کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

ڕاگەیاندنی هاوبەشی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و ڕێکخراوی کرێکارانی شۆڕشگێڕی ئێران (ڕاهی کاریگەر)

خەبات لە دژی سیاسەتی هەژارکردنی چینی کرێکار!

دیاریکردنی بڕی حەقدەستەکان لە ئێران یەکێکە لەو پرسە ئابوورییە گرنگانە لە سیستەمی سەرمایەداریی وڵاتدا کە زۆرترین قسە و باسی لەسەرە. ئامانج و ڕێکارەکانی حکوومەتی ئیسلامی لە بەرامبەر ویست و داواکارییەکانی چینی کرێکار بەتایبەت لە بواری دیاریکردنی لانیکەمی حەقدەست، پتر لە هەر شتێک سەلمێنەری داماویی ئەم نیزامە دژە کرێکارییەیە. دامەزراوە جێبەجێکارەکانی وەک دەوڵەت، وەزارەتی کار یان شۆڕای باڵای کار، ئامرازێکن لە خزمەت دەسەڵاتی سەرەڕۆی ئایینیدا. هۆکارەکەشی ئەوەیە کە حکوومەتی ئیسلامی وەک دەسەڵاتێکی کە لەسەر بنەمایشەریعەتی ئیسلامدامەزراوە، لە بنەڕەتدا لەگەڵ مافە پێشکەوتنخوازەکان و بەتایبەتی مافی کرێکاراندا دژایەتی دەکات و سەرجەم هەوڵ و گەمەکانی ئەوان لەم بوارەدا، هیچ ئامانجێکی دیکەی نییە جگە لە فریودانی کرێکاران و ڕای گشتی.

مەبەست لە فریوکارییەکی ئاشکرای لەو چەشنە لە لایەن دەوڵەت و پێکهاتەی شۆڕای باڵای کار و دیاریکردنی لانیکەمی حەقدەست، هیچ شتێک نییە جگە لە کاتیی کردن و ناسەقامگیرکردنی پەیوەندییەکانی کار، دەرهاویشتنی زۆرینەی کرێکاران لە بازنەی یاسای کار، برەوپێدان بە باڵادەستی شیرکەتە پەیمانکارییەکانی دابینکاری هێزی کاری هەرزان و قەناعەت پێهێنانی مووچەخۆران لەپێناو دابینکردنی ئەمنییەتی قازانجی سەرمایەدارە ناوخۆیی و دەرەکییەکان. هەروەها پێشگرتن بە پێکهاتنی ڕێکخراوەکان و جێگیر کردنی ئاستی حەقدەستەکان و کەمکردنەوەی یارمەتییە بژێوییەکانیش، هەر لەو ئاراستەیەدا بەڕێوەدەچێت. لە وەها پرۆسەیەکدایە کە سەرمایەدارەکان و دەوڵەت وەک گەورەترین خاوەنکار، هەموو ڕێکارەکان بەکاردەهێنن بۆ زیادکردنی بڕی زێدەبەهای بەرهەمهاتووی کاری کرێکاران لە پرۆسەی بەرهەمهێنان و بەردەوام بوونی ڕەوتی کەڵەکەکردنی سەرمایە، بۆ ئەوەی تا دەتوانن بەهای هێزی کار لە نزمترین ئاستدا ڕابگرن.

لە ئاکامی ئەم سیاسەتە وشیارانە و نەگۆڕەی تا ئێستادا، ٩٧ لەسەدی کرێکارانی ئێران، بەپێی گرێبەستە کاتییەکان، واژۆی سپی، گرێبەستی زارەکی و تەنانەت بەبێ گرێبەست و لێوەرگرتنی گەرەنتی دارایی قورس و چەک و بەڵێننامە، بۆ هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەکانیان، کار دەکەن. جگە لەوەش ساڵی ڕابردوو ڕاگەیەندرا کە ٧ ملیۆن و ٥٠٠ هەزار کەس لە دانیشتوانی وڵات کە لەتەمەنی کارکردندان، کرێکاری نافەرمین یان لە کارە ژێرزەمینی و نافەرمییەکاندا کار دەکەن. ئەم بەشە لە هێزی کار، لە دەرەوەی یاسای کارن و لە کەمترین مافە یاساییەکان لەوانە لانیکەمی حەقدەست، بیمەی کۆمەڵایەتی، بیمەی خانەنشینی و بێکاری و هتد بەهرەمەندا نین. هەروەها له ڕاپۆرتی ناوەندی لێکۆڵینەوەکانی مەجلیس دا جەخت لەسەر ئەوە کراوەتەوە که ٦٠%ی کرێکارانی لەسەرکاری وڵات بیمه نایانگرێتەوە. بەگوێرەی ئەو ڕاپۆرتە ٨٩٪ی هەژارانی ئێران، لە کرێکارانی لەسەرکاری ئێستا و پێشووتر پێکدێت. هەروەها ژمارەی دانیشتوانی ژێر هێڵی هەژاری لە ساڵی ١٤٠٠دا سنووری ٢٥ ملیۆن و پێنج سەد هەزار کەسی تێپەڕاندووە.

بۆ ئەوەی تێگەیشتنێکی ڕوونترمان هەبێت سەبارەت بە گۆڕانکاریی لە دیاریکردنی حەقدەستەکاندا، تەنها ئەوە بەس نییە کە حەقدەستە ڕمزی و تەنانەت ڕاستەقینەکان و لەوانە ڕێژەی هەڵاوسان و پێوەرەکانی نرخی کاڵا و خزمەتگوزارییەکانی بەکارهێنان، بە بنەما بگیرێت. گرنگترین فاکتەر کە پێویستە وەک بنەمای بەراوردکردنی دۆخی ئابووری کۆمەڵایەتی کرێکاران لەبەرچاو بگیرێت، بریتییە لە بژێو و هەزینەی بنەماڵەکان. لە هەلومەرجێکدا کەئاستی هەزینەی ژیانی کرێکارێک چەند هێندەی حەقدەستەکەی بێت، تەنانەت ئەگەر هەموو ساڵێک حەقدەستەکەی بەپێی بەرزبوونەوەی ڕێژەی هەڵاوسان و پێوەرەکانی نرخی کەلوپەل و خزمەتگوزارییە بەکارهێنەرەکان زیاد بکات، هێشتا هیچ گۆڕانکارییەک لە دۆخی ژیانی ئەودا ڕوو نادات و تەنها هاوسەنگی ژیانی، بە جیگیر مانەوە لە ئاستێکی مەمرە و مەژی دا بەردەوام دەبێت. سیاسەتداڕێژەران و دامەزراوە سەرمایەدارییەکان لەوانە ژووری بازرگانی، بۆ پاراستنی ئەم سیستەمە چاوچنۆک و تاڵانکەرەی حەقدەستی کرێکاران، بەشێوەیەکی فریوکارانە  و لەسەر بنەمای پڕوپاگەندەی ناڕاست، ئیدیعای ئەوە دەکەن کە زیادبوونی حەقدەست لە ئابووری ئێراندا دەبێتە هۆی هەڵاوسان. ئەم ئیدیعا بێ بنەمایە، جگە لە درۆ و چەواشەکاری هیچی تر نییە، چونکە بەپێی ئەو خەمڵاندنانەی کە لەبەردەستدان، پشکی حەقدەستی کرێکاران تەنیا نزیکەی ٥ بۆ ١٢ لەسەدی نرخی تەواوبووی کاڵاکان پێکدەهێنێت.

ئێستا ٤٥ ساڵ دوای هاتنەسەرکاری حکوومەتی ئیسلامی، کەلێنی نێوان حەقدەست و بژێوی بنەماڵەی کرێکارییەکان بە جۆرێکە کە  مامناوەندی حەقدەستی کرێکاران لە هەمان ئاستی لانیکەمی حەقدەستدایە. بەپێی ئامارە فەرمییەکان، ئەم حەقدەستە تەنیا٣٠ لەسەد و لە باشترین حاڵەتدا تەنیا نیوەی هەزینەکانی بنەماڵەیەکی کرێکار دابین دەکات. ئەم سیاسەتە بە ئەنقەستەی حکوومەت بۆتە هۆی ئەوەی کە بەشێکی زۆر لە کرێکارانی لەسەرکار، ببنەکرێکاری هەژارو بۆ دابینکردنی ئاستی پێداویستییەکانی ژیان، پێویستیان بە پاڵپشتی و یارانە حکوومەتییەکان هەبێت. ڕەهەندەکانی تەشەنەسەندنی هەژاریی هێندە خێرا بووە کە تەنانەت بەپێی داتا فەرمییەکانیش، هەژاران یەک لەسەر سێی دانیشتوانی وڵات پێکدەهێنن. جگە لەوەش لێکۆڵینەوە کۆمەڵایەتییەکان دەریدەخەن کە بۆ یەکەمجار لە ماوەی ١٠٠ ساڵی ڕابردووی مێژووی ئابووری ئێراندا، ماوەی دوو هێندەبوونی ڕێژەی هەژاریی، گەیشتووەتە کەمتر لە سێ ساڵ و لەسەدا حەفتای خەڵکی ئێران لە خوار هێڵی هەژاریی یان لە لێواری کەوتنە ژێر هێڵی هەژاریدان. لە سەر بەستێنی ئەو سیاسەتە وشیارانە و وێرانکارە، دەوڵەت و ئەندامانی خاوەنکاریی لە شۆڕای باڵای کار، لانیکەمی حەقدەستی کرێکارانیان بۆ ساڵی ١٤٠٣ لەچاو ساڵی ١٤٠٢، بە ڕێژەی ٣٥.٣% زیاد کردووە. بەم شێوەیە لانیکەمی حەقدەستی کرێکاران دەگاتە ٧ ملیۆن و ١٨٢ هەزار و ١٠٦ تمەن کە بە لەبەرچاوگرتنی باقی بڕگەکانی تری پەیوەست بە حەقدەستەوە، بە تێکڕا دەگاتە نزیکەی ١١ ملیۆن تمەن. ڕێژەی حەقدەستی ئاستەکانی دیکەش، جگە لە بڕی دیاریکراوی مانگانە، کە شەش ملیۆن و ٩٠٠ هەزار تمەنە، ٢٢ لەسەد زیادی کردووە. ئەوەی کە دتوانین لەو پەسەندکراوەی سەرەوەدا بەدەستی بێنین ئەوەیە کە لە ساڵی داهاتوودا حەقدەستی کرێکاران، لانیکەم دە لەسەد لە چاو ئاستی هەڵاوسانی ساڵی ڕابردوو کەمتر دەبێتەوە. لەمڕووەوە قسەکردن لەسەر زیادکردنی حەقدەست لە فێڵ و فریوێکی بێشەرمانە زیاتر نییە. ڕاستییە حاشا هەڵنەگرەکە بەمجۆرەیە: ئەگەر بەپێی مادەی ٤١ی یاسای کار، ماف و حەقدەستەکان بە گوێرەی ئاستی هەڵاوسان زیاد بکرێت، هێشتا ئەم زیادکردنە تەنیا بە واتای گونجاندنی ئاستی ماف و حەقدەستەکانە لەگەڵ ئاستی هەڵاوسانی ئێستا، نەک زیادکردنی حەقدەست!

ڕژیمی کۆماری ئیسلامی، بە تایبەت دوای کۆتایی هاتنی شەڕ، بەردەوام هەوڵی داوە بە جیگیر هێشتنەوەی هەڵاوسانی لەڕادەبەدەر، کەلێنی نێوان ماف و حەقدەستە ڕاستەقینەکان لەگەڵ حەقدەستە ڕەمزییەکان زیاتر بکات و بەمجۆرە بە دەستبردن بۆ گیرفانی مووچەخۆران، توانایی کڕینی زۆرینەی ڕەهای خەڵک بەردەوام کەمتر بکاتەوە. ماوەی چەند دەیە بەردەوامیدان بەم سیاسەتە، بۆتە هۆی دابەزینی هەرچی زیاتری ئاستی ژیانی بە ملیۆنان مووچەخۆر، هەژارانی پەراوێز کەوتوو، بەتایبەتی ژنان و منداڵانی چین و توێژەکانی خوارەوەی کۆمەڵگا و هەژاری لە ئاستێکی جەماوەریدا پەرەپێداوە. بەجۆرێککەئێستائیترخودیبەرپرسانیڕژیمدانبەوەدادەنێنکەشەستمیلیۆنکەسلەدانیشتوانیئێرانئەگەربێتوویارانەویارمەتییانبۆلەبەرچاونەگیرێت،لە

مەترسی کەوتنە ژێر هێڵی هەژاریدان. لە حکوومەتی ئیسلامیدا کە بنەماکەی لەسەر شەریعەت و فیقهی ئیسلامی دامەزراوە، لە بنەڕەتدا شتێک بە ناوی مافی کرێکاران، بیمەی بێکاری، حەقدەستی گونجاو، مافی ڕێکخراوبوون بەمەبەستی وتووێژ و دانوستان لەگەڵ خاوەنکار، مافی مانگرتن، مافی مەرەخەسی ساڵانە، سەعات کاری دیاریکراو و بابەتێک بە ناوی یاسای کار بوونی نییە. پەسەندکرانی یاسای کار لە سەرەتاکانی ڕژیمی ئیسلامیشدا لەژێر گوشاری زۆری بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەدا بەسەر حکوومەتی ئیسلامیدا سەپێندرا و خومەینیش تەنیا بەگوێرەی بەرژەوەندی نیزام تەسلیمی ئەو یاسایە بوو. بەڵام هاوکات لەگەڵ سەرکوتی بزووتنەوەی جەماوەری و بزووتنەوەی کرێکاریی، هەموو ئەو دەستکەوتانە یەک بە یەک وەرگیرانەوە، بەجۆرێک کە ئێستا لە سەردەمی دوای یاسای کاردا بەسەر دەبەین. بەرپرسانی وەزارەتی کاریش هەروەها دان بەوەدا دەنێن کە بەشێکی زۆری کرێکاران لە دەرەوەی بازنەی یاسای کاردان. دەوڵەتی ئێستای کۆماری ئیسلامی، وەک حکوومەتێکی جێبەجێکاری فەرمانەکانی ڕێبەر و بەدیهێنانی حکوومەتی ئیسلامی لەسەر بنەمایشەرع ئیسلامو

هەنگاوی دووهەمی شۆڕشی ئیسلامیلە بەرنامەی حەوتەمی گەشەپێدان دا، هەموو هەوڵەکانی خۆی بەکار هێناوە بۆ هەرچی زیاتر گوشار خستنە سەر کرێکاران، خۆڕاگریی بزووتنەوەی کرێکاریی تێک بشکێنێ و کرێکاران تووشی پرش و بڵاوی و ناڕێکخراوی بکات، بۆ ئەوەی ناچاریان بکەن تا هێزی کاری خۆیان هەرزان بفرۆشن. لە وەها بارودۆخێکدا، ڕێوڕەسمی فریودەرانەی زیادکردنی لانیکەمی حەقدەست پێش کۆتایی ساڵ، بەمەبەستی چەواشەکردن و شاردنەوەی ئەو ڕاستییەیە کەنمایشی حکوومەتی لانیکەمی حەقدەستهیچ پەیوەندییەکی بە زۆرینەی چینی کرێکاری ئێرانەوە نییە. لەمڕووەوە کرێکارانی ئێرانی نابێت هیچ خۆش باوەڕییەکیان بەم کایە قێزەونە هەبێ و نابێت ببنە بەشێک لەم گەمەیە. دیاریکردنی لانیکەمی حەقدەستی ساڵانە کاتێک دەتوانێت مانادار بێت کە یەکەم، زۆربەی هەرەزۆری چینی کرێکار و مووچەخۆران لە چوارچێوەی یاسای کاردا دامەزرابێتن. دووەم، دامەزراوەی ڕاستەقینە بە مەبەستی بەدواداچوون و لێکۆڵینەوە لە جێبەجێکردنی لانیکەمی حەقدەست، بە بەشداری نوێنەری ڕێکخراوە سەربەخۆ کرێکارییەکان بوونیان هەبێت. سێیەم، یەکێتی و ڕێکخراوە کرێکارییەکانی سەربەخۆ لە دەوڵەت بە ئازادییەکی تەواو و بوونی مافی ناڕەزایەتی و مانگرتن، بتوانن لەدژی پێشێلکارییەکان لە جێبەجێکردنی لانیکەمی حەقدەست لەلایەن سەرمایەدار و بەڕێوەبەرەکانەوە، ڕابوەستن.

بزووتنەوەی کرێکاریی ئێران، ئێستا زیاتر لە ڕابردوو، پێویستی بە خۆڕێکخستنی بەربڵاوتر، گشتگیرتر و یەکگرتووانە تر هەیە بۆ ئەوەی بتوانێت بەرامبەر بە یاساکانی شەرع بوەستێتەوە و پووچەڵیان بکاتەوە. تەنیا بەم شێوەیە دەتوانێت هێزێکی یەکگرتوو شکڵ پێبدات بۆ ئەوەی بتوانێت بە ڕێکخستنی مانگرتنی بەڕبڵاو، ڕیزی یەکگرتووی دەوڵەت و خاوەنکارەکان تێک بشکێنێت. پێکهێنانی یەکێتی کەرتە جۆربەجۆرەکانی کرێکاریی، پێکهێنانی فیدراسیۆنی خاوەن پێگەی بەربڵاو و بەهێزی کرێکاریی، لە زومرەی پێویستییە هەنووکەییەکانی خەبات و ناڕەزایەتییەکانی ئەمڕۆی کرێکارانی ئێرانە. بزووتنەوەیکرێکارییبەلێکهەڵپێکانیخەباتوناڕەزایەتیبەشەجۆراوجۆرەکانیکرێکارییو

پێکهێنانی بەرەیەکی یەکگرتووی کرێکاریی، دەتوانێت شان بەشان و وەک پێشەنگی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکانی تر، ئەم دەسەڵاتە سەدەی ناوەڕاستی و ناوادەیە  تێک بشکێنێ و ڕێگا بۆ دەسەڵاتی جەماوەری بەرینی خەڵک خۆش بکات.

بڕووخێ ڕژیمی کۆماری ئیسلامی

سەرکەوتوو بێت شۆڕشی کۆمەڵانی خەڵکی ئێران

بژی ئازادی، دێموکراسی و سۆسیالیزم

ڕێکخراوی کرێکارانی شۆڕشگێڕی ئێران (ڕاهی کاریگەر)

حیزبی کۆمۆنیستی ئێران

چوارشەممە ١ی خاکەلێوەی ١٤٠٣/ ٢٠ی مارسی ٢٠٢٤

بابەتی پەیوەندیدار

بوێری بنەماڵەی دادخوازان، ئیلهامبەخشە

-

سۆنامی گەندەڵی لە کۆماری ئیسلامیدا، هەموو سنوورەکانی بەزاندووە

-

شادی و خۆشی جەماوەر بەرامبەر بە مەرگی ڕەئیسی، جەلادی ٦٧

-

ڕاگەیاندنی هاوبەشی ڕێکخراوی کرێکارانی شۆڕشگێڕی ئێران (ڕاهی کارگەر) وحیزبی کۆمۆنیستی ئێران

-

ئیبراهیم ڕەئیسی “جەلادی ٦٧” و هاوڕێکانی کوژران

-

گەندەڵی ئیداری، دارایی، ئەخلاقی و سیاسیی ڕژیمی ئیسلامی، لە سەرەوە دەست پێدەکات

-