کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
راگه‌یاندنه‌كان

ڕاگەیاندنی هاوبەشی ” کۆمیتەی ڕێبەری کاتیی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران، کۆمیتەی ناوەندی کۆمەڵە و کۆمیتەی دەرەوەی وڵاتی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران”

سەبارەت بە نەبوونی مەشرووعییەتی کەڵک وەرگرتن لە ناوی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە.

.

لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا دوو ڕاگەیاندن سەبارەت بە بەڕێوەچوونی دوو کۆنگرە لەلایەن کۆمەڵێک لە هاوڕێیانی پێشووی ئێمەوە بڵاو کراوەتەوە کە هەردوو واژۆی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵەیان بەسەرەوەیە. لە ماوەی شەش ساڵی ڕابردوودا زۆربەی ئەو کەس و لایەنانەی کە هۆگر و بەدواداچوونی مەسایلی سیاسین،تا ڕادەیەک لەگەڵ باس و دیالۆگەکانی نێوخۆی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران ئاشنان. ئەم باس و دیالۆگانە لەناو هەڵسووڕاوانی نێوخۆی وڵاتیشدا کەم و زۆر دەنگدانەوە و ڕەنگدانەوەی بووە و گفتوگۆی لەسەر کراوە. لەو ماوەیەدا سەرەتا وتیان کە ” ناکۆکییەکان ناڕوونن”، دواتر لەسەر بنەمای هەر ئەو “ناڕوونییە” ڕێکخراوی حیزبیان بەسەر دوو باڵی چەپ و ڕاست، کۆمۆنیست و ناسیۆنالیستدا دابەشکرد و بەم دابەشکارییە و بە پەیڕەویی کردن لە نەیارانی سەرسەختی کۆمەڵە و حیزبی کۆمۆنیست، بە تێکڕای ئەندامانی حیزب بێ ڕێزییانکرد.

جیاوازییە سیاسی و دابەشکارییە بێ بنەماکان، هەرلەسەرەتاوە و تاکوو ئێستاش ناڕوون بوون و بۆ چاوەدێرێکی دەرەکی بێلایەن و بێ غەرەز و دەمارگرژی، جیاکردنەوە و هەست بەم جیاوازییانە لەسەر بنەمای ستراتێژی سیاسی و بەرنامەی کردەیی سیاسی جیاواز تا ڕادەیەکی زۆر نامومکین بوو. بەم هۆیەوە ئێمە زۆرجار ڕامانگەیاند کە ناکۆکییە هەنووکەییەکان لەهەمان ئاستدا کە هاتوونە گۆڕێ گەورە کراونەتەوە و بەهیچ شێوەیەک نەیاندەتوانی پاساو بن بۆ ئەو جیابوونەوەی کە لە لایەن ئەوانەوە ڕوویداوە. بوونی دیالۆگ و گفتوگۆی سیاسی لەسەر بابەتگەلی جێی ناکۆکی مەرجی گەشە کردنی هزر و سیاسیی و وردبینییە لەبەرنامە و ستڕاتێژی سیاسی هەر حیزبێکی سیاسی جیدیدا. حیزب بەبێ ئەمجۆرە دیالۆگ و گفتوگۆیانە جێگە و پێگەی تا ئاستی مەحفەلێکی ناسیاسی و یان شیرکەتێکی تەعاوەنی دادەبەزێت.

لەم ڕووەوە سروشتییە کە بەپێی ڕەواڵ باس و دیالۆگی سیاسی نەتەنیا نابێت ببێتەهۆی پرش و بڵاوی و لێک دابڕان، بەڵکوو دەرئەنجام پتەوترین هاونەزەری و سەقامگیریی بەرنامەیی و ستڕاتژیکیی حیزبێک هەرلەم ڕێگایەوە حاسڵ دەبێت. لەڕاستیدا ئەم دیالۆگانە لەهەلومەرجێکدا دەبێتەهۆی جیابوونەوە کە ناکۆکییەکان لەسەر بەرنامە و ئامانج و ستڕاتێژ بن. ئەوەیکە وەک ناکۆکی سیاسی پێناسەکرا لە بازنەی شک و گومان و هەندێک جاریش بەبێ متمانەیی و بەریەک کەوتنە رێکخراوەییەکان و دڵ هێشانی کەسەکان لەیەکتر واوەتر نەچوو کە سەرئەنجام بوو بەهۆی جیابوونەوەی کەمایەتییک لە حیزبی کۆمۆنیست و کۆمەڵە. دیارە کە هەڵسووڕان و کارکردن لە حیزبێکی سیاسیدا ئەمرێکی دڵخوازانەیە. نابێت و ناکرێت هیچ کەسێک لەژێر گوشاری ئەخلاقی و سیاسی و شتی لەم بابەتدا ناچار بە قەبووڵکردنی ڕوواڵەتیی یەکگرتووییەک بکرێت کە بەهەر هۆکارێکەوە بێت نەیهەوێت. هەرکەسێک لەبەرامبەر هەڵبژاردەی چاک و خراپی سیاسی خۆیدا بەرپرسە و ئەگەر قەبووڵی بەرپرسیارییەتی بکات، دەبێت خۆی لەئاست کۆمەڵگادا بە وڵامدەرەوە بزانێت. تا ئێرەی ئەم پێشهاتە، بابەتەکە پێوەندی هەیە بە کەسانی “جیابۆوە”. کردەوە باشترین پێوانەیە بۆ قەزاوەت کردن لەسەر دروست بوون یان نادروست بوونی بڕیارێک کە ئەم هاوڕێیانەی پێشوومان داویانە و بێگومان بەبەشی خۆی داوەری لەسەر دەکرێت.

بەڵام بۆ ئێمە، ئەو کەسانەی کە لەم حیزبەدا ماوینەتەوە، خەسارناسیی ئەویکە لە ماوەی شەش ساڵی ڕابردوودا لەم حیزبەدا ڕوویداوە، لەو ڕوويوە گرینگە کە خاڵە لاواز و بەهێزەکانی خۆمان بناسین و دەرس و ئەزموونەکانی بکەین بە بنەمایەک بۆ بەرەوپێشچوونەکانی دواتر و بارهێنانی خەباتکارانێکی وشیارتر و خاوەن تێڕوانینێکی روونتر. لەهەمانکاتدا ئەو دڵنیاییە بدەین بە کۆمەڵگا و ئەو جەماوەرەی کە هیواکانیان بە ئامەنجەکانی ئەم حیزبەوە گرێداوە کە ڕێگەکەمان دروست هەڵبژاردووە و بەردەوام خاڵە لاواز و کەم و کووڕییەکان دەناسین و هەوڵ بۆ چارەسەرکردنیان دەدەین.

پێویستە قەزاوەتکردن لەسەر ئەو بابەتانەی سەرەوە بە داهاتوو بسپێردرێت. بەڵام ئەوەیکە ئێستا لەڕوانگەی ئێمەوە جێگای هەڵوێستە کردنی جیدیە ئەوەیە کە ئەم کەمایەتییەی کە دەبوو پاش جیابوونەوەیان ناو و پێناسەیەکی دیکەی یەکسان لەگەڵ ئەوەیکە بۆخۆیان بەگونجاوی دەزانن بۆ درێژەدان بە کار و چالاکی خۆیان هەڵبژێرن.

بەداخەوە هەرئەو ناوەیان لەسەر خۆیان داناوە کە ناو و پێناسەی زۆرینەیەکە لە حیزبێکدا کە سوور و پێداگرن لەسەر درێژەدان بەو ڕێگە و ڕێبازەی کە تا ئیستا لەسەری بەردەوام بوون. لەوانەیە بوترێت ئەوانیش درێژەپێدەری هەر ئەو ڕێبازەی تاکوو ئێستای حیزبن. ئەگەر وایە جیابوونەوە لەبەرچی؟ ئەگەر وانییە و جیابوونەوە لەڕوانگەی ئەوانەوە بەگوێرەی خوێندنەوەیەک کە لەسەر ناکۆکییەکان بوویان، بێ گەڕانەوە بوو، دەمێنێتەوە کەڵک وەرگرتن لە ناو و پێناسەی حیزب. ئێستا دەكرێ پرسیار ئەوە بێت کە کام لایەن پاش جیابوونەوە ماف و ڕەوایەتی کەڵک وەرگرتنیان هەیە لەو شتانەی تا ئیستا بوونیان هەبووە ؟ لە حاڵەتێکی لەم چەشنەدا پێویستە بگەڕێینەوە بۆ مەنتق، ئەخلاقی تەندروستی سیاسی و بۆ ئەساسنامە حیزبیی کە تا کاتی جیابوونەوە هەردوو لایەنەکان پێی پابەند بوون و هەروەها بۆ ئەزموونەکانی هەتا ئێستای  جیابوونەوەکانی ناو ڕەوتە سیاسییەکان.

هەمووی ئەمانە کە باسمانکرد پێمان دەڵێن کە ئەو هاوڕێیانەی پێشوو هەر خوێندنەوەیەکیان لەسەر خۆیان هەبێت، دوای جیابوونەوەیان ماف و رەووایەتی کەڵک وەرگرتن لەم ناو و پێناسانەیان نییە. هۆکارەکەشی ڕوون و ئاشکرایە، لەبەر ئەوەی هەروەک لەپێشووتردا ئاماژەمان پێکرد “جیابۆوەکان” هەر پاساوێکیان بۆ جیابوونەوەکەیان هەبێت،ڕاستییەکەی ئەوەیە کە کاتێک جیابوونەوەی خۆیان ڕاگەیاند لەهەموو قۆناغی باس و دیالۆگەکانی شەش ساڵی ڕابردوودا، کەمینەیەکیان لەناو حیزبی ئێمەدا پێک دەهێنا.لەمڕووەوە ئەگەر جیابوونەوە مافی کەمینەیەکی حیزبی بووبێت، ئاشکرایە کە هەڵبژاردنی ئەم ناوانە مافی ئەوان نییە. ئێستا مومکینە بوترێت کە بابەتەکە ڕێک پێوەندی هەربەم زۆرینە و کەمینەیەوە هەیە.

لە هەلومەرجی ئێستادا دەکرێت بەزەبری وشە و دەستەواژەکان، مەنتق، ئەساسنامە و سەرجەم  ئەزموونەکانی هەتا ئێستا پشتگوێ بخرێن و بوونی ڕاستییەکانی ناو ڕیزبەندی تەشکیلاتی پاش جیابوونەوە چواشە بکرێن. دەکرێت تەشکیلات و کەسانێکی کە پتر لە چل ساڵە لە پێناو ڕزگاری کرێکاران و زەحمەتکێشان و بەدیهاتنی ئارمانی بەرزی سۆسیالیزمدا فیداکارانە خەباتیان کردووە، بە دژایەتیکردن لەگەڵ ئەو ئامانجە لەقەڵەم بدرێن، کە لە مێژووی دیالۆگ و ناکۆکییەکانی کۆمەڵە و حیزبی کۆمۆنیستدا جگە لە قۆناغێکی کورت ماوە، بێ وێنەیە، هەرئەوجۆرەی کە “جیابۆوە”کان  کردیان، بەڵام ناکرێت بۆ ماوەیەکی دوور و درێژ گاڵتە بە شعوری وەخەبەرهاتوو و وشیاری کۆمەڵگا بکرێت. پێوانەی دیاریکردنی زۆرینە و کەمینە لە حیزبێکی سیاسیدا چییە و لە مێژووی بزووتنەوەی کۆمۆنیستیدا زۆرینە و کەمینە چۆن پێکهاتوون؟

ئەگەر مەنتق، ئەخلاقی سیاسی تەندروست و ئەزموونەکانی تاکوو ئێستا ئەساس و بنەما بێت  و هەرئەوەش بەپێی هەلومەرجی ئێستا و بەمەبەستی دیاریکردنی زۆرینە و کەمینەی ناو حیزب تا کاتی جیابوونەوە بەکاربێنین، ئەو ڕاستییە دەردەکەوێت کە لەدەرەوەی وڵات بەلانی زۆرەوە سی لەسەد و لە تەشکیلاتی عەلەنی کۆمەڵە لە کوردستانیش کەمتر لە ژومارەی پەنجەکانی دەست بوون.سەبارەت بە تەشکیلاتی ناوەوەی وڵاتیش بەهۆی هەلومەرجی ئەمنییەتییەوە نە ئێمە و نە “جیابۆوەکان” ناتوانین بەراوردێکی دروست و  سەلمێنەر بخەینە بەردەست. ئەگەرچی سەرجەم نیشانە و هۆکارەکان، دەور و نەخشی عەینی خەباتکارانە و هەڵسەنگاندنەکان لەم بابەتەوە لەدژی ئەوان شایەتی دەدەن. بەڵام بەداخەوە بەحوکمی ئستبدادی سیاسی، دیواری حاشاکردن لەم بابەتەوە بەرزە. سەرەڕای هەمووی ئەم ڕاستییانە بۆ سەلماندنی، لەم بارودۆخەی ئێستادا کە مەحکەمە و نەزم و نیزام و یاسایەک بوونی نییە کە بۆ بابەتگەلێکیی لەم چەشنە پەنای بۆ ببردرێت، تەنیا لە سێ ڕێگاوە دەتوانین بەدواداچوون بۆ دەست نیشانکردنی ڕاستییەکان بکەین.

ڕێگاچارەی یەکەم: گەڕاونەوە بۆ ویژدانی وەخەبەرهاتووی ئەو ئەندامانەی کە لەگەڵ لایەنی جیابووە کەوتوون. ئەگەر وای دابنێین ئەوان بەم باوڕە ئەخلاقییە بارهاتوون کە کۆمۆنیستەکان مرۆڤێکی سادقن و شەرم دەکەن راستییەکان بشارنەوە، لە بەشی دەرەوەی وڵاتی ئەو ئەندامانەی کە لەگەڵ لایەنی جیابووە کەوتن دەپرسین ئایا بەر لە ڕاگیرانی پڕۆسەی ئەندامگیری ( کە نزیکەی چوار ساڵ لەمەوبەر کۆمیتەی ئیجرایی پێشوو بەناڕەوا ئەمری بە ڕاگرتنی کرد) و بەدوای ئەوەدا و تا کاتی جیابوونەوەش، ژومارەی ئەو کەسانەی کە لە دەرەوەی وڵات لەگەڵ ئەم جیابوونەوەیە کەوتن، زۆرینەی ئەندامانی حیزب بوون، یان کەمینە؟ وڵامی ئەم پرسیارە بە ئێمە نا، بەڵکوو بە ویژدانی خۆیانی بدەنەوە و بزانن کە ئایا لەم ڕووەوە بەڕاستی ئەو ناوەی کە بۆ حیزبەکەیان دیاریکردووە ڕەوایەتی هەیە؟ سەبارەت بەئەندامانی بەشی عەلەنی کۆمەڵە (پێشمەرگانە) پێویست بە ڕوونکردنەوی زیاتر نییە لەبەر ئەوەی ئامارەکە ڕوون و حاشاهەڵنەگرە.

ڕێگاچارەی دووهەم: سەرجەم سەنەد و بەڵگەنامەکان بخرێنە بەردەست کۆمیسیۆنێکی باوەڕپێکراو و بێلایەن کە هیچ گومانێک لەسەر عادڵانە بوونی قەزاوەت کردنیان نەبێت، تا لەم بابەتەوە وردبینی پێویست لەو زانیارییانەدا بکەن و بڕیاری لەسەر بدەن. هەر لێرەدا ئەوەش بڵێین کە ئەگەر هاوڕێیانی پێشوومان ناوێکی گونجاوی دیکە بۆخۆیان دیاری نەکەن، ئێمە پەنابردنەبەر ئەم ڕێکارە تاوتوێ دەکەین.

ڕێگاچارەی سێهەم: گەڕانەوە بۆ ئەنجامی ئەو دوایین کۆنگرە و کۆنفڕانسانەی کە هاوڕێیانی “جیابۆوە” تێیاندا بەشدار بوون و ڕەوایەتییەکەیان قەبووڵ کردووە:

١_ کۆنگرەی ١٧ی کۆمەڵە لە هاوینی ساڵی ١٣٩٦ بەڕێوەچوو، “جیابۆوە”کانی ئێستا لە داڕشتن و نووسینەوەی ئاییننامەی ئەم کۆنگرەیەدا بەشدار بوون و پەسەندیان کرد. لەم کۆنگرەیەدا بەشداریانکرد، دەنگیان بە قەرار و بڕیارنامەکاندا، لە هەڵبژاردنی کۆمیتەی ناوەندی کۆمەڵەدا بەشداربوون، بەڵام بەهۆی ئەوەیکە کۆنگرە ئامادە نەبوو تەرحی ئەوان بۆ هێشتنەوەی کۆمیتەی ناوەندی پێشوو قەبووڵ بکات و هەڵبژاردنی ئازاد و دێموکراتیک بەپێی دەنگی ڕاستەوخۆ و نهێنی هەر ئەندامێکی حازر لە کۆنگرەدا، بەپێی مەیل و بڕیاری ئەوان نەبوو، بۆ ڕێبەرایەتی کۆمەڵە خۆیان هەڵنەبژارد.

٢_کۆنفڕانسی ١٢ی تشکیلاتی دەرەوەی وڵات هاوێنی  ١٣٩٧ بەڕێوەچوو، هاوڕێیانی پێشوومان تیایدا بەشدار بوون و هیچکام لەوان بۆ ڕێبەرایەتی ڕێکخراوی دەرەوەی وڵات دەنگی پێویستان نەهێنایەوە و هەڵنەبژێردران. لە کۆنفڕانسی دواتریش ( کۆنفڕانسی ١٣) دەگوزەرێین کە بەبێ هیچ هۆکارێکی پشت پێ بەستراو بایکۆتیان کرد.

٣_ کۆنگرەی ١٢ی حیزب هاوینی ١٣٩٤ بەڕێوەچوو. لەم کۆنگرەیەدا ٢٣ کەس وەک کۆمیتەی ناوەندی هەڵبژێردران کە لەکاتی باس و دیالۆگە نێوخۆییەکاندا ١٤ کەسیان ڕێبەریی و هیدایەتی جیابوونەوەکەیان لەئەستۆبوو. کۆنگرەی دواتر، واتا کۆنگرەی ١٣ی حیزب بوو  کە دەبوو لە ساڵی ١٣٩٦دا بەڕێوە بچێت، لەلایەن ئەم ڕێبەرایەتییەوە سەرەڕای چەندین جار داواکاری زۆربەی ئەندامانی حیزب، بە کۆمەڵێک پاساوی نالۆژیک و نامەنتقی بەردەوام وەدوا دەخرا. واتا ئەم تەنیا ئورگانە ڕێبەرییەی کە ڕەوتی “جیابۆوە”تیایدا زۆرینە بوون، بەکردەوە بەتێپەڕبوونی پێنج ساڵ بەسەر ماوەی بەڕێوەچوونیدا، بەپێی ئەساسنامە مەشرووعییەتی خۆیان لەدەستدابوو.

لەم ڕوویشەوە بەم پێوانانەش ئەم هاوڕێیانەی پێشوو لە جێگە و پێگەیەکدا نین کە ناوی حیزب و کۆمەڵە لەسەر خۆیان دابنێن. ئێمە لەباری حقووقییەوە ئەم حەرەکەتە بە ناڕەوا و بە پێچەوانەی ئەخلاقێکی تەندروست لە پڕۆسەی جیابوونوە تەشکیلاتییەکان و هەروەها سوننەتە جێکەوتووەکان لە نێو کۆمەڵە و حیزبی کۆمۆنیست و چەپی شۆڕشگێڕ و بەرپرسدا دەزانین و چاوەڕوانیمان لە لایەنی “جیابۆوە” ئەوەیە کە بەم بڕیارەی خۆیاندا بچنەوە. پێداچوونەوە بە پێناسەکردنی خۆیاندا نەتەنیا دەکرێت وەک ڕەواڵێکی پێشکەوتنخوازانە بە حیساب بێت، نەتەنیا لەخزمەت لێک نزیکبوونەوەی ڕەوتە چەپ و کۆمۆنیستەکاندا دەبێت، بەڵکوو دەتوانێت ڕێگاش بۆ هاوکاری لە داهاتووی ئێمە و ئەواندا خۆش بکات. لەم ڕووەوە جارێکی تر جەخت دەکەینەوە کە:

لایەنی “جیابۆوە” سەرەڕای هەر پاساوێکی کە بۆ جیابوونەوەکەیان هەیانبێت، کاتی ڕاگەیاندنی جیابووەنەوەکە، کەمینەیەک بوون لەناو رێکخراوی ئێمەدا. بەم هۆیەوە چ لە باری حقووقی و چ لەباری سیاسی و ئەخلاقییەوە بۆیان نەبووە و نییە کە لەناوی کۆمەڵە و حیزبی کۆمۆنیستی ئێران کەڵک وەربگرن. ئێمە کەڵک وەرگرتن لەم ناوانە لەلایەن ئەوانەوە بە ناڕەوا دەزانین و ڕایدەگەیەنین کە تا ئەو کاتەی ناو و پێناسەیەکی تر بۆ چالاکی سیاسی خۆیان دیاری دەکەن، ناویان “ڕەوتی جیابۆوە”یەو بەم ناوە پێناسە دەکرێن.

لە کۆتاییدا بە پێویستی دەزانین ئاماژە بەو خاڵەیش بکەین کە ڕوونکردنەوەی سیاسیی ئەوەیکە سەرەڕای هەموو ئەم ڕاستییە ڕوون و ئاشکرایانە بۆچی “ڕەوتی جیابۆوە” دەستیانداوەتەجیابوونەوەیەکی لەم چەشنە، ئەمە پێویستی بە خەسارناسی و باس و دیالۆگێکی سیاسی جیدی هەیە کە نە تەنیا بە حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە و لێکترازان و جیابوونەوەکانی پەیوەندی هەیە، بەڵکوو بەرەوپێش بردنی،لەسەر چارەنووسی سەرجەم هێزە چەپەکانی ئەم کۆمەڵگایە کاریگەری دادەنێت.

” کۆمیتەی ڕێبەری کاتیی و ئامادەکاری کۆنگرەی ١٣ی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران”، “کۆمیتەی ناوەندی کۆمەڵە”،”کۆمیتەی دەرەوەی وڵات”

٢ی گوڵانی ١٤٠١ی هەتاوی

٢٢ی ئاوریلی ٢٠٢٢ی زاینی

بابەتی پەیوەندیدار

ڕاگەیاندنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران سەبارەت بە مەحکووم کردنی هێرشی تیرۆریستی بۆسەر سەلمان ڕوشدی

komalah

ڕاگەیاندنی دەبیرخانەی کۆمیتەی ناوەندی کۆمەڵە سەبارەت بە مەزڵووم نمایی ڕەوتی جیابۆوە له‌ كۆمه‌ڵه‌ و حیزبی كۆمونیستی ئێران

komalah

ڕاگەیاندنی کۆمیتەی ناوەندی کۆمەڵە سەبارەت بە ئیدانەکردنی کوشتاری خەڵکی مەدەنی لە سەیرانگایەکی دەوروبەری زاخۆ لە هەرێمی کوردستان

komalah

راگەیاندنی نوێنەرایەتی کۆمەڵه له دەرەوەی وڵات: گرێبەستی دوو دەوڵەتی سوئێد و فینلاند لە گەڵ دەوڵەتی تورکییە لە سەر حیسابی بزووتنەوەی ڕەوای خەڵکی کوردستان ئیدانە دەکەین!

komalah

ڕاگەیاندنی نوێنەرایەتی کۆمەڵه له دەرەوەی وڵات به بۆنەی ماڵئاوایی لە ژیانی هاوڕێ سدیقە نەبەوی

komalah

ڕاگەیاندنی یەکگرتنەوەی کۆمەڵە و ڕەوتی سۆسیالیستی کۆمەڵە

komalah