ڕۆژی چوارشه‌ممه ٢ی مانگی سه‌رماوه‌ز، دوای كوشتاری خۆپیشاندەران له‌لایه‌ن هێزە سه‌ركوتگه‌ره‌كانی كۆماری ئیسلامی، لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا، دوێنێ لە زۆربه‌ی شاره‌كانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان مانگرتن و خۆپیشاندان بەڕێوەچوو، هاوكات داواكراوە بۆ پاڵپشتی لە خۆپیشاندەرانی كوردستان، كۆتایی ئەم هەفتەیە مانگرتنی سەرتاسەری لە ئێران بەڕێوە بچێت.
به‌پێی ڕاپۆرته‌كان، دوێنێ لە شارەكانی “جوانڕۆ”، “ڕوانسەر”، “پاوە”، “بانە”، “سەقز”، “كامیاران”، “سنە”، “بۆكان”،”وه‌رمێ”، “كرماشان”، “ئیلام” و زۆر شاری دیكەی ڕۆژهەڵاتی كوردستان،خه‌ڵك ڕژانه سه‌ر شه‌قامه‌كان و به وتنه‌وه‌ی درووشم و به‌ره‌نگار بوونه‌وه له‌گه‌ڵ هێزه سه‌ركوتگه‌ره‌كان دژبه كۆماری ئیسلامی كۆبوونه‌وه‌ی ناڕه‌زایه‌تییان به‌ڕێوه‌برد،هاوكات كاسبكاران و دوكانداران وەك ناڕەزایەتییەك بەرامبەر بە سەركوتی خوێناوی خۆپیشاندەران لە ڕۆژانی ڕابردوو لە ناوچە كوردییەكان بە تایبەتی شاری جوانڕۆ، دوكان و بازاڕەكانیان داخست و مانیان گرت، هاوكات، بەشێكی بەرچاوی قۆتابییان و خوێندكارانی زانكۆه‌كان له پۆله‌كانیان مانیان گرت و دژبه كۆماری ئیسلامی هاتنه سه‌ر شه‌قامه‌كان. هه‌روه‌ها لە بەشێكی زۆری شارەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان، هەڵمەتی هێزە ئەمنییەكان بۆ هەڵكوتانە سەر ماڵان و دەستبه‌سه‌ركردنی خۆپیشاندەران بەردەوامه و ئاژانسی تەسنیمی سەر بە سپای پاسداران دانی بەو هەڵمەتە ڕەشبگیرییەدا ناوە و ڕایگەیاندووە، “هەڵمەتێكی بەرفراوان بۆ دەستگیركردنی خۆپیشاندەران لە مەهاباد بەڕێوەچووە”، لای خۆشیەوە سپای پاسداران لە ڕاگەیەندراوێكدا ئاماژەی بە زیاتر كردنی ژمارەی هێزەكانیان لە پارێزگاكانی كوردستان كردووە.