کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

ڕوخانی کۆماری ئیسلامی هەم مومکینە و هەم خوازراو و مەتڵوب!

  لەگەڵ تێپەڕ بوونی نزیک بە دوومانگ لە ئاخێزی جەماوەری لە ئێران بە مێحوەریەتی کۆمەڵێک دروشم لە پەیوەند لەگەڵ روخانی کۆماری ئیسلامی، محەممەد خاتەمی، سەرۆک کۆماری پێشوی ڕژیمی ئیسلامی ئێران، لە دیدارێک لەگەڵ کۆمەڵێک لە هۆگرانی مەسەلەکانی مەڕبووت بە سیستان و بەلوچستا وتی:” بەرئەندازی نە مومکینە و نە مەتڵوب، بەڵام درێژەی بارودۆخی ئێستاش سات بەسات بوارەکانی داڕمانی کۆمەڵایەتی بەرین تر دەکاتەوە.” ئەو هەروەها وتی کە بە بڕوای ئەو” پڕقازانج ترین خودی ئیسلاحی نیزامە لە پێکهاتە و ئاڕاستەیدا.”

  ماوەی هەشت ساڵ ڕیفۆڕمخوازانی حکومەتی بە سەرۆکایەتی محەممەد خاتەمی بۆ دەستەبەر کردنی ئەم ئامانجە لە دەسەڵاتدا بوون. دوای ئەم ماوە زۆرە خاتەمی خۆی ئیعتیڕافی کرد کە بە کردەوە هیچکارە بووە و وەک تەداروکاتچی باڵی ڕاستی ڕژیم کاری کردوە، تا ئەو جێگایەی دواتر خۆی ڕایگەیاند کە ئەو ئیتر ڕێبەری ئیسلاح خوازەکان نییە. ڕیفۆڕمخوازە حکومەتیەکان قەت نەیاتوانی ڕێکارێک پێشکەش بکەن و بڵێن کە چۆن دەیانەوێ ئەم نیزامە ئیسلاح بکەن.

  ڕاستیەکەی ئەوەیە کە حکومەتی ئیسلامی شیاوی ئیسلاح کردن نییە و بە ملیۆن کەس لە خەڵکی ئێران ئەمەیان لە ماوەی چوار دەیەی ڕابردودا بە گیان و ژیانی خۆیان ئەزمون کردوە. بە پێچەوانەی قسەکانی خاتەمی روخانی کۆماری ئیسلامی پێش مەرجی گەیشتن بە ئازادی و دادپەروەرییە و بە ملیۆن خەڵکی ئێرانیش ئەم ڕێگایە بە مومکین و مەتڵوب و پێویست دەزانن.

  روخانی کۆماری ئیسلامی و دامەزراندنی نیزامێکی سیاسی کە ئازادی، بەرابەری، ڕیفاه و شادی خەڵک دابین بکات، داخوازی بە ملیۆن کەس لە خەڵکی ئێرانە. دوو مانگ لە دەرێژەی خۆپیشاندان، ناڕەزایەتی و مانگرتن ئەم داخوازیە گشتیەی نە تەنیا لە ئاستی ئێران و ناوچەکەدا، بەڵکو لە ئاستی دنیاشدا گەیاندۆتە بەرگوێی چەند ملیارد کەس.

  دوو مانگە ژنان و پیاوان و لاوانی بوێر و جەسور سینگیان کردۆتە سپەر لەبەرابەر فیشەکی جەنگی حکومەتی ئیسلامیدا و بۆ ساتێکیش هەدانادەن. زیاتر لە ٣٢٦ کەس گیانیان بەخت کردوە، بە هەزاران کەس بریندار و زیاتر لە ١٥ هەزار کەس دەستبەسەر و زیندانی کراون و لەژێر وەحشیانەترین ئەشکەنجەکاندان و هێندێکیان حوکمی ئێعدامیان بەسەردا سەپاوە.

  لەم دوو مانگە و لە نزیک بە دوو دەیەی ڕابردودا ئیسلاح خوازانی حکومەتی هەرچی لە توانایاندا هەبووە بۆ مانەوەی ڕژیمی ئیسلامی کردویانە. لە بەرانبەر جەنایەتەکانی ڕژیمدا بە تەواوی بێدەنگ بوون و کاتێکیش لە قۆناغێکی وەک ئەمرۆدا دەمیان کردۆتەوە، دەستیانداوەتە داشکاندنی داخوازیەکانی خەڵک و وەک ڕاوێژکارانی نیزامی حاکم مەوجودیەتی بێنرخی خۆیان لە کەناری دەسەڵاتدا درێژە پێداوە. بە ئامانجی دۆزینەوەی ڕێگایەک بۆ چوونە نێو ڕیزی خەڵکی ڕاپەڕیو دەستیانداوەتە ڕەخنە گرتنی بێ ناوەرۆک و رووکەش لە حاکمیەت. ئەوان بە هەزاران زمان بە کاکڵی سەختی دەسەڵات لە دەزگای کۆماری ئیسلامیدا دەڵێن کە ئێستا کاتی ئەوەیە زەرفیەتەکان بۆ مانەوەی نیزام بەکار بێنن. بەڵام ئەم ڕەوتە ئیتر لەنێو خەڵکدا پێگەیەکی نییە و وتەبێژەکانی زیاتر لە هەمیشە پەڕاوێز کەوتون. ئەوان بە ترساندنی هاوکاتی خەڵک و ڕژیم لە شۆڕش ڕێگای ئیسلاحی ڕژیم لە ڕێگای خودی ڕژیمەوە دەخەنە بەردەم هەردولا.

  بەڵام ئەم جۆرە هەوڵانە بێ فایدەیە. خەبات بۆ روخاندنی کۆماری ئیسلامی تا ئەو جێگایە چۆتە پێشەوە کە ئەم ڕژیمە تەنانەت ناتوانێ بگەڕێتەوە بۆ بارودۆخی بەر لە دوو مانگ لەوە پێشی. ئاخێزی شۆڕشگێڕانەی خەڵکی وەگیان هاتوو لە کۆتاییدا ئەم ئاخرین حکومەتی ئیسلامیە لە ئێران دەخاتە زبڵدانی مێژوەوە و شەیادەکانی وەک ئیسلاح خوازانی حکومەتی کە هەوڵ ئەدەن ڕژیم لەم قەیرانە دەرباز بکەن ڕیسوا دەکات.

بابەتی پەیوەندیدار

  شۆڕشی ئازادی خوازانەی خەڵکی ئێران و هیوایەک کە خوڵقاندویەتی

-

  کاتێک جێگای شاکی و تاونبار دەگۆڕێ

-

   ئەسلاح خوازانی حکومەتی ناتوانن کەشتی تۆفان لێدراوی ڕژیمی ئیسلامی ڕزگار بکەن

-

  کارشکێنی ڕژیم سەبارەت بە گەیاندنی یارمەتی جەماوەری بە خەڵکی بوومەلەرزە لێدراوی خۆی

-

خومەینی هاتەوە، ٦ ملیۆن کەس ئێرانیان بەجێهێشت! وتەیەک بەبۆنەی ساڵیادی گەڕانەوەی خومەینی بۆ ئێران

-

ناسیۆنالیستە توندڕەوە ئێرانیەکان لە دەرەوەی وڵات تۆوی دوو بەرەکی دەچینن

-