کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
كوردستانهه‌واڵه‌کان

ڕاپۆرتێك سه‌باره‌ت به‌ بارودۆخی شاری بۆكان

ڕاپۆرتێك سه‌باره‌ت به‌ بارودۆخی شاری بۆكان 1

ڕۆژی شه‌ممه‌ ٥ی مانگی سه‌رماوه‌ز، بەپێی هەواڵی گەیشتوو لە شاری بۆکانەوە، بارودۆخی شاری بۆکان زۆر نائاسایە، ڕژیم بەردەوام لە ڕێگای زەوی و ئاسمانەوە هێزی سەرکوتگەر ڕەوانەی ناو شار و دەوروبەری ئه‌و شاره‌ دەکات و شار بەتەواوەتی میلیتاریزەکراوە.

به‌پێی ڕاپۆرتی گه‌یشتوو، له‌ شاری بۆكان شەوانە هێزە چەکدارەکانی ڕژیم ده‌ڕژێنە ناو ماڵەکان و سەرەڕای ئەزیەت و ئازار و دەستبەسەرکردنی ئەندامانی بنەماڵەکان، بە بیانوی پشکنین، کەرەستە و پێداویستییەکانی ناو ماڵەکانیان دەشکێنن و دەشێوێنن و تەنانەت زێڕ و پوڵی خەڵک دەدزن. هەروەها لە ناڕەزایەتییەکانی چەند ڕۆژی ڕابردوودا ژومارەیەکی زۆر لە گەنج و لاوەکان گیانیان بەختکردووە و بە سەدان کەس دەستبەسەر و ژومارەیەکی زۆریش بێ سەروشوێن کراون. بە گوێرەی زانیاریەکان تەرمی زۆریەک لە گیانبەختکردوان لە سەردخانەی نەخۆشخانەی بۆکان ڕاگیراون و ڕژیم لە ڕادەستکردنەوەی تەرمەکان و ئاشکرا کردنی ناونیشانیان خۆ دەبوێرێت. ئەوە لە حاڵێکدایە کە شایەتحاڵەکان باس لەوە دەکەن کە تەرمی ژومارەیەک لەو کەسانەی لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانەوە ڕفێندراون یان لەژێر ئەشکەنجەدا گیانیان لەدەستداوە، شەوانە و  بە نهێنی لەلایەن هێزەکانی ڕژیمەوە فڕێ دەدرێنە ناو ئاوی سەدی بۆکان و ئەوەش بۆتە هۆی نیگەرانی زۆری بنەماڵەی دەستبەسەرکراوان.