کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

ڕۆژی جیهانی مافی مرۆڤ و پەرەسەندنی خەبات بۆ بەدەستهێنانی

20220306 1573001731 jpg08ec9e image

ئەمڕۆ ١٠ی دێسامبر، بەرامبەر لەگەڵ ١٩ی سەرماوەز، بەپێی ساڵنامەی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، ڕۆژی مافی مرۆڤە. ئەم بۆنەیە ئەمساڵ هاوکاتە لەگەڵ هەلومەرجێکی کە دەوڵەتی ئیسرائیل بە پشتیوانی بێ ئەملاو و ئەولای ئیمپریالیزمی ئەمریکا بەردەوامە لەسەر کوشتاری خەڵکی بێ دیفاع لە غەززە. ڕۆژێک لەمەوبەر دەوڵەتی ئەمریکا کە بە شێوەیەکی فریوکارانه و بە تەبلیغاتی درۆینە خۆی وەک بەرگریکاری مافەکانی مرۆڤ دەناسێنێت، دوایین بڕیارنامەی شۆڕای ئەمنییەتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانی سەبارەت بە ئاگربەستی دەستبەجێ لە کەرتی غەززەی ویتۆ کرد. شۆڕای ئەمنییەتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕۆژی هەینی ٨ی دێسامبر (١٧ی سەرماوەز) لەسەر داوای ئانتۆنیۆ گۆتێرێش دەبیری گشتی ئەو ڕێکخراوەیە کۆبووەوە بۆ ئەوەی لەدوای چەند هەفتە، دەنگ لەسەر ئاگربەستێکی دەستبەجێ و بەپەلە بدات. گۆتێرێش ڕۆژی چوارشەممە لە نامەیەکدا بۆ شۆڕای ئەمنییەت، ئاماژەی بە مادەی ٩٩ی مەنشووری نەتەوە یەکگرتووەکان کرد، کە بەپێی ئەو مادەیە دەبیری گشتی دەتوانێتهەر بابەتێکی کە بە بۆچوونی ئەو پاراستنی ئاشتی و ئەمنییەتی نێودەوڵەتی دەخاتە مەترسییەوە، ڕادەستی شۆڕای ئەمنییەتی بکات“. ئەو کردەوەیەی دەوڵەتی ئەمریکا لە دۆخێکدا بەڕێوەچوو کە بەپێی ڕاپۆرتی سەرچاوەکانی هەواڵ، تا ڕۆژی شەممە ٩ی دێسامبر بەرامبەر لەگەڵ ١٨ی سەرماوەز، زیاتر لە ١٧ هەزار و چوار سەد و هەشتا و حەوت کەس بەهۆی هێرشەکانی ئەرتەشی ئیسرائیلەوە گیانیان لەدەستداوە، کە زیاتر لە حەوت هەزار و حەوت سەد و بیست و نۆ کەسیان منداڵ بوون. بەپێی ئامارەکانی یونیسێف، لە سەرەتای لەشکرکێشی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە تاوەکو ئێستا، یەک ملیۆن منداڵیش ئاوارەبوون. هاوکات جۆ بایدن سەرۆککۆماری ئەمریکا بەردەوام بە شێوەیەکی ڕیکارانە داوا لە دەسەڵاتدارانی ئیسرائیل دەکات کە پێویستە گیانی خەڵکی سڤیل و بەتایبەت منداڵان بپارێزن.

لە ڕۆژی مافی مرۆڤدا، نێرگس محەمەدی، هەڵسووڕاوی بوێری مافی مرۆڤ و زیندانییەکی سیاسی خۆڕاگر، لە نامەیەکدا ڕایگەیاند کە بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی بەرامبەر بە پێشێلکردنی بێ ئەوپەڕی مافەکانی مرۆڤ لە ئێران و پێشێلکردنی مافی شارۆمەندی بەهاییەکان و بەمەبەستی پشتیوانی لە مانگرتن لە خواردنی سێ ڕۆژەی دوو کەس لە بەهاییە هاوبەندەکانی، مان لەخواردن دەگرێت. ناوبراو لە بەشی کۆتایی نامەکەیدا نووسیویەتی: “منیش مانگرتن لەخواردن ڕادەگەیەنم بۆ ئەوەی لە ڕێگەی مانگرتنەوە لە ڕۆژی پەسەندکرانی ڕاگەیاندنی جیهانی مافی مرۆڤدا، دەنگی ناڕەزایەتی کۆمەڵانی خەڵکی ستەملێکراو و سەرکوتی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی بم“. هەرچەندە زۆرێک لە وڵاتانی جیهان دانیان بە بڕگەکانی جاڕنامەی جیهانی مافەکانی مرۆڤدا ناوە و تەنانەت لە یاسای بنەڕەتی خۆیاندا گونجاندوویانە، بەڵام هێشتا لە زۆربەی وڵاتەکان ئەم مافانە پێشێل دەکرێن. لەم بوارەدا کۆماری ئیسلامی ئێران ڕیکۆردی پێشێلکاریی مافەکانی مرۆڤی لە جیهاندا شکاندووە. به پێی ئه‌و بەڵگەنامه و بڕیارنامانەی که لە لایەن ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە بڵاو دەکرێتەە، کۆماری ئیسلامی هەموو ساڵێک له سەرەوەی وڵاتانی پێشێلکاری سیستماتیکی مافەکانی مرۆڤدایە. ئەمە لە حاڵێکدایە کە ئێران خۆی یەکێکە لە واژۆکارانی ئەم مەنشوورە. بەڵام واقیعییەت ئەوەیە کە ئاست و قوڵایی ئەو جینایەتانەی کە لە ماوەی زیاتر لە چوار دەیەی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیدا بەسەر خەڵکی ئێراندا سەپێنراون، گەلێک زیاترە لەو تۆمەتە سنووردارانەی کە لەلایەن شۆڕای مافی مرۆڤی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە دەخرێتە پاڵ ڕژیمی ئیسلامی.

زیندانەکانی ڕژیمی ئیسلامیی دەسەڵاتدار لە ئێران نموونەیەکی ئاشکرای ئاستی دوژمنایەتی ئەم حکومەتەیە لەگەڵ مافی مرۆڤ. لە زیندانەکانی ڕژیمدا زۆر کەسی شەریف تەنیا بەهۆی بیرکردنەوە و باوەڕەکانیانەوە لە زیندانەکاندا دەستبەسەر کراون و لە کەمترین مافی ئینسانی بەهرەمەندن و بەردەوام سایەی مەرگ بەسەر سەری زۆرێکیاندا دەسوڕێتەوە. لێدان و ئەشکەنجەی ئینسانەکان لەناو زینداندا و لەسێدارەدان لەپێش چاوی خەڵک، بابەتێکی ڕۆژانەیە و تەنانەت لەژێر ناویشەرع و تەعزیریشدا بەفەرمی لە یاساکانی سزادانی کۆماری ئیسلامیدا جێگیرکراوە. هەر ئێستا زۆرێک لە هەڵسووڕاوانی کرێکاریی، داکۆکیکارانی مافی ژنان و چالاکانی ژینگەپارێز لە زیندانەکانی کۆماری ئیسلامیدا دەستبەسەر و بەردەوام لەژێر ئەشکەنجەی جەستەیی و دەروونیدان. کۆماری ئیسلامی بەگوێرەی ژمارەی دانیشتوانەکەی بانترین پلەی ئێعدامی لە جیهاندا هەیە و ڕژیمێکە کە تەنانەت منداڵانی خوار تەمەنی ١٨ ساڵیش لەسێدارەدەدات. لەم وڵاتەدا ستەمی نەتەوەیی و جێندەری و ئایینی بە یاسایی کراوە. پێوانەی ڕەچاوکردنی مافەکانی مرۆڤ لە هەر کۆمەڵگایەکدا پێویستە بە پێی یەکسانی مرۆڤەکان و بەخشش و لێبووردەییە مرۆییەکان هەڵبسەنگێندرێت.

کۆمەڵگای سەرمایەداری، بە گوێرەی سروشتی خۆی کە لەسەر بنەمای جیاوازی چینایەتی دامەزراوە، ناتوانێت بەرگریکاری ڕاستەقینەی مافەکانی مرۆڤ بێت. مافی مرۆڤ تەنیا کاتێک بە تەواوی بەدی دێت و دەستەبەر دەکرێت کە جیاوازی چینایەتی نەمێنێ و مرۆڤەکان بتوانن لە خۆشگوزەرانییەکی بە تەواومانادا، یەکسان بن. ئەڵبەتە ئەم بابەتە لە کۆمەڵگایەکدا کە لەسەر بنەمای چەوسانەوەی ئینسان بە دەستی ئینسان دامەزراوە و ئامانجی بەرهەمهێنان، نەک دابینکردنی پێداویستییەکانی مرۆڤ، بەڵکوو بریتی بێت لە بەدەستهێنانی قازانج، گەرەنتی ناکرێت. تاکە کۆمەڵگایەکی کە مافی مرۆڤەکان بەتەواوی  تیایدا پارێزراو بێت، بریتییە لە کۆمەڵگایەکی سۆسیالیستی. بۆ گەیشتن بە کۆمەڵگایەکی لەو چەشنەی کە مافی ڕاستەقینەی مرۆڤ تێیدا دەستەبەر دەبێت، پێویستە خەبات بکرێت. بەڵام تا ئەوکاتەی کۆمەڵگای مرۆڤایەتی بە تەواوی لە دەست نیزامی چەوسێنەری سەرمایەداری ڕزگاری دەبێت، ڕەچاوکردنی مافە سەرەتاییەکانی مرۆڤ کە بەشێکیان لە جاڕنامەی جیهانی مافەکانی مرۆڤدا هاتووە، پرسێکی بێ ئەملاو و ئەولایە کە دەبێ بە فەرمی بناسرێت و بە کردەوە ڕەچاو بکرێت. هیچ دەوڵەت و دامەزراوەیەک، مافی ئەوەی نییە کە لە هیچ بارودۆخێکدا پێشێلکردنی مافە سەرەتایی و  جیهانییەکانی مرۆڤ پاساو بکات.