کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

ڕۆژی جیهانیی لاوان و بارودۆخیان لەژێر ده‌سه‌ڵاتی كۆماری ئیسلامیدا

ڕۆژی شەممە ١٢ی مانگی ئووت بەرابەر لەگەڵ ٢١ی مانگی گەلاوێژ ڕۆژی لاوان بوو. ڕۆژی ١٧ی دیسامبری ساڵی ١٩٩٩، کۆمەڵەی گشتی ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتوەکان، ئەم ڕۆژەی وەک ڕۆژی جیهانیی لاوان ڕاگەیاند. ڕۆژی جیهانیی لاوان بە درووشمی، “درووست کردنی دنیایەکی باشتر؛ لەگەڵ لاوان” بەدیهات. هەموو ساڵێک بەم بۆنەیەوە، ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتوەکان داوا لە هەموو وڵاتانی دنیادا دەکات تا به‌ ئاڕاسته‌ی پەرەپێدانی ئیمکانات و سەرچاوە، بۆ یارمەتیدانی لاوان بێنە پێشێ و هەوڵیان بۆ بدەن. ڕۆژی جیهانیی لاوان بۆ ئێمەش دەرفەتێکە بۆ ئاوڕدانە لە دۆخی لاوان لەژێر ده‌سه‌ڵاتی كۆماری ئیسلامی لە ئێران.

کۆمەڵگای ئێران بە شێوەیەکی ڕێژەیی زۆرترین جەمعیەتی لاوی هەیە و دیسانیش بەم نیسبەتە زۆرترین خەساری کۆمەڵایەتی تووشی ئەم بەشە لە کۆمەڵگای ئێران دەبێت. یەکێک لە بنه‌ڕه‌تی ترین گرفتی لاوانی ئێران بێکارییە. یەكێک لە تایبەتمەندییەکانی بێکاری لە ئێران بوونی خێڵی گەورەی بێکارانی خوێندەواری زانکۆیی و دەبیرستانییە. لاوانی تەمەنی ١٥ تا ٣٠ ساڵ، یەک لەسەر سێی جەمعییەت و ڕەقەمێکی نزیک بە ٢٥ بۆ ٣٠ میلیۆن کەسی لەخۆی دەگرێت. بەپێی ئامارە بڵاو کراوەکان لە لایەن ڕژیمەوە ئێستا نزیکەی ١٢ میلیۆن لە جەمعیەتی ئێران یان مەدرەکی خوێندنی زانکۆیان هەیە و یان خەریکی خوێندنن. بێکاری لاوانی خوێندەوار لە ئێران گەیشتۆتە ٥٠ لەسەد. ئەگەر تا دوێنێ بنەماڵەکان پێیان وابوو کە منداڵەکانیان دەنێرنە زانکۆ تا لە داهاتوودا دەستیان لە کارێکی باش گیربێت، ئه‌مڕۆكه‌ دەبینن نە تەنیا ئەم ئامانجەیان دەستەبەر نەبووە، بەڵکوو خوێندنی زانکۆشیان بۆتە کێشە و گرفت بۆ دۆزینەوەی کار بۆ لاوان.

بەڵام بێکاری و پەرەسەندنی خەسارە کۆمەڵایەتییەکان و لەوانە گیرۆدە بوون بە ماددەی هۆشبەر بە تەواوی بە یەکەوە پەیوەستن. ئەو لاوانەی کە بە هەزار هیوا و ئاواتەوە دوای تێپەڕاندنی دەیان گرفت و کۆسپ کە ڕژیم و یان هەژاری زۆری مادی خستویەتە سەر ڕێیان، سەرئەنجام توانیوانە مەدرەکی خوێندنی دەبیرستان، هونەرستان و یان زانکۆ بە دەست بێنن و ٢ ساڵی تەمەنیشیان لە دەورەی سەربازی بۆ ڕژیمدا به‌فیرۆ ده‌ده‌ن، دیسانیش هیوایەکیان بە دۆزینەوەی کارێکی گونجاو لەگەڵ مەدرەکەکەیان نییە، هەموو ئاوات و ئارەزوەکانیان بە با چوون دەزانن. حاڵ و ڕۆژی ئەو لاوانەی هەر بەم هۆکاری بێکاری و نەبوونی سەرچاوەی دارایی سەربەخۆ خۆیان بە سەرباری بنەماڵە دەبینن و تەنانەت توانایی دابین کردنی تێچووی زەماوەند و پێکهێنانی بنەماڵەشیان نییە، دەبێ چۆن بێت؟ لە ئێرانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی کۆماری ئیسلامیدا، لاوان نە لە شایی و خۆشی بەهرەمەندن و نە ئەو دەرفەتەیان دەبێت تا توانایی و ئیستعدادەکانیان گەشە پێبدەن. لە ئاوا بارودۆخێکدایە کە دەبینین، زیاتر لە یه‌ك میلیۆن کەس لە گیرۆدە بوان بە ماددەی هۆشبەر لەژێر تەمەنی ١٩ ساڵی دان و تەمەنی مامناوەندی ئیعتیاد لە ئێران دابەزیوە بۆ خوار تەمەنی ١٣ ساڵی. ڕێژەی تێکچوونی ڕەوانی، دڵەڕاوکێ و خەمۆکی، لەنێو لاواندا بە شێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە. 

بەڵام وێنای ژیانی لاوان لە ئێران بەبێ جەخت کردنەوە لەسەر ڕاستیەکی هیوا بەخش، کامڵ نابێت. ڕژیمی ئیسلامیی پرۆژەی جۆاروجۆرەی بۆ زاڵ بوون بەسەر جەستە و رۆحی لاواندا بە کردەوە دەرهێنا، بەڵام گشت ئەو پرۆژانە لە بەرانبەر شەپۆلی حەرەکەتی ڕوو بە پێشی کۆمەڵگا بوونە بڵقی سەرئاو. لە ڕاستیدا هەموو سەرمایە گوزاریەکانی ڕژیمی ئیسلامیی لە ماوەی ٣٨ ساڵی ڕابردوو لەم بوارەدا بە فیڕۆ چوون. لەم ڕووەوە ئەم ڕژیمە بەردەوام خەریکی ئامادەکاری تۆڵە سەندنەوە لەو لاوانە بووە کە لە دەورانی مەدرەسە و دەبیرستاندا نەیتوانیوە ئەوان بە پێی ئۆلگوی خۆی، کەللە ویشک و مل کەچ و بێ ئیرادە بار بێنێ.

لاوانی ئێران ئەگەر بێکارن و ئەگەر لە سەرەتایی ترین دەرفەتەکان بۆ بەهرەمەن بوون لە مەزایای سروشتی قۆناغی لاوی بێبەشن، بەڵام لە بەرانبەردا له‌ئاست بارودۆخی مەوجوود كۆڵیان نه‌داوه‌ و ڕێگای خەباتیان لەدژی ئەم ڕژیمە گرتووه‌تە بەر. ئەم ڕاستیە کاتێک ئاشکرا دەبێت کە ئەم لاوانە تا دەرفەتێکیان دەست کەوت سەرجەم پایەکانی کۆماری ئیسلامیی دەخەنە ژێر زەبری خۆیانەوە.

لێرەدا دەبێ لەسەر ئەم ڕاستیەش جەخت بکرێتەوە کە هەرچەند لاوانی ئێران بە هۆی ده‌سه‌ڵاتی ڕژمێکی کۆنەپەرست و دژی ئازادی، خاوەنی کێشە و گرفتی هاوبەشن، بەڵام بەهۆی وابەستەگی چینایەتی جیاواز، ڕەنج و ئازارەکانیان وەک یەک و یەکسان نییە. ئاشکرایە کە گرفتی لاوانی سەربە چینی کرێکار لەگەڵ ئەو لاوانەی کە چەتری پشتیوانی بنەماڵەیەکی دەوڵەمەندیان به‌سه‌ره‌وه‌یه‌، جیاوازە، بەڵام پەرەسەندنی خەباتی چینی کرێکار بە ژن و پیاویەوە بە میان ساڵ و لاویەوە و ڕزگار بوونی ئەم چینە لە ده‌ست ڕژیمی ئیسلامیی و لە مناسباتی چەوسێنەرانە مەوجوود، بێ گومان بە ڕزگار بوونی لاوانی ئێران لە بارودۆخێکی نامرۆڤانەوە کە ئەم ڕژیمە بە سەریدا سەپاندون، دەستەبەر دەبێت. ئەو لاوانەی کە ئیستعدادەکانیان لە لایەن ڕژیمێکی کۆنه‌پەره‌ستەوە سست کراوە، ئەو لاوانەی کە باشترین ساڵەکانی تەمەنیان لە مەدرەسە و دەبیرستان و زانکۆدا لەژێر گوشاری ئاموزشی دژە زانستی و کۆنەپەرستانەدا تێپەڕێوە، ئەو لاوانەی کە تەنانەت ئازادی پۆشینیان لێ زەوت کراوە، ئەو کچانەی کە تەنانەت مافی تماشا کردنی یارییە وەرزشییەکانیان نییە، ئەو لاوانەی کە لەبەر خاتری چکۆلە ترین ناڕەزایەتیی بە كێشه‌ و ته‌وه‌ره‌ سیاسیی و کۆمەڵایەتییەکان دەخرێنە زیندان و ئەشکەنجە دەدرێن، لاوێکی کە لە مافی سەرەتایی هەڵسووکەوت لەگەڵ ئینسانێک بە ڕەگەزی جیاوازی لێ زەوت کراوە، گشت ئەم لاوانە لەگەڵ لاوانی چینی کرێکار و زەحمەتکێشدا خاوەنی دەرد و ئازاری هاوبەشن و ڕزگار بوونیان لەم دۆخە نا ئینسانییە لە ڕێگای هاوپشتی لەگەڵ خەباتی چینی کرێکارەوە مومکین دەبێت.

بابەتی پەیوەندیدار

نەشتەرگەری ئابووری، ئاگری ڕق و تووڕەیی خەڵک بڵێسەدارتر دەگات

komalah

خەڵک نەتەنیا لەدژی گرانی، بەڵکوو خوازیاری بەدەستهێنانی سەرجەم مافە پێشێلکراوەکانی خۆیانن.

komalah

ساڵهاتی دووهه‌م كاره‌ساتی شیمیاباران به‌سه‌ر كۆمه‌ڵه‌دا

komalah

ڕاگه‌یاندنی حیزبی كۆمۆنیستی ئێران سه‌باره‌ت به‌ په‌یوه‌ست بوونی بزووتنه‌وه‌ی دژ به‌ گرانی و بزووتنه‌وه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان

komalah

ووته‌یه‌ك به‌بۆنه‌ی ساڵیادى مانگرتنی گشتی جه‌ماوه‌ری خه‌ڵكی كوردستان له‌دژی ئێعدامی فه‌رزادی كه‌مانگه‌ر وهاوبه‌نده‌كانی

komalah

وڵامی کرێکاران بە قسە پڕوپووچەکانی خامەنەیی، ٦٠٠٠ مانگرتن و ناڕەزایەتی لە یەک ساڵدا

komalah