کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

ڕق و توڕەییەک کە سەرەنجام وەک گڕکانێک دەتەقێتەوە

images 1

ڕۆژنامەیمەردوم سالارچاپی تاران لە ژمارەی ئەمڕۆ چوارشەممە دا ڕاپۆرتێکی سەبارەت بە ئاستی پەرەسەندنی هەژاری و نەهامەتییە ئابوورییەکان لە پارێزگا جۆراوجۆرەکانی ئێران بڵاوکردەوە. ئەم ڕاپۆرتە دەریدەخات کە لە کۆتایی پاییزی ساڵی ١٤٠٢دا پێوەرەکانی هەژاری و نەهامەتی ئابووریی لە هەموو ئێراندا زیادی کردووە و لەم نێوەندەدا تاران لە نزمترین و پارێزگای چوارمەحاڵ و بەختیاری لە بەرزترین ئاستدا بووە. بە پێی ئەم ڕاپۆرتە ئاستی ژیانی خەڵک لانیکەم لە ١٤ پارێزگای وڵات بە ڕێژەی ٥٠% بە بەراورد لەگەڵ ساڵ ١٤٠١ لەم وەرزەدا، دابەزیوە. بەڵام پێوەرەکانی هەژاری لە ئێران چۆن دیاریدەکرێت؟ بە گوێرەی ڕاپۆرتیئیکۆ ئێران، پێوەرەکانی هەژاری وەک یەکێک لە گرنگترین پێوەرە ئابوورییەکانی خۆشگوزەرانی لە کۆی دوو ڕێژەی بێکاریی و هەڵاوسانی ساڵانە، بەدەست دێت. بێکاریی و هەڵاوسان، دوو بابەتن کە کاریگەری ڕاستەوخۆیان لەسەر بارودۆخی ژیانی خەڵک هەیە. بێکاریی سەرچاوەی داهاتی خەڵک دەبڕێت و هەڵاوسان بە واتای بەرزبوونەوەی نرخی کاڵا و خزمەتگوزارییەکانە. بەگوێرەی ئەم لێکۆڵینەوەیە، جگە لە پارێزگای چوار مەحاڵ و بەختیاری، پارێزگاکانی کوردستان و بەلوچستان و یەزدیش، خاوەنی بەرزترین ڕێژەی هەژارین. ئەم ڕاپۆرت و زانیاریانە، کە بێ گومان تەنیا گۆشەیەک لە واقیعییەتەکان دەخەنەڕوو، لە حاڵێکدا لە چاپەمەنییەکانی ژێر دەسەڵاتی ڕژیمدا بڵاودەکرێنەوە کە ڕۆژ نییە هەر لەم ڕۆژنامانەدا زۆر بێشەرمانە لە زمانڕەئیسییەوە، باس لە گەشەی ئابووری و دابەزینی ئاستی هەڵاوسان نەکرێت.

دەرئەنجامی سەپاندنی ئەم ئاستە لە هەژاری و نەهامەتی، بە واتای کەڵەکەبوونی پۆتانسێلی تەقینەوەیەکی قووڵە لەناخی کۆمەڵگادا. ئەوەی ئەمڕۆ لە ڕەوتی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ژن، ژیان، ئازادیدا بەرچاودەکەوێت، بەشێکی بچووکە لەو گڕکانی توڕەییەیە کە سەری هەڵداوە. بەرپرسانی ڕژیم پۆتانسێلی تەقینەوە و نەفرەت و بێزاری ملیۆنان خەڵکی بێبەش و ستەمدیتوو دەناسن و لەبەرامبەریدا هیچ ڕێگایەکیان جگە لە پەرەپێدانی سەرکوت و خەفەقان نەگرتۆتە بەر. بەڵام کۆمەڵگای ئێران لە ماوەی ئەو یەکساڵ و نێوەی کە بەسەر سەرهەڵدانی شۆڕشی ژینادا تێپەڕدەبێت، نیشانی داوە کە ئامرازی سەرکوت ئەو کاریگەرییەی جارانی نەماوە و ڕژیم نەیتوانیوە کۆمەڵگا چاوترسێن بکات و پێش بە خەبات و ناڕەزایەتی مافخوازانەیان بگرێت.

گومان لەوەدا نییە کە گرانی و پەرەسەندنی هەژاری و بێکاریی، کاریگەری زۆر خراپ لەسەر دۆخی کار و ژیانی کرێکاران و زۆربەی هەرەزۆری بێبەشانی کۆمەڵگا دادەنێت. ئەم ڕاستییە بە خستنەڕووی پێوانەی تەکنیکی ناتوانرێت لە چاوی ئەو خەڵکە بشاردرێتەوە کە قوربانی ڕاستەوخۆی ئەم نەهامەتییەن. کۆمەڵانی چینی کرێکار و زەحمەتکێش زۆر باشتر لە بەرپرسانی ڕژیم و ڕۆژنامە فەرمییەکان، ئەم ڕاستییەیە دەناسن. جگە لەوە، هەڵسووڕاوانی کرێکاریی لە کاریگەرییە نەرێنییەکانی هەژاری لەسەر ئاستی خەبات و هێزی ڕێکخراوبوونی کرێکارانیش بە باشی ئاگادارن. هەژاری و بێکاریی، نایەکگرتووبوون و پرش و بڵاویی لە نێوان کرێکاراندا پەرەپێداوە.

بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی و خاوەنکارەکان بە پشتبەستن بە ئەرتەشی ملیۆنی بێکاران، توانیویانە هەژاریی و پرش و بڵاویی و سەختترین بارودۆخی کار و حەقدەستی کەم بەسەر کرێکاراندا بسەپێنن. ئەوان بە دەستبەسەرداگرتنی سەرچاوەکانی سەروەت و سامانی ئەم کۆمەڵگایە و سەرمایە زەبەلاحەکان و هەروەها چەوساندنەوەی هەرچی زیاتری کرێکاران، بەردەوام خەریکی کەڵەکەکردنی قازانجی زیاترن و کەلێنی چینایەتییان قووڵتر کردووەتەوە.

لەم بارودۆخەی ئێستادا کە هەژاری و نەهامەتی سەرانسەری ئێرانی داگرتووە، تەنیا ڕێگای بەگژداچوونەوەی، بریتییە لە وەڕێخستنی بزووتنەوەیەکی داخوازی تەوەر. بۆ پێکهێنانی بزووتنەوەیەکی بەهێزی داوخوازی تەوەر، پێویستە ئەو خەبات و ناڕەزایەتییانەی ئێستا، لەم پرش و بڵاوییە ڕزگاریان بێت. پێویستە ویست و داواکارییە بەپەلە و هەنووکەییەکانی کرێکاران و زەحمەتکێشان ببێت بە پرسی سەرجەم کرێکارانی لەسەرکار و بێکار، ژن و پیاو و لێهاتوو و ناشارەزا، لە ئاستێکی سەرتاسەریدا. بەدیهاتنی ئەمەش گرێدراوە بە پەرەسەندن و پتەوتربوونی پەیوەندییە هەبووەکانی نێوان هەڵسووڕاوانی کرێکاریی و تێکۆشەرانی پێشەنگی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان لەسەر ئاستی سەرتاسەریدا. واقیعییەت ئەوەیە کە بۆ چینی کرێکاری ئێران و بۆ ملیۆنان کەس لە چین و توێژە بێبەشەکانی کۆمەڵگا، هیچ ڕێگایەکی دیکە نەماوەتەوە جگە لە خەبات و ناڕەزایەتی دەربڕین. بە دڵنیاییەوە ئەوان نایانەوێت شاهیدی مەرگی بەشێنەیی خۆیان بن. خۆڕاگریی ژنانی ئازادیخواز لە شەقامەکان لە بەرامبەر ئەو شێوازە ژیانەی کە لەلایەن ڕژیمی ئیسلامییەوە بەسەریاندا سەپێنراوە، مانگرتنە کرێکارییەکان و خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی بەردەوامی خانەنشینان، سەرجەمیان دەرخەری ئەو ڕاستییەن کە خەڵک چیتر ئامادە نین ببنە قوربانیانی نادیاری ئەم دۆخە کارەساتبارە. ئەوان چیتر ئامادە نین تا شاهیدی ئەوە بن کە بەناو دادگاکانی ڕژیم، چۆن حوکمی نامرۆڤانە لە دژی خەباتکارانی دەستبەسەرکراو دەردەکەن. بەرپرسانی ڕژیم بە خەیاڵی خاوی خۆیان پێیانوایە دەتوانن بەمجۆرە ڕێوشوێنانە، کۆمەڵانی خەڵکی ناڕازی و وەگیان هاتوو بنێرنەوە ماڵەوە. ئەوەی کە لە جەرگەی ئەو هەموو نەهامەتیانەدا، لە جەرگەی هەموو ئەو هێرش و دەستدرێژیانەی کە دەیکەنە سەر سفرەی ملیۆنان کەس، کۆمەڵگا شاهیدی ناڕەزایەتی ڕۆژانەی کرێکاران و مامۆستایان و خانەنشینان وهیترە، دیارترین هێمای بێکاریگەریی ئیدیعا پووچ و بێ بنەماکانی بەرپرسانی ڕژیم و هاوکات بوونی پۆتانسێلی تەقینەوەیەکی عەزیمە لەم کۆمەڵگایەدا. خەڵک لە ژیانی واقیعی خۆیاندا ڕۆژ بەڕۆژ زیاتر دەرک بەو ڕاستییە دەکەن کە تەنیا ڕێگای ڕزگاربوون لەم بارودۆخە پڕ لە نەهامەتییە، بریتییە لە پەرەپێدانی ناڕەزایەتییەکان، هاتنە سەر شەقامەکان، مانگرتن لە کارگە و ناوەندەکانی پیشەسازی و بەرهەمهێنان و ئامادەکارییەکی هەمەلایەنە بۆ ڕوخاندنی شۆڕشگێڕانەی ئەم دەسەڵاتە.