کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
راگه‌یاندنه‌كانوتاری ڕۆژ

ڕاگه‌یاندنی كۆمیته‌ی ناوه‌ندی حیزبی كۆمۆنیستی ئێران

cpi 1

cpi 1

به بۆنه‌ی ١٠ی ئۆكتۆبر، ڕۆژی جیهانیی خه‌بات له‌ دژی سزای ئێعدام

له‌ ئێستادا و له‌ سه‌روبه‌ندی نزیك بوونه‌وه‌ی ١٠ی ئۆكتۆبر، ڕۆژی جیهانی خه‌بات له‌ دژی سزای ئێعدام، ئه‌گه‌رچی له‌ زۆرێك له‌ وڵاتانی جیهان به‌هۆی خه‌باتی خه‌ڵكی ئازادیخواز له‌ ماوه‌ی سه‌د ساڵی رابردوودا، سزای ئێعدام هه‌ڵوه‌شاوه‌ته‌وه‌، به‌ڵام ماشێنی كۆشتاری كۆماری ئیسلامی هه‌روا به‌م كرده‌وه‌ جینایه‌تكارانه‌یه‌ گیانی ئینسانه‌كان ده‌ستێنێت. به‌ پێی ڕاپۆرته‌ بڵاوكراوه‌كان، سه‌رله‌به‌یانی ڕۆژی پێنجشه‌ممه‌ ٣ی ئۆكتۆبر ڕژیمی ئیسلامی له‌ زیندانی ڕه‌جایی شاری كه‌ره‌ج چوار كه‌س له‌ به‌ندكراوانی ئێعدام كرد‌ و یه‌ك ڕۆژ پێشتریش، به‌ندكراوێك له‌ پاركی دانشجوی ڕه‌شت له‌ به‌رچاوی خه‌ڵك له‌ دار درا و له‌ ڕۆژی سێشه‌ممه‌ ئه‌وه‌ڵی مانگی ئۆكتۆبریش، لاوێك به‌ناوی ڕزگار زه‌ندی له‌ شاری سنه‌ ئێعدام كرا. هه‌موو ئه‌م ئێعدامانه‌ ته‌نیا له‌ سێ ڕۆژدا به‌كرده‌وه‌ ده‌رهاتوون. به‌ پێی ڕاپۆرتی هێرانا، ئۆرگانی هه‌واڵنێریی چالاكانی مافی مرۆڤ، له‌ شه‌ش مانگی ئه‌وه‌ڵی ئه‌مساڵدا لانیكه‌م ١٣٠ كه‌س له‌ ئێران ئێعدام كراون. ڕاپۆرته‌كه‌ هه‌روه‌ها له‌ سه‌ر زاری جێگری یه‌كه‌می ده‌زگای قه‌زایی ڕژیم ڕایگه‌یاند كه‌: “له‌ دوای ته‌عتیلاتی مانگی خاكه‌لێوه‌ی ئه‌مساڵ تا مانگی جۆزه‌ردان، حوكمی شه‌رعیی جێبه‌جێ كردنی ئێعدامی پتر له‌ ٣٥٠ مه‌ورد له‌ لایه‌ن سه‌رۆكی ده‌زگای قه‌زاییه‌وه‌ ده‌ركراوه‌ و نزیك به‌ ٢٥٠ مه‌وردی دیكه‌ش ئاماده‌یه‌ كه‌ به‌ده‌ستی بگات“. هه‌ڵبه‌ت به‌ پێی ڕاپۆرتی دامه‌زراوه‌كانی مافی مرۆڤ نزیك به‌ ٧٢ له‌سه‌دی سزای ئێعدامه‌كان له لایه‌ن ڕژیمی ئیسلامیه‌وه‌ ئاشكرا ناكرێت و به‌ نهێنی و شاراوه‌ ئه‌نجام ده‌درێ. كه‌وابوو ژماره‌ی ئێعدامه‌كانی ڕژیمی ئیسلامی زۆر له‌و ئامارانه‌ به‌رزتره‌ كه‌ خۆی ده‌یانخاته‌ ڕوو. له‌خۆڕا نییه‌ كه‌ ناوی كۆماری ئیسلامی له‌ ناو ده‌وڵه‌تانی جیهاندا بۆ كرده‌وه‌ی دژه‌ مرۆیی و جه‌نایه‌تكارانه‌ی ئێعدام، له‌ سه‌ره‌وه‌ی لیسته‌كان ده‌نووسرێت. له‌وه‌ش خراپتر‌، له‌ باروودۆخێكدا كه‌ سزای ئێعدام كه‌م و زۆر له ناو‌ دوو سێهه‌می ده‌وڵه‌تانی جیهاندا، یان به‌ ته‌واوی هه‌ڵوه‌شاوه‌ته‌وه‌ و یان به‌ شێوه‌ی كاتی ڕاگیراوه‌، به‌ڵام له‌ ئێران له‌ناو ئێعدام كراوه‌كاندا ناوی كه‌سانێك ده‌بیندرێ كه‌ له‌ كاتی ئه‌نجامی تاوانه‌كه‌یان هێشتا منداڵ بوون و ته‌مه‌نیان له‌ خواره‌وه‌ی ١٨ ساڵ بووه‌. له‌ سه‌ره‌تای به‌ ده‌سه‌ڵات گه‌یشتنی كۆماری ئیسلامیه‌وه‌ سزای ئێعدام و له‌ په‌نای ئه‌ویشه‌وه‌ تیرۆری ڕێكخراوی نه‌یارانی له‌ ناوه‌وه‌ و ده‌ره‌وه‌ی ئێران، به‌رده‌وام یه‌كێك بووه‌ له‌ بنه‌ماكانی ستراتێژی مانه‌وه‌ی ڕژیم و ماشێنی ئێعدام و تیرۆری ڕژیمی ئیسلامی بۆ ساتێكیش ڕانه‌وه‌ستاوه‌.  له‌ ڕاستیدا ئێعدامی مرۆڤه‌كان له‌ ئێران به‌رده‌وام سه‌رچاوه‌گرتوو له‌ پێویستیی ڕژیم  بۆ خوڵقاندنی كه‌ش و هه‌وای ترس و توقاندن بووه‌ و وه‌ك ئامرازێك بۆ بێده‌نگ كردنی جه‌ماوه‌ری خه‌ڵكی ناڕازی كه‌ڵكی لێوه‌رگرتووه‌. كوشتنی هه‌زاران كه‌س له‌ ساڵه‌كانی دیه‌ی ٦٠ و به‌ تایبه‌ت كوشتاری ساڵی ٦٧ی هه‌تاوی دوای شكست و ئابڕووچوونی كۆماری ئیسلامی له‌ شه‌ڕی كۆنه‌په‌ره‌ستانه‌ی نێوان ئێران و عێراق كه‌ تێیدا یه‌ك ملیۆن ئینسان بوون به‌ قوربانی، نموونه‌یه‌كی به‌رچاو‌ له‌ سیاسه‌تی خوێنڕێژانه‌یه‌‌ كه‌ له‌ ڕاستیدا ده‌رخه‌ری پانتای دڕنده‌یی و بێ ڕۆحمی و وه‌حشیگه‌ری سه‌رانی ڕژیمی ئیسلامیه‌.

كه‌وابوو حاكمانی كۆماری ئیسلامی درێژه‌ی ده‌سه‌ڵاتی دیكتاتۆریی و به‌ره‌و پێش بردنی سیاسه‌ته‌كانیان له‌ ڕشتنی خوێنی به‌ندكراوان به‌ تایبته‌ت به‌ندكراوانی سیاسیدا ده‌بینن. له‌ لایه‌كی دیكه‌شه‌وه‌ ده‌زگای په‌ره‌پێدان و ته‌بلیغی ئایین و كۆنه‌په‌ره‌ستی، بۆ به‌لاڕێدابردنی بیروڕای گشتی، ئه‌م سیاسه‌ته‌ و كرده‌وه‌ی جه‌نایه‌تكارانه‌ی ئێعدام وه‌ك هه‌ولێكی لێبڕاوانه‌ بۆ به‌ره‌نگار بوونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ تاوان و كێشه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی و ده‌سته‌به‌ركردنی ئه‌منیه‌ت، پێناسه‌ ده‌كات. له‌ ڕاستیدا ئه‌م پاساوه‌ له‌گه‌ڵ هیچ یه‌ك له‌ بنه‌ماكانی زانستی، ئینسانی و كۆمه‌ڵایه‌تی یه‌ك ناگرێته‌وه‌. سه‌پاندنی سزای ئێعدام نه‌ ته‌نیا له‌ هیچ شوێنێك نه‌یتوانیوه‌ ئاستی ئه‌نجامدانی تاوانه‌كان بێنێته‌ خوار، به‌ڵكوو له‌ بووار ده‌روونیشه‌وه‌ په‌ره‌پێده‌ری توندوتیژی و تاوانه‌ له‌ كۆمه‌ڵگادا. به‌ڵام هه‌ژاری و بێبه‌شی و قووڵ بوونه‌وه‌ی ناكۆكیی چینایه‌تی خۆی هۆكاری سه‌ره‌كیی په‌ره‌سه‌ندنی تاوانه‌كانه‌‌ له‌ كۆمه‌ڵگادا.

له‌ باروودۆخێكدا كه‌ ڕژیمی كۆماری ئیسلامی نوقمی قه‌یران بووه‌ و توانای وڵامدانه‌وه‌ به‌ خواست و داخوازیی بنه‌ڕه‌تیی جه‌ماوه‌ری خه‌ڵكی كرێكار و بێبه‌شی كۆمه‌ڵگای نییه‌، به‌هۆی نیگه‌رانی له‌ سه‌رهه‌ڵدانی ئاخێزی جه‌ماوه‌ری خه‌ڵك، ڕووی كردووه‌ته‌ په‌ره‌پێدانی زیاتری سیاسه‌تی  ئێعدام له‌به‌رچاوی خه‌ڵك و سه‌ركوت و زیندان. له ‌سه‌ر كار دانانی قاتڵێكی جه‌نایه‌تكار وه‌ك ئیبراهیم ڕه‌ئیسی كه‌ به‌ ئه‌ندامی هه‌یئه‌تی مه‌رگ ده‌ناسرێت، به‌و ئامانجه‌ بوو‌ه‌ كه‌ بتوانێ كه‌ش و هه‌وای ترس و توقاندن به‌سه‌ر كۆمه‌ڵگادا زیاتر زاڵ كات و ئینسانه‌ خه‌باتكار و هه‌ڵسووڕاوه‌ سیاسیه‌كانی ناو بزووتنه‌وه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان چاو ترسێن و بێده‌نگ كات. كه‌وابوو ئه‌گه‌ر پێگه‌ی ڕژیم به‌هۆی په‌ره‌سه‌ندنی خه‌باتی جه‌ماوه‌ری خه‌ڵك زیاتر لاواز بێت، گیانی هه‌زاران به‌ندكراوی بێدیفاعی مه‌حكووم كراو یان مه‌حكووم نه‌كراو به‌ ئێعدام، له‌ بێدادگاكانی ڕژیمی كۆماری ئیسلامیدا ده‌كه‌وێته‌ مه‌ترسی. به‌ڵام سیاسه‌تی ئێعدام و كوشتاری كۆماری ئیسلامی ته‌نیا به‌ په‌ره‌پێدانی خه‌باتی بزووتنه‌وه‌ی كرێكاری و بزووتنه‌وه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كانی دیكه‌ ده‌توانێ پووچه‌ڵ كرێته‌وه‌ و ناچار به‌ پاشه‌كشه‌ بكرێت و دواجار ته‌نیا به‌ ڕووخاندنی ئه‌م ڕژیمه‌ دژه‌ مرۆییه‌ ده‌كرێ كۆمه‌ڵگا له‌ ده‌ست ئه‌م جه‌نایه‌تانه‌ ڕزگاری بێت.

ئێعدام به‌ مانای پێشێل كردنی مافی زندوو بوون و ژیانه‌. هیچ كه‌س بۆی نییه‌ مافی ژیان واته‌ ئه‌و مافه‌ سرووشتیه‌ له‌ ئینسانه‌كانی دیكه‌ بستێنێته‌وه‌. ئێعدام له‌ لایه‌ن هه‌ر كه‌س و هه‌ر ده‌سه‌ڵاتێك و له‌ ژێر هه‌ر ناوێكه‌وه‌ ئه‌نجام بدرێت، قه‌تڵی به‌ ئه‌نقه‌ست و جه‌نایه‌ت دێته‌ ئه‌ژمار و پێویسته‌ مه‌حكووم بكرێ. كه‌وابوو تا كاتێك كه‌ ئێعدام واته‌ قه‌تڵی ده‌وڵه‌تی و توندوتیژی ڕێكخراو، له‌ لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتی سه‌رمایه‌داریه‌وه‌ به‌سه‌ر مرۆڤه‌كاندا ده‌سه‌پێت، هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ و ڕێگری له‌ سزای ئێعدام و “نا بۆ ئێعدام“، پێویسته‌ ببێته‌ یه‌كێك له‌ درووشمه‌ موتالباتیه‌كان له‌ خه‌باتی ڕۆژانه‌ی جه‌ماوه‌ری خه‌ڵك له‌ ئێران و سه‌رتاسه‌ری جیهان.

بڕووخێ ڕژیمی كۆماری ئیسلامی

بژی ئازادی، به‌رابه‌ری، حكوومه‌تی كرێكاری

كۆمیته‌ی ناوه‌ندیی حیزبی كۆمۆنیستی ئێران

١٣ی خه‌زه‌ڵوه‌ری ١٣٩٨ی هه‌تاوی

٥ی ئۆكتۆبری ٢٠١٩ی زایینی