کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
راگه‌یاندنه‌كان

ڕاگەیاندنی کۆمیتەی ناوەندی حیزبی كۆمۆنیستی ئێران بە بۆنەی سەرەتای ساڵی خوێندنی( ١٣٩٧- ١٣٩٨)

سێ شەممە 18 سێپتەمبر 2018 | 27 خەرمانان 1397

لە سەرودەمی ساڵی نوێی خوێندن داین. نزیک بە چواردە ملیۆن قوتابی و نزیک بە ٤ ملیۆن خوێندکار خۆیان بۆ چوون بۆ قوتابخانە و زانکۆکان ئامادە دەکەن. لەم رۆژانەدا شور و شەوق، دڵەڕاوکێ و بێ قەراری منداڵان، ئەو تازە لاو و لاوانەی کە دەرفەتیان هەیە بچنە نێو دامەزراوەکانی ئاموزشیەوە، ڕواڵەتێکی نوێی داوتە فەزای کۆمەڵگا. لە هەمان حاڵدا بە ملیۆن منداڵی کار لە کارگاکان، لە کورەخانەکان، لە مەزرا و لە ماڵەکاندا خەریکی کاری موزدین تا پاروە نانێک بۆ بنەماڵەکانیان دەست بخەن. هەروەها نزیکەی ٢ ملیۆن منداڵی خیابانی کە لە چەرخەی خوێندن چوونەتە دەر بە جل و بەرگی کۆن و دڕاوەوە لەسەر چوارێیانەکان بۆ فرۆشتنی بەستەی دەستماڵ کاغەزی و یان خاوێن کردنەوەی شوشەی ماشێنەکان، بە درێژایی رۆژ لەنێو گازی ژاراوی ماشێنەکاندان و یان تا پشتێنە لە سەتڵی زبڵەکاندا نوشتاونەتەوە تا پەلاستیک، کاغەز و کارتۆن کۆبکەنەوە. ئەم منداڵانە ئەگەر لە چنگ مەئمورانی شارەداری ڕزگاریان بێت، شەوانە لە گۆشەی خیابانەکان، لە زبڵدانەکاندا و یان لە جۆگەلەی وشک بووی ئاودا دەخەون. لەم نێوانەدا منداڵانی کۆچبەر برینەکانیان قوڵترە. بەشێکی بەرین لەوان بە هۆی نەبوونی بەڵگەی پێناس و یان بە هۆی قەبوڵ نەکران لە مەدرەسە دەوڵەتیەکاندا، لە زاخە، و کەپر و عەمبارە شێدارەکان و لە ترسی بەردەوامدا لە کەوتنە دەست مەئمورەکان هەموو شادی و خۆشی و تازەلاوییان بە بڕە پارەیەکی کەم دەفرۆشن. ئەگەرچی تا چەند ساڵ لەوەپێش کاربەدەستانی ڕژیم بوونی منداڵی کار و خیابانیان ڕەد دەکردەوە بەڵام ئێستا ئیتر بوونی ئەوان لە ڕواڵەتی کارگاکان، کەپر و چوار ڕێیانەکان پاک نابێتەوە. منداڵانی کار و خیابانی یەکێک لە هێما بەرچاوەکانی هەژارین لە کۆمەڵگادا.

ئەمساڵ به‌هۆی قوڵ بوونەوەی قەیرانی ئابووری و لە حاڵێکدا کە لە ماوەی ٦ مانگی ڕابردودا نرخی ڕیاڵ ١٤٠ لەسەد دابەزیوە و نرخی قەڵەم و دەفتەر سەد لەسەد بەرز بۆتەوە، دابین کردنی پێداویستیەکانی منداڵان بۆتە یەکێک لە دڵەڕاوکێکانی بنەماڵە کەم داهاتەکان. لەم نێوانەدا بنەماڵە کرێکاریەکان بارودۆخێکی گەلێک دژوار تریان هەیە. کاتێک دەوترێت کە لە توانایی کڕینی کرێکاران هەشتا لەسەد کەم بۆتەوە، کاتێک دەوترێت کە بنەماڵە کرێکاریەکان ٧٠ لەسەدی حەقدەستەکانیان دەبێ تەنیا بۆ دابین کردنی خۆراک خەرج بکەن، ئەوکات چۆن دەکرێت چاوڕوان بیت کە دەرەقەتی شەهریە، لیباس و قەڵەم و دەفتەر بۆ منداڵەکانیان بێن. منداڵەکانیان لە زۆربەی حاڵەتەکاندا ڕێگایەکیان بێجگە لە پەیوەیست بوون بە خێڵی بەرینی منداڵانی کارەوە نییە. لە ڕاستیدا ساڵ لەگەڵ ساڵ ئیمکانی خوێندن چینایەتی تر دەبێتەوە. تازە کاتێک بنەماڵەکان لە سەدی هەزینەی چوون بۆ مەدرەسە و زانکۆ دەپەڕنەوە، دانش ئاموز پێ دەنێتە مەیدانێکەوە کە زیاتر لە ٤ دەیەیە ڕژیم هەموو ئەهرومەکانی خۆی بۆ توشی کێشە کردنی زانست بەکار هێناوە.

دانش ئاموز بە جێگای ئاموزشی زانست و ناسینی دنیای دەورو بەری دەبێ مەزهەب، خورافات و ئەفکاری پەڕتوکاو و بەجێماو لە سەدە و سەردەمەکانی ڕابردو بخاتە مێشکیەوە. سیستمی ئاموزش و پەروەرشی ئیسلامی کە لەسەر بنەمای ستەم و هەڵاواردنی ڕەگەزییە، هەوڵ ئەدات بە پەرەدان بە فەرهەنگی کۆنەپەرستانە و دژی ژن، کچان بگێڕێتەوە بۆ گۆشەی ماڵەوە. تێدەکۆشێ لەسەر بنەمای ئەم یاسایانە، ژنان و کچانی دانش ئاموز و خوێندکار لە کۆت وبەندی یاسا مەزهەبیەکاندا ڕابگرێت و لە خوێندن لە هێندێک لە ڕشتەکاندا بێبەشیان بکات. ناوەرۆکی کتێبە دەرسیەکان لە هیچ بواریکدا پێوەندی بە دنیای واقعی و بەرەو پێش چوونی سەرسوڕ هەێنەری سەردەمەوە نییە. ناوەرۆکی ئەدەبیی کتێبە دەرسیەکان لە کۆماری ئعیسلامیدا تۆزقاڵێک داهێنانی فەردی، هونەری و زەوقی قوتابیان پەروەردە ناکات. لە کتێبەکانی دەرسی مێژوودا ئاسارێک لە تاریخی گەشە و هەڵدانی واقیعی کۆمەڵگای بەشەری نابیندرێ. گشت ئەمانە لە خزمەت ئەوە دایە کە ڕژیم سوڵەتەی ئیدئۆلۆژیکی بپارێزێت و ئەو لاوانە پەروەردە بکات کە بیرو باوەڕیان نەک لە ژیانی واقعی و مادی، نەک لە دەستکەوتە مێژووییەکان و پێشڕەفتە زانستیەکانی بەشەریەتی پێشڕەو، بەڵکو لە ئەفسانە و ئافکاری مۆمیایی کراوی هەزاران ساڵە شکڵ پێئەدەن. لە وەها فەزایەکدایە کە موعەلیمان دەبێ ئاموزشی دانش ئاموزەکان بگرنە ئەستۆ. ئەو مامۆستایەنەی کە لە بارودۆخێکی پۆلیسی، پشکنینی بیروباوەڕ و حوزوری ناوەندە ئەمنیەتیەکان لە مەدەرەسەکاندا، دەبێ لە هەر دەرفەتێک کەڵک وەربگرن تا ناوەرۆکی پێشکەوتوانە و پێشڕەو بگوازنەوە بۆ شاگردەکانیان. تازە ئەوە هەموو دژواریەکانی کاری ئەوان نییە، مامۆستایانیش خۆیان لەو حقوق بگیرانەن کە بە حقوقی کەمیانەوە باری قەیرانی ئابووری به‌سه‌ر ئه‌وانیش قورسایی ده‌كات. کەم نین ئەو مامۆستایانەی کە بۆ گوزەرانی ژیانیان لانیکەم دوو کار دەکەن و فەراغەتی پێویستیان نە بۆ گەشەدان بە ئاستی ئاموزشی خۆیان و نە بۆ ئاموزشی تازەلاوان هەیە.

لەم نێوانەدا بەشێکی زۆر لە دانش ئاموزان ئەگەر بە هۆی هەژاری بنەماڵەوە، دەبستان یان دەبیرستانیان بەجێ نەهێشتبێت، بە تەواو کردنی خوێندن دەچنە بازاڕی کارەوە. هەمان ئەو بازاڕەی کە تێیدا بە ملیۆن ئینسان بە حەدەستێکی ٤ تا ٥ جار لەژێر هێڵی هەژارییەوە لە نێوان مەرگ و ژیاندا شەو و رۆژیان تێپەڕ دەکەن. لە بارودۆخێکدا کە بە تایبەت لە ئاکامی خوسوسی سازییەكان ئاموزشی ڕۆژبه‌ڕۆژ چینایەتی تر بۆتەوە، ئەو قوتابیانەی کە لە بنەماڵە کرێکاریەکان و یان توێژی خوارەوەی کۆمەڵگان بە هەڵکەوت ڕێیان دەکەوێتە زانکۆ و خوێندنی باڵا. لە زانکۆکانیشدا درگا لەسەر هەمان پاژنە دەسوڕێتەوە. رۆژێک خوێندار ئەستێرەدار دەکرێت، رۆژێک دەکەونە دەست مەئمورانی حەراسەت و تازە کاتێک زانکۆ تەواو دەکەن، ئەمجار بە ئۆردوی ئەو کەسانەوە کە خوێندنیان تەواو کردوە پەیوەست دەبن. لەسەر بنەمای ئامارە ڕەسمیەکان ٨٠ لەسەدی کەسانێک خوێندنی زانکۆیان تەواو کردوە لە زومڕەی ئەڕتەشی ملیۆنی بێکارانن.

هەر ئەم وێنەیە بە روونی دەرخەری ئەوەیە کە ئەم نیزامە ئاموزشیە ڕەنگدانەوەی جیاوازی چینایەتی، ستەمی ڕەگەزی، مەزهەبی و نەتەوەییە کە لە لایەن ڕژیمەوە دیسان بەرهەم دێنەوە. بە کورتی ئەم ڕژیمە رۆح و ڕەوانی منداڵەکانمان وردو خاش دەکات تا بە ڕازی بوون بە کۆیلایەتی لە خزمەت نیزامی چینایەتی و سیاسی حاکمدا بن. هەڵبەت ئەمە بەشێک لە وێنەی کۆمەڵگایەکە کە تێیدا ٤٠ ساڵە دژی شۆڕشی ئیسلامیی لەسەر کورسی دەسەڵات دانیشتوە. وێناکەی تری کۆمەڵگا کە روو بە داهاتوە و ئاسۆیەکی روونی بۆخۆی دیاری کردوە، وێنای هەوڵدان و خەباتە، ئەو خەبات و خۆڕاگری و بەرەنگار بوونەوانەی کە مژدە بەخشی سەرەتای دەست پێکی قۆناغێکی نوێیە لە حەیاتی کۆمەڵگادا. ئاخێزی سەرتاسەری مانگی بەفرانبار مژدە دەری ئەم قۆناغە نوێیە بوو. دانش ئاموزەکان، خوێندکاران، لاوانی بێکار، ژنان و مامۆستایان هەنگاو بە هەنگاو هاتونەتە پێشەوەی سەحنە و داخوازیەکانیان بانگەواز دەکەن. مردن بۆ دیکتاتۆڕ، موعەلیمی زیندانی دەبێ ئازاد بکرێت، خوێندکاری زیندانی دەبێ ئازاد بکرێت لە هەموو گۆشە و کەنارێک دەبیسترێت و گشت ئەمانە دەنگدانەوەی هاوار و بانگەوازەکانیان لە مانگرتنی کرێکارانی حەوت تەپە، لە مانگرتنی کرێکارانی فولادی ئەهواز، لە مانگرتنی کرێکارانی ڕیاگای ئاسن و هیپکۆ لە مانگرتنی سەرتاسەری شۆفیر کامیۆنەکان، لە مانگرتنی گشتی شکۆداری خەڵکی تێکۆشەری کوردستانیش جارێکی تر ئەبیننەوە.

گشت ئەم خەبات، خۆڕاگری و مانگرتنانە پەیامێکی روونیان هەیە و ئەویش ئەوەیە کە هەست و نیستمان لەژێر هێرشی ڕژیم دایە و ئێمە دەبێ خۆمان هەنگاو بە هەنگاو بۆ نەبەردی کۆتایی ئامادە بکەین. لەم نێوانەدا بەبێ گومان دانش ئاموزان، خوێندکاران و مامۆستایان دەتوانن دەورێکی گرنگ بنوێنن، ئەوان تەنیا منداڵانی کار و زەحمەت نین. ئەوان دەتوانن ببنە رووناکبێرانی شۆڕشگێڕ و کومونیست و دەورێکی بەنرخ لە خزمەت بە ئامادەکاری بۆ شۆڕش و سەرکەوتن بگێڕن. بەبێ گومان جەمعەیەتی ملیۆنی قوتابیان و جەمعیەتی ٤ ملیۆنی خوێندکاران و مامۆستایانی زەحمەتکێش لە یەکێتی و هاوپشتی لەگەڵ بزوتنەوەی کرێکاری هێزێکی بە توانان بۆ گۆڕینی ئەم بارودۆخە موسیبەت بارە.

حیزبی كۆمۆنیستی ئێران وێڕای پیرۆزبایی ساڵی نوێی خوێندن لە قوتابیان، خوێندکاران، مامۆستایان و بنەماڵەکانیان و دەربڕینی هاوپشتی قوڵی خۆی لەگەڵ منداڵانی کار و خیابانی، هەمویان بانگەواز دەکات بۆ خەباتێکی وشیارانە و ڕێکخراو لەدژی ڕژیمی سەرمایەداری کۆماری ئیسلامی. ڕوخاندنی شۆڕشگێڕانەی ئەم ڕژیمە هەنگاوی سەرەتایە بۆ جیایی دین لە دەوڵەت و ئاموزش و پەروەرش، کۆتایی هێنان بە کارەساتی منداڵانی کار و خیابانی و ڕزگار کردنی زانست لە چنگ خورافە و ئەفکاری مەزهەبی و لە کۆتاییدا گەشە و شکۆفانەوەی کۆمەڵگا.

بڕوخێ ڕژیمی کۆماری ئیسلامیی

بژی ئازادی ، بەرابەری، حکومەتی کرێکاری

کۆمیتەی ناوەندی حیزبی كۆمۆنیستی ئێران

خەرمانانی ١٣٩٧

سیپتامبری ٢٠١٨

بابەتی پەیوەندیدار

ڕاگەیاندنی نوێنەرایەتی_کۆمەڵه_له_دەرەوەی_وڵات:

komalah

ڕاگه‌یاندنی حیزبی كۆمۆنیستی ئێران سه‌باره‌ت به‌ په‌یوه‌ست بوونی بزووتنه‌وه‌ی دژ به‌ گرانی و بزووتنه‌وه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان

komalah

وڵام بە نامەی کراوەی ڕەوتی جیابووە لە حیزبی کۆمۆنیستی ئێران!

komalah

نامەیکراوە بۆ: هاوڕێیانی ڕەوتی سوسیالیستی کۆمەڵە!

komalah

ڕاگه‌یاندنی ده‌بیرخانه‌ی كومیته‌ی ناوه‌ندی كۆمه‌ڵه‌ سه‌باره‌ت به‌ ده‌ستبه‌سه‌ركراوه‌كانی شاری بانه‌

komalah

ڕاگەیاندنی هاوبەشی ” کۆمیتەی ڕێبەری کاتیی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران، کۆمیتەی ناوەندی کۆمەڵە و کۆمیتەی دەرەوەی وڵاتی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران”

komalah