کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
راگه‌یاندنه‌كان

ڕاگه‌یاندنی كۆمیته‌ی ژنانی كۆمه‌ڵه‌ به‌ بۆنه‌ی ٨ی مارس ڕۆژی جیهانی ژن

 

به‌ره‌و یه‌كسه‌دوو ده‌هه‌مین ساڵوه‌گه‌ری ٨ی مارس، ڕۆژی جیهانی هاوده‌نگی خه‌باتی ژنان ده‌ڕۆین. له‌ كاتێكدا به‌ره‌و پیری ئه‌و ڕۆژه مێژۆییه‌ ده‌ڕۆین كه‌ سیسته‌می سه‌رمایه‌داری ئه‌و دونیا پڕه‌ سه‌روه‌ت و سامانه‌ی كردووه‌ به‌ جه‌هه‌ننه‌مێك بۆ زۆربه‌ی دانیشووانه‌كه‌ی. به‌ سه‌دان ملیۆن كه‌س له‌و جیهانه‌ له‌ ژێر هێڵی هه‌ژاریدا ده‌ژین و پێویستییان به‌ نان و ئاو هه‌یه‌. كرێكاران خۆڵقینه‌ری ته‌واوی داهاته‌ به‌نرخه‌كان له‌گه‌ڵ به‌رهه‌می كار و تیكۆشانی خۆیان بێگانه‌ كراون. ئاواری قه‌یرانه‌كانی ئابووری به‌ر له‌ هه‌ر كه‌سێك به‌سه‌ر هه‌ژاران و بێبه‌شانی كۆمه‌ڵگادا ده‌ڕووخێت. به‌ره‌و‌پێشچوونی ته‌كنه‌لووژیا هیچ ساعه‌تی كاری كه‌م نه‌كردووه‌ته‌وه‌، به‌ڵكوو بووه‌ته‌ هۆی بێكاری ملیۆنان كه‌س و هه‌بوونی ئه‌رته‌شێكی ملیۆنی له‌ كرێكارانی بێكار، ئه‌منییه‌تی پیشه‌یی كرێكارانی شاغڵیشی خستووه‌ته‌ ژێر مه‌ترسیه‌وه‌. نه‌بوونی ئه‌منییه‌تی گیانی كه‌ سه‌ره‌تایی ترین مافی مرۆڤه، له‌ ئینسانه‌كان زه‌وت كراوه‌ و شه‌ڕ و ترس له‌ هه‌ڵگرسانی قه‌یران، خه‌ونی له‌ چاوی خه‌ڵك ستاندووه‌. نیزامێك كه‌ جگه له‌ به‌ده‌ستهێنانی داهات به‌ هیچ شتێكی دیكه‌ بیر ناكاته‌وه‌ و بێبه‌زه‌یانه‌ ژینگه‌ له‌ ناو ده‌بات و ته‌نانه‌ت ئینسانه‌كان له‌ هه‌ڵمژینی هه‌وایه‌كی پاك بێبه‌ش ده‌كات. نیزامی سه‌رمایه‌داری هۆكاری سه‌ره‌كی ته‌واوی ئه‌و مه‌ینه‌تانه‌یه‌ كه‌ به‌سه‌ر ئینساندا دێت. 

به‌ڵام ئه‌گه‌ر جوان به‌ ده‌ورووبه‌رمانه‌ بڕوانین ده‌بینین كه‌ ژنان له‌ هه‌موو شوێنێكی ئه‌و دوونیایه‌دا له‌ ڕیزی یه‌كه‌می قوربانیانی ئه‌و نیزامه‌ دژه‌ مرۆۆییه‌ دان. ڕێژه‌ی له‌ ڕاده‌به‌ده‌ری ژنانی بێكار و په‌ره‌سه‌ندنی هه‌ژاری و فه‌قر له‌ نێو ژناندا به‌رهه‌می ئه‌و نیزامه‌ گه‌نده‌ڵه‌یه‌. زۆربه‌ی مه‌ینه‌ته‌كانی وه‌كوو كێشه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان، له‌شفرۆشی، گیرۆده‌ بوون به‌ مادده‌ هۆشبه‌ره‌كان، توندووتیژی له‌ نێو بنه‌ماڵه‌كاندا، پیاوسالاری و ده‌یان مه‌ینه‌تی دیكه‌ سه‌ره‌تا به‌سه‌ر ژناندا خراپ ده‌بێت. به‌ڵام له‌ ئێرانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی كۆماری ئیسلامیدا ئه‌و هه‌موو مه‌ینه‌ته‌ به‌س نین ، ده‌وڵه‌تیش به‌ دانانی سه‌دان یاسا و ڕێسای كۆنه‌په‌ره‌ستانه‌ كێشه‌ و گرفتی بۆ ژنانی كۆمه‌ڵگا دوو هێنده‌ كردووه‌ته‌وه‌‌. كۆماری ئیسلامی بێڕێزی و بێ مافی ژنانی یاسایی كردووه‌ و له‌ ته‌واوی یاساكانی ئه‌و ڕژیمه‌ ژنان نیوه‌ی پیاوان هه‌ژمار ده‌كرێن. هاوسه‌رگیری منداڵان یاسایی و له‌شفرۆشی له‌ ژێر ناوی “سیغه” په‌ره‌ ده‌درێت، حه‌قی ته‌ڵاق له‌ ژنان زه‌وت ده‌كرێت و له‌ كاتی جیابوونه‌وه‌ش له‌ مافی سه‌رپه‌رشتی كردنی منداڵه‌كان بێبه‌ش ده‌كرێن. ژنان به‌ بێ ئیزنی پیاوان بۆیان نییه‌ سه‌فه‌ر كه‌ن و………

له‌ به‌رانبه‌ر ئه‌و هه‌موو بێ مافی و زۆڵم و زۆره‌ هیچ ڕێگه‌یه‌ك نه‌ماوه‌ جگه‌ له‌ به‌رگری و خه‌باتی بێوه‌چان. به‌و واتایه‌ی‌ كه‌ ژنانی ئێران له‌ ماوه‌ی ٤٣ ساڵی ڕابردوودا به‌ سه‌ره‌به‌رزییه‌وه‌ گرتوویانه‌ته‌ به‌ر و له‌ زۆربه‌ی بواره‌كاندا ڕژیمی كۆماری ئیسلامییان ناچار به‌ پاشه‌كشه‌ كردووه‌. له‌ سه‌ره‌تای به‌ ده‌سه‌ڵات گه‌یشتنی ڕژیمی كۆماری ئیسلامی ژنان خه‌باتێكی به‌رین و سه‌نگه‌ر به‌ سه‌نگه‌ریان دژی ئه‌و ڕژیمه‌ و یاسا كۆنه‌په‌ره‌سته‌كانی ده‌ستپێكرد. له‌ زیندانه‌كانی ڕژیمدا ده‌نگی ئازادیخوازیخۆیان به‌رز كرده‌وه‌ و یاسا كۆنه‌په‌ره‌ستانه‌كانی ڕژیمیان برده‌ ژێر پرسیاره‌وه‌ و به‌ چالشیان كێشا، له‌ ڕێزی پێشه‌وه‌ی ئه‌و تێكۆشانه‌دا كرێكاران ، خوێندكاران ، خانه‌نشینكراوان و چین و توێژه‌كانی دیكه‌ی كۆمه‌ڵگا شان به‌ شانی پیاوان به‌شداربوون و بوێری، به‌خۆوه‌بوون و وشیاری خۆیان پیشان دا. ئاسته‌نگییه‌كانیان تێپه‌ڕاند و له‌ بواره‌كانی زانست و فه‌ندا گه‌یشتنه‌ لووتكه‌ی سه‌ركه‌وتن، درگای ناوه‌نده‌ وه‌رزشیه‌كانیان به‌ ڕووی خۆیاندا كرده‌وه‌، حیجابی زۆره‌ملییان وه‌لا نا، زیندان و ئه‌شكه‌نجه و ئازار دران به‌ڵام سه‌ریان له‌به‌رده‌م  زاڵمدا دانه‌نواند. ژنان به‌ له‌پێشگرتنی خۆڕاگری به‌ هه‌مووانیان نیشان دا كه‌ هیچ گۆڕانكارییه‌كی ڕادیكاڵ به‌ بێ به‌شداری ئه‌وان ڕوونادات.

بێگۆمان ئه‌و ڕێگه‌یه كه‌‌ له‌ ڕووی ئاگادارییه‌وه‌ ئه‌ڵبژێردراوه‌ و ژنان خۆیان بۆی  ڕێكخستووه‌، تا ڕزگاری ته‌واو له‌ هه‌رجۆره‌ به‌ندوبه‌ستێكی پیاوسالاری، ده‌سه‌ڵاتی دژه‌ ژن، وه‌لانانی ته‌واوی یاسا كۆنه‌په‌رستانه‌كان، درێژه‌ ده‌درت. ئه‌و ئه‌زموونانه‌ی كه‌ له‌ڕابردوووه‌وه‌ تا به‌ ئه‌مرۆ له‌به‌رده‌ستمانه‌ ده‌بێته‌ سه‌رمایه‌یه‌ك بۆ به‌ره‌وپێشچوون. خه‌باتی ژنان له‌گه‌ڵ بزووتنه‌وه‌ ڕادیكاڵه‌كانی نیوكۆمه‌ڵگادا په‌یوه‌ند ده‌خوات و هێز و توانا له‌ یه‌ك وه‌رده‌گرن تا بتوانن ته‌واوی پیسی و نجاسه‌تی نیزامی كۆنه‌په‌ره‌ستی كۆماری ئیسلامی له‌ داوێنی كۆمه‌ڵگادا پاككه‌نه‌وه‌. ژنانی تێكۆشه‌ر، ژنانی چه‌وساوه‌ و ژنانی كرێكار ئه‌بێت ئه‌و داهاتووه‌ له‌به‌رچاوی خۆیان ببینن و بۆ گه‌یشتن به‌و ئامانجه، به‌ ته‌واو هێز و توانایانه‌وه‌ تێبكۆشن. 

له‌گه‌ڵ هاتنی ڕۆژی جیهانی ژن، ئه‌و ڕۆژه شكۆداره‌ به‌ ته‌واوی ژنان و پیاوانی ئازاد و یه‌كسانیخواز پیرۆزبایی ده‌كه‌ین. له‌م ڕۆژه‌دا شان به‌ شانی ته‌واوی ئه‌و ئینسانانه‌ی هاوچاره‌نووسمانن له‌و مارشه‌ جیهانییه‌ به‌شداری ده‌كه‌ین و ده‌نگی ئازادیخوازی خۆمان به‌رز ده‌كه‌ینه‌وه‌.

                                         

                      پیروزبێت ٨ی مارس ڕۆژی جیهانی ژنان

                      كۆمیته‌ی ژنانی كۆمه‌ڵه‌ ١ی مارسی ٢٠٢٢

 

بابەتی پەیوەندیدار

ڕاگه‌یاندنی هاوبه‌شی حیزبی كۆمۆنیستی ئێران و ڕێكخراوی كرێكارانی شۆڕشگێڕ( ڕاهی كاریگه‌ر)

komalah

بانگەوازی کۆمیتەی ناوەندی کۆمەڵە بۆ مانگرتنی گشتی لە کوردستان

komalah

ڕاگەیاندنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران سەبارەت بە مەحکووم کردنی هێرشی تیرۆریستی بۆسەر سەلمان ڕوشدی

komalah

ڕاگەیاندنی دەبیرخانەی کۆمیتەی ناوەندی کۆمەڵە سەبارەت بە مەزڵووم نمایی ڕەوتی جیابۆوە له‌ كۆمه‌ڵه‌ و حیزبی كۆمونیستی ئێران

komalah

ڕاگەیاندنی کۆمیتەی ناوەندی کۆمەڵە سەبارەت بە ئیدانەکردنی کوشتاری خەڵکی مەدەنی لە سەیرانگایەکی دەوروبەری زاخۆ لە هەرێمی کوردستان

komalah

راگەیاندنی نوێنەرایەتی کۆمەڵه له دەرەوەی وڵات: گرێبەستی دوو دەوڵەتی سوئێد و فینلاند لە گەڵ دەوڵەتی تورکییە لە سەر حیسابی بزووتنەوەی ڕەوای خەڵکی کوردستان ئیدانە دەکەین!

komalah