کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
راگه‌یاندنه‌كان

ڕاگەیاندنی کۆمیتەی ناوەندی کۆمەڵە سەبارەت بە گیانلەدەستدانی هاوڕێ ئیسماعیل تریک

بەوپەڕی داخ و پەژارەوە بە ئاگاداریتان دەگەیەنین کە لە کاتژمێر ٩ و ٢٠ خولەکی سەرلەبەیانی رۆژی پێنجشەممە ١٢ ی مانگی بەفرانباری ١٣٩٨ بەرابەر لەگەڵ ٢ ی ژانویە ی ٢٠٢٠ ی زاینی هاوڕی ئیسماعیل تریک یەکێک لە کادرە لە مێژینەکانی نێو ڕیزەکانی کۆمەڵە و حیزبی کومونیستی ئێران و بەرپرسی دەفتەری نوێنەرایەتی کۆمەڵە لە هەرێمی کوردستان بە هۆی ڕاوەستانی دڵەوە لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی شاری سلێمانی گیانی لەدەستدا.

هاوڕێ ئیسماعیل تریک یەکێک لە کادرە خاوەن پێشینەکانی کۆمەڵە و سیمای ناسراو بۆ خەڵکی ناوچەی موکریانی کوردستانی ئێران چ وەک هەڵسوڕاوێکی سیاسی و چ وەک وەرزشکارێک خۆشەویستە. هاوڕێ ئیسماعیل زیاتر لە چوار دەیە لەوە پێشەوە و لە گەرمەی بزوتنەوەی جەماوەری لەدژی ڕژیمی سەڵتەنەتی هەڵسوڕانی سیاسی خۆی بە مەحفەلە سەرەتاییەکانی کۆمەڵەوە گرێدا و دەورێکی چالاکانەی لە خەبات لەم دەورەیەدا گێڕا. دوای سەرکەوتنی ڕاپەڕین و روخانی ڕژیمی پاشایەتی هاوڕێ ئیسماعیل کە ئەرکی خۆی لە خەبات لە ڕێگای ڕزگاری خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێشدا دیاری کردبوو چالاکیە سیاسیە پیشەییەکانی دەست پێکرد و لە بەشی تەشکیلاتی نهێنی کۆمەڵە لە شاری مهاباد و بۆكان چالاکیەکانی درێژە پێدا. هاوڕی ئیسماعیل کە لە ساڵەکانی سەرەتای دەیەی شەست. لە گەرمەی ئیختیناقی سیاسی و گرتن و زیندانی کردنی پۆلیسیی ئەو قۆناغەدا وەک ڕابیتی تەشکیلاتی نهێنی کۆمەڵە لە تاران و تەورێز خەریکی چالاکی بوو، لە کاتی بەڕێوەبردنی کار و ئەرک و مەئموریەتەکانیدا لە لایەن هێزە ئیتلاعاتیەکانی کۆماری ئیسلامیەوە شناسایی و زیندانی کرا. ئەو لە بەهاری ساڵی ١٣٦٠ بەرلە ئێعدام کرانی هاوڕێیان ئەمجەد و ماجد مستەفا سوڵتانی لە رۆژی ٨ ی مانگی پوشپەڕی ئەوساڵەدا لە زیندانی تەورێز لەگەڵ ئەواندا لە بەندێکدا بووە و لە نزیکەوە لەگەڵیان ئاشنا دەبێت. هاوڕێ ئیسماعیل تریک سلولی زیندانیشی وەک یەکێک لە گۆڕپانەکانی خەبات لەدژی جەنایەتکارانی کۆماری ئیسلامی چاولێدەکرد، لە بەرانبەر ئەشکەنجەگەراندا سەرسەختانە خۆڕاگری کرد و ئەسراری تەشکیلاتی بە سەربەرزیەوە پاراست. ئەو لە ساڵەکانی دواتریشدا بەردەوام لەژێر کۆنترۆڵ و چاودێری دەزگا ئیتلاعاتی و ئەمنیەتیەکانی ڕژیمدا بووە و چوار جار کەوتۆتە زیندان و ٣ ساڵ لەتەمەنی خۆی لە گرتوخانەکانی کۆماری ئیسلامیدا بەسەر برد.

هاوڕێ ئیسماعیل دوای ئازادی لە زیندان سەرلەنوێ چالاکیە سیاسی و تەشکیلاتیەکانی لە شارەکانی بۆکان و مهاباد دەست دەستپێکردوە. لە ساڵی ١٣٧٩ و دوای ئەوەی کە ئەمنیەتی درێژەدان بە کاری تەشکیلاتی نهێنی هاوڕێ ئیسماعیل لە نێو شارەکاندا کەوتە مەترسیەوە، بە

بەشی تەشکیلاتی کۆمەڵە لە کوردستانی عێڕاق پەیوەست بوو وە لەو کاتەوە لە بەشی ئاشکرای تەشکیلاتدا خەریکی کار و چالاکی حیزبی خۆی بووە. هاوڕێ ئیسماعیل لە ماوەی ئەو سالانەدا کە لە بەشی ئاشکرای تەشکیلاتدا بووە کۆمەڵێک ئەرک و بەرپرسیاریەتی جۆراو جۆری لە ئەستۆ بووە و دڵسۆزانە بەڕێوەی بردوون. ئاخرین بەرپرسیاریەتی هاوڕێ ئیسماعیل نوێنەرایەتی کۆمەڵە بووە لە هەرێمی کوردستانی عێڕاق کە بۆ بەرەپێش بردنی ئەو ئەرکەش گشت هەوڵێکی خۆی خستبووە گەڕ.

بە مەرگی هاوڕێ ئیسماعیل تریک کۆمەڵە و حیزبی کومونیستی ئێران و خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێش یەکێک لە هاوسەنگەران و یارانی خۆیان لەدەست دا. بەڵام ئەرکێکی خەباتکارانەی کە هاوڕێ ئیسماعیل ژیانی خۆی لەپێناودا دانا، لە هەیبەتی خەباتی رۆژانەی کرێکاران و خەڵکی زەحمەتکێشدا درێژەی هەیە. ئێمە بەبۆنەی گیانلەدەستدانی هاوڕێ ئیسماعیلەوە لە قوڵایی دڵەوە سەرەخۆشی خۆمان ئاڕاستەی گشت ئەندامانی بنەماڵە و هاوسەنگەرانی دەکەین و شەریک و هابەشی خەمیانین.

 

کۆمیتەی ناوەندی کۆمەڵە- ڕێکخراوی کوردستانی حیزبی کومونیستی ئێران

١٢ ی مانگی بەفرانباری ١٣٩٨

٢ ی ژانویەی ٢٠٢٠ ی

بابەتی پەیوەندیدار

ڕاگەیاندنی هاوبەشی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و ڕێکخراوی کرێکارانی شۆڕشگێڕی ئێران (ڕاهی کاریگەر)

-

ڕاگەیاندنی هاوبەشی ڕێکخراوی کرێکارانی شۆڕشگێڕی ئێران(ڕاهی کاریگەر) و حیزبی کۆمۆنیستی ئێران

-

ڕاگەیاندنی هاوبەشی ڕێکخراوی کرێکارانی شۆڕشگێڕی ئێران (ڕاهی کاریگەر) و حیزبی کۆمۆنیستی ئێران

-

ڕاگەیەندراوی ژمارە دوازدەی کومیتەی بەرگری لە عوسمان ئیسماعیلی

-

ڕاگەیاندنی هاوبەشی ڕێکخراوی کرێکارانی شۆڕشگێڕی ئێران (ڕاهی کاریگەر) و حیزبی کۆمۆنیستی ئێران

-

ڕاگەیاندنی هاوبەشی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و ڕێکخراوی کرێکارانی شۆڕشگێڕی ئێران (ڕاهی کاریگەر)

-