کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

ڕژیمی ئیسلامی لە سەنگەری خەباتی ژنان و پیاوانی ئازادیخواز و بەرابەریتەڵەبدا،بەچۆکدادێت

02

لە حاڵێکدا کە ڕژیمی ئیسلامی لە زەلکاوی قووڵی قەیرانی سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتیدا نوقم بووە و زۆربەی هەرەزۆری خەڵکی ئێران ڕۆژانە لەگەڵ بێکاری، هەژاری و برسێتی دەست و پەنجە

نەرمدەکەن،بەرپرسانی کۆنەپەرستی ئەم ڕژیمە هێشتا پرسی ئازادی ژنان بە یەکێک لە گەورەترین ئاڵەنگارییەکانی بەردەم خۆیان دەزانن. ئەوان هەر جار نا جارێ، بە هێنانەگۆڕیی تەرح و بەرنامەی کۆنەپەرستانەی وەک تەرحیعیفاف و حیجاب،تەرحی مەحرەم سازی قوتابخانەکانی کچان، تەرحیگونجاندنی فەزای پەروەردەیی، جیاکردنەوەی کچان و کوڕان لە قوتابخانەکاندا و حەسارکێشی جێندەری پارکەکان و هتد، هەوڵ دەدەن هەموو گۆڕەپانە کۆمەڵایەتییەکان بکەنە زیندانێکی ڕاستەقینە بۆ حزووری ژنان و فراوانکردنی مەودای جیاکاری جێندەری لە کۆمەڵگادا. نوێترین حاڵەتی تەرحی کۆنەپەرستانەی لەو چەشنە دوێنێ لە قسەکانی ڕەزا مورادسحرایی وەزیری پەروەردەدا پەردەی لەسەر لادرا. ناوبراو وتی،پێویستە کتێبە دەرسییەکانمان بەجۆرێک بنووسینەوە کە گونجاو بێت لەگەڵ ڕەگەزی کچان و کوڕان و بۆ ئەم مەبەستە وەزارەتی پەروەردە بە نیازە کتێبی خوێندنی جیا بۆ قوتابیانی کچ و کوڕ ئامادە بکات“. ئەو هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە ئەم تەرحە لەسەر بنەمای بەڵگەنامەیگۆڕانکاری بنەڕەتی پەروەردەدامەزراوە. ئەو تەرحە کۆنەپەرستانە مانگی خەرمانانی ١٣٨٩ لەلایەن شۆڕای باڵای پەروەردەوە ئامادەکراوە. وەزیری کۆنەپەرست و بێ حورمەتی پەروەردە بەوپەڕی بێشەرمییەوە وتوویەتی کە مەبەست لەم پڕۆژەیە بریتییە لە بەدامەزراوەییکردنی پرسیحەیالە هەموو کۆمەڵگادا.

ئاشکرایە کە لەژێر سێبەری دەسەڵاتی ڕژیمی ئیسلامیدا  سووکایەتی پێکردن و زەوتکردنی مافە سەرەتاییەکانی ژنان هەموو سنوورەکانی بەزاندووە. ساڵانێکی زۆرە لە بواری پەروەردەدا، شاهیدی جێبەجێکردنی سیاسەتی کۆنەپەرستانەی جیاکردنەوەی منداڵان و تازەلاوانی کچ و کوڕ لە قوتابخانەکان، ژنانە و پیاوانەکردنی بوارەکانی خوێندن، دروستکردنی ئاستەنگ لە بواری وەرزش و چالاکییە کۆمەڵایەتییەکانی ترین. بێ گومان ژن و پیاوە تێکۆشەر و ئازادیخوازەکانی ئێران وەک هەمیشە تەسلیمی پلان و فێڵ و فریوی کۆنەپەرستانەی ڕژیمی ئیسلامی نابن و بە یەکڕیزی و یەکگرتوویی خۆیان هەر چەشنە نەخشە و پلانێکی کۆنەپەرستانە و تاڵەبانیی ئەم ڕژیمە لەگەڵ شکست و ناکامی بەرەوڕوو دەکەنەوە. نەخشە و پلانی لەم چەشنە و ئەویش لە سەردەمی شۆڕشیژن، ژیان، ئازادیدا ڕسواتر لەوەیە کە پێویست بکات لەقاو بدرێت. کارنامەی خەباتی کۆمەڵایەتی و سیاسی لە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی ڕژیمی ئیسلامیدا نیشان دەدات کە ئەم ڕژیمە سەرەڕای کەڵک وەرگرتن لە توندوتیژترین شێوازەکان، زیندان، ئەشکەنجە و ئێعدام، لە سەپاندنی شێوازی ژیانی خوازراوی خۆی بەسەر زۆربەی هەرەزۆری خەڵکی ئێراندا ناکام بووە. وەرزشی ژنان حەرام بوو. ژنان ساڵانێکی زۆر مافی چوونە ناو یاریگاکانیان نەبوو. دووچەرخەسواری ژنان یەکێک بوو لە گوناه و تاوانە گەورەکان. هەبوونی ئامێری بڵاوکردنەوەی ویدیۆ تاوان بوو. چارشێو و مانتۆی ڕەشی ژنان و حیجابی تەواو، بابەتی ململانێی ڕۆژانەی ژنان لەسەر شەقام و شوێنە گشتییەکان لەگەڵ مەئموورەکانی ڕژیم بوو، بوارەکانی خوێندنی ژنانیان لە زانکۆکان سنووردار کرد، سەرەتا دوژمنایەتی ئینتەرنێتیان کرد، پاشان فلتەریان کرد و دواتر خاویان کردەوە و دەیان بابەتی تر. بەڵام ئەگەر سەیرێکی کارنامەى کۆماری ئیسلامی بکەین، دەبینن کە چۆن ڕژیمی ئیسلامی لەم نەبەردە کۆمەڵایەتییەدا بەردەوام سەری لەبەرد دراوە و لە هەموو بوارەکاندا ناچار بووە پاشەکشە بکات و مەیدان بەجێبهێڵێت.

لەمڕووەوە، قسه له‌سه‌ر کۆنەپەرست بوون و دژه مرۆیی بوون و گەلێک سیفەتی هاوشێوەی تر که شایستەی ئەو تەرحانەن، نییه، بەڵکوو قسە لەسەر ئەوەیە کە بۆچی کۆماری ئیسلامی له دۆخێکدا که نه تەنیا مەشروعیەتەکەی، بەڵکوو تەنانەت بنەمای دەسەڵاتەکەشی لەلایەن زۆربەی هەرەزۆری ئەم کۆمەڵگایەوە کەوتۆتە ژێر پرسیارەوە و لە گێژاوێکی تووندا گرفتارە، پەنا دەباتەبەر تەختە شکاوێکی لەم چەشنە بۆ ئەوەی خۆی لە خنکان ڕزگار بکات؟  وەڵامەکەی ڕوونە. ڕژیمی ئیسلامی لە بواری کۆمەڵایەتیدا هیچی لە هەگبەدا نەماوە. هەربۆیە بە گوشار خستنەسەر ژنان و سەرکوتکردنی خەباتی بەرابەری تەڵەبانە و ئازادیخوازانە، هاوکات دەیەوێ دوو ئامانج بپێکێت: یەکەم، دەیەوێت لە نێو دواکەوتووترین و کۆنەپەرست ترین چین و توێژەکانی کۆمەڵگادا جێگە و پێگەیەک بۆخۆی دەستەبەر بکات و پێیان بڵێت: “وەک ڕژیمێکی ئیسلامی، هێشتاش بوونی هەیە وئامانجی دووەمی بریتییە لە چاوترسێن کردنی کۆمەڵگا بەگشتی و سەرکوتکردنی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکانی ئێستا. بەڵام کێ هەیە نەزانێت کە ئازایەتی و بوێری لە کۆمەڵگەی ئێران و بە تایبەت لە نێو ژناندا، ئێستا ئیتر بووەتە دیاردەیەکی کۆمەڵایەتی. ماوەی ٤٤ ساڵە ئەم ڕژیمە بە خەرجکردنی ملیاردها دۆلار، هەر لە ڕادیۆ و تەلەفزیۆنەوە بگرە تا سیستەمی قەزایی و زیندانەکان، لە ناوەندە ئایینییەکانەوە تا نیو ملیۆن مەلا و خوێندکار و کارناس و بانگخوازی ئایینی، لە ئۆرگانە سەربازی و ئەمنییەکانەوە بگرە تا سیستەمی پەروەردەیی، لە نوێژی هەینی و حەوزەی ئایینیەوە تا گەشتی ئیرشاد، لە لات و چەقۆکێشە ئیسلامییەکانەوە تا سینەما و هونەری حکومەتیی و هیتر، هەوڵدەدەن ژنان وەک ژێردەستە و ڕەگەزی دووەم لە قەڵەم بدەن. بەڵام ئەمڕۆ بەشێوەیەکی چاوەڕوان نەکراو شاهیدی شکستهێنانی بەرچاوی هەوڵە بێ ئاکامەکانیانن. ژنانی بوێر و تێکۆشەر، شانبەشانی کرێکاران و زەحمەتکێشانی پێشڕەو، پێشەنگی خەبات بۆ ڕووخاندنی حکوومەتی ئیسلامی و دامەزراندنی کۆمەڵگایەکی ئینسانی و ئازادن. کۆمەڵگایەک کە تیایدا ئازادی تاک مەرجی بەدیهاتنی ئازادی هەمووان بێت. کۆمەڵگایەکی ئازاد و یەکسان و ئاوەدان کە تیایدا بەرابەری نێوان ژن و پیاو لە هەموو بوارەکانی کار و ژیاندا مسۆگەر و زامن بکرێت.