کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
راگه‌یاندنه‌كان

ڕاگەیاندنی یەکگرتنەوەی کۆمەڵە و ڕەوتی سۆسیالیستی کۆمەڵە

 

بارودۆخی سیاسیی ئێستای کۆمەڵگای ئێران و کوردستان و پێویستییە خێراکانی خەباتی چینایەتی پتر لە هەر کاتێکی‌تر، یەکێتی و یەگرتنەوەی سۆسیالیستەکانی ئەم کۆمەڵگایە دەخوازێت. لە وڵام‌دانەوە بە وەها پێویستییەک ئێمە وەک “کۆمەڵە” (ڕێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران) و “ڕەوتی سۆسیالیستی کۆمەڵە”، یەکگرتنەوەی سیاسی و ڕێکخراوەیی خۆمان ڕادەگەیەنین.

ئێمە وەک ڕەوتێکی کۆمۆنیستی نەک خوازیاری یەکگرتوویی و یەکێتیی بەرین‌تری سۆسیالیستەکانی کۆمەڵگای ئێران و کۆردستانین، بەڵکوو سوورین لەسەر خۆش‌کردنی بوارە سیاسی و پراتیکییەکانی ئەم یەکگرتنە پەڕگیر و بەرینە. ئێمە بە جیدی لەو باوەڕەداین کە لە بەستێنی بارودۆخی هەنووکەیی‌دا ئەم یەک‌بوون و یەکگرتنەوە پەڕگیرە دەتوانێت تۆوی هیوا بە شکڵ‌گرتنی سەرکردایەتییەکی سۆسیالیستی لە قووڵایی بزووتنەوە ڕادیکاڵە ناڕەزایەتییەکان‌دا بەهێز بکات و لە پرۆسەیەک‌دا سەرکردایەتییەکی شیاوی خۆی وەدی بهێنێت.

کۆمەڵگای ئێران لە کەف‌وکوڵی گۆڕانکارییە گرینگ و چارەنووس‌سازەکان‌دا دەژی. هەژاری، بێ‌کاری، بەرزبوونەوەی نرخی کاڵا خۆراکییەکان و پێدوایستییە ڕۆژانەکانی خەڵک، قووڵ‌بوونەوەی کەلێنە چینایەتییەکان، سەرکوتی خوێناوی و دڕندانە لە لایەک و ناڕەزایەتییە بەردەوامەکان، بێزاری لە کۆماری ئیسلامی و هیوا بە کۆتایی‌هاتنی دەسەڵاتە دژە خەڵکییەکەی لە لایەکی‌ترەوە، وێنە گەورەکەی ئێستای ئێرانن. کۆی ئەمانە لە کاتێک‌دا ڕوو دەدەن کە ئابووریی ئێران لەژێر دەسەڵاتدارێتیی ڕژیمی سەرمایەداریی کۆماری ئیسلامی‌دا لە بەردەم داڕمانێکی گەورەدایە. زۆربەی هەرە زۆری ژێرخانە ئابوورییەکان لەناو چوون. ژینگەی ئێران بە شێوەیەکی بەرین وێران کراوە. ناوەندەکانی بەرهەمهێنان یەک لە دوای یەک دادەخرێن. گەندەڵیی سیستمیک، لە سەرەوە تا خوارەوەی ئەم سیستمە سیاسییەی تەنیوە. بازنەی دەسەڵات بەرتەسک و تەنگ‌تر دەبێتەوە و ڕێزەکانی سەروەی ڕژیمی پتر لە جاران تووشی گومانی جیدی و هەڵوەرینی بەرچاو کردووە. ڕیزێک بزووتنەوەی کۆمەڵایەتیی بەهێزی وەک بزووتنەوەی کرێکاری، بزووتنەوەی مامۆستایان، خانەنشین‌کراوان و هتد لە ئێران و کوردستان‌دا بەهێزتر لە جاران سەریان هەڵداوە. داخوازییەکانی چینی کرێکار و توێژە ناڕازییەکان بە خێرایی سیاسی دەبنەوە و کۆی ڕژیم و جەوهەرەکەی دەخەنە ژێر پرسیارەوە. پێوەندیی ئەو سیستمە سیاسییە باڵادەستە و خەڵکەکە پۆلاریزە بۆتەوە و گەیشتۆتە خاڵی بێ‌گەڕانەوە و نەک هەر مەشرووعیەت و ڕەوایەتیی ڕژیم، بەڵکوو ئۆتۆریتی و دەسەڵاتدارێتییەکەی لە لایەن کۆمەڵانی میلیۆنیی خەڵکەوە چٶتە ژێر پرسیارەوە. لە بواری پێوەندییە دەرەکییەکانیش‌دا گرژییەکانی لەگەڵ ئەمریکا و دەوڵەتانی ڕۆژاوایی هەر بەردەوامە و دەسەڵات و هەژموونی ڕژیم لە ناوچەکەیش‌دا لاواز بۆتەوە. کۆی ئەم هۆکارانە کۆماری ئیسلامیان خستۆتە حاڵەتی “هەوڵدان بۆ مانەوە”ی خۆی.

سەرباری بەرین‌بوونەوە و بەردەوامەتیی ناڕەزایەتییەکان، بەداخەوە هێشتا سەرکردایەتییەکی پێشڕەو، کە مەقبوولیەتی کۆمەڵایەتیی هەبێت و وەک ئاڵتێرناتیڤی ئەم دۆخە هاتبێتە ئاراوە، پێکنەهاتووە. هیچ‌کام لە حیزبە سیاسییە چەپ و ڕاستەکانی ئۆپۆزیسیۆنی ئێستای ئێران نەیانتوانیوە سەرکردایەتیی ئەم ناڕەزایەتییانە بکەن. بەڵام بێ‌گومان خەبات و ئاڕەزایەتیی بزووتنەوە ڕادیکاڵەکانی ئێستا زیاتر لە هەمیشە بوار و پێویستییەکانی شکڵ‌گرتنی سەرکردایەتییەکی ڕادیکاڵ و پیشڕەوی فەراهەم کردووە. داخوازییەکانی چینی کرێکار و باقیی توێژە هەژارەکانی کۆمەڵگا، کە سرووشتە چینایەتی و ڕادیکاڵەکەیان ئاشکرا و بەڵگەنەویستە، ئەو پێویستیانەن کە دەتوانێت یارمەتیدەری پێکهاتنی سەرکردایەتییەکی سۆسیالیستی بێت.

هیچ‌کام لە لقە جۆراوجۆرەکانی ئۆپۆزیسیۆنی بوورژوایی ڕژیمی ئیسلامی بەرنامە و ڕێکارێکی ئابووریی ڕوونیان نییە بۆ وڵام‌دانەوە بە پێداویستییە بنچینەییەکانی جەماوەری وەزاڵەهاتووی ئێران. سەرچەشنی ئابووریی سیستمی کۆماری ئیسلامی لە ناوەرۆکی خۆی‌دا لە چوارچێوەی سیاسەتە نیۆلیبێڕاڵییەکان و ڕێنوێنییەکانی بانکی جیهانی و سندووقی نێونەتوەیی دراو، که بۆخۆیان بەشێکن لە هۆکارەکانی قەیرانە هەنووکەییەکانی کۆمەڵگای ئێران، تێناپەڕێت. ئەم ڕاستییە وەک خۆی بوارەکانی بەهێزکردنی ئاڵتێرناتیڤی سۆسیالیستیی ناو بزووتنەوە ناڕەزایەتییەکانی خۆش کردووە.

لە کوردستانیش‌دا ناڕەزایەتییە ڕادیکاڵەکان بە دژی ڕژیمی ئیسلامی و پێوەندییە باڵادەستەکان، ڕەوتێکی ڕوو لە گەشەیان هەیە و کوردستانیان وەک چەقی خەبات و بنەڕەتی‌ترین سەنگەری شۆڕشی داهاتووی ئێران پاراستووە.

سه‌ره‌رای تایبەتمەندییەکانی کۆمەڵگای کوردستان، خەڵکی کوردستان لەگەڵ خەڵکی بێبەش‌کراوی هەموو ئێران‌دا دەردی هاوبەش و بەرژەوەندیی هاوبەشیان هەیە. لێرەوە، هاوپشتی و یەکگرتوویی خەبات‌کارانەی کرێکاران و خەڵکی ستەم‌لێکراوی کوردستان لەگەڵ هاوچارەنووسەکانیان لە سەرتاسەری ئێران‌دا پێویستییەکی حەتمی و یەکلایی‌کەرەوەیە.

کوردستانی شۆڕشگێڕ و خەبات‌کار بە پشت‌بەستن بە پتر لە چوار دەیە خۆڕاگری لە هەمبەر ڕژیمی کۆنەپەرستی کۆماری ئیسلامی و ئامادەیی بەهێز و ڕێکخراوی هێزی چەپ و کۆمۆنیست کە کۆمەڵەی ڕادیکاڵ و سۆسیالیست بەستێنە سەرەکییەکەیەتی، خاوەن ئەزموون و توانستگەلێکی زۆرە بۆ بەهێزکردنی خەباتی ماف‌خوازانەی سەراسەری و هەروەها ڕاکێشانی پاڵپشتیی سەراسەری لە بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی کوردستان بە دژی ڕژیم. کرێکاران و خەڵکی زەحمەتکێش پێشڕەوی ئەو خەباتەن کە ئێستا کۆی کۆمەڵگای کۆردستانی گرتۆتەوە و توانستە خەبات‌کارانەکانی ئەم کۆمەڵگایەیان بەهێز کردووە.

هاوکات، کرێکاران و خەڵکی بەشمەینەتی کوردستان هێزی سەرەکیی پێش‌خستنی خەباتن بۆ کۆتایی‌هێنان بە ستەمی نەتەوایەتی. ستەم بە دژی نەتەوەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان وەک ڕاستییەکی مێژوویی بەڵگەنەویست، تەواو وشیارانە و ئامانج‌دار و لە ڕێگەی ئامرازە ئابووری، کۆمەڵایەتی و کولتوورییەکانەوە لە لایەن ڕژیمەکانی پێشوو و ئێستاوە بە دژی خەڵکی کوردستان بەڕێوەچووە و دەچێت.

لە ڕوانگەی ئێمەوە، فەراهەم‌کردنی بارودۆخێک کە خەڵکی کوردستان بتوانن ئازادانە و دوور لە هەر چەشنە گوشار و هەڕەشەیەک بڕیار لەسەر دیاری‌کردنی چارەنووسی خۆیان بدەن و شووراکان و دەسەڵاتدارێتیی خەڵکیی خۆیان دابمەزرێنن، بەستراوەتەوە بە دێمۆکراتیزەکردنی کەشی سیاسیی کۆی کۆمەڵگای ئێرانەوە. ئەم ئامانجە بەبێ خەباتی چینی کرێکار و بزووتنەوە پێشکەوتن‌خوازە کۆمەڵایەتییەکان کە بە شێویەکی بابەتی لە پێناو وەدی‌هێنانی ماف و ئازادییە دێمۆکراتیکەکان کار دەکەن و لە بوارە جۆراوجۆرەکان‌دا ڕووبەڕووی سیستمی کۆماری ئیسلامی دەبنەوە، مومکین نییە. بەم پێیە، هاوپشتی و یەکێتی لەگەڵ بزووتنەوە پێشڕەوە کۆمەڵایەتییەکان لە ئاستی سەراسەری‌دا لە پێویستییەکانی پێشڕەویی بزووتنەوەی ماف‌خوازانەی خەڵکی کوردستانە لە پێناو لابردنی ستەمی نەتەوایەتی‌دا.

لە کوردستانیش‌دا، تەنیا بە هێزی ڕێکخراوی کرێکاران و زەحمەتکێشان و ڕێكخستنی جەماوەری لە ڕێگەی بەشداریی چالاکانە و سەرکردایەتیی سۆسیالیستەکانەوەیە کە خەڵکی کوردستان دەتوانن ڕزگاریان بێت لە ستەمی نەتەوایەتی و لێكەوتەکانی. دەستێوەردانی زل‌هێزە جیهانییەکان و دەوڵەتانی ناوچەکە مەترسییەکە بەردەوام هەڕەشەیە لەسەر بزووتنەوەی کوردستان. ئێمە ڕۆشنگەری سەبارەت بە زیانباربوونی هەر سیاسەتێک بە ئەرکی خۆمان دەزانین کە لە باتی پشتبەستن بە هێزی ڕاستەوخۆی خەڵک، تۆوی خۆش‌باوەڕی بە دەستێوەردانی دەسەڵاتە دەرەکییەکانی چاندووە و پەرەی داوە بە سیاسەتی چاوەڕوانی و دەست لەسەر دەست دانان.

ئێران لە ژێر دەسەڵاتدارێتیی کۆماری ئیسلامی‌دا هەر لە یەکەم ڕۆژییەوە تاکوو ئێستا زیندانێکی گەورە بووە بۆ زۆرینەی دانیشتووەکانی، بە تایبەت ژنان. ئەم ڕژیمە پتر لە چل ساڵ هەوڵی داوە بە کەلکوەرگرتن لە بیروباوەڕە ئایینییەکان و کولتووری داڕزاوی پیاوسالاری ڕووبەری ئەم زیندانە گەورەیە، گەورەتر بکاتەوە و بێ‌ماف‌کردنی نیوەی حەشیمەتی ئێران بکاتە بابەت و ڕەوتێکی ئاسایی. بەڵام لە بەرامبەر ئەم هەڵاواردن و بی‌مافییە ڕوون و ئاشکرایەدا، ژنان و پیاوانی ئازادی‌خواز و سۆسیالیست بە خەباتی بێوچانی خۆیان نەک تەسلیمی ئەم کولتوور و سیاسەتە کۆنەپەرستان نەبوون، بەڵکوو بە شێوەگەلی جۆراوجۆر بەرەوڕووی وەستاونەتەوە.

لە کوردستان‌دا ژنانی ئازادی‌خواز و پێشڕەو هاوڕێ و هاوشانی بزووتنەوەی پێشکەوتن‌خوازی ژنان لە سەرانسەری ئێران‌دا لە ڕێگەی داهێنان و خەباتی خۆیانەوە بۆ خۆراگری دژی یاسا و کولتووری کۆنەپەرەستی ئیسلامی هەنگاوی گەورەی زۆریان هەڵگرتووە. ژنان لە کوردستان لە بوارە جۆراوجۆرەکانی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی کوردستان‌ و لە هەر شوێنێک کە  نیشانەیەک لە ناڕەزایەتی، خەبات و خۆڕاگری هەیە، لە ڕێزی پێشەوەی ئەم خەباتەدان. ئێمە لە درێژەی هەوڵەکانی خۆمان‌ بۆ پەیوەست‌بوون و یەگکرتن لەگەڵ سۆسیالیستەکانی کۆمەڵگای ئێران و کوردستان‌دا پشت بە ئامادەبوونی چالاک و بەرین ژنانی ئازادی‌خواز دەبەستین و ئامادەیی و حوزووری ئەوان بە سەرکەوتنی هەوڵەکانمان دەزانین.

لە ڕوانگەی ئێمەوە، هەر کرێکارێکی چەوساوە کە بەرامبەر بەرژەوەندییەکانی ئەمڕۆ و سبەی خۆی وشیارە، هەر ژنێکی ئازادی‌خواز کە لە هەمبەر هەڵاواردن و نایەکسانی سەردانانەوێنێت، هەر زەحمەتکێشکی بێبەش‌کراو کە ژیانێکی ئازاد و ئاسوودە بە مافی ڕەوای خۆی دەزانێت، هەر هونەرمەندێکی به دەربەست کە خۆی بە بەرپرسیار دەزانێت بەرامبەر ئازارەکانی خەڵک، هەر ڕۆشنبیر و نووسەرێک کە قەڵەمەکەی بە دژی ئیستبداد و لە خزمەت هەژارانی کۆمەڵگادایە، هەر مرۆڤێکی ستەملێکراو کە تەحقیر و ستەمی نەتەوایەتی قبووڵ ناکات، هەر کۆمۆنیستێکی شۆڕشگێڕ کە بڵێسەی گۆڕانی پێوەندییەکانی سوڵتە و چەوسانەوەی لەسەردایە، هەر لاوێکی بەتین و عاشقی ژیان کە خەونەکانی لە دەرەوەی قەفەسەکانی سەرکوتی ڕژیم و لە جیهانی ئازاد و یەکسان‌دا بەدی‌ دێن، دەتوانێت پێگەی شایستەی خۆی لە یەکگرتن و پەیوەست‌بوونی ڕێکخراوەیی یان هاوخەباتیی لەگەڵ حیزبەکەی ئێمەدا بدۆزێتەوە.

پەیوەست‌بوونی ڕەوتی سۆسیالیستی کۆمەڵە بە ڕێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران (کۆمەڵە)، هەنگاوێکە لە درێژەی وڵام‌دانەوە بەو بارودۆخە سیاسی و پێویستییە خێرایانەی خەباتی چینایەتی و هەنووکەیی کۆمەڵگا و دەرەنجامی پراتیکیی هەوڵەکانی ئێمەن بۆ پێکهێنانی یەکگرتنەوەیەکی بەرین‌تر. بۆ گەیشتن بەم یەکگرتنەوە پەڕگیرە، داوا لە گرووپە پێشڕەوە کۆمەڵایەتییەکان، ڕێکخراوە کرێکارییەکان و دامەزراوە سەربەخۆ مەدەنییەکان و هەروەها هەموو چالاکانی چەپ و سۆسیالیستی کوردستان دەکەین کە پەیوەست ببن بە هەوڵەکانی ئێمەوە.

ڕەوتی سۆسیالیستی کۆمەڵە

کۆمەڵە (ڕێکخراوی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران)

جۆزەردانی ١٤٠١ بەرابەر لەگەڵ ژوەنی ٢٠٢٢

 

 

بابەتی پەیوەندیدار

  ڕاگەیاندنی کۆمیتەی ناوەندی کۆمەڵە بۆ بانگەواز کردنی خەڵکی سەرتاسەری ئێران، بە بەشداری کردن لە مانگرتنێکی گشتی بۆ پشتیوانی لە خەڵکی کوردستان 

-

ڕاگەیاندنی کۆمیتەی ناوەندی کۆمەڵە

-

ڕاگەیاندنی کۆمیتەی ناوەندی کۆمەڵە

-

راگەیاندنی دەبیرخانەی كۆمیتەی ناوەندی كۆمەڵە سەبارەت بە مەحكووم كردنی هێرشی موشكی و پەهپادی بۆ سەر ناوەندی حیزبە سیاسیەكانی كوردستانی ئێران لە هەرێمی كوردستان

-

‎ناوەندی هاوكاریی و كۆمەڵەی كۆمۆنیست کۆبوونەوە

-

ڕاگەیاندنی نوێنەرایەتی کۆمەڵه له دەرەوەی وڵاتبه بۆنەی ماڵئاوایی لە ژیانی هاوڕێ عبدالله‌ عبدالهی

-