نگاران در ایران1 2

ڕۆژی سێشەممە ١٧ی گەلاوێژ، ڕۆژی ڕۆژنامەنووسی کۆماری ئیسلامیی ئێران بوو. ڕێژیم ئەم ڕۆژەی بە بۆنەی کوژرانی یەکێک لە مەئموور_ ڕۆژنامەنووسەکانی لە لایەن تاڵیبانەوە لە شاری مەزار شەریفی ئەفغانستان ناوزەد کردووە. ئەم بۆنەیە لە کاتێکدایە کە نزیکەی ٤٠ ڕۆژی ماوە بۆ ساڵڕۆژی بەخاکسپاردنی تەرمی ژینا ئەمینی لە سەقز و دەسپێکی شۆڕشی “ژن، ژیان، ئازادی”. نزیکبوونەوەی ئەم یادە ڕێبەرانی ڕێژیمی هێندە ترساندووە کە هەموو هێزە سەرکوتگەرە گوێڕایەڵەکانیان لە دژی خەڵک و لەوانە لەدژی خاوەن قەڵەمەکان، لە هەموو بوارەکاندا و لەوانە بواری ڕۆژنامەگەریش هێناوەتە مەیدان. هەر لە سەرەتای دەسپێکی شۆڕشی ژیناوە تا ئێستا، دەزگای سەرکوتی ڕژیم زیاتر لە سەد ڕۆژنامەنووسی بە هۆی نووسینی ڕاستییەکانی خەباتی ئاشتیخوازانەی گەنجان و ناڕازییان و نیشاندانی دڕندەیی سەرکوتگەران، زیندانیکردووە، کە ئیلاها محەممەدی و نیلوفەر حامیدی لە زومرەی ئەوکەسایەتییانەن. ئەم دوو قارەمانەی بواری ئازادی ڕادەربڕین دوای ڕووماڵکردن و بڵاوکردنەوەی ڕاپۆرتی گیانبەختکردنی ژینا ئەمینی و بەخاکسپاردنە شکۆدارەکەی، زیندانی کران. ئەوان لەم دواییانەدا لە دادگا ڕاشکاوانە وتیان کە هەمیشە لەگەڵ خەڵک بوون و شانازی بەو ئەرکانەوە دەکەن کە ئەنجامیان داوە.

لەو ڕۆژەدا ڕەئیسی، زۆر بێ شەرمانە بانگەشەی ئەوەی کرد کە گۆیا ئازادیی بەیان و قەڵەم یەکێکە لە شانازییەکانی ڕژێمەکەی. ناوبراو داوای لە ڕۆژنامەنووسە گوێلەمستەکانی کرد کە ئومێد بخوڵقێنن. وتەبێژی سپای پاسدارانیش ڕۆژێک پێشتر هەمان داوای لە ڕۆژنامەنووسان کردبوو. ئەو چونکە دەزانێت کە قسەکانی خۆی و سەرۆک کۆمارە جەلادەکەی کارامەیی پێویستی نییە، هاوکات هەڕەشەشی دەکرد. بەڵام ئەوەی ڕوویدا دەریخست کە ئەمجۆرە هەڕەشانە کاریگەریی ڕابردوویان نەماوە.

ئەکبەر مونتەجەبی، سەرۆکی دەستەی بەڕێوەبەرایەتی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی پارێزگای تاران، لە وتووێژێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەی هەم مەیهەن، زۆر بوێرانە بارودۆخی ئێستای ڕۆژنامەگەریی لە ئێرانی بە “سەردەمی ڕەشی ڕۆژنامەگەریی” ناوبرد. و وتی کە “ڕاپرسییەکان دەریدەخەن کە لە ساڵی ڕابردوودا “زیاتر لە 100 ڕۆژنامەنووس دەستگیرکراون”. ڕۆژنامەی هەم مەیهەن، کە ئیلاهە محەممەدی یەکێکە لە پەیامنێرەکانی، لە وتارێکدا بەناونیشانی “پەیامنێران لە جاران تەنیاترن” و چاپکردنی وێنەیەکی ئەو و نیلوفەر حامیدی پەیامنێری ڕۆژنامەی شەرق، یادی ڕۆژنامەنووسانی زیندانیکراوی بەرز نرخاند. هەم مەیهەن تەنیا بە نووسینی ئەم بابەتە بەسەندەی نەکردووە و لە ڕاپۆرتێکدا لیستێکی دوور و درێژی لە ناوی ئەو پەیامنێر و ڕۆژنامەنووس و فۆتۆگرافەرانە خستەڕوو کە لە سەرەتای ناڕەزایەتییەکانی دوای گیانبەختکردنی ژینا لە لایەن بەکرێگیراوانی کۆماری ئیسلامییەوە دەستبەسەر کراون. ڕۆژنامەی “شەرق”یش بە چاپکردنی وێنەیەکی نیلوفەر و ئیلاهە لە لاپەڕەی یەکەمی خۆیدا و لە وتارێکیدا لە ژێر ناوی خەمی خۆری “حەفدەیەم” باسی ئەو بابەتانەی کردووە کە ئەم دوو ڕۆژنامەنووسە کاریان لەسەر کردووە و ساڵی ڕابردوو لە ڕۆژی ڕۆژنامەنووسانی تاران لەلایەن کۆمەڵەی ڕۆژنامەنووسانی تارانەوە هەڵبژێردران.

ڕۆژنامەی “سازەندەگی”ش بەشێوەیەکی بێوێنە لە بابەتێکدا بەناونیشانی “ئێمە تۆمەتبارین!”  ئاماژەی بەو زوڵم و ستەمە سەرکوتگەرانەیە کردووە کە ڕێژیم لە دژی ڕۆژنامەنووسان ئەنجامیداوە. فائیزە موئمنی لە بەشێکی وتارەکەیدا لەم ڕۆژنامەیەدا نووسیویەتی: “ئەگەر ڕۆژنامەنووس هەواڵی گەندەڵی بڵاوبکاتەوە، ئەوا یەکەم کەسە کە دەستگیر دەکرێت، ئەگەر ڕۆژنامەنووس هەواڵی کوشتنی ناڕەوای کەسێک بڵاوبکاتەوە، یەکەم کەسە بەر لە تاوانبار یان تاوانباران دادگایی دەکرێت”. هەروەها مینوو بەدیعی، ڕۆژنامەنووسی دێرین و مامۆستای زانکۆی خەبەری تارانیش، لە ڕۆژی پەیامنێردا وتوویەتی: “ڕۆژنامەگەریی لە دۆخێکی باشدا نییە، چونکە پەیامنێران دەبێت گەلێک هێڵی سوور لەبەرچاوبگرن”. ناوبراو بە دروستی باسی لەوە کردووە کە ئەمڕۆ تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان توانیویانە جێگەی زۆرێک لە میدیاکانی هەواڵ بگرنەوە چونکە خەڵک بەبێ هیچ سانسۆڕێک دەتوانن هەواڵ و زانیاری بەدەست بهێنن.

کۆماری ئیسلامی یەکێکە لە گەورەترین سەرکوتگەرانی ڕاگەیاندن لە جیهاندا. ئیدیعاکانی بەرپرسانی ڕێژیم بەتەواوی ئاراستەی ئەو هێزە ڕانتخۆر و گەندەڵەکانەیە کە چارەنووسیان بەستراوەتەوە بەم دەسەڵاتە چەوسێنەر و ستەمکارەوە. ئەگینا کێ هەیە نەازانێت کە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی، بە زیندانی ڕۆژنامەنووسان ناسراوە. سەرانی ڕێژیم لە مانگی گەلاوێژی ساڵی ١٣٧٧ەوە کە مەئموور_ڕۆژنامەنووسەکەیان لەلایەن تاڵیبانەوە کوژرا، هەروەها ڕۆژنامەنووسانی فەرمی و ڕێگەپێدراو، لەم ڕۆژەدا ڕێوڕەسمی پڕ لە درۆ و دووڕوویی بەڕێوەدەبەن. بەڵام مەراسیمەکانی ئەمساڵ کەمێک جیاوازتر بوون لە مەراسیمەکانی ساڵانی ڕابردوو.

ئەمساڵ بەشێک لە ئەندامانی میدیاکان بابەتی لەقاودەریان سەبارەت بە گوشارەکانی ڕێژیم بۆ سەر پەیامنێرانی بەشی ڕۆژنامەوانی نووسی. ئاستی ئەو جەسارەت و بوێرییەی کە لە نووسراوە و بابەتەکانی بەشێک لە میدیا ناوخۆییە ڕێگەپێدراوەکان و هەروەها پسپۆڕان و مامۆستاکاندا بەدی دەکرێت سەبارەت بە بەرگریی لە ڕۆژنامەنووسان، دەرئەنجامی ئەو هاوسەنگی هێزە نوێیەیە کە لە نێوان جەماوەری خەباتکار و ناڕازی و کۆماری ئیسلامیدا پێکهاتووە. ئەم هاوسەنگیی هێزە نوێیە، ئاکامی چالاکی شۆڕشگێڕانەی ژنانی ئازادیخواز، ئازادپۆش و  بوێر، دادخوازانی شێلگیر و خەباتکاران و ناڕازیان و هەروەها یادەوەری ئیلهامبەخشی گیانبەختکردوانی ئەم شۆڕشەیە.