کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

ڕاگەیاندنی کۆمیتەی ناوەندی کۆمەڵە سەبارەت بە ڕۆژی جیهانی پەروەردە بە زمانی دایکی

download 39

ڕۆژی ٢١ی فێوریە بەرامبەر بە ٢ی مانگی ڕەشەممە، ڕۆژی جیهانی پەروەردەی زمانی دایکییە. پەروەردە بە زمانی دایکی سەرەتاییترین و دیارترین مافی هەر مرۆڤێکە لە هەر گۆشەیەکی جیهاندا. ئەمڕۆ له بەشێکی گه‌وره‌ی جیهاندا مافی خوێندن به زمانی دایکی بە فەرمی ناسراوە و به ملیارد که‌س لەو مافە کەڵک وەردەگرن. وڵاتێکی پڕ حەشیمەتی وەک هیندستان تەنیا یەکێک لەو نموونانەیە کە تیایدا دەیان زمانی فەرمی بوونی هەیە و پەروەردە بە هەموو ئەو زمانانە بەڕێوە دەچێت. گەلێک وڵات لە جیهاندا بوونیان هەیە کە تێیاندا دوو سێ زمانی فەرمی، نە تەنها لە بواری پەروەردە و بارهێناندا ڕێکخراوە، بەڵکوو زمانی فەرمی و میدیایی و یاسایی، هەر ئەو زمانە دایکییەیە کە ئەندامانی بنەماڵە لە ماڵەوە قسەی پێدەکەن، هیند، سوئیس، کانەدا و ئیسپانیا، نموونەی بەرجەستەی ئەو وڵاتانەن. سەدان ساڵە کارناسانی بواری زمان لەسەر ئەو بڕوایەن کە پەروەردە و خوێندن بە زمانی دایکی، فاکتەرێکی جدییە بۆ گەشەی زێهنی و توانایی فێربوونی منداڵ و بە فەرمی نەناسینی ئەم مافە، گەلێک زیان و گرفتی لە بواری کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی و گەشەی زێهنیی منداڵان لێ دەکەوێتەوە. جگە لەوەی کە پەروەردە بە زمانی دایکی مافێکی سەرەتایی و ئینسانی هەر تاکێکە لە جیهاندا، پێشکەوتن و گەشەسەندنی کۆمەڵگاش پەیوەستە بە گەشەکردنی هەموو بەهرە و تواناکانی خەڵکی ئەو کۆمەڵگایەی کە پەروەردە بە زمانی دایکی، پایەیەکی بنەڕەتی و گرنگە تیایدا. منداڵان دەتوانن بە ئاسانی چەندین زمان فێربن و ئەو منداڵانەی کە بە چەند زمان دەتوانن قسە بکەن، پۆتانسێلێکی باشتر و زیاتریان هەیە بۆ فێربوون. بە فەرمی ناسینی مافی خوێندن لە هەموو ئاستەکاندا بە زمانی دایکی، پایەیەکی بنەڕەتییە لە گەشە و شکڵگرتنی کەسایەتی تەندروستی منداڵ و تازە لاوان و ڕێگایەکە بەرەو گەشە و پێشکەوتنی کۆمەڵگا.

سەرەڕای هەموو ئەمانە، لە ئێران کە وڵاتێکی فرە زمانە، لەژێر دەسەڵاتی ڕژیمەکانی شا و ئیسلامیدا، وەک بەشێک لە ستەمی نەتەوەیی، مافی خوێندن بە زمانی دایکی بۆ ملیۆنان خوێندکاری کورد، تورک، عەرەب، بەلوچ و هتدبە شێوەیەکی پلان بۆداڕێژراو و سیستماتیک پێشێل کراوە. کۆماری ئیسلامی نەک هەر خوێندنی بە زمانی دایکی قەدەغە کردووە، بەڵکوو بە ئەمنییەتی کردنی ئەو پرسە، هەڵسووڕاوانی کۆمەڵایەتی، فەرهەنگی و زمانەوانی لەگەڵ زیندان و ئەشکەنجە بەرەوڕوو کردووەتەوە. لە ئێران منداڵ هەر لە سەرەتای چوونیان بۆ ناو باخچەی ساوایان یان قوتابخانە، خۆی لەگەڵ ئەو ژینگە نوێیە نامۆ دەبینێ و لەبەر ئەوەی کە دەستی بە دایک و باوک و کەسوکاری ئاشناش ڕاناگات، بە شێوەیەکی سروشتی هەست بە ترس و نیگەرانی دەکات. قسەکردنی مامۆستا بە زمانێکی تر، ئەو ترس و نامۆبوونەی منداڵ دوو هێندە دەکات. بەردی بناغەی پەیوەندی نێوان منداڵ و مامۆستا لەسەر ئەم نامۆبوونە بنیات دەنرێت. لە کاتێکدا ئەم ترسە دەتوانرێت لە ڕێگەی زمانێکی هاوبەشی کە بەگوێی منداڵەکە ئاشنا بێت، چارەسەر بکرێت. ڕێزگرتن لە مامۆستا، جێگەی ترس لە مامۆستا دەگرێتەوە. پردێک لە نێوان بنەماڵە و قوتابخانە دروست دەبێت. منداڵ بە ئارامییەکی زیاترەوە وانەکان فێردەبێت و هەستی متمانە بەخۆبوون تیایدا بەهێزتر دەبێت. توێژینەوە زانستییە باوەڕ پێکراوەکان دەریدەخەن کە پەروەردە دەبێ لانیکەم تا تەمەنی ١٠ ساڵی بە زمانی دایکی بێت. تەنها بەم شێوەیە منداڵ دەتوانێت سوودی تەواو لە توانایی گەشە و شکڵگرتنی کەسایەتی خۆی وەربگرێت و بەهرە و تواناییەکانی گەشە دەکەن. توانایی بەکارهێنانی زمانی دایکی وا دەکات کە منداڵ لە فێربوونی زمانەکانی تردا تواناییەکی زیاتری هەبێت. بەم شێوەیە ڕێگا بۆ فێربوونی زمانەکانی دووەم و سێیەم و دەستڕاگەیشتن بە فەرهەنگ و بیرکردنەوە خۆش دەبێت. لە قۆناغەکانی داهاتووی پەروەردە بە زمانی دایکی دا، توانایی لاوان و تازە لاوان لە پرسی دەوڵەمەندکردنی فەرهەنگ و بیرکردنەوە لە کۆمەڵگەی مرۆڤایەتیدا گەشە دەکات. بەم شێوەیە دونیای دەوروبەری منداڵان، لاوان و تازە لاوان فراوانتر دەبێت. ئێستا دەتوانین بیهێنینە بەرچاومان ئەو ڕژیمەی کە ئەم مافە سەرەتاییە لە ملیۆنان منداڵی دانیشتووی ئەم وڵاتە درێغ دەکات، لە ڕاستیدا چ تاوانێکی گەورە بەرامبەر بەو منداڵانە و بەرامبەر بە هێزە بنیاتنەرەکانی دواڕۆژی ئەم کۆمەڵگایە ئەنجام دەدات. لێکۆڵینەوە کۆمەڵناسیەکان لە بواری پەروەردە لە ئێراندا دەریانخستووە کە ڕێژەی وازهێنان لە خوێندن و ناسەرکەوتوویی، لەو ناوچانەی ئێران کە زمانی دانیشتووانەکەی فارسی نییە، گەلێک زیاترە و شادی و ڕەزامەندی منداڵان و خوێندکاران زۆر کەمترە. پەروەردە بە زمانی دایکی، لە هەموو ئاستەکاندا، قسەکردن بە زمانی دایکی لە ئیدارە دەوڵەتییەکان و لە شوێنی کار، دەرکەوتن لە میدیا و ڕاگەیاندنەکان بە زمانی دایکی، مافێکی بێ ئەملا و ئەولای هەر مرۆڤێکە.

کۆمیتەی ناوەندی کۆمەڵە

ڕێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران

٣٠ی ڕێبەندانی ١٤٠٢