بهپێی ڕاپۆرتی ڕێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، بەندکراوێکی سیاسی خەڵکی شاری سەردەشت حوکمی زیندان و دوورخرانەوەی بۆ زیندانی ئەردەبیلی بە سەردا سەپێندرا.
به پێی ئهم ڕاپۆرته، ڕۆژی سێشەممە ٩ی مانگی گوڵان، بەندکراوێکی سیاسی خەڵکی بەخشی ڕەبەت سەر بە شاری سەردەشت بە ناوی “سەید سامان حسێنی” تەمەن ٢٣ ساڵ، دوای دوو حهفته ڕاگیران لە قەرەنتینەی زیندانی ورمێ، بۆ بەندی تایبەت بە بەندکراوانی سیاسی ئەو زیندانه گوازراوەتەوە. شایانی باسه، سەید سامان حسێنی ساڵی ٩٦ لە کاتی سەربازی و بە تۆمەتی هاوكاری بۆ ئۆپۆزسیۆنی ڕژیم و ناردنی بەلگەی نهێنی بۆ ئەو حیزبانه دەستبەسەر کراوە. ناوبراو بۆ ماوەی ٣ مانگ لە گرتووخانهی ئیتلاعاتی سپای سەردەشت ڕاگیراوە و دواتر بۆ گرتووخانهی ٨١ی ڕەمەزان لە پادگانی ئەلمەهدی ورمێ گوازراوەتەوە و لەوێ بە سەخت ترین شێوە ئەشکەنجە کراوە. شایانی باسه، بەرپرسانی زیندانی ورمێ بە ناوبراویان ڕاگەیاندووە کە ماوەی دوو ساڵ بەندکرانی ناوبراو دوای ئەوەی بۆ زیندانی ئەردەبیل دوورخرایەوە دەست پێ دەکات و ئەو دوو ساڵەی کە له زیندان بووە لەبهر چاو ناگیردرێت.