چل و چوار ساڵە حکومەتی ئیسلامی شەڕێکی ئاشکرا و شاراوە لەدژی ژنانی ئێران بەڕێوەدەبات. ژنانیش تا ئەو جێگایەی لە توانایاندا بووە، لەبەرانبەر ئەم ڕژیمەدا سەنگەریان گرتوە. بە درێژایی ئەم ماوەیە لەدژی تەبعیز و هەڵاواردنی نیهادینەکراو و سیستماتیکی ڕژیمی ئیسلامیدا خەبات و خۆڕاگرییان کردوە، بەڵام لە ٦ مانگی ڕابردودا و لە شۆڕشی ژینادا بە دروشمی سەرەکی ژن، ژیان، ئازادی، ئەم خۆڕاگری و خەباتە ئاستێکی کۆمەڵایەتی بەرینتری بە خۆیەوە گرتوە. لەم قۆناغەدا بە کردەوە مەیدان و شوێنە گشتیەکان، قوتابخانە و زانکۆکان، گەڕەک و خیابانەکان، بوونەتە گۆڕەپانی بەرەوڕوو بوونەوەی ڕژیمی کۆنەپەرستی حاکم و ژنانی ئازادیخواز. لەم نەبەردە مافخوازانەدا هاوسەنگی بە قازانجی ژنان گۆڕا و شەپۆلێکی بەرین لە پیاوانی یەکسانیخوازیش پشتیوانیان لە ژنان کرد. سەرپۆشەکان سوتێندران، عەممامەی ئاخوندەکان فڕێدرانە نێو سەتڵی زبڵەوە. کچان و ژنان بە پرچی پەرێشانەوە دەستیان کرد بە هەڵپەڕین و شایی.
بە قەتڵی حکومەتیی ژینا ئەمینی، کوردستان و زۆرێک لە شارە گەورە و چکۆلەکانی ئێران بوونە مەیدانی خەباتی ژنان و پیاوانی وەگیان هاتوو لە خەفەقان و نادادپەروەری دژبە حکومەت و لاتولوتە ئیسلامیەکان. لەم نەبەردە پڕ لە بوێری و گیانبازیەدا، دەزگای سەرکوت و لاتولوتەکانی حکومەت پاشەکشەیان کرد و حیجابی ئیجباری یەکەم شکستی پڕ لە سوکایەتی خۆیان ئەزمون کرد.
بەڵام ئاخوندەکان، مۆرە توندڕەوترەکانی ڕەوتی مەزهەبی و ئەو ڕاگەیەنەرە حکومەتیانەی کە یەکێک لە کۆڵەکەکانی ئیقتیداری خۆیان بە ڕوخاو دەبینی، بێدەنگ نەبوون. هێرش و سوکایەتی بە ژنان لە لایەکەوە و دژایەتی لەگەڵ پاشەکشەی کاتیی حکومەت لە بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ ژنان لە لایەکی دیکەوە دەستی پێکرد. ئێستا ئیمام جومعەکان، ڕاگەیەنەرە حکومەتیەکان، دامودەزگا ئەمنیەتی و قەزاییەکان، وەزاڕەتی نێوخۆ و مافیای دەوروبەری خامنەیی شەڕ لەگەڵ ژنانیان ئاشکرا کردوە. ژنان بە هۆی دەژایەتی لەگەڵ حیجابی زۆرەملێ لەسەر کار دەردەکەن. خزمەتگوزاریە دەوڵەتیەکان بۆ ئەو ژنە شەریف و ئازادیخوازانەی کە دژایەتی حیجابی ئیجبارییان کردوە، بەرتەسک کردۆتەوە یان بڕیوە. مافی سەفەر و پاسپۆرتیان بۆ ژنانی تێکۆشەر هەڵوەشاندۆتەوە. هێرش بۆسەر ژنانیان بە مادەی شیمیایی و لەم دواییانەدا بە سەتڵی ماست لەلایەن هێزە” ئاتەش بە ئیختیار“ەکانی خامنەییەوە درێژەی هەیە. ئیمام جومعەکان و حسێن شەریعەتمەداری نوێنەری خامنەیی لە ڕۆژنامەی کەیهاندا، خەڵکی نوێژخوێن و لاتولوتە ئیسلامیەکان بۆ هێرشکردنە سەر ژنان هان ئەدەن.
نەزەریە پەردازانی ڕژیم و موبەلیغەکانیان دەستیان کردوە بە وڕێنە کردن. یەکێ ئەڵی:” سەرپۆشی زۆرەملێ ئاقڵمەندانەیە، وەک ئەوەی کە بەستنی پشتێنەی دڵنیایی لە فڕۆکەدا گشتیە“! ئەویتر دەڵێ ئەمریکا و ئیسرایلیان لەپشت شادی و خۆشی دەربڕینی لاوان و منداڵان لە قوتابخانەکاندا دۆزیوەتەوە. ئەم ڕادەیە لە نەفامی و بێ ئابڕوویی تەنیا لە دەسەڵاتدارانی ئیسلامی و داعشیە شیعەکانی زاڵ بەسەر ئێراندا چاوەڕوان دکرێت. بەڵام ڕاستیەکەی ئەوەیە کە ژنان ماتۆڕ و داینەمۆی بزواندنی ئەم شۆڕشەی ئێستا لە ئێراندان. هیچ ڕادەیەک لە توندوتیژی و نەفامی، ناتوانێ ژنان و پیاوانی یەکسانیخواز لە درێژەدان بە ڕێگایەکی گرتویانەتە بەر سارد بکاتەوە.
یەکسانی ژن و پیاو لە سەرجەم کاروباری ژیاندا، لە بەڕێوەبردنی کۆمەڵ و بنەماڵەدا، کەهەڵوەشاندنەوەی حیجابی ئیجباری تەنیا یەکێک لە جیلوە و هێماکانیەتی، نەبەردێکە کە تا سەرکەوتنی کۆتایی درێژەی دەبێت. کۆتایی هینان بە حکومەتی مەزهەبی و دامەزراندنی ئازادی و بەرابەری ڕاستەقینە داخوازی گشتی و ملیۆنی خەڵکە لە هەموو ئێراندا.
حکومەتی جەنایەتکاری ئیسلامی ٤٤ ساڵە سەرەتایی ترین مافە ئینسانیەکانی ژنانی لێ زەوت کردون، لەمڕۆدا کە لە بەرانبەر خەباتی ژناندا بە شێوەی کاتی پاشەکشەی کردوە، بۆ قەرەبووی ئەم پاشەکشەیە، خەریکی ئامادەکارییە بۆ بەرپاکردنی شەڕێکی ئاشکرا لەدژی ژنان. بۆ پاراستن و پەرەدان بە دەستکەوتەکانی تا ئێستا، بۆ بەرگرتن لە توندوتیژی دەوڵەتی و جەنایەتەکانی دەسەڵاتدارانی ڕژیمی ئیسلامی، بێجگە لە خەبات و خۆڕاگریەکی جەماوەری و گشت گیر چارەیەکی ترمان نییە. تەنیا هێزی خەڵکی یەکگرتو و لێبڕاو ئەم ڕژیمە هارە وادار بە پاشەکشەی زیاتر و شکستی یەکجارەکی دەکات.