ڕۆژی هه‌ینی ١٨ی مانگی گه‌لاوێژ، “قادر سه‌لیمی” به‌ندكراوی سیاسی له زیندانی ورمێ و دانیشتووی شاری بۆكان، له ١٧مین ڕۆژی مانگرتن له خواردنه‌كه‌ی به‌هۆی ناجێگیر بوونی دۆخی ته‌ندرووستی، گوازترایه‌وه بۆ بێهداری ئه‌م زیندانه.
به پێی ڕاپۆرته‌كان، قادر سه‌لیمی له سه‌ره‌تای ئه‌م مانگه‌ه‌وه له ناڕه‌زایه‌تیی به ڕه‌زامه‌ند نه‌بوونی به‌رپرسانی زیندان له‌گه‌ڵ ئازادكرانی مه‌رجداری ناوبراو و هه‌روه‌ها ڕانه‌گوێزرانی، ده‌ستی داوه‌ته مانگرتن له خواردن. به پێی ئه‌م ڕاپۆرته، ناوبراو له ١٧مین ڕۆژی مانگرتنه‌كه‌یدا تووشی، لاوازی جه‌سته‌یی، بوورانه‌وه و دابه‌زینی زه‌ختی شه‌كره بووه. شایانی باسه، قادر سه‌لیمی له كاتی گوازتنه‌وه‌ی بۆ بێهداری له لایه‌ن مه‌ئموورانی زیندانه‌وه سووكایه‌تی پێكراوه و ئه‌مه‌ش هۆكار بووه بۆ ئه‌وه‌یكه له لێدانی سڕۆم خۆ ببوێرێت. جێگه‌ی ئاماژه‌یه، ناوبراو له مانگی پووشپه‌ڕی ساڵی ٩٦ له لایه‌ن لقی ٢ی دادگای ورمێ به ٥ ساڵ زیندانی ته‌عزیری مه‌حكووم كرابوو.