کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

ڕژیمی ئیسلامی لە شەڕ له‌گه‌ڵ شورونشاتی لاوان دا سەری لە بەرد ئەدرێت

لەم رۆژانەی دواییدا هێرشێکی سازماندراو بۆسەر هونەرمەندانی بواری مۆسیقا لە لایەن پۆلیسی ئەمنیەتی ڕژیمەوە بە کردەوە دەرهاتوە. تێکدانی کۆنسێرتە مۆسیقیەکان، بانگ کردنی بەردەوامی مۆزیک زانان و گۆرانی بێژان، هەرەشە کردن لە لاوانی خاوەن ئیستعداد کە داهێنانەکانیان لە ڕێگای تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانەوە پێشکەش ئەکەن، کۆکردنەوەی بەرهەمە هونەریەکانی ناسراو بە مۆسیقای ژێر زەمینی، هێرش کردنە سەر ئەو ستدیویانه‌ی كه‌ له‌ناو بەرهەمی هونه‌ر لە ڕوانگەی ڕژیمی ئیسلامیەوە بێ جه‌واز به‌رهه‌م دێن. لە درێژەی به‌ڕێوه‌بردنی ئەم تەرحەدا رۆژی یەکشەممە سێی مانگی گەلاوێژ، عەلی موبین، ئارش کامیاب، شەهاب شەریفی و میلاد یەزدی، چوار هونەرمەندی بواری مۆسیقا لە رۆژهەڵاتی تاران دەست بەسەر کران. هێشتا هەواڵێک لە چارەنوسی ٨ هونەرمەندی بواری مۆسیقا کە لە مانگی جۆزەردانی ئەمساڵدا گیراون، لەبەر دەستدا نییە.گەشەی گوروپەکانی بەرهەمهێنەری مۆسیقای رێگه‌ پێ نه‌دراو تەنیا تایبەت بە تارانی پایتەخت نییە. وەک نمونە، هەواڵنێری مێهر لە ڕاپۆرتێکدا سەبارەت بە شاری مەشهەد نووسی:” دەیان گوروپی مۆسیقی لە ئاستی ئەم شارە لەم بوارەدا بە شێوەی غەیرە مەجاز خەریکی چالاکین.” و لە درێژەدا دەنووسێ:” مۆسیقای ژێر زەمینی لەو شوێنانەی کە ڕەسمی نین وەک ئیستدیۆکانی نێو ماڵان بە شێوەی نهێنی تۆمار دەکرێن. و بە نیگەرانیەوە دەنووسێ:” ئەم مۆسیقایە بە ناوەرۆکێکی ناڕازی کە هەیەتی توانایی ڕاکێشانی لاوانی هەیە.” و بە نەقڵ لە خامنەیی ئەوە بە ” لێدانی زەربە لە ئیسلام” دەزانێت” کە بەرپرسان دەبێ وەک زەنگێکی مەترسیدار چاوی لێبکەن.”774
ڕژیم و کاربەدەستانی کۆنەپەرستی لە ماوەی نزیک بە ٤ دەیە حاکمیەتیاندا هەرچیەکیان لە توانادا بووە بەکاریان هێنا تا باوەڕ، ئەخلاق، ڕەفتار و کرداری خەڵک بە ڕێکبخستنی هەموو جۆرە ئۆرگانێکی بڵاو کەرەوەی خۆرافە و بە زەبری هەموو جۆرە دەزگایەکی سەرکوتگەر و ئیختیناق، والێبكه‌ن کە خۆیان ئەیانەوێ. حەوزەکانی ئاخوندیان لە هەموو جێیەک پەرە پێدا. وەزارەتخانەکانی ئیتلاعات و ئیڕشادیان سازماندا تا هەموو شتێک بپشکنن و بەر بە بڵاو بوونەوەی ئەفکاری پێشرەو و پێشکەتوانە بگرن. گەشتەکانی ساراللە و دەستەکانی لیباس شەخسیان ڕێکخست تا لە کۆڵان و شەقامەکاندا بکەونە گیانی خەڵک بەتایبەت ژنان و کچان، تێڵایان لێ بەرز بکەنەوە و تێزاب بکەن بە دەموچاویاندا و هەر شتێک کە نیشانەیەکی لە ئینسانیەت و تەمەدون پێوەیە لەبەینی بەرن.

ئەوان زیندان و شکەنجەگاکانیان لە شەریف ترین و شایستە ترین ئینسانەکان پڕ کرد و داری ئعدامیان دامەزراند و کومونیستەکان و تێکۆشەران و ناڕازیەکانیان کوشت. بەناو شۆڕشی فەرهەنگیان وەرێخست، دەرسەکانی عولومی ئینسانیان لە زانکۆکان لابرد، لە حەوزەی ئاخوندیەوە، مەلایان نارد بۆ مەدرەسەکان، کتێبی دەرسی منداڵانی هەشت و نۆ ساڵەیان لەسەر حیسابی جنسیەتیان جیاکردەوە، زانکۆکانیان کردە ژنانە و پیاوانە تا خەڵک وادار بە تەسلیم و ئیتاعەت بکەن. بەڵام بزانین چ ئاکامێکی بووە؟

ئەگەرچی لاوانی ئێران لە سەرەتایی ترین دەرفەت بۆ چیژ وەرگرتن لە دەورانی لاوێتی و شکۆفا کردنی تواناییەکانیان بێبەشن، بەڵام لە بەرانبەردا تەسلیمی بارودۆخی مەوجود نەبوون و کۆنەپەرستی حاکم نەیتوانیوە ئەوان لە چوارچێوەی یاسا و سوننەتە کۆنەکاندا ببه‌ستێته‌وه‌ بکات. ئاگری ئەم خۆڕاگریە لە هەزار و یەک دەربیجەوە بڵێسە ئەدات. کۆماری ئیسلامی بە سەرف کردنی پاره‌یه‌كی کەڵان، بە بەکارهێنانی توند ترین شێوەکانی سەرکوت، بە بەهێز کردنی سوننەتەکانی پیاوسالارانە، نەیتوانیوە ئامانجە کۆنەپەرستانەکانی خۆی بەسەر لاوانی ئێراندا داسەپێنێ.

خومەینی رۆژێک لە ڕێنماییەکدا بۆ مودیرانی ئاموزش و پەروەرشی وڵات وتبوی کە لایەنگرانی داهاتوی ڕژیمی ئیسلامی ئەو منداڵانەن کە هێشتا لە لانکەدان و بەڕاستی لەم بوارەشدا هەرچی لە توانایاندا بوو کردیان تا بەرەی نوێ دواکەوتو، سەرشۆڕ، مل کەچ و موتیع بار بێنن. بەڵام دەبینین کە منداڵان و تازەلاوانێک کە تەفریح و سەرگەرمیان بۆتە كێبه‌ركێ بۆ لەبەر کردنی چل حەدیس و خوێندنی قورئان، ئه‌مرۆ چلۆن لە هەموو ئەو شتانەی کە بۆنێکی لە مەزهەب پێوەیە بێزارن. چاو لە ڕیزی کەمی ئەو لاوانە بكه‌ن کە لە پشت سەری ئیمام جومعە وێستاون تا کارنامەی کۆماری ئیسلامی لە بڵاو کردنەوەی خورافات و دواکەوتوییدا ببینن. کۆماری ئیسلامی بۆ نمونە ١٢ ساڵی خوێندن و زیاتریش لە ناوەندەکانی ئاموزشیدا خەریکی شتنەوەی مێشکی لاوانە و هێشتا ناچارە بۆ داسەپاندنی بابەتگەلی وەک حیجابی ئیسلامیی بەسەریاندا و بێبەش کردنیان لە شادی و خۆشی جۆرەها گه‌شتیان بۆ رێكده‌خه‌ن و گه‌ڵاڵه‌ له‌ دژیان دابرێژن.

بەڵام خەبات و ناڕەزایەتی بەردەوامی لاوانی کچ و کوڕ لەدژی ئەم جۆرە تەرحانە ئەم ڕاستیەیە نیشان ده‌دات کە سەرجەم فەعالیەتەکانی ڕژیم، بۆ بەرەو دواوە بردنی کۆمەڵگا و لاوان توشی شکست هاتووە. خەبات و کرداری لاوان لەدژی ڕژیم لە شکڵی جۆراو جۆری هونەری و فەرهەنگی و کۆمەڵایەتیدا خۆی نیشانداوە. خەبات لەگەڵ سوننەتە کۆنەکانی وەک پیاوسالاری، روو هێنانی بەرینی لاوان و بەتایبەت کچانی لاو بۆ فێر بوونی زانست، روو کردنە خوێندنی باڵا و کتێب خوێندنەوە، بەتایبەت لە بواره‌كانی عولومی ئینسانیدا، روو کردنە مۆسیقا و پەرەگرتنی گوروپە ژێر زەمینیەکانی مۆسیقا لە نمونە بەرچاوەکانین. بەم ئیعتیبارەوە دەبێ بوترێت کە لاوانی ئێران، سەرەڕای ئەو هەزینە زۆرەی کە داویانە، بەڵام دەستکەوتی گەورەیان لە پاراستنی ئازادەگی و ئازاد بیرکردنەوەدا هەبووە و هەیە.

 

بابەتی پەیوەندیدار

نابێت ئیزن بدرێت ڕژیم، قەیرانە ئابوورییەکەی بە دزینی نان لەسەر سفرەی خەڵک چارەسەر بکات.

komalah

یەک لەسەر چواری دانیشتووانی ئێران، دۆسییەی قەزاییان هەيە.

komalah

درووستكردنی سناریۆی نه‌زانانه‌ دژ به‌ چالاكانی مەدەنی سیاسه‌تێكی شكست خواردووه‌

komalah

زیانپێگەیشتوانی شەڕی  کۆنەپەرستانە لە ئوکراین چ کەسانێکن؟

komalah

منداڵان ئاسیب پەزیرترین توێژ له کۆمەڵگای ئێران

komalah

نەشتەرگەری ئابووری، ئاگری ڕق و تووڕەیی خەڵک بڵێسەدارتر دەگات

komalah