کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
راگه‌یاندنه‌كان

ڕاگەیاندنی بەڕێوەچوونی پلینۆمی پێنجەمی کۆمیتەی ناوەندی کۆمەڵە

Untitled1 8

بەمجۆرە بە ئاگاداریتان دەگەیەنین کە پلینۆمی پێنجەمی کۆمیتەی ناوەندی کۆمەڵە هەڵبژێردراوی کۆنگرەی ١٨ لە ڕۆژانی شەممە و یەکشەممە، ١٢ و ١٣ی جۆزەردانی ١٤٠٣ بەرامبەر بە یەکەم و دووەمی ژوئێنی ٢٠٢٤، بە بەشداری ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندی کۆمەڵە و ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندی کاتیی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و ئەندامانی کۆمیتەی دەرەوەی وڵاتی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵێک لە کادرەکانی حیزب، بەڕێوە چوو.

پلینۆم بە سروودی ئەنترناسیۆناڵ و خولەکێک بێدەنگی بۆ یادی هاوڕێیانی دامەزرێنەری کۆمەڵە، یەدێ بیگلەری و محەممەد حسێن مورادبەیگی، کە لە نێوان دوو پلینۆم دا ماڵئاواییان لە ژیان کرد و هەروەها سەرجەم گیانبەختکردووانی ڕێبازی ئازادی و سۆسیالیزم، کاری خۆی دەستیپێکرد. دەستوور جەلەسەکانی ئەم پلینۆمە بریتی بوون لە:

ڕاپۆرتی سیاسی و تەشکیلاتی کۆمیتەی ڕێبەریی بە پلینۆم، بابەتەکانی پەیوەست بە بەستنی کۆنگرەی ١٣ی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و دابەشکردنی ئەرکە ناوخۆییەکانی کۆمیتەی ناوەندی کۆمەڵە.

ڕاپۆرتە سیاسییەکە چاوخشاندنێک بە گرینگترین پێشهاتەکانی ناوچەکە و ڕەوتە سەرەکییەکانی دۆخی سیاسی ئێران و بارودۆخی سیاسی کوردستان و هەروەها ئەولەویەتەکانی ئەم قۆناغەی ئێمەی لە کوردستان، لەخۆگرتبوو.

لە چوارچێوەی بارودۆخی ناوچەکەدا، ڕاپۆرتەکە تیشکی خستە سەر دوو پرسی شەڕی غەززە و شەڕی دەوڵەتی تورکیا لەدژی خەڵکی کوردستانی سوریا (ڕۆژئاوا). لە شەڕی غەززەدا دەوڵەتی ئیسرائیل سەرەڕای ٨ مانگ هێرشی دڕندانە بۆ سەر غەززە و کۆمەڵکوژی ئاشکرای خەڵکی فەلەستین، نەیتوانیوە ئامانجە سەربازییەکانی خۆی بەدەست بێنێت. لە هەمان کاتدا ئەم ڕژیمە ئێستا لە هەموو کاتێک زیاتر کەوتووەتە بەر نەفرەت و بێزاری بیروڕای گشتی و پتر پەراوێز کەوتووە. لە ڕاپۆرتەکەدا جەخت لەسەر ئەوە کراوەتەوە کە بڕیاریدادگای تاوانی نێودەوڵەتیسەبارەت بە دەستگیرکردنی بنیامین ناتانیاهۆ، یۆئا گاڵانت و ئیسماعیل هەنیە و یەحیا سنوار، دەستکەوتێکی مرۆڤایەتی پێشکەوتنخواز و ئەوپەڕی ڕیسوایی دەوڵەتی جینایەتکاری ئیسرائیلە، بەڵام لە هەمان کاتدا ئەم بڕیارە ئەوە نیشان دەدات کە حەماس و جیهادی ئیسلامیش وەک دوو ڕەوتی بناژۆخواز و دواکەوتووی ئیسلامی، بە هیچ شێوەیەک نوێنەرایەتی دۆزی دادپەروەرانەی خەڵکی ستەملێکراوی فەلەستین ناکەن.

ڕاپۆرتەکە سەبارەت بە بزووتنەوەی ڕۆژئاوا، وێڕای ئیدانەکردنی جینایەتەکانی دەوڵەتی تورکیا لە کوردستانی سوریا، جەختی لەوە کردەوە، لە هەلومەرجێکدا کە دەوڵەتی ئەمریکا لە پێناو دەستەبەرکردنی بەرژەوەندییەکانی خۆیدا، هاوکاری و هەماهەنگی لەگەڵ دەوڵەتی تورکیای پێی باشترە لە پشتیوانیکردنی خەڵکی ڕۆژئاوا، لە هەلومەرجێکدا کە ڕژیمی بەشار ئەسەد بە فریوکاری و پیلانگێڕی هەوڵ دەدات بە هاوکاریی کردەیی لەگەڵ دەوڵەتی تورکیا ئەم بزووتنەوەیە شکست پێبهێنێت، لە وەها دۆخێکدا تاکە لایەنگر و پشتیوانی ڕاستەقینەی بزووتنەوەی ڕۆژئاوا بریتییە لە خەڵکی خەباتکاری ناوچەکە و ئازادیخوازانی جیهان. پشتیوانی هەمەلایەنە بۆ خەڵکی ئازادیخواز و مافخوازی کوردستانی سوریا بۆ دەستەبەرکردنی مافی دیاریکردنی چارەنووسی خۆیان، پێویستییەکی خێرا و هەنووکەییە.

لە قسەوباس سەبارەت بە بارودۆخی سیاسی ئێراندا، بەر لە هەر شتێک جەخت لەسەر ئەوە کرایەوە کە هەلومەرجی گشتی لە ئێران بە جۆرێکە کە هاتنەئارای جۆرێک لە گۆڕانکاری لە دەسەڵاتی ڕژیمی ئیسلامی بەسەر ئێراندا، بووەتە شتێکی حەتمی. کۆماری ئیسلامی چیتر ناتوانێ بەو شێوازانەی ئێستای فریودان و سەرکوتکردن درێژە بە دەسەڵاتدارێتی بدات و بە هیچ ڕادەیەک بە وەهم و خۆشباوەڕی بەشێکی بەرین لە کۆمەڵانی خەڵکیش پشتبەستوو نییە. گرانی و بێکاری و هەڵاوسان و بارودۆخی مەینەتباری ئابوری، کاردی گەیاندووەتە سەر ئێسقان و پیاڵەی سەبری جەماوەری لێوڕێژ کردووە. بەجۆرێک کە ئەمڕۆ دۆخی ئابوری خەڵک لەگەڵ هیچ قۆناغێکی ژیانی ئەم ڕژیمە بەراورد نەکرێت. بەردەوامی ئەم دۆخە بۆ خەڵک چیتر تەحەمول ناکرێت. ڕژیم ناتوانێت هیچ چاکسازییەک لە ژیانی خەڵکدا بکات و لە هەمان کاتدا هەر پاشەکشەیەک بەرامبەر بە ویست و داخوازییەکانی خەڵک، بە مەترسی بۆسەر درێژەی دەسەڵاتەکەی دەزانێت.

پێگەی پشتیوانی ڕژیم لە نێو لایەنگرانی تا دوێنێی خۆیدا زۆر بەرتەسک بووەتەوە و بازنەی سەرەکی دەسەڵات بەهۆی بەدگومانی و نیگەرانی لە مانەوە، هەر ڕۆژەو بەشێک لە دەوروبەریەکانی خۆی پاکسازی دەکات یان لە بازنەی دەسەڵات دووریان دەخاتەوە. دوورخراوەکان، هەڵوێستێکی زارەکیی توندوتیژتریان لە دژی خامنەیی و نزیکەکانی، گرتووەتەبەر. لە ئاوا بارودۆخێکدا دوو ڕەوت هاوتەریب لەگەڵ یەکتر خەریکە پێکدێن:

یەکەم: ڕەوتی گەشەکردن و پەرەسەندنی پرۆسەی شۆڕش بۆ گۆڕانکاری بنەڕەتی لە پێکهاتەی دەسەڵاتی سیاسی و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان، دووەم: ڕەوتێکی بۆرژوازی لیبراڵ کە دەیەوێت بەبێ پەنابردن بۆ شۆڕش، نیزامی سەرمایەداریی ئێران لە داوی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی، وەک ڕژیمێکی بۆرژوازی ناتەقلیدی ڕزگار بکات. ئەم دوو ڕەوتە هەردووکیان پێگەی کۆمەڵایەتی و هێز و پلان و ستراتیژ و ئامرازی تایبەت بە خۆیان هەیە.

پێگەی کۆمەڵایەتی ڕەوتی یەکەم، بريتييە لە خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێش، مامۆستایان، پەرستاران، خانەنشینان، جەماوەری ئازادیخواز، ژن و لاوانی بێزار و وەگیان هاتوو لە دەست ئەم ڕژیمە. تەنها گۆڕانکاری بنەڕەتی لە پەیوەندیی خاوەندارێتی بەرهەمهێنان و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان دەتوانێت ئەو خۆش بژێوی و ئازادی و بەرابەرییەی که خواست و ئامانجی کرێکاران و زۆربەی هەرەزۆری جەماوەرە، مسۆگەر بکات. ستراتیژی ئەم ڕەوتە پشتبەستووە بە هۆشیاری و خەبات و ڕێکخراوە و ڕێبەریی. گەشە و پەرەسەندنی ئەم ڕەوتە لە هەموو ئەم بوارانەدا بە ڕوونی بەرچاو دەکەوێت. ئاخێزی مانگی بەفرانباری ١٣٩٦، وەرچەرخانێکی گەورە و بنەڕەتی بوو لە هۆشیاری و ناسینی جەماوەری خەڵک سەبارەت بەم ڕژیمە. سندوقی دەنگدان و ئیمکانی چاکسازی ڕژیم و وەهمەکانی دیکە کەمڕەنگ بوونەوە، لە ئاخێزی خەزەڵوەری ١٣٩٨دا شاهیدی شێواز و فۆرمی هۆشیارانەتری تاکتیک و خۆڕێکخستنی جەماوەری بووین لە ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ڕژیمدا. ساڵی ١٤٠١ لە شۆڕشی ژینادا، بەرنامەیەکی سەلمێنراو کە کورتکراوەکەی لە دروشمی ژن، ژیان، ئازادیدا بوو، بوو بە ویستێکی کۆمەڵایەتی. شۆڕشی ژینا لە بەردەوامیی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکاندا درێژەی پێدرا. شۆڕشی ژینا لە لایەکەوە گۆڕانکارییەکی گرنگی کۆمەڵایەتی لە پێگەی ژن لە کۆمەڵگەی پیاوسالاریدا هێنایە ئاراوە و لە لایەکی دیکەشەوە، قەیرانەکانی ناو دەسەڵاتی قووڵتر کردووە. لە ئاکامی پێشکەوتنەکانی داهاتووی ئەم ڕەوتەدا، هێزە پێشڕەوەکانی کۆمەڵگا سەرهەڵدەدەن، چەپی کۆمەڵایەتی لە چوارچێوەی ڕێکخراوە جەماوەرییەکان، کۆڕ و کۆمەڵ و حیزبە چەپەکان و هیتر دا، دێنە ناو مەیدانەکانی نەبەردێکی چارەنووسسازەوە، هاوسەنگی هێز هەنگاو بە هەنگاو بە قازانجی بەرەی خەڵک دەگۆڕێت و قەیرانەکانی حکوومەت و دەسەڵاتی سیاسی قووڵتر دەکاتەوە، هەموو ئەمانە سەرەنجام دەتوانێت شۆڕشێکی ڕزگارکەری بەخشی لێبکەوێتەوە، هێڵە گشتییەکانی ئەم ڕەوتە لە بەڵگەنامەی ستڕاتێژی حیزبی کۆمۆنیستی ئێراندا دەستنیشان کراون.

بەڵام ئەم ڕەوتە تا گەیشتن بە دەرەنجام و ئامانجە کۆتاییەکانی، چەندە دەخایەنێت، بە وردی پێشبینی ناکرێت، بەڵام ڕەوتێکی هەبوو و حاشا هەڵنەگرە و هەر ئەم بوونە واقیعییەیە کە وایکردووە بەشێکی بەرینی ئۆپۆزسیۆنی بۆرژوازی و تەنانەت خودی ڕژیمی دەسەڵاتداریش بکەونەخۆ بەمەبەستی دۆزینەوەی ڕێگە چارەیەک. تا ئەو جێگایەی پەیوەندی بە ڕژیمەوە هەیە، گوشار خستنەسەر ژنان لەپێناو پاراستنی دوایین پێگە کۆمەڵایەتییەکانی پیاوسالاری، سیاسەتێکی ئاگایانەیە بۆ پاراستنی دوا سەنگەرەکانی خۆڕاگریی لە بەرامبەر شۆڕشی ڕزگاری بەخشی داهاتوو.

ڕەوتی دووەمڕەوتی بۆرژوالیبراڵ یان نیولیبراڵ

ئامرازەکانی ئەم گۆڕانکارییە، بەر لە هەر شتێک لە ناوخۆی ڕژیمدا پێکهاتووە. بەدرێژایی چەندين ساڵ و بە تێپەڕبوونی زەمەن و لاوازبوون و لەکار کەوتوویی جیلی کۆن و بەساڵاچوو، نەوەیەکی گەنجتر سەری هەڵداوە کە نەک هەر خۆی بە پێوەندییە ئایدیۆلۆژییەکانەوە نابەستێتەوە، بەڵکوو بیر لەو بەرژەوەندییە ماددی و سەروەت و سامانە دەکاتەوە کە دەستی پێی ڕادەکات. هەڵوەرین و پاکسازییە یەک لە دوای یەکەکان، لەوانەڕیفۆرمخوازانی ناوخۆی ڕژیم لەگەڵ نەوەیەکی گەنج لە بەرێوەبەرانی سپا و ئەرتەش لە پشتی پەردەوە و ئاغازادەکانی بەشدار لە پڕۆسەی بەرهەمهێناندا، ئامرازەکانی گۆڕانکاری ڕژیمیان لە ناوخۆیدا پێکهێناوە. ئەم ڕەوتە، بوونی واقیعی خۆی و کاریگەرییەکانی لە ڕەوتی سەرهەڵدانەکانی ناسراو بە بزووتنەوەی سەوزدا نیشاندا. دەوڵەتی ئەمریکا و دەوڵەتەکانی ڕۆژئاوا هیوای خۆیان لەسەر ئەم ڕەوتە هەڵچنیوە و بە ئاشکرا و بە نهێنی پشتیوانی لێ دەکەن.  ئۆپۆزسیۆنەکانی سەر بە وڵاتانی ڕۆژئاواییش دڵیان بەم ڕەوتە خۆشکردووە و لە هەوڵی بەدەستهێنانی جێگە و پێگەیەکدان لەناو ئەو ڕەوتەدا.

ڕاپۆرتەکە سەبارەت بە بارودۆخی سیاسی کوردستانیش، لەسەر بوونی ورەی بەرزی خەباتکارانەی جەماوەری خەڵک جەختیکردەوە. کۆمەڵگای کوردستان لە بەرامبەر گوشار و هەڕەشە و زەخت زۆرەکانی کۆماری ئیسلامیدا بەچۆکدا نەهاتووە. خەباتی کۆمەڵانی خەڵک بە شێوەیەکی مەدەنی و جەماوەریی بەردەوامە و هەڵسووڕاوانی ئەم بوارە، تادێت خاراوتر و بەئەزموون تر دەبن. چالاکی مەدەنیی لە فۆرم و شێوازی جۆراوجۆردا لە ئارادایە. دادخوازی بنەماڵەی گیانبەختکردووان، پێشەنگی بزووتنەوەی دادخوازییە لە ئێراندا، خۆڕێکخستن لە ئەنجومەنە کرێکارییەکان و مامۆستایان، خۆڕێکخستن بەمەبەستی بەرگریکردن لە ژینگە، خەبات لەپێناو پەرەپێدان بە پەروەردەی زمانی دایکی، چالاکیی هونەریی ڕێکخراو لە بوارەکانی مۆسیقا، شانۆ و ئەدەبیات و هیتر، لە زومرەی فۆرمەکانی تری خەباتی مەدەنی لە کوردستانن. بە هۆی ئەم تایبەتمەندییەوە، بزووتنەوەی کوردستان یەکێکە لە بزووتنەوە پێشەنگە کۆمەڵایەتییەکانی ئێران و هەروەک چۆن چەخماخەی شۆڕشی ژینا لە کوردستانی شۆڕشگێڕەوە لێدرا و سەرانسەری ئێرانی گرتەوە، هەرئێستاش ڕۆڵی کۆمەڵگای کوردستان لە قووڵبوونەوە و بەرەوپێشبردنی شۆڕشی ژینا، لە فۆرم و شێوازە نوێیەکانی خەباتدا حاشا هەڵنەگرە.

ڕاپۆرتەکە هەروەها جەختی لەوە کردەوە کە لەو ڕووەوە کوردستان تا ڕادەیەکی زۆر کۆمەڵگەیەکی حزبییە، بە شێوەیەکی سروشتی باشی و خراپی حیزب و لایەنە خاوەن بنکە کۆمەڵایەتییەکان و هەڵوێست و سیاسەتەکانیان، کاریگەری لەسەر ئەم کۆمەڵگەیە دادەنێن. بۆ نموونە پێویستە ئاماژە بە دوو جۆر له‌و سیاسەتە زیانبارانە بکرێت: هەر سیاسەتێک کە زیان بە هاوپشتی خەباتگێڕانەی خەڵکی کوردستان لەگەڵ خەڵکی هاوچارەنووسی خۆیان لە ئاستی ئێران بگەیەنێت، هەر سیاسەتێک کە پەرە بدات بە دووبەرەکی و نەفرەت و بێزاری نەتەوەیی بە تایبەت لەو ناوچانەی کە خەڵکی کورد و نەتەوەکانی تر لە کەناری یەکتردا دەژین، لەگەڵ ڕۆحی بزووتنەوەی عەداڵەتخوازنە و پێشڕەوی خەڵکی کوردستان، ناتەبایە و پێویستە ڕەت بکرێتەوە و لەقاو بدرێت.

ڕاپۆرتە سیاسییەکە لە درێژەدا، جگە لە ئەرکە ڕۆتینیەکان، لەسەر چەند بابەت لە ئەولەویەتەکانی کۆمەڵە لەم قۆناغەی ئێستاشدا پێداگری کردەوە:

یەکەم، پشتیوانی و بەهێزکردن و بەشداریکردن لە خەباتە مەدەنییەکانی ئێستادا، دووەم، پتەوکردنی تەشکیلاتی حیزبی، سێیەم، پەرەپێدان بە ڕێکخراوە جەماوەرییەکان، چوارەم، دابینکردنی پێداویستییە کردارییەکان بۆ بەردەوامیی کاری تشکیلاتی ئاشکرای کۆمەڵە لە هەرێمی کوردستان.

سەبارەت بە بزووتنەوە مەدەنییەکان، ڕاپۆرتەکە جەختی لەوە کردەوە کە کۆمەڵانی خەڵک تەنیا لە ڕێگەی خەباتێکی ئاشکرا و مەدەنی و جەماوەرییەوە دەتوانن هەم بارودۆخی ژیانی خۆیان باشتر بکەن و هەم پێداویستییەکانی پێشڕەوی خۆیان، بەرەو سەرکەوتنی کۆتایی دابین بکەن. خەڵک بە هێزی خۆیان ڕزگار دەبن و هێزی ئەوان لە بزاڤە بەکۆمەڵەکانیان و بە کەڵک وەرگرتن لە هەموو توانایی و ئیمکاناتە بەردەستەکاندا دەردەکەوێت. نابێت خەڵک لە چاوەڕوانی دەرکەوتنی ئەو قارەمانەدا ڕابگیرێن کە گوایە سبەی ڕۆژ لەگەڵ هاتنی خۆیان، سەرکەوتنیان بۆ بەدیاری دەهێنن.

ڕاپۆرتەکە لە بواری ڕێکخستنی حیزبیشدا، لەسەر پێویستی پێداچوونەوە بە سیاسەتی ڕێکخستنەکان و گونجاندنی داهێنەرانەی لەگەڵ هەلومەرجی نوێدا، جەختی کردۆتەوە. لەم بابەتەوە باسی ئەوە کرا کە پێویستە سەربەخۆیی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی ئەو هەڵسووڕاوانەی کە بە شێوەیەکی ئاڵۆز لێک هەڵپێکراون، بە فەرمی بناسرێت. پرسی پەروەردەکردن و بارهێنانی کادر لە ناو ئەو تۆڕانەدا، پێویستە لە ڕێگەی سۆشیال میدیا و تۆڕە کۆمەڵایەتییە ئینترنێتییەکانەوە ئەنجام بدرێت. لە ڕاپۆرتەکەدا جەخت لەسەر ئەوەش کراوەتەوە کە ڕوونکردنەوەی لایەنە جۆراوجۆر و کردەییەکانی سیاسەتی ڕێکخستنەکان دەبێ لە ئەولەویەتی کارەکانی کۆمیتەی ناوەندی کۆمەڵەدا بێت.

ڕاپۆرتەکەی پلینۆم سەبارەت بە ڕێکخستنی جەماوەریش، جەختی لەوە کردەوە کە لە ساڵانی ڕابردوودا سەرەڕای بوونی دیکتاتۆری و سەرکوت، ڕێکخراوە جەماوەرییەکان لە کوردستان لە فۆرم و شێوازی جۆراوجۆردا سەریان هەڵداوە. لە درێژەی ئەم ڕەوتەدا پێویستە پێشوازی لە پێکهاتنی هەر چەشنە ڕێکخراوێک بکرێت کە هێزی بەکۆمەڵ لەپێناو گەیشتن بە ئامانجە ڕەوا و ئینسانییەکان و دابینکردنی پێداویستییە ڕەواکانی ئەندامەکانیدا بەکاربهێنێت. بەڵام ڕاپۆرتەکە وێڕای وەبیرهێنانەوەی فۆرمە ناسراو و تەقلیدییەکانی ڕێکخراوە جەماوەرییەکان، ئاماژەی بە ئەزموونی پێکهاتنی جۆرێکیش لە ڕێکخراوە کۆمەڵایەتیەکان لە کوردستاندا کرد کە بەکردەوە ڕۆڵێکی گرنگیان هەبووە لە نیشاندانی سیمای پێشڕەوی بزووتنەوەی کوردستان. بۆ نموونە ئەو تۆڕانەی کە لە کاتی کارەساتەکانی وەک بوومەلەرزە و لافاو و کۆرۆنادا پێکهاتن و هێزی بەکۆمەڵیان لەپێناو کەمکردنەوەی ڕەنج و ئازارەکانی خەڵکدا ڕێکخستووە. ئەو تۆڕانەی کە لە سەردەمی شۆڕشی ژینادا بە هانای بریندارەکانەوە چوون و ئیمکاناتی چارەسەر و پرسی حەشاردانی ئەوانی لە چاوی دوژمن دابینکرد و تۆڕی دایکانی دادخواز و دایکانی ئاشتی و هتد.

دوایین تەوەری ڕاپۆرتەکە لە بواری ئەولەویەتەکانمان لەم قۆناغەدا، بریتی بوو لە قسەوباس لەسەر دابینکردنی پێداویستییە کردەییەکانی بەردەوامیی کاری تەشکیلاتی ئاشکرای کۆمەڵە لە کوردستان. ڕاپۆرتەکە لەم بابەتەوە جەختی لەوە کردەوە کە ئەولەویەتی ئێمە، بريتييە لە درێژەدان بە کار و حزووری سیاسی لە هەرێمی کوردستان. لەو چوارچێوەیەدا باس لەوە کرا کەئەگەر ئەم چالاکییانە لە وڵاتەکانی ئەوروپا و کانەدا و زۆرێک لە وڵاتانی دیکەی جیهان مومکینە، ئەم ئیمکان و پێویستییە لەم ناوچەیە بە هۆکاری جۆراوجۆر دوو هێندەیە. خەڵکی کوردستانی ئێران و عێراق، وەک دوو بەشی یەک نەتەوە، هاوچارەنووسن. لە سەرکەوتن و شکستەکانی یەکتردا هاوبەشن. پەیوەندییەکی کۆمەڵایەتی بەربڵاو لە نێوان خەڵکانی هەردوو دیوی سنوورەکەدا بوونی هەیە. ساڵانە دەیان هەزار کرێکار لە کوردستانی ئێرانەوە بۆ کارکردن دێنە هەرێمی کوردستان. هەزاران کۆڵبەری زەحمەتکێش لە ڕێگای ئاڵوگۆڕ و هێنان و بردنی کاڵا لە نێوان هەردوو دیوی سنوورەکەدا، بژێوی ژیانیان دابین دەکەن. پێوەندییەکی سروشتی بەربڵاو لە نێوان هونەرمەندان و ڕووناکبیرانی هەردوو بەشی کوردستاندا دروست بووە و تا ڕادەیەک جێکەوتووە. پلینۆم لەسەر ئەو بنەمایە، جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە ئەم سیاسەتە لە ڕێگەی وتووێژ و هەماهەنگی و ڕێککەوتن لەگەڵ حکوومەتی هەرێمی کوردستان و لە چوارچێوەی چارەسەری کردەییدا، پەیڕەو دەکات.

بەشداری کارای هاوڕێیانی ئامادەبووی پلینۆم، باسەکانی ئەم ڕاپۆرتەی دەقیق و دەوڵەمەندتر کردەوە و هێڵە گشتییەکانی وەک ئاراستەی سیاسی ئێمە لە قۆناغی داهاتوودا پەسەند کران.

لە بەشی ڕاپۆرتی تەشکیلاتیدا، لایەنە جۆراوجۆرەکانی کار و چالاکیی تەشکیلاتی کۆمەڵە تاوتوێ کران و لێکۆڵینەوەی لەسەر کرا. کەموکوڕی و خاڵە لاوازەکان دەستنیشان کران و ڕێگاکانی چارەسەرکردنیان خرانەڕوو. لەو ڕووەوە کە ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندی کاتی حیزبی کۆمۆنیستی ئێرانیش لەم پلینۆمەدا بەشدار بوون، هەر لەو دانیشتنەدا، بەڵگەنامە پێویستەکان بۆ ڕادەستکردن بە کۆنگرەی سێزدەهەم، باس و لێکۆڵینەوەیان لەسەر کرا و پێشنیار و بڕیارنامە پێویستەکان سەبارەت بە ئامادەکاری کۆنگرە، پەسەند کران.

کۆمیتەی ناوەندی کۆمەڵە

(ڕێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران)

١٤ی جۆزەردانی ١٤٠٣

٤ی ژوئێنی ٢٠٢٤